
بەشی شەشەم و حەوتەم و هەشتەم
بەدرێژایی كات و له ساڵانی دوایی سهدهی بیستهم، زۆرێک لە زاراوەگەل هاتوونەتە ناو فەرهەنگی کولتووری ئێمەوە (وهك رۆژههڵاتی ناوهراست) کە گوزارشت لەو گەشەکردنە دەکەن کە لەسەر ئاستی جیهانی ڕوویانداوه، ئەم زاراوانە زۆرجار بەکارهێنراون بەبێ ئەوەی ئاگایی ڕاستەقینەیان ههبێت بۆ ئەو مانا شاراوانهی کە هەڵیانگرتووە.
هەوڵ دەدهین ڕۆشنایی بخهینه سەر دوو زاراوە کە گوزارشت لە بارودۆخی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کولتووری ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژین.
ئەم دەستەواژانەش كه له دوای مۆدێرنیته دێن بریتین لە پۆستمۆدێرنیزم و دوای پۆستمۆدێرنیزم.
زۆرجاران دهگهینه ئهو تێڕوانینهی كه ئەم دەستەواژانە تەنیا گوزارشت لە دیدگای ڕۆژئاوایی دەکەن بۆ هەر قۆناغێکی مێژوویی و ئەو پێشهاتانەی کە ت|ێیدا نهش و نمای كردووه بۆ نموونە، بیرمەندانی ڕۆژئاوا سەدەکانی ناوەڕاست بە سەردەمی تاریکی وەسف دەکەن، لە کاتێکدا لە جیهانی رۆژههلاتی و ئیسلامیدا سەردەمی باڵای ئایینی و زانستی و ڕێنێسانسی کۆمەڵایەتیه.
بەهەمان شێوە سەردەمی مۆدێڕنیتە کە شایەتحاڵی دابڕانی کەنیسە بووه لە ناوەندی دەوڵەت، واتا جیاكردنهوهی ئایین له دامهزراوهی دهوڵهتی، جگە لە پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکان، بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی له بارودۆخی جیهانی رۆژههڵاتی ناوهراست و جیهانی ئیسلامی نییە.
بەڵام گرنگی تێگەیشتن لە چهمكهكانی مۆدێرنیتە و پۆستمۆدێرنیزم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چەمکگەلێکن بە هەموو ئەو مانا و تایبەتمەندی و دیدگایانە دێن کە بههیچ شێوهیهك لهگهڵ بارودۆخی دونیای رۆژههڵاتی و جیهانی ئیسلامی یهكناگرنهوه، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی دەروونی بۆ كهسی رۆژههلاتی وسروشتی ژیانی ڕۆژانە.
ههروهك پێشتر ئاماژهمان پێداوه “پۆستمۆدێرنیزم” بزووتنەوەیەکی فیکرییە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر سەردەمی مۆدێرنیتە سەریهەڵداوه، و لە ئەنجامدا کێشەی فرەیی لە هەموو بوارەکاندا، هەر لە کێشەی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، تا دەگاتە بڵاوبوونەوەی جهنگ و شەڕەکان ، پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژیی، و تاڵانکردنی سامانی جیهانی سێیەم بۆ کێشەی پەرەسەندنی بۆشایی نێوان دەوڵەمەند و هەژاران نمادهكات.
پۆستمۆدێرنیزم یاخیبوونە لە کاریگەریی بزووتنەوە گەورە مۆدێرنیستەکان بەهۆی بێتوانایییان لە ڕوونکردنەوەی واقیع بە دەرئەنجامە نوێیەکانی لە ڕووی سیاسی و دەروونی و ئابووری و زمانەوانی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفیەوە.
تیۆرە گەورەکانی وەک مارکسیزم، پێشکەوتن، عەقڵانیزم، زانستی یەکگرتوو، هەموویان شەرعیەتی خۆیان لە کۆمەڵگەی پۆست مۆدێرندا لەدەستداوە.
