_____6 ______

 

  

باشوور

نیمچە پەڕێكی دەركردو

ویستی باڵەكانی  لێكدا

لەسەد لاوە گورگ پەیدابوو

گورگی بیانی و خۆمانە

جارێكی تر

كێشیان كردین

بەرەو بەغدا

بووینە هاوپەیمانی

كۆنە دڕندەی  مێگەلمان

وا بۆ  سەد ساڵ زیاتر  دەچێت

خوێن و ماڵ و ئابڕووی  ئێمە

ئاوی دیجلەو فورات دەیبات

كوردستان تەفرو توونا بوو

وڵاتێك نەبوو لەدنیا

دەستێكی سۆز

بۆ ئەم پارچە داڕزاوەی

تەنی وێڵم درێژ بكا

هەر ئەوان بوون

شێخ مەحموودو

بارزانی و چەندی دیكەیان

بەئاهی دڵەوە  فەوتان

ئێستاش دەبینی  بوونەتە

برای پشت و

بەهاوپەیمان

لەگەڵ ئێمەدا هاوخوانن

بەڵام ناوی باكور بێنین

رووی مێژوو  ئاوەژوو دەكەن

دەستی راستم توند دەگوشن و

ئەوی چەپم دەبڕنەوە

خوارووم دەكەن بە كێڵگەی مین

سەرووشم  بەگازو پیترۆڵ

لەقەندیل زمانم دەبڕن

لاشەكەشم

رێوی دەیخوات

لەئەنادۆڵ

لەفەیسەڵەوە

تا سەدام

بڕۆ بۆ زۆر

 زۆر كۆنتریش

هەر كوردیان

ئەنفال كردووە

جارێك دەیكەن بەیەزیدو

دەمێك دەیكەن بەمەمالیك

ناوێكی خراپ نەماوە

بەسەرمانا  نەیسەپێنن

بەناوی ئایین و خواوە

چوون داشی دۆمینەو شەترەنج

ئەم گەلەم بەكار دەهێنن

ئیستاش شاباڵیان گرتووە

نیازیانە

رووت و قووتی بكەنەوە

لەهەموو بەهاو دروشمێك

دایبماڵن

كوردستانیان جوان تەنیوە

لەزاخۆوە  تا پێنجوێن

هاوڵاتی پلە یەكن و

هەر خۆیانیش  خاوەن ماڵن

نەوتی كەركوك

خوا دەزانێت

واچەند ساڵە

دەچێتە گیرفانی كێوە

خەڵكی شاریش

رووت و رەجاڵ

بێ مووچەو كار

شەقام و كووچە دەپێوون

ئابوونەی مانگانە خەزەڵوەرە

خۆری بەهاران نابینێ

كارەباو ئاو

تەنی  سووتاوی پەیكەرە

جەستەی   شارو

رۆحی شەهیدی لەبەرە

دەڤەرمان  دورگەی سەفەرە

 لێهاتووی كووچەو بازاڕمان

میوانەكانی باشوورن

ئەوەیشی خاوەن كاسە بوون

بۆ مێژوومان پێناسە بوون

لەخێوەتا

پشكۆی ئاگرێكی سوورن

بەشێوەی خەڵكی سنجارو

بەشیرو  شێخان و زومار

بۆ جامێكی  وردە ئاردو

دەنكێك برنج و

چوڕێك شیر            

چوون  چۆلەكەی سەرما بردوو

باڵە فڕەی مردنیانە

ئێزیدییەكان

بەكۆمەڵ زیندەچاڵ كران

ئەنفال و جینۆسایدەكەی

هەشتاو هەشتمان

جارێكی تر نیشان درا

كەرتێكی چوار پارچەی لەشم

رۆژی رووناك

لەگۆڕنرا

كوانێ كچە

چاوكاڵەكانی سنجارم

لەكوێی ئەم چەرخە چەپ گەڕە ..؟

فرۆشران

كێ هاتە دەنگ ..؟

كوا كامەیە

مافی گەلان ..؟

هەرچۆن هەڵەبجەی شەهیدم

بەغازی خەردەل كوێر كرا

گەرمیان و كوێستانی رۆحم

ئەنفال كران

دۆستانی كورد

هاوپەیمان و

وڵاتانی بەناو ئیسلام

فرمێسكیان لەچاو دەرنەچوو

خۆیان كەڕ كرد

ئینسانیەت

 لەسەراپای گۆی زەویدا

 سڕایەوە

هەر ئەوانیش

جارێكی دی

داعشیان هێنایە گۆڕێ

ئاگری تاوانی سەدام

بۆ سەدانجار كرایەوە

لەكام چەرخ و زەمانەدا

مرۆڤیان  وەكوو دڕندە

لەنێو گڕا سووتاندووە ..؟

كوا جوولەكە

تاوانی وای

بەرامبەر عەرەب كردووە ..؟

كەچی فرمێسكیان ناسڕن

شەوو رۆژ

بەدووچاو  دەگرین

بۆ فەلەستین

وەكوو ئەوەی

ژیان تەنها بۆ ئەوان بێت

هەواو زادو

خاك و وڵات

بۆ خەڵكانی تر تاوان بێت

ئەمانە دروشمیان خوێنە

ئاڵایان برا كوشتنە

لەئادەمەوە تا ئەمڕۆ

هەر تاوان پیشەیان بووە

قابیل هابیلی سەربڕی

مەئموون ئەمینی تیرۆر كرد

ویستیان یوسف بخنكێنن

حوسێن و حەسەنی باوكیان

بەو دەردە برد

مێژووی ڕۆژهەڵات هەموودەم

تاڵانی و ژن رفاندنە

نەزانی و زانا كوشتنە

ئیتر دڵم بەچی خۆش بێت

من لەخاكێكا

چرۆم كرد

جوانی و قەڵەم لەخاچ دەدەن

فوو دەكەنە چرای ماڵان

ژەهراوو

 گازی كیمیاوی

بەسەر كۆرپەو

گەنج و شارما دەبارێنن

وەی كە  قووتی رۆژانەی تۆ

لەنێو خوانی ئەمانە بێت

تەنانەت هەوای خودایان

ژەهراوی كرد

كێ دەتوانێ

بڕوا بكات

رۆژێك ببنە

برا بۆ كورد ..؟

 

 

 

ستار ئەحمەد