
سكێچی: شێرزاد حەسەن
سلێمانی 23/11/2009
بەشی یەکەم
هەر لەسەرەتاوە ویستم وای بنوێنم كە من نیازمە ڕاوی پرشنگێك لەمەلا هەمزە بكەم، چونكە ناو ونیشانێكی لەو جۆرە رۆحی جوانی پۆرترێتی مەلا هەمزە هەوڵێك وخەونێكە بەوەی گەرەكمە رەسمی رۆحی ئەو زاتە بكەم كە بەهەموو تەمەنم قەرزاریبوم وئەو قەرزەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مێردمنداڵیم كە تەمەنم دە دوانزە ساڵێكبوو بەواتا قۆناغی منداڵی وپاشان هەرزەیی من لەبن سێبەری ئەو پیاوەدا رەنگ و رێڕەوی هەر هەموو ژیانم گۆڕا، خۆ بەتەنیا ئەو نەبوو، گەر راستگۆبم كەسانێكی دیكەش لەو تەمەنەدا هەر هەموو نەخشەی ژیانی منیان گۆڕی كە بەژمارە لەپەنجەی یەك دەست تێپەڕ ناكەن وەلێ "مەلا هەمزە" یەكەمین كەس بوو، هەمیشە سەرسامبووم بەخاموشی وكەمدویی ئەو پیاوە بەتێڕامانە ورد و قووڵەكانی، بەڵام كە دەكەوتە قسەكردن تەواو جیاوازبوو بەبەراورد لەگەڵ باوكم جیاواز لەهەردوو مەلای گەڕەكی كوران كە یەكێكیان مەلا حەسەنی ناوبوو، لەتەمەنی دوازدە ساڵیمدا ئەو زاتە قورئانی پێخەتمكردم، دیارە من هەر لەو تەمەنە ساوایەدا بەتەواوی خوم دایە مزگەوت وسەرم بچوایە نویژم نەدەچوو، نەك بەتەنها لەمانگی رەمەزاندا، بەڵكو زۆر جاران لەشەعبان و رەجەبیشدا بەڕۆژو دەبوم بەدەم قورئان خوێندنەوە هۆن هۆن دەگریام و هەر زوو دایكم لەمێشكە ساواكەم ئەوەی چاند كە من و ئەو و هەموو خەڵكی گەڕەك وبگرە هەولێر ودنیاش مەر دومی گوناهبارین وهەرگیز پاك نابینەوە، چونكە لەئادەم وحەوای گوناهبار كەوتوینەتە خوارێ، لەسەردەمێكدا كە من هێشتا لەو سەدەها مانایانەی كە بۆ گوناهـ هەبون یەكێكیانم نەدەزانی!
ئەوەی منی پتر سەرسامكردبو كە بۆچی مەلا هەمزە وەك ئەو مەلایانەی گەڕەكەكەمان وشاری هەولێرێ باسی ئاگری جەهەننەم ومار ودوپشكەكانی ناكات، باسی حۆرییەكان وسێو وپرتەقاڵ وجۆگەكانی شیر وشەراب وهەنگوینم بۆ ناكات، ئەگەر بمرم لەو دنیا ولە"بەهەشتدا" بەهەزار ویەك ناز ونیعمەتی ئاسمان شاد دەبم، مەلا هەمزە هەرگیز نەدە هاتە ئەومزگەوتەی كە دووسەد شەقاو لەماڵی ئێمە وئەوان دوربو، ئەوە یەكەم مەلابو كە لەژیانمدا بیبینم ونەچێتە مزگەوت، من هەرگیزا وهەرگیز ئەو پرسیارەم لێنەكرد، چونكە من فێركرابوم كە پرسیار لەگەورەكان نەكەم، چونكە لەو رۆژگارەی ئێمەدا پرسیار وسوراغی زۆر هەم بەد ڕەوشتیبو هەم سەرئێشە ولێدان وكوتانی بەدواوەبو، جگە لەوەش وای لێهات من ساڵ دوای ساڵ كە فەراقە دەبوم وەڵامی ئەو پرسیارەم دەست كەوت.
من دژی نووسینی لاوانەوەم هەر بۆیە ناوم لەنوسینەكەم ناوە پۆرترێتی مەلا هەمزە، بۆ من ئەوزاتە نیگارێكی زیندووە یادەوەرییەكانی هەمیشە تەڕ وسەوزن، هەمیشە لەگەڵمدایە من پتر لە35 ساڵ بەختی ئەوەم نەما كە ئەو رۆحە درەوشاوە وغەمگینە ببینم، بەڵام هەرگیز ونم نەكردبوو، چونكە ئەو ماموستای یەكەممبو ماموستای یەكەم چ چاك وچ خراپ مەحاڵە لەیاد بكرێت، ئێمە یەكێكبوین لەو ماڵانەی كە دوای تێكدانی گەڕەكی گڵكەند لەپاش شۆڕشی 14ـی تەموز بەچەندەها ساڵێك تیكدرا.
دە قاودەق لەیادم نەماوە چ ساڵێكبو، بەلامەوە گرنگیش نییە بیزانم، چونكە ئەو ساڵانەی منداڵیم جگە لەكۆكە رەشە وگرانەتاو چەشتنی سەرما وگەرما وژەهری مار هیچی دیكە نەبون، ساڵانی كرم دانیشتن ومیز بەخۆداكردن وكلۆربونی ددان وچاو كولبون ودڵۆپەكردنی سەربانەكانمان ساڵانی یەك رەنگ ویەك تام وهەر تەنها یەك بۆن، رەنگی خە م وتامی برسیەتی... دەنگی ڕمان وداتەپینی ئومێد وخەون وحەزە هەرە ساواكانمان، ساڵانی زیندەگی وە ك سەگە بەرەڵڵاكان، ساڵانی ترس وزەندەقچون لەحەیزەرانی مامۆستاكان وساڵانی سواغدانی دەم وچاومان بەتفی باوك ومام وخاڵ و وەستا دڵ رەقەكان، ساڵانی سیان وسیل ووەرەم... هەر لەو ساڵانەدابو كە بۆ یەكەمجار گوێم لەمەلا هەمزەبو دركاندی كە هەژارەكان دەستكردی خودا وئاسمان نین، بەڵكو بێ سەری و بەری ونەبونی هیچ دادپەروەرییە كە لەسەر ئەم زەمینە لەنێوان مەلاكانی مزگەوتی كوران ومەلا هەمزەدا سەرم لێ شێوابوو، باڵێكم بەدەست ماموستای ئایین ودایكم ونەنكم ومەلاكانی گەڕەكەوەبو، باڵەكەی دیكەم بەتەنیا بەدەست مەلا هەمزەوەبو، هەر لەبەر ئەوە مەحاڵبو بفڕم، گەر درۆنەكەم باڵێكم بەدەست هەموو مەلاكانی هەولێر وكەسوكار وخەڵكی گەڕەكەوەبو... رایاندەكێشام وبەخۆشی خوم بوبێت یان بەزۆر وایان دەكرد سەیری ئاسمان بكەم كە