هزری پۆستمۆدێرن هزرێکی چەوسێنەرە کە دوژمنایەتی عەقڵانیەت و گەردوونیەکانە، جا ئایینی بێت یان ماتریالیستی بیرکردنەوەیەک کە هەوڵدەدات بەتەواوی لە میتافیزیک و ڕاستی و ناوەندگەرایی و سەقامگیری ڕزگاری بێت و هەوڵدەدات نوقم بێت لە بووندا، دەربڕینی ماتریالیزمی نوێ کە کاردەکات بۆ لابردنی عەقڵانییەت لە ناوەند.
کەواتە لە قۆناغی “پۆستمۆدێرن”دا، مرۆڤی ڕۆژئاوایی بە تەواوی خۆی ڕادەستی هۆشیاری خۆی دەکات لە شکستی پڕۆژەی مۆدێرنیزاسیۆن، بیرمەندانی پۆستمۆدێرینیزم لە بیرو راكانی نیچە ئیلهامیان وەرگرتووە، هەروەک چۆن - بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر - بیرمەندانی مۆدێرن پشتیان بە بیرۆکەی مردنی خودا بەپێی تێڕوانینی نیچە، پاشان ناوەندییەتی خودایی ڕەتکردەوە و ئەو بەهایانەی کە لێیەوە سەرهەڵدەدەن، و بیرۆکەی ئیرادەی دەسەڵات و بنەمای ململانێی وەرگرت، بیرمەندانی پۆستمۆدێرن بە هەمان وتەی “مەرگی خودا” بوونی هەر خاڵێکی جێگیر یان ڕەتکردەوە و داوای جووڵەیان دەکرد لە چوارچێوەیەکی ماددی سروشتیدا کە بە شلەژاوی تایبەتمەندە، هەموو شتەکان یەکسان دەکات. بیرمەندانی پۆستمۆدێرن هەموو ئەو شتانەیان لەناوبردووە کە فەیلەسوفەکان پێیان دەگوت پیرۆز، چاک، ڕاست، جوان، ڕەها و کۆی گشتی و مرۆڤیان لە هەر بەها و نەگۆڕ و گشتگیر و ئامانجێک پاککردەوە، بەجۆرێک جیهان ببێتە سیستەمێکی ههڵوهشاوهی بێ دڵنیایی.
ڕەخنە توندەکانی نیچە لە تیۆرە فەلسەفییەکان بووە هۆی ئەوەی کە مرۆڤی پۆستمۆدێرن لە زیندانی “تیۆرییە گەورەکان” دوور بخرێتەوە بۆ زیندانی گومان و بێمانایی و لەدەستدانی مانا و وێرانکردن و فرەیی بێکۆتایی لێکدانەوەکان.
لێرەدا “چەمکی جێگیر” نەما و گورزێکی بەهێز لە بیری مۆدێرنیستی درا بە تێکدانی هەر خاڵێکی سەقامگیری، چ عەقڵ، ماتریالیزم، یان هەر شتێکی تر، کە سیستەمی فەلسەفی و ئەخلاقی لەسەری بنیات بنرێت، هەڵوێستێکە کە خۆی وەرگێڕاوە بۆ جیهانێک کە هیچ ناوەندێکی نییە، واتە لە دەوری هیچ ڕەهایەکدا ناوەند نەبووە، لێرەدا مرۆڤ لە ڕێگەی بەکاربردن و ئاراستەیەکی تیژڕۆ بەرەو چێژەوە دەستی کرد بە گەڕان بەدوای مانا لە ژیانیدا.
بۆیە بە بڕوای بیرمەندانی پۆستمۆدێرن، مرۆڤ کۆمەڵێک پاڵنەری ماددی و ئابووری و سێکسییە و ڕەفتارەکانی جیاوازی نییە لەگەڵ ڕەفتاری هیچ گیاندارێک، هەر بۆیەش شایەنی هیچ ناوەندگەرایییەک نییە لە گەردووندا، هەروەک چۆن تێگەیشتنی مرۆڤ لە واقیعدا عەقڵانی نییە، بەڵکو بە بەرژەوەندییە ئابووری و ئارەزووە جەستەییەکانی بەڕێوەدەچێت.
