
نووسینی/ عامڕ ڕوستایی .
کاک ( دلشاد ) وەک شاعیر بەرهەمێکی شیعری بەر لە چاپ و بڵاوکردنەوەی بە ناوی ( ڕۆژگارەکانی تەمەن ) دایە دەستم و ئەرکی پێشەکی پێسپاردم و بەخۆشحاڵیەوە داواکەم ڕەتنەکردەوە . ئەگەرچی ئەرکی پێشەکی و خوێندنەوەم بۆ شیعر زۆر لەوە گەرەترە کەمن وا بەسانایی ڕەزامەند بم ، بەڵام بەلەبەرچاوگرتن و هێشتنەوەی بەهای بەرزو شکۆی شیعر ، هەروەها بەخوێندنەوەی دێر بەدێری تەواوی شیعرەکانی و پشت بەستن بەهەموو ئەو سەرچاوانەی باس لەشیعر دەکەن و بەو ئەزمون و زانیاریانەی لەسەر شیعر هەمە ، ئەوسا بەقەت کڵاو ڕۆژنەیەک ڕەنگە لەدەلاقەیەکەوە تروسکایی بدەم بەو تێکستانەی نێو ئەم بەرهەمە کە سنوردارو ئەستەمە پێوانە بکرێ بەو روناکیە کەشیعر روناکی خۆی لەمن گەرەکە .
تامەزرۆیانی شیعرو خوێنەرانی ئەو چەپکە گوڵە شیعرانەی نێو ئەم بەرهەمە ، لەدایک بووی ( ڕۆژگارەکانی تەمەن ) کە ناونیشانی ئەم بەرهەمەیە کە تۆی بەڕێز دەیخوێنیتەوە ،
دوای خوێندنەوەیەکی زەینی وردم لەم بەرهەمە ، دەمەوێ لەوە دەست پێبکەم ناونیشانی ئەم بەرهەمە بەشێکە لەڕۆژگارەکانی تەمەنی ، تۆ ، من ، ئەو ، هەر هەموومان ،
هەر ئەم ناونیشانەش پەلکێشمان دەکا بۆ خوێندنەوەی دەقە شیعرکانی ، چونکە وادێتە بەرچاو کەوا بەدەر نین و هەموومان خاوەن ڕابردوێکین لە ڕۆژگاری تەمەن ، هەر لەم سۆنگەوەش چ تاڵ یان شیرین بەدووری نازانین شیعرەکانی بۆمان ئامێز واڵاو و تامەزرۆی حەزی ڕابردووی خۆزگەی ڕۆگارەکانی تەمەنی ئێمەش بێت ، خۆ ئەگەر باس لە شیعر بکەم ئەوا هەست دەکەم زێدەڕۆیی دەکەم و هێشتا وەک قوتابی لەفێرگەی شیعر و شاعێر ناس هەر لەقوناغی سەرەتا دام ، بۆیە تێڕوانین لە شیعری چاک و هۆنەری چاک لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازەو هەر یەک لە دیدگای خۆیەوە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات ، بەڵام من پێم وایە شیعری چاک ئاوێنەو دەرخەری شاعێری باشمان بۆ دەر دەخات ، شاعیر جگە لە پابەند بوون بە فۆرم و ئەو یاساو ڕێسایانەی شیعر ، بیرکردنەوە بۆ هۆڻینەوەی شیعر بەشێکی گرینگە لەشیعر ، بەڵام چ بیرکردنەوەیەک بیرکردنەوەیەکی ئاسایی و سادەو ساکارو زمانی بازاری یان بیرکردنەوەیەکی جوانی فکری و زمانی شیعری وئەدەبی و هونەریانەی دروست ، لەم نێوەندە خوێنەرو شەرەزایانی شیعر بەخوێندنەوەی ئەم شیعرانە بریاردانیان لا گەڵاڵە دەبێت ۰