رۆژێك دێت دەمرم ودەگەڕێمەوە بەر قاپی خودا ولەوێندەرێ قیامەت وحەشر ونەشر چاوەڕێمە، هەر بۆیە توند بەكۆڵە مشت یان بەپەنجەی شایەتمانە سەریان پێ بەرز دەكردمەوە كە سەیری ئاسمان بكەم وبەرینی خۆم نەبینم، باڵەكەی دیكەم بەدەست مەلا هەمزەوەبو كە دەیچرپاندە گوێچكەم كە هێشتا قیامەت لەمێرد منداڵێكی وەك منەوە یەكجار دورە، دورتر لەوەی خەیالًی ترسنۆكم بیگاتی، هەر بەچرپەوە لەوە دەگەیشتم كە مەلا هەمزە گەرەكیبو سەیری ئەو گەڕەكە بكەم وئاسانە هەر بەتێرامانێك تێبگەم پیویست ناكات چاوەڕوانی قیامەتبم چی تیدا دەقەومێ كە لێرە وهەر هەنوكە هەموو رۆژێك قیامەت بێت كە ئەوان زۆرتربون وباڵی راستەم بەدەستیانەوە لەوە دابوو لەبن وبۆتكەوە بقرتیت، ناچار مەلا هەمزە باڵی چەپمی بەردەدا وبەمیهر وسوز و بەزەییەوە بەرەڵڵای دەكردم نەبا وەك مەلێكی چكۆلە ولاواز هەردوو باڵم بقرتێن، وەلێ نیگای دەكردم كە بگەڕێمەوە بەر هەیوانی خانووە گڵینەكەیان وهێشتا دوو قسەی ماوە وحەز دەكات بەدزییەوە پێم بڵێ هێشتا مابوی گومانێكی چكولە بەقەد ئەو كەلا شوشەی ناو لەپم بخاتە ناو رۆحمەوە هەموو خانووە كانی (گڵكەند) تێكدران، ساڵانیكی زۆر ودور ودرێژ گڵكەند گەڕەكی هەموو ئەو خانەوادانەبو كە نەیاندەتوانی لەهەولێر بستێك زەوی بكڕن، گڵكەند گەڕەكی هەژارترین هەژارەكانی شاری هەولێربوو گەڕەكێك لەگەڕەكەكانی دۆزەخ كە خودا بەڕێكەوت لەدەستی كەوتبێتە خوارەوە لەیە كەم بارانی پاییزەوە تا سەرەتای هاوین جگە لەزەڵكاوێكی گەورە هیچی دیكە نەبوو، جگە لەمێش ومەگەز هیچی بەرهەم نەدەهێنا، مۆلگەی گو وبۆق وكەڕەكیفەی گوفەكەكانبو، لەوە دەچو هەم خودا وهەم حكومەت لەیادی چوبێت گەڕەكێكی وا رەش وپڕ لەبرسا مردو لەو شارە دێرینەدا لەتاو سیل و وەرەم گران هەناسە دەدات، چی باراناو ولافاوی شار هەبوو دەڕژایەوە ناو ئەو گەڕەكە زۆر پەرپوتە، منداڵی خنكاو وپشیلە وسە گی خنكاو ومردارەوەبو پێكەوە سەر ئاو دەكەوتن.
منی جیقن و بابردەڵە چۆن و بۆ نەخنكام؟ نازانم...!
گڵكەند تێكدراو خەونی شەرمن وخەیاڵی ترسنۆك وخەمی رەشمان دەنێو دار وپەردوی دوای وێرانەی گەڕەكی كاولبومان بەجێمان...!
گڵكەند نەما ولەبری ئەو ماڵرمانە كە پتر لەگۆڕ وكۆلیتی سەگان دەچو... هەر خانەوادە وشەست دینار وپارچەیە ك زەویان پێبەخشرا لەگەڕەكی كوران كە پتر كۆچبەرانی گوندەكانی هەولێری تیدا نیشتەجێبون كە هەر ماڵە وخودانی هەقایەتێكی رەشی خۆیبو، ئێمەش بوین بەخاوەنی كەلاوەی خۆمان.
من سەرەتا كە ناو ونیشانە كەم نوسی، بەو نیازەبوم كەرەسمی رۆحی مەلا هەمزە بكەم، بەڵام ترسام ولەبری وشەی نوسینی گۆڕیم وكردم بە"سكێچی"، چونكە دەزانم وشەی پۆرترێت داوای جۆرێك لەقوڵبونەوە وتێڕامان وبینین وخوێندنەوەی رۆحی مەلا هەمزەم لێدەكات، سكێچ چ بۆ نیگار وچ بۆ چیرۆك شەرمنی وترسی پێوە دیارە، چونكە سكێچ نیگار ووێنەیەكی سادەترە وبەپەلە هێڵ وڕەنگەكانی رژاون وئەوەندەش ورد وپڕ نییە، چیرۆكێكە كە تەنها دەرەقەتی هەقایەت و حەقیقەتەكانی دەرەوە هاتووە، نەك ناوەوە من نامەوێت پەلە بكەم و بێباكبم ئەو كاتەی لەپیاوێك دەدوێم شەرم لەجوانی و میهری زۆری ئەو بكەم، ئەو رۆژگارەی پیاوەكانی دیكە بەوەستا وماموستاوە بەباوك ومامەوە بەسەرە سم لەلموزیان دەدام كەچی ئەو وەك ئەوەی گەوهەرێك لەناو قوڕولیتاو دەربهێنی، منی لەبن دەست پیی ئەو پیاوە تووڕە و تۆسنانە دەردە هینا.
رێكەوت وایكرد ببین بەدراوسێی مەلا هەمزە لەگڵكەند زەڵكاوە كە كەوتبووە ناو دڵی گەڕەك، لەكوران زەڵكاوێك كە بەگومی "میری" ناوزەد دەكرابوو بەدراوسیمان، ئەوەی كە ئێمەی منداڵ لەو سەردەمەدا لە گڵكەند بەجێمان هێشت گورستانی شێخ محەمەدی خۆراسانبو، تاكە یاریگا وشوێنی زرمە زلێ و راكەراكەی ئێمەبوو بەناو كێلەكان ومردووەكاندا تەنها ئەوكاتە دەوەستاین لەترسی گەورەكان كە مردوویەكیان دەناشت، ئیستا كەش ناشتنی مردووەكان دیمەنێكی ئاساییە لام، وەك گەمەی فتبۆڵێن! ئێمە هەمیشە یان دراوسێی زەڵكاوبووین یان هی گورستان.
لەو تەمەنە ناسكەدابوو كە واماندەزانی هەژاری بەخششی خودایە وئێمە خوشەویستی ئاسمانین، بۆیە رووت و رەجاڵ و برسین، مەلا حەسەن ومەلا زاهیر و دایكم و مامۆستاكانی وانەی ئایین دەیانووت ئیمە كە لێرە وهەنووكە لەسەر ئەم سەرزەمینە كە هەژارین لەقیامەتدا دەوڵەمەند دەبین، دەوڵەمەندەكانی ئەم دنیایە هەژارەكانی بەر قاپی خودان.
