ستار ئه‌حمه‌د

 ____ 3 ____

 

ئەوەتا دەبینی خەڵكی

هەموو فریشكیان كەوتووە

شار لەنێو تابووتی ژانا

خەوی  مەرگی لێكەوتووە

دەست بۆ هەرچی دەبەی نییە

تەنها وشەیەكی تازە

بەرگوێ و دەرونمان دەكه‌وێ

هەر قەیرانە

هەموو شەوێك

شەقامی شار

گیرۆدەی هەزار تاوانە

چەندین ساڵە چیتان كردو

كێ بەم بەزمەتان حەساوە

ماڵ وێران و

كاسە بەتاڵ

شاریش بووە بەكەلاوە

سلێمانی ..

ئەو شارەی گوڵی دەباران

چاوی بڕیوەتە

وردەواڵەی ئاغای تاران

دهۆك ..

نان و دۆشاوی تورك نەبێت

بەرۆژێك رەق دەبێتەوە

كەركوك

لەخۆڵ و خاشاكا

دوا هەناسەی مەرگ  دەژمێرێ

بەغدادی دۆست

بەری رەنج و

مووچەی  پێشمەرگە  نانێرێ

رابەری هزری پێشكەوتوو

سەركردەی نەوەی  خانزادیش

رۆژێك لەلای میری دوبەی

سعودیەو

توركیادا

نمایشی  ئەیوبی و

شاعەباس دەكا

گەلیش هەر دەست لەسەر دڵە

كەی بارانی سۆزو میهری

رابەری میللەت دادەكا

سی  ساڵ زیاتر تێپەڕیوە

كوردستانی من هەرێمە و

خەڵك برسییە

هەتا ئێستا

پرۆسەی ئاشتی دیار نییە

میللەتی من لەجیهانا

سەداو دەنگ و

رەنگی نییە

رۆحی سەد جەستەم

لەژانە

پرسی رۆژانەی دوارۆژمان

لەلای بەغاو

تورك و خۆرئاواو

ئێرانە

راست و چەپ و

سەروو خوارووم

ناتوانن بەیەك ئاشناین

رۆژ نییە

لەبانەو سنە

مەهابادو

سەقزو شارەكانی دی

شۆڕە سوارم هەڵنەواسن

لە دیاربەكرو ماردینیش

هەتا ئێستا

بەزاری دایكیان ناخوێنن

قامیشلوو

دەستە خوشكانی

بێ ناسنامەو

بێ پێناسن

لای خۆمانیش

چوار بەش و

دوازدە  پارچۆكەین

ناتوانین

دڵ و هەناومان

ئاشت كەینەوە

باسی  دەوڵەتێكی كوردی و

میللەتێكی سەربەخۆكەین

هەموو ساتێك زامەكان نوێ  دەبنەوە

رووداوو مێژوو بەروارمان

خۆیان دووپات دەكەنەوە

هەشتاو هەشتمان  چۆن لەیاد چێ

سەدو هەشتاو دوو هەزار پەپوولەی لانەوازم

بێ سەرو شوێن

خرانە گەرووی سەحراوە

پێنج هەزار گوندی قشتیلەم

خاپوور كران

بوون بەلانەی بایەقوش و

نیگای سووتاوی كەلاوە

چییان نەكرد ..؟

كیژۆڵەی من

گەیشتنە تیاتوورەی میسرو

لوبنان و

سووریاو

دوبەی

هێشتا پاشماوەی تاوانیان

ساتەكانمان راودەنێت و

نەوەی سەدام  وەبەردێنێ

ئەوەتانێ  ...

هەر ئەوانن

بەناوی فتواو دینەوە

بەناخێكی پڕ قینەوە

بەناوی ئیسلامی  عێراق و شام

خوێنی من و

ئابڕووی كوردم حەڵاڵ دەكەن

جارێك كەركوك

خانەقین و

جەلەولاكەم

لەولاوەش سنجارو شێخان

لەگەڵ كۆبانێ و

قامیشلوو

نوقمی گڕو

بۆمبا دەكەن

هەروەكوو بەزمەكەی جاران

ئەتاتورك

ئاگری دۆزەخ

بۆ میللەتم دەكاتەوە

لۆزانێكی نوێ لەڕێ یە

چۆن جەستەمیان

چوار پارچەكرد

دەیانەوێ

دە  كەرتی  تر

بخەنە سەر

تابلۆی زامی

نیشتمانی میللەتی  كورد