فەلسەفە و مرۆڤدۆستی

حەمە هاشم

بەشی سێیەم

دەتوانرێت پۆستمۆدێرنیزم وەک بارودۆخێکی مێژوویی جیهانی سەیر بکرێت کە لە ساڵانی ١٩٥٠دا تەشەنەی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

قۆناغی پۆستمۆدێرن بە سەرهەڵدانی ئابوورییەکی جیهانی و بناژۆخوازی ئایینی وەک هێزێکی سیاسی و ڕێکخستنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی و هەژموونی کۆمەڵایەتی و هونەری و کولتووری جەماوەری پێگەکانی پیشاندەدات.

‘پۆستمۆدێرنیزم’ وەک زاراوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمەڵێک بزووتنەوەی هونەری، فەلسەفی و کولتووری کاردەکات.

ئەم بزووتنەوانە کە لە بنەڕەتدا ئەوروپین، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت و هەندێکیشیان لانیکەم بۆ جەنگی جیهانی یەکەم دەگەڕێنەوە، زاراوەی ‘پۆستمۆدێرنیزم’ تا دوای ساڵی ١٩٧٩ بۆ کارکردن لە چوارچێوەی فەلسەفە و تیۆری کولتووری و هونەر و ڕەخنەی ئەدەبیدا بەکارنەهێنرا.

بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی سەلمێنەری دەرکەوتنی بیری پۆستمۆدێرنیستین لە ماوەی ساڵانی ١٩٥٠دا دەستیان بە خۆدەرخستن کردوە، بەتایبەتی لە وتار و نووسینەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی جاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤).

لێکۆڵینەوەکانی پۆستمۆدێرنیستی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لێکۆڵینەوەی دامەزرێنەرانی ڕێنێسانسی مرۆڤدۆستی دەچێت؛ شێوازی هەردووکی بریتییە لە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە لە دیاردە کولتوورییە تاکەکەسییەکان بۆ ئەوەی بگەینە لێکدانەوەیەک کە بە ڕوونی وەک بابەت و ڕێژەیی تێبگەین نەک وەک شتێکی ڕەها.

تیۆرەکانی پۆستمۆدێرنە ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتی و گەڕانێکی مرۆڤدۆستانەیان بۆ دادپەروەری لە تەوەرە فیکرییەکانی مارکسەوە وەرگرتووە، هەروەها دامەزرێنەرانی پۆستمۆدێرنیزم لە ژێر کاریگەری سەرەکی بوونگەراییدا بوون، بەتایبەتی کیرکێگارد، نیچە و هایدگەر. بەڵام بە پێچەوانەی بوونگەراییەکانەوە، دێریدا و ئەوانەی کە سوودیان لە کارەکانی وەرگرتووە (و هەندێکجاریش ڕەخنەیان لێگرتووە)، لەوانە پۆڵ دی مان (١٩١٩-١٩٨٣)، میشێل فۆکۆ (١٩٢٦-٨٤)، ڕیچارد ڕۆرتی (١٩٣١-٢٠٠٧) و جۆن کاپوتۆ (1940–)، ڕەتیان کردووەتەوە کە تێڕوانینەکان بەتەواوی جێی متمانەبن یان دەتوانن سیستەمی فیکریی یەکگرتوو و 'بابەتی' بەرهەم بهێنن. بەڵکو ئەوەی ئەزموونی دەکەین، بە ناوبژیوانی ئەجێندا کۆمەڵایەتییە نەگوتراوەکانە کە لە نووسین، شێوازی قسەکردن، وێنەی گرافیک و تەنانەت داڕشتنی فەزای کۆمەڵایەتی لەلایەن تەلارساز و هونەرمەندانەوە تەرکیزیانخستۆتەسەری. دێریدا ئەم جۆرە فۆرمانەی بە ‘دەق’ وەسف کردووە کە لە نزیکەوە و بە گومانەوە لێیان دەڕوانێت.

ژان بۆدریلارد (1929-2007) شیکارییەکی بۆ دەقەکان لە ئاستی وشە و ئۆبژەکاندا پەرەپێدا، جیاواز بوو لە مارکس لە گرنگیدان بە بەکاربەری نەک بەرهەمهێنانی کاڵا.

زاراوەیەک کە لەلایەن ژان فرانسوا لیۆتارد (1924-98)ەوە داڕێژراوە. گێڕانەوەی مێتا، وەک مێژووی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی یان بیرۆکەی پێشکەوتنی زانستی، دەربڕینێکی بەرژەوەندیخوازانەی هەڵوێستە کولتوورییەکانە کە بانگەشەی ڕوونکردنەوەی زەمینەیەکی مێژوویی سەرتاسەرییە. مێتا گێڕانەوە دەسەڵات، ئیمتیاز، یان باڵادەستی بە هەندێک گروپ لە ناو کۆمەڵگادا دەبەخشێت لەسەر حیسابی هەندێکی تر.

هێزی گێڕانەوەی مێتا لەوەدایە کە چیرۆکەکان ‘مانایان هەیە’، یان یەکگرتوویی ناوخۆیییان هەیە، تەنانەت لە کاتێکدا کە لە ڕێگەی فۆڕمی دراماتیکەوە وەڵامێکی سۆزداری ورووژێنەرن.

بەم شێوەیە دەتوانرێت ئیدیعاکانیان بۆ ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە و گشتگیر بەبێ لێکۆڵینەوە یان ئارگیومێنتێکی هۆشیارانە بگوازرێتەوە.

زاراوەی مێتا-گێڕانەوە کە لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، گەیشتووەتە ئەوەی چەندین پێناسەی هەبێت.

ڕەخنەگرانی پۆستمۆدێرنیزم سەرنجیان داوە بە سەختی پەرەپێدانی تیۆری بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی بیرکردنەوە و نووسین – بەتایبەتی میتا گێڕانەوە – کە پۆستمۆدێرنیستەکان خۆیان بە جێی متمانە نەبوون ڕایانگەیاندووە.

لیۆتارد و ئەوانی دیکە پێشنیاریان کردووە کە گێڕانەوە گەورەکان بە گێڕانەوەی بچووک و ناوچەیی بگۆڕدرێن کە دەتوانن لە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتردا بوونیان هەبێت و گفتوگۆیەکی بەردەوام پێکبهێنن.

بەڵام پۆستمۆدێرنیستەکان ئەو تۆمەتەیان رەتنەکردۆتەوە کە هیچ فۆرمێکی گێڕانەوە ئەرکەکانی میتۆدی زانستی ئەنجام نادات، کە ستانداردێک بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و بەراوردکردن دادەنێت کە لە بوارە زانستییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئیدیعاکان بەکاردەهێنرێت.