مەلا هەمزە دە یچرپاندە گویچكەم كە ئەوەیان درۆیەكی شاخدارە، ئاخر ناكرێت خودا ئەوەندە كاڵفام بێت هەر بەهەوەنتە و بێ هۆ و بیانوو یەكێك دەوڵەمەند بكات و یەكێك هەژار بكات، مەلا هەمزە گومانی دەخستە دڵمەوە و لەترسانا دەچووم پەنام دەبردە بەر قورئانەكە و بەدەم گریانەوە دەمخوێندەوە و دەملووراند كە خودا ئەو گومانەم لەدڵ دەربكات كە خەریكبوو روژبەڕوژ لەڕۆحما چەكەرەی دەكرد و گەورە تر دەبوو، رۆحی من دوو لەت ببوو، سۆزێك دەیبردمەوە لای دایكم و مەلا حەسەن، ئەو پیاوە بەسام و كەڵەگەتەی كە هەموو گەڕەك شەرمیان لێدەكرد هەر كەوا وسەڵتە و مێزەری سەری و دەنگە گڕ و كەرخەكەی بەسبوو بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا لاڵ ببم و هەرگیز نەوێرم بپرسم ئەرێ ماموستا ئێمە بۆچی هەژارین؟
زۆر درەنگ تێگەیشتم كە ئەوە من نیم بەتەنیا كەڕ و لاڵ پەروەردە كراوم، بەڵكو من لەدنیایەكدا دەژیم كە زۆرینەی پرسیارەكان و گومانەكان تیایدا حەرامن، چ لەماڵ و چ لەمەكتەب و چ لەمزگەوت ماموستاكان و باوكەكان و مەلاكان گوێكەڕیلە و مەردوومی بێ زمان و گوێ و چاو دروست دەكەن.
لەناو ماڵێكی بێ پرسیار و گومان گەرَەكێك و بگرە شارێكی بێ پرسیار و گومان مەلا هەمزە بێ بۆنە و بیانو و لەنێو ئاخنی و تەو وگوفتارە كانیدا سەد و یەك گومان و پرسیاری لەرۆحمدا دەچاند، هەمیشە لەتێك لەرۆحم وەك چۆلەكەیەكی برسی وەك كۆترێكی ترسنۆك لەبەر هەیوانە كەی ماڵی مەلا هەمزەدا باڵەفڕەی دەكرد، پاشان وای لیهات هێلانەیەك چێبكەم، ئەو زاتە تاكە كە سێكبوو كە هەم كەللە سەری منی كردبووە پوورەی هەنگی سەدەها پرسیار و گومان هەم هێمنانە و بەزمانێكی سادە كە عەقڵی من هەرسی بكات، هێدی هێدی فێری پرسیاری حەرام و قاچاغیكردم، ئەو خۆی كتێبی قاچاغی دەخوێندەوە بۆ یەكەمجار لەسەر بەڕە و رایەخەكانی ناو ماڵەكەی ئەودا ماركسم ناسی كە سەرسامبووم بەو ردێنە چڕ و پڕەی، چڕ و پڕ بەقەد ریشی (سەید گول بە رزنجی) كە تاكە شێخێكی گەڕەكی گڵكەندبوو، پاشان وەك باقی خەڵكەكە گواستیانەوە گەڕەكی كوران كە هەمیشە لەتەك نەنكم فاتمدا كە دەروێشی سەید گوڵبوو دەچوومە ماڵە بۆن خۆشەكەیان كە تیایدا هەموو شت سەوز دەچووە، هەمیشە نەنكم بۆ ئەوە دەیبردم كە دەستی موبارەكی بەسەرمدا بهێنێت تاوەكو (ساڵح)بم، هەمیشە سەروسیمای سەراسیمەی دەكردم بەوەش پتر سەرسامبووم كە دایكم و نەنكم سوێندیان دەخوارد كە(یا شێخ) دەیەها شێتی گەڕەكی خۆمان و هەولێری چاككردوتەوە، حەزمدەكرد رۆژێك یەكێك لەو شێتانە ببینم كە لەژێر دەستی یا شێخ چاك دەبۆوە ... وەلێ نەدەڕەخسا.
جارێكیان لەمەلا هەمزەم پرسی كە ئاخۆ شێتەكان لەسەر دەستی شێخەكان دێنەوە سەر هۆش و گۆشی جارانیان... تەنها خەندە یەك نیشتە سەر لیوی... خەندەیەك كورت و زیرەكانە كە پڕبوو لەنەخێر و گومان.... ئیتر بۆ زۆر پرسیار و گومانی دیكەم سەر لەقاندنێكی بەڵێبوو، خەندە خوارەكەی كە سمێڵە قنجەكەی لەگەڵدا دەكەوتە خوارێ "نەخێر"بوو، ئەو یەكەم كەسبوو كە وەك هەڵۆ تیژ لەدوڕ چاوانم رادەما كە قسەی لەگەڵدا دەكردم هەمیشە گەورەكان لاوونیو یا بەگۆشەنیگا سەیریان دەكردم، یان ئەوەتا بەدەم قسەوە پێیان شەرمبوو سەیرمان بكەن، ئێمە لەچاوی ئەواندا كۆمەڵێك بۆقی ناو زەڵكاوبووین لەو هەموو ساڵانەدا كە هەموو پیاوەكانم دەبینی لەماموستا و باوك ومام وخاڵ و وەستا وخەڵفە دەم بەهات و هاواربوون و بەنەڕەنەڕ فەرمانیان دەردەكرد، بۆ یەكجاریش گوێم لەها وارێكی، دەمەبۆڵەیەكی ئەو پیاوە نەبوو... پڕبوو لەهێمنی و تێڕامانێكی قوڵ كە دەیبردیتەوە بنی بیرێكی تێفكرین.
هەر لای ئەوبوو "لینین"ـم ناسی، دواتر "كلیلە ودمنە" و "هەزار ویەك شەوە" و چەندەها كتێبی دیكە كە لەناو ئەو هەموو ناو ونیشانەدا ونبووم و هەم خۆم دۆزییەوە، دواتر... درەنگتر تێگەیشتم كە كتێبە راستەقینەكان ئەوانە نەبوون كە لەمەكتەب دەمانخوێندن، بەڵكو هەموو ئەو كتێبە حەرام و قاچاغانەبوون كە لەخانووە پەرپووتەكەی مەلا هەمزەدا بەرچاوم دەكەوتن، كتێبەكانی قوتابخانە منیان كردبوو بەتووتی "بە بە غا"، كتێبە حەرامەكان منیان دەكرد بەهوزاری خۆشخوان و مەلی بەرزە فڕ، هەر رۆژە و باڵێكم لێئەڕوا، هەر رۆژە و چاوێكم زیاد دە كرد و گوێ و زمانی دیكەم لێ دەرسكا.
لەو تەمەنەدا یەكەمین رووداو كە منی لەمنداڵی و كالفامی دەرهێنا گرتن و بردنی مەلا هەمزەبوو، ونبوونی ئەو لەناكاودا پرسیار و گومانی گەورە تری لەلا دروستكردم، ونبوونی ئەو وێڵبوونی خۆم و پرسیارە سەرە خۆرەكانمبوو، تەنیا مانەوەم لەگەڕەكێك كە بێبوونی ئەو زاتە لەبیابان دەچوو، ئاشنابوونی منبوو بەكتێبە رەشەكان و لاوك وحەیرانەكان بەوێستگەكانی هەر هەموو جیهان لەڕێگەی خەڕەكە شكاویكەوە كە شەوەهای شەو دەینا بەپەنا گۆیی خۆیەوە تا دوا دەنگوباس و خوێن و فرمێسكی دنیا بڕژێتە ناو هەناوی، دواتر زانیم ژەندرمەكان هاتبوون تاوەكو ئەم چیدیكە خەونی ئازاد نەبینێت، خەیالًی سەرفرازی دوور نەیبات، باشترین شوێن بۆ كوشتنی خەون و خەیاڵەكان بەندیخانەبوو، ئەو دەیوت؛ "بەندیخانە قوتابخانەی مێرانە".
ئەو رۆژەی گیرا، بەر لە ە زانیبووی دەگیرێ و لەگرتووخانە توند دەكرێت... ئە وەیان كوو؟ نازانم!