دەستەواژەی "پۆستمۆدێرینیزم" بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1979 بە بڵاوکردنەوەی فەیلەسوفی فەرەنسی ژان فرانسوا لیۆتارد (1924-1998) له کتێبی "دۆخی پۆستمۆدێرنیزم" کە بە یەکێک لە گرنگترین دەقەکانی دامەزراندن دادەنرێت، ئهمهش هاتە ناو فەرهەنگی فەلسەفەوە بۆ رێگاخۆشكردن بۆ بزووتنەوەیەک له پۆستمۆدێرینیزم، کە ڕەخنەی لە مۆدێرنیتە دهگرت و ڕووخانی ئەو ئایدۆلۆژیایە سەرەکیانەی ڕاگەیاند کە لیۆتارد بە "گێڕانەوەی گەورە" ناوی دەبات و لە ڕێگەی ئەوانەوە ڕەخنە لە بیرۆکەی ڕۆشنگەری دەگرێت، چونکە ئەم ئایدۆلۆژیانە کە بەرهەمی ڕۆشنگەرین، ئامانجیان هەبووە لە ڕزگاربوون و بەدەستهێنانی بەختەوەری مرۆڤدا، بەڵام لیۆتارد دەبینێت کە بە شێوەیەکی نەگبەتانە کەوتوون و شکستیان هێناوە.
بەرهەمی تیۆریستەکانی پۆستمۆدێرن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ میشێل فۆکۆ، بیرمەندی فەرەنسی جیل دیلۆز و جاک دێریدا بەردەوام بوو، دواتر لەگەڵ ژان بۆدریلارد لە فەرەنسا و لە بەریتانیا لەگەڵ سکۆت لاش و ئەنتۆنی گیدنز ڕوویان لە کۆمەڵناسی کرد.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چەند ڕەخنەگرێک وزەی خۆیان ئاراستەی دژایەتیکردنی فەلسەفەی پۆستمۆدێرینیزم کردووە، لەوانە فەیلەسوفی ئەڵمانی یورگن هابەرماس کە گرنگترین کتێبی خۆی بە ناوی "مۆدێرنیتە پڕۆژەیەکی تەواونەکراو" بڵاوکردەوە، لەسەر بنەمای تێزەکەی کە ڕاستکردنەوەی ڕەوتی مۆدێرنیتە پێویستی بە لەناوبردنی بیرۆکەکانی نییە، بەڵکو بەهێزکردنی و دوورخستنەوەی لە ههڵوهشانهوهیهتی. هەروەها کتێبی “وەهمەکانی پۆستمۆدێرن” لە نووسینی تێری ئیگلتۆن و کتێبی “دەوڵەتی پۆستمۆدێرن” لە نووسینی دەیڤید هارڤی و لێکۆڵینەوەکانی دیکە کە تیری ڕەخنەیان ئاراستەی بزووتنەوەی پۆستمۆدێرنیزم کردووە، دەبینینەوە.
مردنی پۆستمۆدێرینیزم
ئالان کیربی باس لەوە دەکات کە سەردەمی پۆست مۆدێرن مردووە و نێژراوە و لە شوێنیدا مۆدێلێکی نوێی دەسەڵات و مەعریفە دێت کە لە ژێر فشاری تەکنەلۆژیای نوێ و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی مۆدێرن دا له قاڵب دراوە.
فەلسەفەی پۆستمۆدێرن جەخت لەسەر دەستنەکەوتووی مانا و زانین دەکاتەوە کە زۆرجار ئەمە لە هونەری پۆستمۆدێرندا وەک نیگەرانییەک دەردەبڕدرێت کە لە کاردا بە خۆئاگایەکی شڵهژاوهوه پیشان دەدرێت و ئەو مشتومڕەی کە پۆستمۆدێرنیزم درووستی دهكات کۆتایی دێت، بۆیه ئێستا گۆڕاوە بۆ مشتومڕێکی فەلسەفی. کۆمەڵێک کەس هەن ئەو ڕاستییەیان پشتڕاست کردەوە کە بۆ ماوەیەک باوەڕمان بە بیرۆکەی پۆستمۆدێرن هەبوو، لەمەودوا باوەڕمان بە ڕیالیزمی ڕەخنەیی دەبێت.
