
سكێچی: شێرزاد حەسەن
سلێمانی 23/11/2009
بەشی دووەم و کۆتایی
لەوێنەكەی ماركس ورد دەبووە و بەشەرم و ترسەوە دەیوت "سوبحانەڵڵا"
چەند بەبابەشێخی دەچیتن، ئەوەی لەیادی مندا مابێت بەردەوامبوونی هەڵات هەڵات و لەناكاو ونبوونی مەلا هەمزەبوو ئەو كۆڵانەی ئێمە یەك جۆر زیندەگی هەبوو كە شەوەكان و رۆژەكانی وەك دانەكانی تەزبیحێك لەیەكدی دەچوون یەك رەنگ و یەك تام و یەك بون ئەوەی ئیقاعی ئەو كۆڵان و گەڕەكەی تێك دەدا ئەو پیاوە زۆر خاموش و كەمدووەبوو درەنگ تێگەیشتم كە ئەو زاتە شۆڕش و گڕكانێكی لەناو دڵی خۆیدا شاردۆتەوە، ئەو پیاوە وردیلەیە پیاوە گەورۆنە و بەدەستەڵاتەكانی هەولێرێی لەزەواق نابوو، باوكی من پیاوێكبوو هەمیشە بۆ مەرگ و نەمانی تەختی پاشایەتی دەگریا و گەرچی نەخوێندەواربوو، بەڵام هەمیشە بەگومانبوو لەچەپڵە لێدان بۆ كەریم قاسم، تەنانەت لەوەشدا ستایشی نەدەكرد كە ئێمەی لەناو زەڵكاوەكانی گڵكەند دەرهێنا، باوكم تا مردیش بڕوای بەدنیای سیاسەت نەبوو، بەدریژایی ژیانی بڕوای بەچوونە ناو مزگە وت و ژێر زەمینەكانی پڕ لەچرپە چرپی سیاسەت نەبوو، لەڕاستیشدا حكومەتی كۆماری لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست درۆیەكی گەورەیە گەر وشەی "كوماری - جمهوری" گەڕانەوە بێت بۆ ناو خەڵك و میللەت بۆ فەرمانڕەوایی، ئەوەشیان هەر درۆیە، چونكە فەرمانڕەواكان وەك "مێگەل سەیری خەڵكانی بندەستی خۆیان دەكەن، بەڵام لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو كە باوكم گەرچی پۆلیسێكی مەسلەكیبوو، كە چی ئامادە بوو كتێبە قاچاغەكانی مەلا هەمزە لەماڵی ئێمەدا بشارنەوە، وابزانم لەدوا قوناغەكانی تەمەندا هەردووكیانم بینیەوە لەسەر بەرماڵ، ئەوەش سەیر نییە لەدونیای ئێمەدا و لەژێر سایەی زاڵبوونی كلتووری ئیسلامدا بۆ ماوەی پتر لەچواردە سەددە.
من تەمەنم دوازدە ساڵبوو كە قورئانم خەتمكرد، دایكم خەونی بەوەوە دەبینی كە مرد من "یاسین" لەسەر بخوێنم، ئیدی وایلێهات كە خەڵكی گەڕەك بۆ سەرە مەرگی هەر ئازیزێكیان بەهەڵەداوان دەهاتنە لای دایكم كە فریابكەوم و قورئان لەسەر ئەو كەسانە بخوێنم كە لەگیانەڵادابوون دەستێكیان بەدەست مەرگەوەبوو، دەستێكیان بەدەست ژیانەوە، زۆرجاران لەناو گەرمەی گەمە و زرمەزلێدا بانگیان دەكردمەوە دەبوو زوو "تارەت بگرم و بەپەلە دە ستنویژ بگرم و تاو دەمە قورئانەكە و بەگورگە لوقە خۆت بگرە نیوەمردوو ئەوە هاتم، كەس بانگی مەلا حەسەن و مەلا زاهیری نەدەكرد، هەردوو مەلاكە سام و هەیبەتێكی عەنتیكەیان هەبوو دیارە نەدەكرا مەلا هەمزەش بانگ بكەن كە بەدزییەوە كتێبی كافرەكان دەخوێنێتەوە، من لەو كاتەوە تا كۆلێژم تەواوكرد بەواتا لەدوازدە ساڵییەوە تا تەمەنی 24 ساڵی بووم بەقورئان خوێن و یاسین خوێنی گەڕەكی كوران، هە میشە ناو