بەر لەوەی بەسەریدا بدەن و ماَلەكەی بپشكنن و بەدوای خەون و كتێبی حەرامدا بگەڕێن خەیاڵ و ختوورە و ئومێدی قاچاغ بدۆزنەوە توانیبوویان بەیارمەتی دایكم كە جگە لەقورئان هیچ كتێبیكی بەپیرۆز نەدەزانی، توانیبوویان (ماركس) و (لینین) بگوێزنەوە ماڵی ئێمە لەناندین و كۆڵیتی مریشكەكان بیانشارنەوە. من تائەو حەلەش نەمدەزانی ئەم كتێبانە بۆ دەبێت ئەوەندە ترسناكبن؟!
درەنگتر زانیم كە ئەم زاتە كتێبەكان دەخوێنێتەوە و پاشان بەدزییەوە لەژیر زەمینەكان خەڵكی كۆدەكاتەوە و زۆر سادە و ئاسان فێریان دەكات كە بەو ژیانە دۆزەخییە قایل نەبن، ئیتر بۆ چەند رۆژ و مانگێك دەنگ و سەدای كە بەخۆی و مەلا هەمزە لەكۆڵانەكەی ئێمە و كۆڵانەكانی "كوران" دابڕا سەبەتە پڕ لەلۆبیا و نۆكی گەرمەوە هاواری دەكرد "لوبیای گەرم... گەرم و نەرم"
من هەمیشە لۆبیا و نۆكی گەرمم لەو دەكڕی وەك چۆن كتێبەكانی جیاوازبوون لەكتێبەكانی مەكتەب، لۆبیا و نۆكەكەشی لەبن زمانی مندا تامی جیاوازبوو، دایكم پتر نوێژی دەكرد و دەگریا و دەپاڕایەوە كە خودا لەسەر ئەو گوناهە لێی خۆش بێت، گوناهی شاردنەوەی كتێبی كافرەكان، باوكم وەك پۆلیسێكی قومارچی و بێباك و خودانەناس جڕتێكی بۆ دایكم لێدەدا و هەر بەئەنقەست دەهری دەكرد و دەیوت: "زاروك... هەر نویژان بكە... قوونت بەبەرماڵەكەوە بنووسیت... خودا دەتخاتە جەهەننەم"، ئەویش دەیوت: "ئەمن لەپیناو منداڵەكانی مەلا هەمزەی ئەوەم كردییە، خوداش لەبانی سەری عالیمە!".
باوكم و مەلا هەمزەم نەبینی بچنە مزگەوت ئەوەش شتێكی دەگمەنبوو، دایكم زۆر جاران لێی دەپرسیم كە مەترسی ئەو كتێبانە چییە كە حكومەت وەها تووڕەیە لەمەلا هەمزە زۆر بەسادەیی پێمدەوت كە ئەم پیاوە بەڕدێنە و ئەم كەچەڵە دەڵێن هەق و راست نییە هەندەك نانیان هەبی و بیخون و هەندەك نەیانبی هەر زەنگین و خودا پێداوێك بەشی فەقیرەكی خواردییە..! دایكیشم دەیوت: وەڵڵاهی خۆ قسەكەی جوانە، بەلانەكینێ خودا خۆی حەكیمە و دەزانێ چ دەكاتن، رزق بەدەست خۆیتی و هەق نییە عەبدی وەكی مە دەمی تیوەرداتن".
لەوێنەكەی ماركس ورد دەبووە و بەشەرم و ترسەوە دەیوت "سوبحانەڵڵا"
چەند بەبابەشێخی دەچیتن، ئەوەی لەیادی مندا مابێت بەردەوامبوونی هەڵات هەڵات و لەناكاو ونبوونی مەلا هەمزەبوو ئەو كۆڵانەی ئێمە یەك جۆر زیندەگی هەبوو كە شەوەكان و رۆژەكانی وەك دانەكانی تەزبیحێك لەیەكدی دەچوون یەك رەنگ و یەك تام و یەك بون ئەوەی ئیقاعی ئەو كۆڵان و گەڕەكەی تێك دەدا ئەو پیاوە زۆر خاموش و كەمدووەبوو درەنگ تێگەیشتم كە ئەو زاتە شۆڕش و گڕكانێكی لەناو دڵی خۆیدا شاردۆتەوە، ئەو پیاوە وردیلەیە پیاوە گەورۆنە و بەدەستەڵاتەكانی هەولێرێی لەزەواق نابوو، باوكی من پیاوێكبوو هەمیشە بۆ مەرگ و نەمانی تەختی پاشایەتی دەگریا و گەرچی نەخوێندەواربوو، بەڵام هەمیشە بەگومانبوو لەچەپڵە لێدان بۆ كەریم قاسم، تەنانەت لەوەشدا ستایشی نەدەكرد كە ئێمەی لەناو زەڵكاوەكانی گڵكەند دەرهێنا، باوكم تا مردیش بڕوای بەدنیای سیاسەت نەبوو، بەدریژایی ژیانی بڕوای بەچوونە ناو مزگە وت و ژێر زەمینەكانی پڕ لەچرپە چرپی سیاسەت نەبوو، لەڕاستیشدا حكومەتی كۆماری لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست درۆیەكی گەورەیە گەر وشەی "كوماری - جمهوری" گەڕانەوە بێت بۆ ناو خەڵك و میللەت بۆ فەرمانڕەوایی، ئەوەشیان هەر درۆیە، چونكە فەرمانڕەواكان وەك "مێگەل سەیری خەڵكانی بندەستی خۆیان دەكەن، بەڵام لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو كە باوكم گەرچی پۆلیسێكی مەسلەكیبوو، كە چی ئامادە بوو كتێبە قاچاغەكانی مەلا هەمزە لەماڵی ئێمەدا بشارنەوە، وابزانم لەدوا قوناغەكانی تەمەندا هەردووكیانم بینیەوە لەسەر بەرماڵ، ئەوەش سەیر نییە لەدونیای ئێمەدا و لەژێر سایەی زاڵبوونی كلتووری ئیسلامدا بۆ ماوەی پتر لەچواردە سەددە.
