ــــــــــــ ٥ ـــــــــــــــ

 

باكوورم خاك بەدەربووە

بەپیلانی  زلهێزەكان

هاپۆیان رادەستی  توركیا كرد

گلێنەی دیاربەكرو

عەفرین و عەنتابیان برژان

هەر چۆن بەرێكەوتنامەی

لۆزانی  شوم

كوردستانیان

چوار پارچەكرد

ئێستاش ئارەزوویان وایە

باكورو باشوور لێك وەردەن

رۆژهەڵات و رۆژئاوا

لێك بترازێنن

بەم رۆژگارە كوردستانم

بەناپاڵم دەسووتێنن

هەروا جەستەی ڕۆڵەی كوردە

لەنێو ئاگرا گیان دەدات

جامانی پیاو

دەرپێی ژنان

بەدەم باوە سەما دەكات

میرەكانمان

بێدەنگ و سەنگ

لەپێشوازی  شای عوسمانی و

ئاغای ئێرانی چاوبازن

تەماشاكە سنگی باكور

لەپێناوی  جەرگی باشوور

خەڵتان خوێنە

هێشتا دەكرێن بەتیرۆریست

لەنێو دڵی واری خۆیان

بەدەردەنرێن

قەندیل سەنگەری ئابڕووەو

بەكابووڵ و

ئەفغانستانی دەچوێنن

دەیانەوێ

بیكەنە سەحرای عەرعەرو

نوگرە سەلمان

دەستی جەندرمەكان دەگرن

لەگەڵ ژەهری كۆنە قینا

ئەنفالێك دی

دەكەن بەدیاری كوردستان

رۆژهەڵاتم

لەشەقامی سنەو بانە

بەگومەزی ماڵی خواوە هەڵدەواسن

سنوورەكان

چەتەو جەندرمەی فارسن

مەرزەكانمان

پڕن لەجگەرەی ستۆك

هەروا خوێنی من و تۆیە

لەگەڵ نەوتا ئاودیو دەكرێن

ناتوانین هەنگاوێك بنێین

بەبڕیاری عەجەم نەبێت

پلان دانەری خەبات و

ئەزموونی دوارۆژ ئەوانن

لەبیرمان چوو

قازی و مەهاباد بۆ كوێ چوون

كوانێ قاسملوو دۆستانی

ئەمە چ بارێكی سەختە ..؟

جەستەم پەیكەرێك رزاوەو

ژەهری تاوان

تێكەڵ دەكەن لەگەڵ گیانی....؟

دەردی من هەر داعش نییە

تەنها كۆنە بەعسی و

تورك و عەجەم

دەروونمیان كون نەكردووە

حیزبەكانی لای خۆمانیش

گیرفانی میللەتیان تەكان

نەتێر دەبن

نەخوێن بەرچاویان بەردەدا

خاكیان لێو رێژ كرد لەبۆمب و

كوردیان كردە سەد پارچەوە

سەوز چاوی بەزەرد هەڵنایە

مۆر خوێنی سەوز دەخواتەوە

نیشتمانیان كردە گڕكان

بوونەتە نۆكەری تورك و

ئاغای ئێران

لەولاشەوە خۆرئاواكەم

لانكی نێرینەی هەژان و

بەرواری مێ هاتە گۆڕێ

توانی سەراپای  دروشمی

ئەم  گەردوونە خوناوییە

لەتابلۆی بوونا بگۆڕێ

كۆبانێ واتە بەرخودان

نەبەردیی  ئافرەتی كوردو

سەرەتایەك  بۆ جەژنەزای

كیژی چاوگەشی كوردستان

ئەوەتانێ سنگی ژنان

سەنگەری ئابڕوو خەباتە

دوارۆژی  چوار پارچەی لەشم

بەوانەوە پرشنگدارە

چیاكانیان

شەونخوونی و

چەكی شانیان

دڕكی نێو چاوی دوژمنە

رابەر و

سەر لەشكری ماف

سەرچاوەی قەڵەم و گوللە

باسكی پۆڵایینی ژنە

لەكوێی دونیا

ژنان

لەبەردەم فڕۆكەو

گڕو مەرگا

سروودی  سەربەرزی  و شكۆ

بۆ ئازادی تۆمار دەكەن

ئاڵای سەركەوتن و

ژیان

بەسەر چبادا هەڵدەدەن

بۆیە جەستەم

هەست بەژانی رۆحم ناكات

دەستی چەپم

چرۆیەكی هەڵگرتووە

پەیامێكی ئارام بەخشی

بۆ دەروونی زامم پێیە

دورگەیەكی ورشەدارەو

بەری رەنجی نێرو مێیە

بەڵاو ناسۆری چوار پارچەم

رادەماڵێ بەرەو دۆزەخ

سەركەوتنی كوردستانم

وەك رۆژی رووناك دیارە

بەرگەی  نەبەردیی كورد ناگرن

كام داعش و

مرۆڤ كوژو

هەرچی دوژمن  و نەیارە

ئەمڕۆو  سبەی

خۆرێكی نوێ

لەسەر لوتكەی چیاكانمان

نیگای بۆ خاك دەكاتەوە

بەهاری ئازادی  و شادی

دەستی خەزان  هەڵدەپاچێ

جەنگی داعشی بەنەفرەت

كۆتایی دێ  و لەناو دەچێ

ئەو كاتە پێویستە گەلم

بەیەك دڵ و

یەك جەستەوە

چەترێك بن بۆ بزاڤی نوێ

هەتا كۆرپەی لانكیی مێژوو

بەئارامی و شادییەوە

لەنێو گوڵی ژینا بنوێ

 

 

ستار ئەحمەد