پستێرم تەڕبوو، ئەوەندە پیاو و ژنم بینی كە یاسینم دەخوێند لەسەریان كە رۆحی داغانكردم و بەتەواوی لەژیان تۆرام، مەرگی ئەو هەموو خەڵكە كە نەخۆشی یان پیری دەیكوشتن منی لەباوەشی گەمە و خۆشی زوو دەرهانی، ئیدی دڵم تۆرا لەگەمە و كەیف و سەفای گەنجانە، هەژاری و بێپوولی ئەوەندەی تر منی لەهاوڕێكانم دابڕی، لەیادمە زۆر جاران لەدوورەوە سەیری كوڕیژگەكانم دەكرد كە هات و هاواریان دەگەیشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان، تاكە شتێك كە لەناو ئەو خەم و تەنیاییە دەریهێنام مەلا هەمزەبوو، دیسانەوە ئەو تاكە كەسێكبوو كە لەگەڵا ژیاندا كەمێك ئاشتیكردمەوە ئەوبوو توانی چەندەها هەنگاو لەترس و تارماییەكانی مەرگ دوورم بخاتەوە، دوورمبخاتەوە لەسیمای زەرد و كەفە ژیلكەی لالێوی نیوە مردووەكان لنگە فرتێ و هاوار و ناڵە ناڵی سەروەختی ئاوزینگدان دارستانێكی پڕ لەقاووقیژی ئەو كچ و ژنانەی منیان گەمارۆ دەداو بەچواردەوری مندا سەمای مەرگیان دەكرد بسك و كەزییان دەكردەوە، لەداخی زەمانە كراسیان دادڕی و بەدەم هیستریاوە هەلهەلە و وەلوەلەی مەرگ لەو ژوورە تاریكانەدا كاس و كەڕیان دەكردم، ئەو ژن و كچە غەمگینانە بەسینە وبەرۆكی نیوە رووتەوە بێئاگا لەخۆیان پێیان لەمن داناو بەسەرمدا دەكەوتن، مەمك كە لەو ئان و ساتەی مەرگ و شین و واوەیلایەدا كە لەناكاو لەیاخەی دادڕاوەوە فرتەی دەكرد و دەهاتەدەرێ و دەمدی هەرگیز مەمكی ناو حەیران و گۆرانییەكان نەبوو، مەمكێكبوو تێكەڵ بەتام و بۆن و رەنگی مەرگ كە لەمندا هەموو هەوەسێكی گەنجانەی دەكوشت... هەروەك میوەیەكی گەنیو و كرم تێكەوتوو لەژیرەوە خاموش و مردە لەو زەندەقچوو بەدەم قرخە قرخی گریانەوە یاسینەكەم دەخوێند و بیرم لەوە دەكردەوە هەنووكە هاورێكانم شەلالی ئارەقن و بەدوای توپێكدا ئامادەن تاقیامەت رابكەن.
هەر لەو سەردەمی كوژرانی رۆح و كوێربوونی دڵ و كوژانەوەی چاو و هەناسە سواری و هەمیشە تەڕبوونی شەڕواڵەكەم تاقە شەڕواڵ، بەمیز بەخۆداكردنی شەوانەم كەڕبوونی گوێم بەهاوار و قیژەی ئازیز مردەكان... كەفكردنی خوێنم بەهەوەسێكی گەرم و شەرمنانەی ناو خەون و خەیاڵە حەرامەكان... لەناكاو كوژانەوە و كوشتنی ئەو هەوەسە بەئاوی تەزیوی ئەو هەموو مەرگە سارد و سڕە... كتوپر لەئێوارەوە ختێكدا مەلا هەمزە لەنێوان كتێبە زەرد و قاچاغەكانی خۆی لەنێو ئەو هەموو كاغەزانەی كە بەكاربۆن كۆپیكرابوون، رەنگی شینی زۆر تۆخی ئەو كاربۆنانە كە هەموو دەست و پەنجەی مەلا هەمزەیان مۆركردبوو رەنگێكی ترسناكبوو كە دەیبردیتەوە سەر تاریكی ژێرزەمینەكانی سیاسەتی قاچاغ و ژوورە پڕ هاوارەكانی سزاخانە و زیندان... بونی مەرگ و سەرنگونی دەنێو ئەو دنیایەدا كە ئەوەندەی ژێر هەیوانی خانووە ساردەكەی مەلا هەمزە چكولە و بێ گری و خەم دەردەكەوت