زۆربەی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ کە “ئەدەبیاتی خەیاڵی پۆستمۆدێرن” دەخوێنن، لە ساڵی ١٩٨٥ یان دواتر لەدایک بوون و جگە لە یەکێک لە دەقەکانی کۆرسی سەرەکی، هەموویان پێش تەمەنی خۆیان نووسراون، دوور لە "مۆدێرن"، ئەم دەقانە لە دەقێکی دیکەدا بڵاوکراونەتەوە پێش لەدایکبوونی ئەم خوێندکارانە،
هۆکاری ئەوەی کە مۆدێلەکانی خوێندنەوەی جەوهەری لە چیرۆکە خەیاڵییە پۆستمۆدێرنەکاندا ئەوەندە بەسەرچووە، ئەوەیە کە نوێ نەکراونەتەوە.
ئهگهر سەیری بازاڕی کولتووری بکەین: ڕۆمانێک بکڕە کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرابێتەوە، سەیری فیلمێکی سەدەی بیست و یەکەم بکە، گوێ لە نوێترین شت بگرە وهك مۆسیقا، پێش هەموو ئەمانە، بۆ ماوەی هەفتەیەک دابنیشە و سەیری تەلەفزیۆن بکە و بەزەحمەت وردەکارییەکانی پۆستمۆدێرینیزم دەدۆزیتەوە.
بە هەمان شێوە مرۆڤ دەتوانێت بچێتە کۆنفرانسی ئەدەبی و لەنێو دەیان توێژینەوەدا دابنیشێت کە هەرگیز باسی تیۆری هیچ کام لە دێریدا، فلۆبێرت و بۆدریلارد ناکەن.
هەستی نەبوونی یەکگرتوویی ژمارەیەکی زۆر لە تیۆرییەکان، مەیلی دانپێدانانی تێپەڕاندنی پۆستمۆدێرنیزمی هەیە، ئەو کەسانەی کە ئەو کەرەستە کولتوورییانە بەرهەم دەهێنن کە ئەکادیمییەکان و کەسانی دیکە دەیخوێننەوە و سەیری دەکەن و دەیبیستن، تەنیا خۆیان لێیان دوور خستووەتەوە
لە ماوەی چهند دەیەی ڕابردوودا جیهان گهواهی بڕێکی زۆر لە تیۆریزەکردن بووە سەبارەت بە مردنی پۆستمۆدێرنیزم بەڕاستی هەندێک فهیلهسوف و رهخنهگران له نووسینهكانیاندا دەستیان کردووە بە ڕاگەیاندنی مردنی پۆستمۆدێرینیزم و کۆتاییەکەی و هەوڵی پێشبینیکردنی تایبەتمەندییەکانی قۆناغی نوێ دەدەن.
هەندێک پێیان وایە ئەوەی کە وەک سیستەمێکی یەکگرتوو لە پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوانی دیکە و لەگەڵ جیهاندا دەست دەکات بە شێوەگرتن، هەندێک پەیوەندی بە قۆناغی یەکەمی مۆدێرنیتەوە هەیە، بەجۆرێک کە پۆست مۆدێرینیزم دەتوانرێت تەنها بە ئینتقالییەکی تێپەڕ هەژمار بکرێت.
