
ئاگات لێم بێ
کەلەپەنجەرە شکاوەکەوە چاوەکانم دادەخەم !
دڵی ژنێک بە شاهیدە ،
کەم شەقامی شار هەیە نەیهێنمەوە ماڵ
شەوان بۆ شیعریان ڕانەخەم !
خۆمن ئەوەندە پیر نیم ،
ماڵی شەراب پێ نەزانمەوە !
لای لاپەڕە غەدرەکانی ڕەنووی تەمەن
خۆم دەستی باران و بەهار دەگرم
لەدوکانەکەی بازاڕی هەور
کراسێک لەسەحەرو
کۆڵوانەیەک لە نەسیم و
قەڵەمێک بۆ ڕەشکردنی برژانگەکانی دوێنێ و
پشتێنێک لە ئازارەکانی خۆمیان بۆ دەکڕم !!
( شەو ) هەیە لەوشارە پێی دەزانم
کەم شاعیر هەیە ئەوشەوە لە نالــی نەچــێ و
لەدرزەکانی کەوتنی یەکەم کتێبا
دڵی لێ نەکەوتبــێ !!
کەم نوسەر هەیە لەو شەوە
لەڕوخانی ستایشا ،
پارچەکانی خۆی نەناردبێتە سوڕی مردن
قەڵەمەکەی لە ڕژانی عەترا
بەردێکی بەر نەکەوتبــێ !!
من چەند بێ ئاگا
خۆم بە جۆگەی نۆتەکانی زەریادا دەدەم
جاران بیرمە ،
کتێبەکانی خوێندنم بەلاستیکێک دەبەستنەوە
تا پیتەکانیان بەدەم چلەی گۆرانیەکی کۆن
نەڕژێنە دەم ڕەشەباوە !
ئێستا هەمان لاستیکم بەستووە بەدڵمەوە
تا تۆو چەپکێک هەتاوی لێ نەکەوێ !
زۆرجار خۆم دەخەڵەتێنم ،
بەشوشتنەوەی ڕۆخـــی زەمــەن
کەچی لەشاردنەوەی خۆم و لەسۆراغی بیرەوەریم
تۆ لەو دیوو ڕژانی ڕەنگم
تازە بەتازە لە ئەیلولــــی مـنــا
دەکەویتە پەرداخێک مۆسیقاوە !!