ــــــــــــــ ٩ ــــــــــــــــ

 

 

پارچەیەك لەلەشم

دەبێتە هونەرو

لەسنگی شیعرا

سترانێك دێتەدی

ئیتر واتایەك دەخەمڵێ

بۆ خاك و گوڵ و تۆ

وەلێ لەگەرووی

شمشاڵی خامۆشی

چەندین گۆران دەخنكێنن

كێلەكەی بێكەس

دەكەنە رەشنووسی فریودان

ناهێڵن قەڵەمێك

بۆ پەڕەی خەناوی

ببێتە چرپەی

جوانترین زمان

بۆ قاسپەی بنارێك

لەنمەی بارانا

دیدەی كاڵ هەڵبێنێ ..؟!

قەڵەم و عودو نەی

لەم سەحرای بێ ئاوەو

بەفری حەسرەتا

شنەی ئاوازێك نەدوێنێ ..؟

پارچەكانم ..

هەریەكەی ئاوازێك دەژەنن

دڵم بەلای گڵا دەچێ

رۆحم

لەتریفەی خۆر گیر دەبێ

دیدەیەك خوماریی

سەرابی ئەم رێیە

لەسروودێكی ئاڵا

نابڕێت بەباڵای

دوندێكی هەنسك رێژ

جوانی و نەغمەی (با)

لەلانەی گەرداوا دەنێژن

دەستێكم بەقەڵەم رەنگینەو

ئەوی دیم بەگڕی گوللەیا لكاوە

گۆرانیەكانم ..تەمی چڵ دەپۆشن

شیعرەكانم لەهۆبەی زووخاوا

سوتووی جەرگ و خۆڵەمێشن

كام جومگەی تەنی خاك

بەنیگای تاریكی دەسپێری

دەرفەتێك نابینی

خەندەی ریتمێك هەڵمژێ

لەبەرگی رازێكا

گوڵ بدات

لەسنگی هۆنراوە

 

 

ستار ئەحمەد