من تەمەنم دوازدە ساڵبوو كە قورئانم خەتمكرد، دایكم خەونی بەوەوە دەبینی كە مرد من "یاسین" لەسەر بخوێنم، ئیدی وایلێهات كە خەڵكی گەڕەك بۆ سەرە مەرگی هەر ئازیزێكیان بەهەڵەداوان دەهاتنە لای دایكم كە فریابكەوم و قورئان لەسەر ئەو كەسانە بخوێنم كە لەگیانەڵادابوون دەستێكیان بەدەست مەرگەوەبوو، دەستێكیان بەدەست ژیانەوە، زۆرجاران لەناو گەرمەی گەمە و زرمەزلێدا بانگیان دەكردمەوە دەبوو زوو "تارەت بگرم و بەپەلە دە ستنویژ بگرم و تاو دەمە قورئانەكە و بەگورگە لوقە خۆت بگرە نیوەمردوو ئەوە هاتم، كەس بانگی مەلا حەسەن و مەلا زاهیری نەدەكرد، هەردوو مەلاكە سام و هەیبەتێكی عەنتیكەیان هەبوو دیارە نەدەكرا مەلا هەمزەش بانگ بكەن كە بەدزییەوە كتێبی كافرەكان دەخوێنێتەوە، من لەو كاتەوە تا كۆلێژم تەواوكرد بەواتا لەدوازدە ساڵییەوە تا تەمەنی 24 ساڵی بووم بەقورئان خوێن و یاسین خوێنی گەڕەكی كوران، هە میشە ناو پستێرم تەڕبوو، ئەوەندە پیاو و ژنم بینی كە یاسینم دەخوێند لەسەریان كە رۆحی داغانكردم و بەتەواوی لەژیان تۆرام، مەرگی ئەو هەموو خەڵكە كە نەخۆشی یان پیری دەیكوشتن منی لەباوەشی گەمە و خۆشی زوو دەرهانی، ئیدی دڵم تۆرا لەگەمە و كەیف و سەفای گەنجانە، هەژاری و بێپوولی ئەوەندەی تر منی لەهاوڕێكانم دابڕی، لەیادمە زۆر جاران لەدوورەوە سەیری كوڕیژگەكانم دەكرد كە هات و هاواریان دەگەیشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان، تاكە شتێك كە لەناو ئەو خەم و تەنیاییە دەریهێنام مەلا هەمزەبوو، دیسانەوە ئەو تاكە كەسێكبوو كە لەگەڵا ژیاندا كەمێك ئاشتیكردمەوە ئەوبوو توانی چەندەها هەنگاو لەترس و تارماییەكانی مەرگ دوورم بخاتەوە، دوورمبخاتەوە لەسیمای زەرد و كەفە ژیلكەی لالێوی نیوە مردووەكان لنگە فرتێ و هاوار و ناڵە ناڵی سەروەختی ئاوزینگدان دارستانێكی پڕ لەقاووقیژی ئەو كچ و ژنانەی منیان گەمارۆ دەداو بەچواردەوری مندا سەمای مەرگیان دەكرد بسك و كەزییان دەكردەوە، لەداخی زەمانە كراسیان دادڕی و بەدەم هیستریاوە هەلهەلە و وەلوەلەی مەرگ لەو ژوورە تاریكانەدا كاس و كەڕیان دەكردم، ئەو ژن و كچە غەمگینانە بەسینە وبەرۆكی نیوە رووتەوە بێئاگا لەخۆیان پێیان لەمن داناو بەسەرمدا دەكەوتن، مەمك كە لەو ئان و ساتەی مەرگ و شین و واوەیلایەدا كە لەناكاو لەیاخەی دادڕاوەوە فرتەی دەكرد و دەهاتەدەرێ و دەمدی هەرگیز مەمكی ناو حەیران و گۆرانییەكان نەبوو، مەمكێكبوو تێكەڵ بەتام و بۆن و رەنگی مەرگ كە لەمندا هەموو هەوەسێكی گەنجانەی دەكوشت... هەروەك میوەیەكی گەنیو و كرم تێكەوتوو لەژیرەوە خاموش و مردە لەو زەندەقچوو بەدەم قرخە قرخی گریانەوە یاسینەكەم دەخوێند و بیرم لەوە دەكردەوە هەنووكە هاورێكانم شەلالی ئارەقن و بەدوای توپێكدا ئامادەن تاقیامەت رابكەن.
هەر لەو سەردەمی كوژرانی رۆح و كوێربوونی دڵ و كوژانەوەی چاو و هەناسە سواری و هەمیشە تەڕبوونی شەڕواڵەكەم تاقە شەڕواڵ، بەمیز بەخۆداكردنی شەوانەم كەڕبوونی گوێم بەهاوار و قیژەی ئازیز مردەكان... كەفكردنی خوێنم بەهەوەسێكی گەرم و شەرمنانەی ناو خەون و خەیاڵە حەرامەكان... لەناكاو كوژانەوە و كوشتنی ئەو هەوەسە بەئاوی تەزیوی ئەو هەموو مەرگە سارد و سڕە... كتوپر لەئێوارەوە ختێكدا مەلا هەمزە لەنێوان كتێبە زەرد و قاچاغەكانی خۆی لەنێو ئەو هەموو كاغەزانەی كە بەكاربۆن كۆپیكرابوون، رەنگی شینی زۆر تۆخی ئەو كاربۆنانە كە هەموو دەست و پەنجەی مەلا هەمزەیان مۆركردبوو رەنگێكی ترسناكبوو كە دەیبردیتەوە سەر تاریكی ژێرزەمینەكانی سیاسەتی قاچاغ و ژوورە پڕ هاوارەكانی سزاخانە و زیندان... بونی مەرگ و سەرنگونی دەنێو ئەو دنیایەدا كە ئەوەندەی ژێر هەیوانی خانووە ساردەكەی مەلا هەمزە چكولە و بێ گری و خەم دەردەكەوت ئەوەندەش ئاوەدان و پڕ لەهەراو شۆڕش و دەنگ و باسی هەموو جیهانبوو ... هەر لەوێداو لەو دەمە و ئێوارە بێ بەروار و بێ مێژووی ژیانی من كتێبێك سەرنجی منی راكێشا، كتێبێك كە لەكتێبەكانی ماركسی ریشن ولینینی كەچەڵ جیاوازبوو لەكتێبە زۆر بێتام و وەڕسكەرەكانی مەكتەب جیاوازبوو... نامۆترین كتێب بەهەموو ئەو گەڕەكە كە تیایدا دار و دیوار و سیماكانی رەنگ و بۆنی ترس و شەرم و مەرگ و برسییەتی گرتبوو ژمارەی مەرگی ناوادەی منداڵ و گەنجەكانی لە هی پیرە دەردە دارەكان كەمتر نەبوو، گەڕەكێك كە تازەبەتازە و بەژمارە یەكی یەكجار كەم منداڵەكانی فێری "دارا دوو داری دی" دەبوون، تازە بەتازە لەو سەدەها ماڵانەی گەڕەك تاك و تەرا دەوێران كچەكانیان بنیرنە مەكتەب، من چاك لەیادمە كە لەزانكۆ وەرگیرام، ساڵی هەزار و نۆسەد و هەفتا سەیر و نەنگیبوو پانتۆڵ لەبەر بكەم، هەر لەبەر ئەوە لەدارستانەكەی نزیك بەكوران دەبوو شەرواڵەكەم بخەمە جانتاكەم وپانتۆڵەكەم لەبەر بكەم و ئینجا بچمە بەغدا، كە لەبەغداش دەگەڕامەوە ناچار هەر لەو "غاباتەی كوران" پانتوڵەكەم بەشەرواڵەكە دەگۆڕی و ئینجا دەچوومەوە ماڵی تاك و تەرا لەكۆتایی شەستەكان و سەرەتای هەفتاكاندا زاتی ئەوەیانكرد لەوگەڕەكەدا پانتۆڵ و چاكەت لەبەر بكەن.