ئەم قۆناغە نوێیە - قۆناغی دوای پۆست مۆدێرینیزم - وەک ئەوەی سەردەمێکی زێڕینی ڕێنێسانس بێت کە عەقڵ، داهێنان، نایابی، پیشەییبوون، یاخیبوون لە بەها بۆماوەییەکان، و پێشکەوتنی تاکگەرایی بەرز دەکاتەوە، بۆیە تەکنەلۆژیای مۆدێرن کارتەکانی جیهانی لە سەرەتاوە ڕێکخستەوە، و دەستی کرد بە پێناسەکردنەوەی هەموو شتێک، بەرهەمهێنەر و بەکاربەر.
ڕائول ئێشێلمان لە ساڵی ٢٠٠٨دا کتێبی "ئەنجامدانی یان کۆتایی پۆستمۆدێرینیزم"ی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە جەستەی ئەو نووسینانەی کە لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە کەڵەکە بوون، لە یاساکانی پۆستمۆدێرینیزم لادەدەن، بەو پێیەی چیرۆک دەگێڕێتەوە کە تێیدا پاڵەوانەکان دەگەنە قۆناغێکی تێپەڕاندنی جیهانی ماددی و ئەمەش بە تەواوی دژایەتی بیرکردنەوەی پۆستمۆدێرنە دەکات.
ئێشێلمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هێزێکی ڕووداوە کولتوورییەکان لە زیادبووندایە کە ڕەنگە پاڵمان پێبدات بۆ دەرچوون لە سەردەمی پۆست مۆدێرن بە میکانیزمێکی نەبڕاوە کە سەرپێچی لە مۆدێلی پارچەپارچەبوون و هەڵوەشاندنەوە و بیرۆکەی ئەنجامدان یان دەستکەوت دەکات كه دەتوانرێت بۆ تێگەیشتن لەم میکانیزمە بەکاربهێنرێت.
نمایش - وەک ئێشێلمان دەیبینێت - ئاماژەیە بۆ کردەی تێپەڕاندن کە لە ناوەڕۆکی هەموو بەرهەمە گێڕانەوەکانی پۆست مۆدێرنەدایە و ئەم کردەی تێپەڕاندنە بەپێویستی دەزانێت شێوەی ڕووداوێک یان ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەر وەربگرێت و هەروەها ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەمانە کردەوە زاڵەکان لە ڕێگەی نمایشەوە بۆمان ئاشکرا دەبن.
بیرۆکەی ئەنجامدان بۆ پاراستنی مرۆڤ وەک یەکەیەکی کۆی گشتی و کەمنەکراوە بەکاردەهێنرێت کە پشت بە بنەمای پابەندبوون دەبەستێت ئەم یەکە کۆیە پێویستی بە چالاکییەک هەیە کە تەنیا بە زاراوەی تیۆلۆژی پێناسە بکرێت و بەم شێوەیە پەناگەیەک بۆ کامیان دروست دەکات دەتوانێت پەنا بۆ ئەو شتە ببات کە پۆستمۆدێرینیزم پێیوابوو بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە.
لێرەدا مرۆڤ لە ڕێگەی دەستکەوتی کۆی گشتییەوە خۆی دەردەبڕێت بە مانای بەدەستهێنانی ئەوەی باوەڕی پێیەتی.
ئێشێلمان پێی وایە کە نمایشکاریی لە سەرەتای سەدەی ئێستاوە لە دەستێوەردانی لە توێژینەوە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا پلەیەکی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هۆشیارییەکی گشتی هەیە کە تەکنیکەکانی پۆست مۆدێرن بوونەتە مایهی ماندووکردن، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە پۆستستراکتورالیستی یان دیکۆستراکتیڤ تیۆری هێشتا لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا زاڵە.
گانس لە کتێبەکەیدا وا گریمانە دەکات کە ڕەفتاری مرۆڤ پێش زمان لەسەر بنەمای لاساییکردنە و زمان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، بە واتایەکی تر بەکارهێنانی زمان ئەوەیە کە ڕێگەمان پێدەدات دۆخی ئاژەڵ تێپەڕێنین و ببینە مرۆڤ، بۆیە داهێنانی زمان یان نیشانەی یەکەم دەبێت ڕووداوێکی زاڵ بێت.