ڕێبازی کلاسیک و ریالزمی و خەیاڵ و بیری هەمەجۆرو ڕۆمانتیک لە نێو شیعرەکانیدا دەست لەملان و دەسکەنەیەکی جوانی گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ لە باغی بەرهەمەکەیدا پڕ لە گوڵی هەمە جەشن و تەژی لە بۆن بەرامن، کاک دلشاد وەک سوارچاک و مەلەوانێکی بێ ئامێری هەناسە لەدەریای شیعڕو ، وشەدا لە قوڵایی ژێرەوە بە ووشە کڕیساڵی و مرواریەکانی هاژە ، روبار ، جۆگەلە ، نمە ، خوناو ، باران ، هەور ، خۆشەویستی ، ڕۆژ ، مانگ ، شنە ، ئەستێرە ، مێرگ ، کانی ، چیا ، بەزیی ، وەفا ، خەم ، عشق ، بە بیری تیژی زەویەکی بەیارمان بۆ دەکێڵێ و باغێکی جوانی گوڵە شیعرمان بۆ دەڕوێنێت کە خوێنەر والێدەکات لەجیاتی جارێک چەند جارێک بخوێنێتەوە و گوڵچنینی شیعر لە باغەکەی بکات،
ئەو شیعرەی کە لەدایک دەبێت و دەبێتە هۆی هەست بزوێنی خوێنەرو گوێگر ئەوا دەمێنێتەوە وابەست بوون بەو یاساو ڕێسایانەی کە شیعر لە شاعیر دەیەوێت دەرنەچونی شاعێر لەو بازنەیەی کە ووتم ، بێشک ئەو شیعرە وەک پێکهاتەو مادەکانی شەراب خوێنەر مەست دەکات ، شیعری جوانیش بەهەموو لق و پۆپ و گەڵاکانیەوە دەبێتە درختێکی بەردارو بە نسێ ،
کەوایە خوێنەر لەگەڵ ئەم جۆرە شیعرانە هەم چێژ دەبێنێ و هەم ئارەزووی خوێندنەوەی چەند جارێک دەکات و لەژێر دەختێکی بەردارو بە نسێ چێژو حەسانەوە وەردەگرێت ، لەگەڵ هەبونی هەر کەم و کوڕیەکیش کە شتێکی ئاساییە ، دواجار بەدرک پێکردن لە بەرهەمی داهاتوو بێ هەناسە سواربون ڕێگای سەختی هەوراز دەبڕێت ، نغرۆبونی کاک دلشاد لە عەشق و سنور بەزێن لە خۆشەویستی بۆ دڵخوازەکەی وەک پۆشاکێکی جوان و بەهادارو دڵگر کردویەتی بە ، بەر شیعرو بە وێناکردنی خۆشەویستەکەی بە ئامێری هەناسەدان بۆ ڕزگازبونی لە هەناسەبڕی لە ئامێزیدا گیان ناسپێرێ ،
کەلەم کۆپڵە کە کۆپڵەیەکە لە نێو شیعرێکیدا کە چەندە جوان دەڵێت .
گەر نەپرسی لەو حاڵ و
ژینە سەختەی من بێ تۆ
چاک بزانە هەر هێندە کافیە
بێ هاتنی ( مەلیک الموت ) وا من دیلی
دەستی مەرگ و روو بەرەو گۆڕستانە بم .
کاک دلشاد پێچەوانەی ناوەکەی خۆی ڕەنگدانەوەی حەسرەت و خەم و ئازارو ناخۆشی لە شیعرەکانیدا زێتر هەستی پێدەکرێت ، هیوادارم تەمەنی داهاتووی کاک دلشاد ببێتە تەمەنێکی پڕ لە دلشادی و ڕۆژگارێکی تری بەرهەکەی لە کەلی بەرزی چیاوە خۆری پڕشەنگدارتر بەرووی هەوادارانی شیعرو شاعیر و نوسەران هەڵبێنێ .
پیرۆزبایی ئەم بەرهەمە جوانەو دەم خۆشی و دەست ساغی و سەرکەوتنم بۆ کاک دلشاد هەیە .
ئێوەی خوێنەر ماندوو نەبن ڕێزم بۆتان