ناڵە حەسەن 

پایزە و گەڵاکان 

نەرم نەرم دەوەرن

نەرم نەرم بە میلۆدییەکی خەمناک 

خەمناک وەک خەونە خرپنەکانی خۆم

گۆرانییە ئیرۆسییەکان دەڵێنەوە 

گەڵاکان نەرم نەرم 

نیشتیمانی با جێدەهێڵن

دێنە نێو نیشتیمانی 

شیعر و خەیاڵە غەمگینەکانی من 

پایزە و گەڵاکان 

نەرم نەرم بە سەمایەکی سەرمەستانەوە

لەودیو شووشەی پەنجەرەکانەوە

بە نیگایەکی زەردەوە

سڵاو لە تەنیاییم دەکەن و

بۆ جەستە وشکهەڵاتووەکەی 

نێو مەملەکەتی غوربەتم دەچەمێنەوە

پایزە و گەردەلوولی مەرگیش 

بە دەوری مەمکۆڵەکانی خاک 

خوول دەخواتەوە

ژیانیش بەسەرخۆشی ڕاکشاوە و 

پیتەکانی ناوی خۆی بیرچۆتەوە

منیش هەرچوار وەرزی 

نێو دەفتەری بیرەوەرییرکانم 

ناودەنێم پایز و 

بەرلەوەی قەڵەمەکەم دابنێم 

دوا قەسیدەم بەناوی 

" وەرین هەمیشە وەرین "دەنووسم 

پایزە پایز

لە گەڵا وەریوە چاوگەشەکانیش

شمشاڵێکی شین دروست دەکەم

لەبنار  گردە ئاگرینەکانی دۆزەخ

لە جیاتی 

لاوکە خوێناوییەکانی جەنگ و 

داستانە تراژیدییەکانی خۆشەویستی و 

ئەفسانە سیزیفییەکانی نائومێدی

بەستەی هەڵهاتنەوەی خۆرەتاو و 

سێرنادای بارانە بەهارییەکان و 

سەمفۆنیای لە دایکبوونەوەی خۆم / دەژەنم ..!

                                      ئەیلوولی ٢٠٢٣