ئەوەندەش ئاوەدان و پڕ لەهەراو شۆڕش و دەنگ و باسی هەموو جیهانبوو ... هەر لەوێداو لەو دەمە و ئێوارە بێ بەروار و بێ مێژووی ژیانی من كتێبێك سەرنجی منی راكێشا، كتێبێك كە لەكتێبەكانی ماركسی ریشن ولینینی كەچەڵ جیاوازبوو لەكتێبە زۆر بێتام و وەڕسكەرەكانی مەكتەب جیاوازبوو... نامۆترین كتێب بەهەموو ئەو گەڕەكە كە تیایدا دار و دیوار و سیماكانی رەنگ و بۆنی ترس و شەرم و مەرگ و برسییەتی گرتبوو ژمارەی مەرگی ناوادەی منداڵ و گەنجەكانی لە هی پیرە دەردە دارەكان كەمتر نەبوو، گەڕەكێك كە تازەبەتازە و بەژمارە یەكی یەكجار كەم منداڵەكانی فێری "دارا دوو داری دی" دەبوون، تازە بەتازە لەو سەدەها ماڵانەی گەڕەك تاك و تەرا دەوێران كچەكانیان بنیرنە مەكتەب، من چاك لەیادمە كە لەزانكۆ وەرگیرام، ساڵی هەزار و نۆسەد و هەفتا سەیر و نەنگیبوو پانتۆڵ لەبەر بكەم، هەر لەبەر ئەوە لەدارستانەكەی نزیك بەكوران دەبوو شەرواڵەكەم بخەمە جانتاكەم وپانتۆڵەكەم لەبەر بكەم و ئینجا بچمە بەغدا، كە لەبەغداش دەگەڕامەوە ناچار هەر لەو "غاباتەی كوران" پانتوڵەكەم بەشەرواڵەكە دەگۆڕی و ئینجا دەچوومەوە ماڵی تاك و تەرا لەكۆتایی شەستەكان و سەرەتای هەفتاكاندا زاتی ئەوەیانكرد لەوگەڕەكەدا پانتۆڵ و چاكەت لەبەر بكەن.
تا ئەو دەمە و ئێوارەیە هەرگیز بەختی ئەوەم نەبوو لەنزیكەوە دەست لە كتێبێك بدەم بەدەر لەكتێبەكانی جوگرافیاو ئایین و كوردی و ماتماتیك و میژوو... هتد، كتێبەكانی ماركس و لینین بەو بەرگە زۆر تەقلیدی و بێرەنگەوە بەو زمانە زۆر وشك و برینگەوە سەرنجی مێرد منداڵیكی وەكو منیان رانەدەكێشا تا ئەو سەردەمە بەدەر لەكتێبەكانی مەكتەب بەتەنها قورئانم دیبوو، جیاوازی قورئان وەك شێوە لەوە دابوو كە بەزمانی دایكم نەبوو، زەحمەتێكی زۆری دەویست كە لەمانای ئایەتەكانی تێبگەم جگە لەو نووسینە پر لەزەخرەفە و پیتە لار و كڵكدارانەی ئەو هەموو سەروژێرەی كە تەواو وێڵی دەكردم، شەددە و فەتحە و كەسرە و زەممە ئەو هەموو ئەستێرە و گوڵ خونچانەی نێوان ئایەتەكان چوار چێوەی نەخشینی هەر چوار لای ئایەتەكان لەیەك لاپەڕەدا سەرباری سەداو خوێندنەوەكەی كە منی غەمناكی دەخستە سەر گریان لەهەمووی پتر هەقایەتەكانی ناو ئەو كتێبە سەرسامی دەكردم بەتایبەتی سورەتی "یوسف" كە وای لیكردم سەیری كچە باڵق و نەباڵقەكانی گەڕەك نەكەم، زۆرم هەوڵدەدا وەك یوسف پێغەمبەر داوێن پاكبم، من یەكێكبووم لەو لاوە دە گمەنانەی كە هەرگیز نەموێرا دڵداری بكەم هەمیشە دەمویست خەیاڵی خۆم لەحەرام پاك بكەمەوە هەر هاوڕێ و خزمێكم هەقایەتێكی درۆ یان راستی دڵداری هەبوو، من لەو كاتەدا خۆم بۆ قیامەت و سەفەری ئاخیرەت ئامادە دەكرد، خەونێكی حەرام بەسبوو بۆ ئەوەی بەیانییەكەی بگرێم و شیوەن بكەم و"بسمیل" بكەم و غوسل دەركەم و قوونم