تا ئەو دەمە و ئێوارەیە هەرگیز بەختی ئەوەم نەبوو لەنزیكەوە دەست لە كتێبێك بدەم بەدەر لەكتێبەكانی جوگرافیاو ئایین و كوردی و ماتماتیك و میژوو... هتد، كتێبەكانی ماركس و لینین بەو بەرگە زۆر تەقلیدی و بێرەنگەوە بەو زمانە زۆر وشك و برینگەوە سەرنجی مێرد منداڵیكی وەكو منیان رانەدەكێشا تا ئەو سەردەمە بەدەر لەكتێبەكانی مەكتەب بەتەنها قورئانم دیبوو، جیاوازی قورئان وەك شێوە لەوە دابوو كە بەزمانی دایكم نەبوو، زەحمەتێكی زۆری دەویست كە لەمانای ئایەتەكانی تێبگەم جگە لەو نووسینە پر لەزەخرەفە و پیتە لار و كڵكدارانەی ئەو هەموو سەروژێرەی كە تەواو وێڵی دەكردم، شەددە و فەتحە و كەسرە و زەممە ئەو هەموو ئەستێرە و گوڵ خونچانەی نێوان ئایەتەكان چوار چێوەی نەخشینی هەر چوار لای ئایەتەكان لەیەك لاپەڕەدا سەرباری سەداو خوێندنەوەكەی كە منی غەمناكی دەخستە سەر گریان لەهەمووی پتر هەقایەتەكانی ناو ئەو كتێبە سەرسامی دەكردم بەتایبەتی سورەتی "یوسف" كە وای لیكردم سەیری كچە باڵق و نەباڵقەكانی گەڕەك نەكەم، زۆرم هەوڵدەدا وەك یوسف پێغەمبەر داوێن پاكبم، من یەكێكبووم لەو لاوە دە گمەنانەی كە هەرگیز نەموێرا دڵداری بكەم هەمیشە دەمویست خەیاڵی خۆم لەحەرام پاك بكەمەوە هەر هاوڕێ و خزمێكم هەقایەتێكی درۆ یان راستی دڵداری هەبوو، من لەو كاتەدا خۆم بۆ قیامەت و سەفەری ئاخیرەت ئامادە دەكرد، خەونێكی حەرام بەسبوو بۆ ئەوەی بەیانییەكەی بگرێم و شیوەن بكەم و"بسمیل" بكەم و غوسل دەركەم و قوونم بەبەرماڵەوە بنووسینم و خۆم دەیەها جار بگریم تاوەكو خودا بمبەخشێت كە بێئاگا لەخۆم شەیتانیبووم، لەهەموو كچ و ژنەكان دەترسام و وام هەست دەكرد گەر بەئیمان و بورهانی خودا چەكدارنەبم ئەوە سووكی كچانی حەوا لەخشتەم دەبەن، وامدەزانی هەموویان وەك زوڵەیخای ژنی "عەزیزی میسری پاشا" گەر بۆیان بڕەخسێت لەخشتەم دەبەن لەناوەوەمدا جوانی دەیكوشتم، كەچی نەدەبوو نوچدەم و فریو بخۆم بۆ من پاكیزەیی و خۆهەڵگرتنبو حۆرییەكانی بەهەشت دوا ئامانج و دوا خەونبوو، هەر كاتێك بمزانیایە نیگای كچوڵەیەكی كاڵفامی گەڕەك تووشی گرانەتام دەكات و خێل و سەرمەستم دەكا، خوێنم كەف دەكا و هەوەسێك وەك كوچكە بەردێكی سەر ئاگر ناو هەناوم دەسووتێنێ خێرا پەنام دەبردەوە بەر سوورەتی یوسف تا بیكەم بەشوورە و قەڵغانی رۆحی لەرزیوی خوم... ئاهـ ... چ حەسرەتێكە كە تاهەنووكە لەدڵمدایە كە بۆچی جارێك... تەنها یەكجار لەو رۆژگارەدا فریوم نەدەخوارد... هەزار حەیف و مەخابن!!...
هەر لەو سەروبەندەدا... هەر لەو رۆژگارەی تەمەن بەفیڕۆدانەدا ئەو كتێبەی سەر لبادەكەی ماڵی مەلا هەمزە فریویدام و شێتیكردم، جیاوازی ئەو كتێبە لەوەدابوو كە بەرگەكەی رەنگاورەنگبوو گەرچی كتێبە كە پەرپووت و ماندووبوو وەلێ نیگاری هێشتا زاڵ و زێدە زیبای ئەو كچەی سەر بەرگەكە پێی دەوتم وەرە و مادامەكی ئەوەندە ترسنۆك و شەرمنی و لەكچەكانی گەڕەك تۆراویت و چاوت لەئاستیاندا دادەخەیت، وەرە و عاشقی من ببە، چونكە من كچێكم لەكاغەز، ئەوەی لەیادم مابێت كچێكی سەركوتبوو، قژی بەسەر سەرییەوە بەلوول و پێچ تۆپەڵكردبوو، گوارەی شۆڕ تا سەر شانەكانی كە لەبەر چاوانم دەلەنگییەوە بەرملی رووتی تاوەكو درزی سەر سینە و دۆڵی بەرتەنگی نێو مەمكەكانی كە ملوانكەیەك وەكو زیندەوەرێكی بیژی لەنێو ئەو درزە ناسكەدا گەمارۆ درابوو بەدوو شەمامە... شەمامەی باخەڵی... وەك هەنووكە لەیادمە ناوی كتێبەكە "الفریسە"بوو كە رۆمانێكی "ئامل زۆلا"بوو كە رۆماننوسێكی فەڕەنسییە، تا ئەو حەلە نەمدەزانی لەناو ئاخنی ئەو رومانەدا چی دەگوزەرێت وەلێ دەمزانی ناوونیشانی كتێبەكە واتا "نێچیر"، بوو بەمەراقم كە ئاخو ئەم نیگارە جوانەی ئەو كچە بۆ دەبێت نێچیربێت، بیستبووم كە بە كەروێشك و ئاسك و هەندێك لەئاژەڵ و مەلی دیكە دەوترێت نێچیر، بەڵام بۆ دەبێت ئەو خانمە نێچیربێت، گەر وابێت نێچیری كێیە و بۆ نێچیرە؟ ئاخۆ هەر بەنێچیری دەمێنێتەوە یان رزگاری دەبێت؟ هەموو ئەو پرسیارانە هی دنیای مرۆڤ و پەیوەندی ئادەمیزادەكان نەبوو، بەڵكو پەیوەستبوو بەجیهانی مەل و گیاندارەكانەوە... بەپەیوەندی نێوان راوچی و نێچیرەكان كە لەدەوروبەری خۆمدا هەبوون لەدەرودراوسێ لەهەمووان نزیكتر بۆ من دەروێش "رەحمان"بوو، پاڵەوانی "ریشۆڵە" و "گوناهی سپی و رۆمانی پێدەشتی كارمامزە كوژراوەكانم".
لە نێو تاسان و تێڕامان و ویِڵبوونم لەناو ئەو پرسیارانەدا مەلا هەمزە خەیاڵ و ختوورەكانی رەواندمە وە و پرسی: "لەچی ورد دەبیتەوە..؟"
ئەم هەر بەئەنقەست وازی لێهێنام كە لەوێنەكە و ناوونیشانەكە وردببمەوە، ئەم هەرگیز راستەوخۆ پەلكێشی ناو هیچ بابەت و كێشەیەكی نەدەكردیت، هەمیشە لێدەگەڕا خۆت بكەویتە ناو مەراق و سۆراغ و پشكنین، وەك ئەوەوابوو بتخاتە سەر رێگایەك و بڵێ: دەی بزانم بویرە و سە فەری خۆت بكە
- ئەم كتێبە چییە؟
- ئەم لەبری وشەی "رۆمان" وتی "روایەیە"
- روایە چییە؟
- هەقایەتێكی درێژە
- باسی چ دەكاتن؟
- باسی ئینسان دەكاتن... باسی عالەمێ... كوو دەژین... كوو فیكر دەكەنەوە... دەرد و بەڵایان چییە... كێشە و گرفتیان.
- لۆ دەیخینییەوە؟
- لۆ ئەوەی بزانم میللەتەكانی دیكەش كوو دە ژین! كوو دەخۆن... كوو لەبەر دەكەن... وەكی مەنە یان جوداوازن... لۆ جوداوازن؟ مەرگ و ژیانیان كووە...
