ستار ئه‌حمه‌د

 

كاتێك بارزان

كێشی سووری

لەزامی چیا دەبەست و

گەرمیان رێڕەوی  مێشوولەی

هەڵدەپاچی

خۆرئاوا خۆری

لەبەژنی سەحرا دەبەست

خۆرهەڵات دەبووە سایەی

 مێرگەكان و

سەگی  هۆڕی پێ دەناسین

شا بۆ قوربانی جەژنەكان

لەڕێی چاوڕەشەكانی  خواروو

بەقەد لقی دارخورماوە

هەڵی واسین

نازانم گەر بیرتان مابێت

سنوور تەلبەندی كەناری و

كۆتری خۆزگەی كوێستان بوو

نانی دەمی كۆرپەكانمان

گلێنەی برژاوی  شێخ سەعیدو

قازی نەمریی لەبان بوو

لەتەنها وەرزێكی سوورا

ئەوەبوو  كۆرپەی مەهاباد

چاوی ئازادی هەڵهێنا

ئبتر كێچ كەوتە كه‌وڵی فارس و

دەرپێی كوناوی ئابڕوویان

لەپێی ئافرەتی عەرەب كرد

ویستیان كوڵوانەی  گردەمەند

پڕ لەژاری  ستەم بكەن

سەری  لوتكەیان داپاچی

ئامێزی چیایان  هەڵكۆڵی

هەڵەبجەیان

لەبۆنی سێوا غەرق كردو

باشوریان بردە باكوورو

گارەیان هێنا بۆ زۆنكاو

دوكان خوناوی دەنۆشی و

سیروان  بۆ قومێك ( با ) خنكا

سەربەستیان لەبار بردو

بۆ جووت  بوونێك

كەوتنە گیان یەك

هێندە مەراقی پەڕین بوون

ردێنی چقڵیان دەرهێنا

دوو وڵاتی  چڵ برژاویان

خنكان لەنێو دەریای خوێنا

بەمەش پارچەیەك لەجەستەم

كونی تێكەوت

خاكم پڕبوو لەخوێن و نەوت

عوجە  بەئێسك سكی  پڕبوو

نوگرە سەلمان

توتكە سەگی لێكەوتەوە

  دورگەی عەرەب

بەكڕینی كچ دڵشاد  بوو

عەرعەر تەرمی هەڵ دەلووشی

دەڵە  رەشەكانی  سەحراش

چەچەی مناڵیان دەژماردو

زمانی پیریان قووت دەدا

بازاڕی كەنیزە گەرم و

مێرد  مناڵیان

لەپاڵتۆی سەراب  دەهاویشت

چەندین یوسف

چاوەڕوانی

دینارێكی زوڵەیخا بوون

زۆر كوڕە میر

دەرگەوانی

كۆشكی رازاوەی

تەهران و

تیاتورەكانی بەغدا بوون

كوێر یەعقوبیش

لەكەرتێكی  لەشی سڕما

بۆ چاوێكی ساغ دەگەڕا

زڕ براكانی یوسفیش  بوونە دوژمن

لەچوار تەرمی تەنی  سستما

هۆبەی  بزاڤیان  هەڵواسی

دڵم قورس و

مێشكم تەپیوو

دەستی راستم

پەنجەی چەپمی نەدەناسی

لەم كەینوونەی كورد خنكانا

لەم شاگەشكەی

نەوەی تورك و ئەردۆغانا

بەنەمانی

پارچەكانی دیكەی لەشم

ئامەدیان خستە تەڵەوە

رێگەی ئاگریان پێكهێنا

قەندیلیان پڕ كرد لەبۆمب و

سلیمانی بەكیژی دهۆك نامۆ بوو

كەركوك بووە شانۆی گورگ و

شێخان  بەر ورژمی گڕ كەوت

داعش هات و

لەسەر دڵی سنجار لێی خەوت

ئەو كاتەی كورد لەماڵی خوا

نزای لەنەوەی قورەیش و

باوكی عائیشە دەكرد

چەندین عائیشەی خاكەكەم

سكیان پڕ بوو

لەژارو جوێن

لەولاشەوە

پێ پەتێكانی كەربەلا

دەگریان بۆ چاوی حوسێن

سەركردەكانی بابان و

بادینانیش

لەشۆڕە سوارێك  دەگەڕان

بۆ نەوبووكی شاری بەغداو

شایان بەئەسپی قەعقاع و

باوكی عودەی

زوڵمی مێژوویان لەیاد كرد

مەرگەساتی ئەنفال و كوشتن و بڕین

جینۆسایدو

پاكتاوی كوردیان بیر نەما

بۆ دۆلارو پلەو پایە

لەدەرگەی كۆشكی دوژمنا

وەك شۆڕەبی كەوتنە سەما

باس هەر باسی

بودجەو نەوت بوو

تەواوكەری ساڵەكانی

شەست و شەش و

هەشتاو حەوت بوو

جارێكی تر تەعریب كردن

رەشبگیری و

سامان بردن

كەوتنە ویزەی

رەش و رووتی ئەم مییللەتە

ئەمجارە دزی خۆمانە

بەجلی  كوردی و

گوڵی نەخشینی جامانە

بەناوی میللەت پارێزو

خەباتەوە

سەیارەی جام رەشیان تەنی

لەماڵی گەل

سەروەری بوو

بەسەركڕین

كۆنە بەعسی مەڵاس خواردووش

بەبەرگی نوێوە هاتنەوە

ناویان گۆڕا بەداعش و

نامووسی كوردیان حەڵاڵ كرد

هەروەكوو چۆن

جاری جاران

كوردیان لەبێشكەی خۆی تاران

ئەمجارەیان لەجیاتی

جاش و خۆفرۆش

مەلاو سەیدیان راكێشا

دەیانزانی

كورد  نۆكەر بووە لەپێشا

بەپەتی ئایین فت دەداو

ملی برای خۆی دەشكێنێ

دەیانزانی بۆ سوورەتێكی خوێناوی

واز لەبراو كەس و كارو

ئابڕووی دایكشی دەهێنێ

بەدروشمی خوا گه‌ورەیە

هەر كورد بوو

كوردی سەردەبڕی

بەرپرسەكانی خۆمانیش

زەوی  زارو

كۆگاو شارو

تەنانەت شەقامیان كڕی

نیوەی زیاتری ئەم خەڵكەش

رووت و رەجاڵ

بەبێ مووچەو

شیوی شێوان

هەر دەیانوت

بژی سەركردەو سەروەرمان

هەر بمێنێ و سەربڵندبێ

سه‌رۆكی كوردی قاره‌مان