بەبەرماڵەوە بنووسینم و خۆم دەیەها جار بگریم تاوەكو خودا بمبەخشێت كە بێئاگا لەخۆم شەیتانیبووم، لەهەموو كچ و ژنەكان دەترسام و وام هەست دەكرد گەر بەئیمان و بورهانی خودا چەكدارنەبم ئەوە سووكی كچانی حەوا لەخشتەم دەبەن، وامدەزانی هەموویان وەك زوڵەیخای ژنی "عەزیزی میسری پاشا" گەر بۆیان بڕەخسێت لەخشتەم دەبەن لەناوەوەمدا جوانی دەیكوشتم، كەچی نەدەبوو نوچدەم و فریو بخۆم بۆ من پاكیزەیی و خۆهەڵگرتنبو حۆرییەكانی بەهەشت دوا ئامانج و دوا خەونبوو، هەر كاتێك بمزانیایە نیگای كچوڵەیەكی كاڵفامی گەڕەك تووشی گرانەتام دەكات و خێل و سەرمەستم دەكا، خوێنم كەف دەكا و هەوەسێك وەك كوچكە بەردێكی سەر ئاگر ناو هەناوم دەسووتێنێ خێرا پەنام دەبردەوە بەر سوورەتی یوسف تا بیكەم بەشوورە و قەڵغانی رۆحی لەرزیوی خوم... ئاهـ ... چ حەسرەتێكە كە تاهەنووكە لەدڵمدایە كە بۆچی جارێك... تەنها یەكجار لەو رۆژگارەدا فریوم نەدەخوارد... هەزار حەیف و مەخابن!!...
هەر لەو سەروبەندەدا... هەر لەو رۆژگارەی تەمەن بەفیڕۆدانەدا ئەو كتێبەی سەر لبادەكەی ماڵی مەلا هەمزە فریویدام و شێتیكردم، جیاوازی ئەو كتێبە لەوەدابوو كە بەرگەكەی رەنگاورەنگبوو گەرچی كتێبە كە پەرپووت و ماندووبوو وەلێ نیگاری هێشتا زاڵ و زێدە زیبای ئەو كچەی سەر بەرگەكە پێی دەوتم وەرە و مادامەكی ئەوەندە ترسنۆك و شەرمنی و لەكچەكانی گەڕەك تۆراویت و چاوت لەئاستیاندا دادەخەیت، وەرە و عاشقی من ببە، چونكە من كچێكم لەكاغەز، ئەوەی لەیادم مابێت كچێكی سەركوتبوو، قژی بەسەر سەرییەوە بەلوول و پێچ تۆپەڵكردبوو، گوارەی شۆڕ تا سەر شانەكانی كە لەبەر چاوانم دەلەنگییەوە بەرملی رووتی تاوەكو درزی سەر سینە و دۆڵی بەرتەنگی نێو مەمكەكانی كە ملوانكەیەك وەكو زیندەوەرێكی بیژی لەنێو ئەو درزە ناسكەدا گەمارۆ درابوو بەدوو شەمامە... شەمامەی باخەڵی... وەك هەنووكە لەیادمە ناوی كتێبەكە "الفریسە"بوو كە رۆمانێكی "ئامل زۆلا"بوو كە رۆماننوسێكی فەڕەنسییە، تا ئەو حەلە نەمدەزانی لەناو ئاخنی ئەو رومانەدا چی دەگوزەرێت وەلێ دەمزانی ناوونیشانی كتێبەكە واتا "نێچیر"، بوو بەمەراقم كە ئاخو ئەم نیگارە جوانەی ئەو كچە بۆ دەبێت نێچیربێت، بیستبووم كە بە كەروێشك و ئاسك و هەندێك لەئاژەڵ و مەلی دیكە دەوترێت نێچیر، بەڵام بۆ دەبێت ئەو خانمە نێچیربێت، گەر وابێت نێچیری كێیە و بۆ نێچیرە؟ ئاخۆ هەر بەنێچیری دەمێنێتەوە یان رزگاری دەبێت؟ هەموو ئەو پرسیارانە هی دنیای مرۆڤ و پەیوەندی ئادەمیزادەكان نەبوو، بەڵكو پەیوەستبوو بەجیهانی مەل و گیاندارەكانەوە... بەپەیوەندی نێوان راوچی و نێچیرەكان كە لەدەوروبەری خۆمدا هەبوون لەدەرودراوسێ لەهەمووان نزیكتر بۆ من دەروێش "رەحمان"بوو، پاڵەوانی "ریشۆڵە" و "گوناهی سپی و رۆمانی پێدەشتی كارمامزە كوژراوەكانم".