- لۆ ئەو هەموو شتانەی تیدایە؟
- چیرۆك و روایە بەشێكی زۆر لەژیان و نهێنی و ماجەرای خەركی دەخاتە بەرچاوان
بەهەرحاڵ رۆمانی "نێچیر" منیكردە نێچیری خۆی و راویكردم... لەتەك مەلا هەمزە و بەیاوەری ئەو زاتە یەكەمین گەشتی خۆم دەست پیكرد و تا هەنووكەش بەردەوامە...
گفتوگۆیەكی درێژی ئەو ئێوارەیە و دەیەها شەو و رۆژ و ئێوارەی دیكە لەتەك مەلا هەمزەدا سەدەها دەرگا و پەنجەرەی بۆ كردمەوە، منی بردەوە سەر هەموو ئەو رێگایانەی كە كەم كەس پێیدا رۆیشتبوو... ئەو زاتە فێری كردم كە هەمیشە ئەو توولەرێگایانە بكوتمەوە كە كوێربوونەتەوە یان زۆر بەدەگمەن خەڵكی كوتاویانەتەوە ئەو گومانی لەو رێگایانە هەبوو كە ئەگەرچی شاڕێگەن، بەڵام مادامەكی رێگای هەمووانە، مەزەندەی ئەوە بكەم كە رێگایەكی هەڵەیە و وێڵم دەكات، رێگای هەمووان بەواتا رێگەی هیچ كەس... توولەڕێ و كوێرەڕێ واتا رێگای خۆت و بەس... رێگایەك كە لەگوینە بتباتەوە سەر قەڵایەكی پڕ لەنهێنی سەر گەنجینەی سلێمان، سەر شارێك كە هەموو شتەكانی ناوی تازە و مایەی سەرسامین، ئەشكەوتێك كە تا بچیتە ناوی پتر رۆشنە و دیوارەكانی دەدرەوشێنەوە، زەریایەك لەبری هێلكە شەیتانۆكە و گوێ ماسی مرواری و مەرجان و گەوهەر كەنارەكانی داپوشیوە، لەوەدایە لەگەڵ پەری زەریا ژوان بگرێت... ئەو فێریكردم لەگومان و پرسیارەكانم نەترسم، شەرم لەخەون و خەیاڵە حەرامەكانم نەكەم، فێریكردم كە بەتەنیا گەشتی ژیانی خۆم بكە م... هەمیشە نەسرەوت و بزێو و خانە خەیاڵ و بێئۆقرەبم... دڵ لەسەر دەستان لەكەس نەترسم و خۆم رابهێنم كە مەرجی مرۆڤبوون ئەوەیە بۆ هەتاهەتایە، جەنگاوەربم جەنگاوەری رۆشنایی، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو كە فێریكردم كە هەرگیز پێویستم بەو نەبێت، وەك ئەو باوكە میهرەبانەی هەردوو پەلی كوڕە زۆر چكۆلەكەی دەگرێت و "تاتی تاتی" لەقوناغی گاگۆڵكێوە رووە و سەرپێكەوتن دەیبات و ئیتر تا ماوە وازی لێدەهێنێت كە لەسەر هەردوو پێی خۆی بەهەموو دنیادا سەفەر بكات، حەكیمانە دەدوا و سادە و رەوان كە من لەمەرامی تێبگەم، پیاوێكی خاكی بێهەوا و بێفیز، سادە وەك خانووەكەی... وەك جل و بەرگەكەی... جەنگاوەرێكی نەبەز كە جگە لەدڵی گەرمی خۆی و رۆحە رووتەكەی چەكێكی دیكەی پێنەبوو شەڕی پێبكات، هەمیشە جێگەی گاز و قامچی جەللادەكان و برینەكانی سەر لاشە لاوازەكەی نیشانەی جەربەزەیی و جوامێری ئەوبوون كە دەربەستی ئەوە نەبوو بەكەسمانی پیشان بدات.
كە ئازاد دەكرا لەگەڕەكێ دەبوو بەقاو و دەنگ، ئەری وەڵا مەلا هەمزە بەربوو..!
لەنێو هەموو پیاوەكانی گەڕەكدا ئەو تاكە كەسێكبوو كە راپێچی زیندان دەكرا لەسەر سیاسەتی قاچاغ و كتێبی حەرام.
من وەك پشیلەیەكی ترسنۆك لەهەیوانەكە نزیكدەبوومەوە... دیسانەوە دەكەوتمە بندەست و پێی پیاوەكان كە منیان نەدەدی، مەراقی ئەوەمبوو بزانم ئاخۆ سەر وسیمای، لەشی، جلەكانی بەری، نیگای ئازا و تیژی، دەنگی دلێر و پڕخەمی... گۆڕاون یان وەكو خۆی ماون، لەو سەردەمەدا بەتەنیا ئەو ژن و پیاوانەم دەبینی گۆڕابوون كە لە"حەج " دەهاتنەوە، بەكەشیدەی زەردەوە و شاگەشكە بەتەوافی دەوری كەعبە ناز و سامێك دەنیشتە سەر رووخساریان.
لەناكاو هەر بەهەناسە و چرپەی نەرمی خۆیەوە منی شەرمنی بانگ دەكرد و لەدوورەوە دەنگی دەدام، ها... ئەوە ئەتووی شێرۆ؟
كە لێی ورد دەبوومەوە هەروە كو خۆیبوو، وەك حاجییەكان نەبوو... نەكەشیدەی زەرد و نەسیمای پڕ لەنازی، من دەمزانی لەژێر سیپاڵی بەریدا چەند برینێك و جێ گاز و كەڵبەی جەللادەكان وا بەسەر پێستیەوە، چونكە جارجار بەدزییەوە ژنە میهرەبان و خامۆشەكەی دوور لەچاوانی من و میوانەكانی تیماری دەكرد، هەروابووە و هەمیشە وایە پیاو چ راوچی بووبێت وچ جەنگاوەر لەرۆژگار و سەردەمە دێرینەكانەوە تا هەنووكە.... چ سەرگەرمی سیاسەتی قاچاغبیت هەمیشە ژنەكان و دایكەكان و خوشكەكان و كچە تەنیا و غەمگینەكان كوڕ و برا و باوك و دڵخوازەكانی خۆیان تیماریانكردوون، هەمیشە لەناو دەرگاوە بەچاوانی پڕ لەفرمێسكەوە ماڵئاواییان لەپیاوەكانكردووە كە رووە و جەنگ و زیندانەكان راپێچكراون یان بەخوایشتی خۆیان رووە و ئەو چارەنووسە ملیان لەتیغ هەڵسویوە و دەنێو جەنگەڵ و كوشتارگا و بەندیخانەكان خۆیان ونكردووە... بۆ منێكی مێرد منداڵ چەند قورسبوو كە ماموستا كەی خۆم ببینم كە چەند پیاوێكی خاكی پۆش بەقونداغە تفەنگان لەشان و شەپێڵكە لاوازەكانی مەلا هەمزە بدەن و سەر و گوێلاكی پڕ لەحیكمەت و هەرای بكوتنەوە... منیش سایلی كچان و ژنانی گەڕەكە بەترس و شەرمەوە لەبەر دەرگا دەوەستان لەسەربان لەناو كۆڵان كە بەدەم هەنسكەوە سەیری ئەو پیاوە جوامیرەیان دەكرد كە رووە و نادیار بێئاوڕدانەوە بەهەنگاوە چوستەكانی ساتمەی لەدار و بەرد دەكرد و پێی شەرمبوو خوێنی داچۆڕاوی لاجانگ و سەری بسڕێتەوە، بێباك هەروەك ئەوەی بۆ شایی یان میوانداری ئازیزێكی هەنگاو هەڵبێنێت، بەتیچاو لەژنە خامۆشەكەی لەدایك و باوكە پیرەكەی لەمنداڵەكانی ورد دەبوومەوە... غەمگین و سڕ و سەرسام و زەندەقچوو چەندە لەكۆمەڵە پەیكەرێكی ئادەمیانە دەچوون كە بەسیحری جادووگەرێك هەر تۆزێك لەمەوبەر لەتین و تاوی كۆست و كارەسات و خەمێكی گەورەدابووبن بەپەیكەر چەند پەیكەرێكی بەردین كە زۆر زەحمەتبوو بزانێت تۆزێك لەمەوبەر مرۆڤی زیندووبوون، تەنها شتێك كە دڵنیای دەكردم زیندوون و تەواو نەبوون بەبەرد فرمێسكی سەر روومەتیانبوو كە جۆگەلەی دەكرد و نەدەوەستا...