لێرەدا دەتوانین بڵێین - بە بڕوای ئێشێلمان - ئەوانەی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا شوێنکەوتووی دیمەنی جیهانییهكانن، کێشەیەک لە دەستنیشانکردنی ئەو پێشهاتانەدا دەبیننەوە کە ئەستەمە لەگەڵ تیۆری پۆستمۆدێرن تێکەڵیان بکەن.
ئەم پێشهاتانە بریتین لە - لە هەموو بوارەکانی فەلسەفە، ئەدەب، هونەر و تەلارسازیدا- حەزکردنێکی نوێ بۆ جوانی و دیسیپلین لە جوانیناسی، و جددی، یەکگرتوویی و هەمەلایەنە لە بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان.
بەڵام هیچ ڕەخنەگر و هونەرمەندێک ئامادە نەبووە خاڵەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە تا وێنەیەکی تەواوی سەردەمێک دروست بکات کە دژایەتی دەکات و وردە وردە جێگەی پۆستمۆدێرینیزم دەگرێتەوە.
هونهری دیگیتاڵی و پۆستمۆدێرینیزم
له ڕاستییدا ئێمه لە کولتوورێکی بینراودا دەژین، مرۆڤ له سەدەی بیست و یەکەمدا لە هەموو لایەنەکانی ژیان لە وێنە و ڤیدیۆ تێر بووە.
کولتوری بینراو ئاماژەیە بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا، کە بریتییە لە زیادبوونی بەکارهێنانی بینین لە ژیانی ڕۆژانەماندا.
“ئەمە بوارێکی فراوانترە، نەک تەنها له هونەر، فۆتۆگرافی و دیزاین پێکدێت، بەڵکو سینهما، ڕیکلام، مێژووی پێناسهكراو بۆ ڕابردوو، وه هەموو ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە ئەمانە پێیداتێدهپهڕن.”
ئەم زیادبوونی متمانهیه بە بینراو بووەتە هۆی دیاردەکانی وەرچەرخانی بینراو کە ئەزموونێکی بەردەوامە لەناو کولتووری گهلاندا، روونه كه ئێمە وردە وردە گرنگی بە وێنە و ڤیدیۆکان دەدەین، کاریگەرییەکانیان لەسەرمان و چۆنیەتی کارلێککردنمان لەگەڵ یەکتر شێوهی دیگیتاڵی وهرگرتووه له ژیانی رۆژانهماندا، بەڵام له ڕاستییدا وەرچەرخانی بینراو ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە.
لە ساڵی ١٩٨٠ دەرهێنەری فیلم و نووسەری فهڕهنسی (ژان لویس کۆمۆلی) نووسیویەتی کە چۆن کۆمەڵگا هەم لەسەر بەرهەمهێنان و هەم لەسەر بەکارهێنانی پێناسهی بینین گەشە دەکات.
کۆمۆلی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمی بە ژیان لە ‘هێمنی بینراو’ وەسف دهکرد.
هەمان بیرۆکە بۆ تیۆرییە جۆراوجۆرەکانی پۆستمۆدێرن وەکو هایپەرڕیالیزم و هێماخوازی دەگونجێت، کە لەلایەن کۆمەڵناس ژان بۆدریلارەوە پەرەی پێدراوە.
ئەم چەمکانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆمەڵگەی ئەمڕۆ مانا و واقیعی نەریتی بە نیشانە و هێما گۆڕیوە.
سۆشیال میدیا دەتوانرێت وەک ئامێرێکی هایپەرڕیالیزم سەیر بکرێت بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی دەروازەپارێزی و پێداچوونەوەی خاوهنهكهی.
کاڵبوونەوەی هێڵەکانی نێوان پۆنتی ڕاستەقینە و ساختە، دەتوانێت تۆنێکی جددیتر وەربگرێت کاتێک لەسەر تاکەکانی کاریگەری بەرز جێدههێڵێت، نموونەی ئەمەش دۆناڵد ترەمپی سهرۆكی پێشووی ئهمهریكایه، زۆر کەس پێیان وایە کە قسە و بەڵێنەکانی دەکەونە ژێر کایەی هایپەرڕیالیزمهوه، چوونكه گفت و بهڵێنی باق وبریقی زۆری تێدایه كه له بنهچهدا وانیین.