لە نێو تاسان و تێڕامان و ویِڵبوونم لەناو ئەو پرسیارانەدا مەلا هەمزە خەیاڵ و ختوورەكانی رەواندمە وە و پرسی: "لەچی ورد دەبیتەوە..؟"
ئەم هەر بەئەنقەست وازی لێهێنام كە لەوێنەكە و ناوونیشانەكە وردببمەوە، ئەم هەرگیز راستەوخۆ پەلكێشی ناو هیچ بابەت و كێشەیەكی نەدەكردیت، هەمیشە لێدەگەڕا خۆت بكەویتە ناو مەراق و سۆراغ و پشكنین، وەك ئەوەوابوو بتخاتە سەر رێگایەك و بڵێ: دەی بزانم بویرە و سە فەری خۆت بكە
- ئەم كتێبە چییە؟
- ئەم لەبری وشەی "رۆمان" وتی "روایەیە"
- روایە چییە؟
- هەقایەتێكی درێژە
- باسی چ دەكاتن؟
- باسی ئینسان دەكاتن... باسی عالەمێ... كوو دەژین... كوو فیكر دەكەنەوە... دەرد و بەڵایان چییە... كێشە و گرفتیان.
- لۆ دەیخینییەوە؟
- لۆ ئەوەی بزانم میللەتەكانی دیكەش كوو دە ژین! كوو دەخۆن... كوو لەبەر دەكەن... وەكی مەنە یان جوداوازن... لۆ جوداوازن؟ مەرگ و ژیانیان كووە...
- لۆ ئەو هەموو شتانەی تیدایە؟
- چیرۆك و روایە بەشێكی زۆر لەژیان و نهێنی و ماجەرای خەركی دەخاتە بەرچاوان
بەهەرحاڵ رۆمانی "نێچیر" منیكردە نێچیری خۆی و راویكردم... لەتەك مەلا هەمزە و بەیاوەری ئەو زاتە یەكەمین گەشتی خۆم دەست پیكرد و تا هەنووكەش بەردەوامە...
گفتوگۆیەكی درێژی ئەو ئێوارەیە و دەیەها شەو و رۆژ و ئێوارەی دیكە لەتەك مەلا هەمزەدا سەدەها دەرگا و پەنجەرەی بۆ كردمەوە، منی بردەوە سەر هەموو ئەو رێگایانەی كە كەم كەس پێیدا رۆیشتبوو... ئەو زاتە فێری كردم كە هەمیشە ئەو توولەرێگایانە بكوتمەوە كە كوێربوونەتەوە یان زۆر بەدەگمەن خەڵكی كوتاویانەتەوە ئەو گومانی لەو رێگایانە هەبوو كە ئەگەرچی شاڕێگەن، بەڵام مادامەكی رێگای هەمووانە، مەزەندەی ئەوە بكەم كە رێگایەكی هەڵەیە و وێڵم دەكات، رێگای هەمووان بەواتا رێگەی هیچ كەس... توولەڕێ و كوێرەڕێ واتا رێگای خۆت و بەس... رێگایەك كە لەگوینە بتباتەوە سەر قەڵایەكی پڕ لەنهێنی سەر گەنجینەی سلێمان، سەر شارێك كە هەموو شتەكانی ناوی تازە و مایەی سەرسامین، ئەشكەوتێك كە تا بچیتە ناوی پتر رۆشنە و دیوارەكانی دەدرەوشێنەوە، زەریایەك لەبری هێلكە شەیتانۆكە و گوێ ماسی مرواری و مەرجان و گەوهەر كەنارەكانی داپوشیوە، لەوەدایە لەگەڵ پەری زەریا ژوان بگرێت... ئەو فێریكردم لەگومان و پرسیارەكانم نەترسم، شەرم لەخەون و خەیاڵە حەرامەكانم نەكەم، فێریكردم كە بەتەنیا گەشتی ژیانی خۆم بكە م... هەمیشە نەسرەوت و بزێو و خانە خەیاڵ و بێئۆقرەبم... دڵ لەسەر دەستان لەكەس نەترسم و خۆم رابهێنم كە مەرجی مرۆڤبوون ئەوەیە بۆ هەتاهەتایە، جەنگاوەربم جەنگاوەری رۆشنایی، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو كە فێریكردم كە هەرگیز پێویستم بەو نەبێت، وەك ئەو باوكە میهرەبانەی هەردوو پەلی كوڕە زۆر چكۆلەكەی دەگرێت و "تاتی تاتی" لەقوناغی گاگۆڵكێوە رووە و سەرپێكەوتن دەیبات و ئیتر تا ماوە وازی لێدەهێنێت كە لەسەر هەردوو پێی خۆی بەهەموو دنیادا سەفەر بكات، حەكیمانە دەدوا و سادە و رەوان كە من لەمەرامی تێبگەم، پیاوێكی خاكی بێهەوا و بێفیز، سادە وەك خانووەكەی... وەك جل و بەرگەكەی... جەنگاوەرێكی نەبەز كە جگە لەدڵی گەرمی خۆی و رۆحە رووتەكەی چەكێكی دیكەی پێنەبوو شەڕی پێبكات، هەمیشە جێگەی گاز و قامچی جەللادەكان و برینەكانی سەر لاشە لاوازەكەی نیشانەی جەربەزەیی و جوامێری ئەوبوون كە دەربەستی ئەوە نەبوو بەكەسمانی پیشان بدات.
كە ئازاد دەكرا لەگەڕەكێ دەبوو بەقاو و دەنگ، ئەری وەڵا مەلا هەمزە بەربوو..!
لەنێو هەموو پیاوەكانی گەڕەكدا ئەو تاكە كەسێكبوو كە راپێچی زیندان دەكرا لەسەر سیاسەتی قاچاغ و كتێبی حەرام.
من وەك پشیلەیەكی ترسنۆك لەهەیوانەكە نزیكدەبوومەوە... دیسانەوە دەكەوتمە بندەست و پێی پیاوەكان كە منیان نەدەدی، مەراقی ئەوەمبوو بزانم ئاخۆ سەر وسیمای، لەشی، جلەكانی بەری، نیگای ئازا و تیژی، دەنگی دلێر و پڕخەمی... گۆڕاون یان وەكو خۆی ماون، لەو سەردەمەدا بەتەنیا ئەو ژن و پیاوانەم دەبینی گۆڕابوون كە لە"حەج " دەهاتنەوە، بەكەشیدەی زەردەوە و شاگەشكە بەتەوافی دەوری كەعبە ناز و سامێك دەنیشتە سەر رووخساریان.
لەناكاو هەر بەهەناسە و چرپەی نەرمی خۆیەوە منی شەرمنی بانگ دەكرد و لەدوورەوە دەنگی دەدام، ها... ئەوە ئەتووی شێرۆ؟
كە لێی ورد دەبوومەوە هەروە كو خۆیبوو، وەك حاجییەكان نەبوو... نەكەشیدەی زەرد و نەسیمای پڕ لەنازی، من دەمزانی لەژێر سیپاڵی بەریدا چەند برینێك و جێ گاز و كەڵبەی جەللادەكان وا بەسەر پێستیەوە، چونكە جارجار بەدزییەوە ژنە میهرەبان و خامۆشەكەی دوور لەچاوانی من و میوانەكانی تیماری دەكرد، هەروابووە و هەمیشە وایە پیاو چ راوچی بووبێت وچ جەنگاوەر لەرۆژگار و سەردەمە دێرینەكانەوە تا هەنووكە.... چ سەرگەرمی سیاسەتی قاچاغبیت هەمیشە ژنەكان و دایكەكان و خوشكەكان و كچە تەنیا و غەمگینەكان كوڕ و برا و باوك و دڵخوازەكانی خۆیان تیماریانكردوون، هەمیشە لەناو دەرگاوە بەچاوانی پڕ لەفرمێسكەوە ماڵئاواییان لەپیاوەكانكردووە كە رووە و جەنگ و زیندانەكان راپێچكراون یان بەخوایشتی خۆیان رووە و ئەو چارەنووسە ملیان لەتیغ هەڵسویوە و دەنێو جەنگەڵ و كوشتارگا و بەندیخانەكان خۆیان ونكردووە... بۆ منێكی مێرد منداڵ چەند قورسبوو كە ماموستا كەی خۆم ببینم كە چەند پیاوێكی خاكی پۆش