هەتا لەچاوان ون دەبوو ئێمە هەموو جگە لەچەند پەیكەرێكی خەم هیچی دیكە نەبووین، پیاوەكانی دەر و دراوسێ بەشەرم و تەریقییەوە لەو پیاوە وردیلەیان دەڕوانی كە لەهەر هەموویان كەڵەگەتتربوو كە وەك شمشێر بەڕێگادا دەڕۆیشت و كۆڵانەكەی دەكرد بەدوو كەرتەوە، بەمنداڵی چەندە حەزم دەكرد ماڵمان لەگەڕەكی ئازادیبووایە كە لەچاو ئێمەی كەلاوەنشین ئەوان لەژوورەكانی بەهەشتەوە لەسەرەوەرا لەئێمەی قەرەج و پێپەتی و رووت و رەجاڵیان دەڕوانی، من و هاوڕێكانم وەك پشیلە و سەگی برسی لەسەر گوفەك و سەرەنوێلكی ئەو گەڕەكە دەگەڕاین و دەلەوەڕاین، كۆڵانی بی سیان و قوڕ و لیتە، سەربانی بێدڵۆپە، ژووری پڕ لەقاقا و هەتاو، پەنجەرەی گەورۆنە و هەمیشە رۆشن، دەروازەی دوو دەری و سێ دەری كە دەتوت بۆ میوانداری خودا ئەو دەرگا و حەوش و باخچە و هەیوانە رازاوە و كراوەن ... وەلێ نا... هەرگیز نا كە تۆزێك فەراقە بووم و گەورەتربووم پەشیمان بوومەوە لەوخەیاڵە خراپە... ئاخر كێ دەڵێت گەر من منداڵێكی گەڕەكی خواپێداوەكان بوومایە مەلا هەمزەم دەناسی...
ئەوسا هەرگیز بەختی ئەوەم نەدەبوو ئەو پیاوە رەنگاوڕەنگە بناسم... ئەو جوامێرەی كە هەولێری پێدەناسمەوە، وەك چۆن بەمینارەی چۆلی وقەلات ئەو شارە دێرینە دەناسمەوە... ئەو زاتە بۆ خۆی كە بەپێوە دەوەستا منارەی چۆلیبوو كە دادە نیشت قەلای هەولێربوو... كە خامۆشدەبوو چیای سەفینبوو كە دەدوا تەقینەوەی كاریزەكان و قاسپەی كەوەكانی قەرەچووغبوو... هەمیشەش وەك دەشتی "قە راج" سادە و بەپیت و بەرەكەتبوو...
دوا دیدارمان چەند مانگێك لەمەوبەربوو، دوای پتر لە"30" ساڵ لەیەكدی دابڕان، وەك داربەڕوویەكی بەتەمەن كە حەز نەكات رەگ و ریشەی لەو خاكە ببێتەوە، وەك كانییەكی پیر كە هەرگیز ئامادە نەبێت كوێر ببێتەوە، لەسەر پێخەفە نەخۆشەكەی دانیشتبوو، ژوورەكە پێویستی بەگڵۆپ و فانوس نەبوو ئەو وەك هەمیشە چرایەكبوو لەحیكمەت و جوانی... داگیرسابوو... رۆمانێكبوو پڕ لەكارەكتەر و ململانێ و گرێچن و تانوپۆ و سەرچڵی و شەیدابوون... وەلێ بێسەرەتا و كۆتایی... كەچی دەق نەشكاو لەوێندەرێ بەسەر خەم و ئازارەكانی خۆی و پاڵەوانەكانی نوشتابووە... رۆمانێك كە شەرم لەوە بكەم بینووسمەوە... گەرچی بەدرێژایی تەمەنم سەد جاران لەسەر پەڕەی رۆح و بەرگی دڵم وشە بەوشەی بەخوێن سووری ئەو داستانی نەبەردییەم خوێندبۆوە، ئەو وەكو خۆیبوو... بێباك لەهێز و دەستەڵات... قیت وەستاو لەبەردەم فریوی زەمانە و بۆ هەمیشە نەبەزیو... هەتا زۆر بێباك لەو شێرپەنجەیەی كە ناو هەناوی دەخوارد... هەردووكمان باسمان لەهەقایەتی پیاوە بەتاڵەكانكرد، پیاوە داهۆڵەكان... ئەو زەلامانەی وەك ئەوەی سیاسەتبازی ناو "سێرك"بن و ئەوان تیایدا تەنافبازی بكەن... وەك ورچ هەڵپەڕن و وەك مەیموون لاسایی گەورەكانیان بكەنەوە بەنرخی ئەو رۆژە لەبازاڕەكانی سیاسەتدا خۆ هەراجبكەن.
هەستم دەكرد مێژوویەك لەنائومێدیرا بەسەر شانە داكەوتووە كانییەوە و كەچی نەیدەویست بێهیوابێت لەتێكۆشان و ململانێ و هێزی ئادەمیزاد داستانی بردنەوە و دۆڕانمان گێڕایەوە... هەوراز نشێوی ژیان... من دڵم دەیوت ئەوەیان دوا دیدارە و ئیدی مەلا هەمزە ئاوا دەبێ... وەلێ دەمزانی بۆ من ئەو وەك خۆرئاوا دەبێت و بەیانی و دوو بەیانی و سی سبەی و چەندەها بەیانی دواتر لەوبەری دە مكەلی حیكمەتێكەوە لەسەر سەری من هەڵدێتەوە و رۆحم رۆشن دەكاتەوە... بەدرێژایی ئەو دیدارە گوێم لەزرنگانەوەی دەنگیبوو كە پڕبوو لەخەمی نەگەیشتن بەئومێدەكانی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی ئینسان لێرە و هەنووكە ئەو دەنگە لەقەراری قەهرێكەوە دەهات... قووڵ و گەورۆنە و رەگاژۆ وەك خەمی ئەبەدی ئینسان لەرۆحی سپی ئەو زاتەدا...
جوانترین شت لەو پیاوە ئەوەبوو كە بەرۆحی سۆفییەكەوە دەجەنگاو... مایەپووچ لەتەماعەكانی پووچی دونیا... ئەو گڕی نەكوژاوەی شۆڕشێك لەسینەیدا كڵپەی دەكرد، من كە رازی دڵیم خوێندەوە، زمانم هەڵێنا و پێموت تۆ خۆت فێرتكردم كە "عیسا" فەرموویەتی: چ كەڵكی دەبێت هەموو دونیات بردبێتەوە... كەچی خۆت دۆڕاو بیت".
سلێمانی 23/11/2009