ناساندنی بەردەوامی ئەم جۆرە تیۆرییە هاوچەرخانە جێگەی خۆی بۆ کایەیەکی نوێ لەناو بواری ئەکادیمیدا کردووەتەوە، بۆ نموونه خەڵک دەستیان کردوه بە پرسیارکردن لەسهر ئایكۆنێكی ڕەش لەسەر تیۆرییەکانی سپی کە پێیان وایە تەنها یەک ڕاستی هەیە.
ههربۆیه دهبینین بارودۆخی پۆستمۆدێرینیزم كهوتۆته ناو قەیرانێکی بینراوی کولتوورییهوە، کۆمەڵگەی ئەمڕۆ بەهۆی زیادبوونی پشتبەستن و حەزکردنمان بە بینراو، تەحەدای ئەو هەژموونە دەکات کە کولتوری چاپ و ساوی چاپهمهنی كاغهزه.
کاتێک بیری لێدەکەیتەوە، زۆرترین بەکارهێنراوی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیامان هەموویان لە دەوری ناوەڕۆکی بینراو و بیستراون، ئینستاگرام و فەیسبووک و یوتیوب هەندێک لەو پلاتفۆرمانەن کە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا، ههروهها سەرهەڵدانی خێرای پلاتفۆرمی تیک تۆک ئەوە نیشان دەدات کە ناوەڕۆکی ڤیدیۆ چەندە گرنگ بووە.
لهلایهكی دیكهوه وەرچەرخانی بینراو بەردەوام بووە لە زیادکردنی بەها بۆ پۆستمۆدێرینیزم، ههربۆیه پلاتفۆرمی نوێ و شێوازەکانی کارلێککردن لە ئەنجامدا دیدگا و تێڕوانینێکی نوێمان بۆ دهستهبهردهكهن.
پۆستمۆدێرینیزم لە بوارە جیاوازەکانی بینراوی کولتووردا، لە تەقلیدییەوە تا دیگیتاڵ، خۆی نمایشدهكات، ههروهها وەشانێکی دیكه لە پۆستمۆدێرنیزم ههیه كه دەتوانرێت لە بزووتنەوە هونەریەکانی وەک دادادا ببینرێت كه لە ڕێگەی بەرهەمە ئهنتی هونەرییەکانەوە دهیانتوانی پانتاییهكی سهرنجڕاكێش بۆ بینین مهیسهر بكهن.
مارسێل دوشامپ پێشەنگی هزری دادایزم، بە پارچەیهك له كونجی ئاودهستخانه توانی بیركردنهوهی ئاڵۆز و هزری مشتومڕاویی بخاته گۆڕێ.
بیرۆکەی ڕەتکردنەوە یان تەحەدای ئەوەی کە بە ڕاستی شتگهلێكی راستهقینهی ناسراو ههن له ژیان، لە ناوەڕۆکی پۆستمۆدێرنیزمدایە.
نموونهی چەندین بزووتنەوە كه ئەم ڕێبازەیان گرتۆتەبەر و هانی بیرکردنەوەی ههمهلایهنهیان داوە، نموونەیان بریتین لە بزووتنەوەکانی مافی هاوڕەگەزخوازان یان یەکسانی ڕەگەزی، ئەم بزووتنەوانە هەموویان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ئامادەیییەکی بەهێزیان هئهزموونكردووه له پانتاییهكانی بینین و ئۆنلایندا.
ئهمانهش ههموو نموونەن لەوەی کە چۆن پلاتفۆرمهكانی سۆشیال میدیا دەتوانن سووتەمەنی بزووتنەوەکانی پۆستمۆدێرن بن لەناو کولتوری دیگیتاڵیدا.