بەقونداغە تفەنگان لەشان و شەپێڵكە لاوازەكانی مەلا هەمزە بدەن و سەر و گوێلاكی پڕ لەحیكمەت و هەرای بكوتنەوە... منیش سایلی كچان و ژنانی گەڕەكە بەترس و شەرمەوە لەبەر دەرگا دەوەستان لەسەربان لەناو كۆڵان كە بەدەم هەنسكەوە سەیری ئەو پیاوە جوامیرەیان دەكرد كە رووە و نادیار بێئاوڕدانەوە بەهەنگاوە چوستەكانی ساتمەی لەدار و بەرد دەكرد و پێی شەرمبوو خوێنی داچۆڕاوی لاجانگ و سەری بسڕێتەوە، بێباك هەروەك ئەوەی بۆ شایی یان میوانداری ئازیزێكی هەنگاو هەڵبێنێت، بەتیچاو لەژنە خامۆشەكەی لەدایك و باوكە پیرەكەی لەمنداڵەكانی ورد دەبوومەوە... غەمگین و سڕ و سەرسام و زەندەقچوو چەندە لەكۆمەڵە پەیكەرێكی ئادەمیانە دەچوون كە بەسیحری جادووگەرێك هەر تۆزێك لەمەوبەر لەتین و تاوی كۆست و كارەسات و خەمێكی گەورەدابووبن بەپەیكەر چەند پەیكەرێكی بەردین كە زۆر زەحمەتبوو بزانێت تۆزێك لەمەوبەر مرۆڤی زیندووبوون، تەنها شتێك كە دڵنیای دەكردم زیندوون و تەواو نەبوون بەبەرد فرمێسكی سەر روومەتیانبوو كە جۆگەلەی دەكرد و نەدەوەستا...
هەتا لەچاوان ون دەبوو ئێمە هەموو جگە لەچەند پەیكەرێكی خەم هیچی دیكە نەبووین، پیاوەكانی دەر و دراوسێ بەشەرم و تەریقییەوە لەو پیاوە وردیلەیان دەڕوانی كە لەهەر هەموویان كەڵەگەتتربوو كە وەك شمشێر بەڕێگادا دەڕۆیشت و كۆڵانەكەی دەكرد بەدوو كەرتەوە، بەمنداڵی چەندە حەزم دەكرد ماڵمان لەگەڕەكی ئازادیبووایە كە لەچاو ئێمەی كەلاوەنشین ئەوان لەژوورەكانی بەهەشتەوە لەسەرەوەرا لەئێمەی قەرەج و پێپەتی و رووت و رەجاڵیان دەڕوانی، من و هاوڕێكانم وەك پشیلە و سەگی برسی لەسەر گوفەك و سەرەنوێلكی ئەو گەڕەكە دەگەڕاین و دەلەوەڕاین، كۆڵانی بی سیان و قوڕ و لیتە، سەربانی بێدڵۆپە، ژووری پڕ لەقاقا و هەتاو، پەنجەرەی گەورۆنە و هەمیشە رۆشن، دەروازەی دوو دەری و سێ دەری كە دەتوت بۆ میوانداری خودا ئەو دەرگا و حەوش و باخچە و هەیوانە رازاوە و كراوەن ... وەلێ نا... هەرگیز نا كە تۆزێك فەراقە بووم و گەورەتربووم پەشیمان بوومەوە لەوخەیاڵە خراپە... ئاخر كێ دەڵێت گەر من منداڵێكی گەڕەكی خواپێداوەكان بوومایە مەلا هەمزەم دەناسی...
ئەوسا هەرگیز بەختی ئەوەم نەدەبوو ئەو پیاوە رەنگاوڕەنگە بناسم... ئەو جوامێرەی كە هەولێری پێدەناسمەوە، وەك چۆن بەمینارەی چۆلی وقەلات ئەو شارە دێرینە دەناسمەوە... ئەو زاتە بۆ خۆی كە بەپێوە دەوەستا منارەی چۆلیبوو كە دادە نیشت قەلای هەولێربوو... كە خامۆشدەبوو چیای سەفینبوو كە دەدوا تەقینەوەی كاریزەكان و قاسپەی كەوەكانی قەرەچووغبوو... هەمیشەش وەك دەشتی "قە راج" سادە و بەپیت و بەرەكەتبوو...
دوا دیدارمان چەند مانگێك لەمەوبەربوو، دوای پتر لە"30" ساڵ لەیەكدی دابڕان، وەك داربەڕوویەكی بەتەمەن كە حەز نەكات رەگ و ریشەی لەو خاكە ببێتەوە، وەك كانییەكی پیر كە هەرگیز ئامادە نەبێت كوێر ببێتەوە، لەسەر پێخەفە نەخۆشەكەی دانیشتبوو، ژوورەكە پێویستی بەگڵۆپ و فانوس نەبوو ئەو وەك هەمیشە چرایەكبوو لەحیكمەت و جوانی... داگیرسابوو... رۆمانێكبوو پڕ لەكارەكتەر و ململانێ و گرێچن و تانوپۆ و سەرچڵی و شەیدابوون... وەلێ بێسەرەتا و كۆتایی... كەچی دەق نەشكاو لەوێندەرێ بەسەر خەم و ئازارەكانی خۆی و پاڵەوانەكانی نوشتابووە... رۆمانێك كە شەرم لەوە بكەم بینووسمەوە... گەرچی بەدرێژایی تەمەنم سەد جاران لەسەر پەڕەی رۆح و بەرگی دڵم وشە بەوشەی بەخوێن سووری ئەو داستانی نەبەردییەم خوێندبۆوە، ئەو وەكو خۆیبوو... بێباك لەهێز و دەستەڵات... قیت وەستاو لەبەردەم فریوی زەمانە و بۆ هەمیشە نەبەزیو... هەتا زۆر بێباك لەو شێرپەنجەیەی كە ناو هەناوی دەخوارد... هەردووكمان باسمان لەهەقایەتی پیاوە بەتاڵەكانكرد، پیاوە داهۆڵەكان... ئەو زەلامانەی وەك ئەوەی سیاسەتبازی ناو "سێرك"بن و ئەوان تیایدا تەنافبازی بكەن... وەك ورچ هەڵپەڕن و وەك مەیموون لاسایی گەورەكانیان بكەنەوە بەنرخی ئەو رۆژە لەبازاڕەكانی سیاسەتدا خۆ هەراجبكەن.
هەستم دەكرد مێژوویەك لەنائومێدیرا بەسەر شانە داكەوتووە كانییەوە و كەچی نەیدەویست بێهیوابێت لەتێكۆشان و ململانێ و هێزی ئادەمیزاد داستانی بردنەوە و دۆڕانمان گێڕایەوە... هەوراز نشێوی ژیان... من دڵم دەیوت ئەوەیان دوا دیدارە و ئیدی مەلا هەمزە ئاوا دەبێ... وەلێ دەمزانی بۆ من ئەو وەك خۆرئاوا دەبێت و بەیانی و دوو بەیانی و سی سبەی و چەندەها بەیانی دواتر لەوبەری دە مكەلی حیكمەتێكەوە لەسەر سەری من هەڵدێتەوە و رۆحم رۆشن دەكاتەوە... بەدرێژایی ئەو دیدارە گوێم لەزرنگانەوەی دەنگیبوو كە پڕبوو لەخەمی نەگەیشتن بەئومێدەكانی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی ئینسان لێرە و هەنووكە ئەو دەنگە لەقەراری قەهرێكەوە دەهات... قووڵ و گەورۆنە و رەگاژۆ وەك خەمی ئەبەدی ئینسان لەرۆحی سپی ئەو زاتەدا...
جوانترین شت لەو پیاوە ئەوەبوو كە بەرۆحی سۆفییەكەوە دەجەنگاو... مایەپووچ لەتەماعەكانی پووچی دونیا... ئەو گڕی نەكوژاوەی شۆڕشێك لەسینەیدا كڵپەی دەكرد، من كە رازی دڵیم خوێندەوە، زمانم هەڵێنا و پێموت تۆ خۆت فێرتكردم كە "عیسا" فەرموویەتی: چ كەڵكی دەبێت هەموو دونیات بردبێتەوە... كەچی خۆت دۆڕاو بیت".
سلێمانی 23/11/2009