
عومەر خدر كاكیل
كۆبەرهەمی مومتاز حەیدەری ( زادەی تەمەن.. رەوسەی قەلەمەكەم) كە لە دوو بۆکسی ١٨ بەرگ و 8500 لاپەرە پێكهاتووە، لە كاری تاكەكەسی ناچێ، بەڵكو ئەوەی (مومتاز حەیدەری) بەتەنها كردوویەتی، كاری دەزگایەكی رۆشنبیری گەورە و پرۆفیشناڵە. كەچی ئەو بەتەنها و لەسەر ئەركی خۆی ئەم پڕۆژە گەورەیەی بەئەنجام گەیاند و لە مەراسیمێكی گەورە و شایستەدا "كە بە سەدان نووسەر و رۆشنبیر و خوێنەر ئامادەبوون" ناساندنی بۆ كرا و چەندین نووسەر و رۆشنبیر دەربارە پرۆژەكە وتاریان پێشكەش كرد و لە كۆتاییشدا كتێبەكان بەدیاری پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.. دوای كۆڕەكەش ئەم بەرهەمە بە پێزەی بەسەر زۆر لە كتێبخانە گشتیيەكانی شار و شارۆچكەكان و دام و دەزگاكان و كەسایەتیيەكان و خوێنەرانی تر دابەش كرد..
بێگومان ئەم كۆبەرهەمە كە بە چاپێكی نایاب و جوان چاپكراوە، هەر بەرگێكی بابەتێكی گرنگ لەخۆدەگرێ كە پێشتریش چاپ و بڵاوكراوەتەوە. ئەم بەرهەمە هەمەڕەنگە ئەوە هەڵدەگرێت كە سەدان لێكۆڵینەوە و نووسین و ناساندنی بۆ بكرێت، بەڵام رەنگە وەك پێویست ئاوڕی لێنەدرابێتەوە. ئەوەی من بەرچاوم كەوتووە لەو بارەوە، نووسین و لێكۆڵینەوەیەكی مامۆستا (مەغدید حاجی) بوو بە چەند بەش لە رۆژنامەی (رێگای كوردستان) دەربارەی چەند بەرگیكی كۆبەرهەمەكە بڵاویكردەوە.
منیش وەك فۆتۆگرافەرێك بەباشم زانی ئاوڕێك لە بەرگی 18ی كۆبەرهەمەكە بدەمەوە و دید و بۆچوونی خۆمی دەربارە بڵێم، كە تایبەتە بە وێنەی فۆتۆگرافی سەردەمی حەفتاكانی كاری رۆژنامەنووسی نووسەر لە هەردوو رۆژنامەی (عێراق و هاوكاری)، كە ئەوكات وەك نووسەر و پەیامنێر كاری تیدا كردوون. ناونیشانی ئەم بەرگە (ژیانی كوردەواری بە زوومی حەیدەریزادە)یە 192 لاپەڕەیە و هەر لاپەڕەی 2 وێنەی تێدا بڵاو كراوەتەوە، 163 لاپەڕەی وێنەی رەش و سپین و ئەوانەی كۆتایيش وێنەی نەوەدەكان رەنگاوڕەنگن و بە كاغەزی ئارت چاپكراون.
گرنگی ئەم بەرگە بۆ خوێنەران لەوەدایە، خوێنەر زۆر بە ئاسانی لەرێگای ئەم فۆتۆیانە دەتوانێ شارەزای ژیانی رۆژانەی شاری هەولێر و كووچە و كۆڵانەكان و كۆڕ و كۆبوونەوە رۆشنبیری و هونەريیەكان و چاڵاكیيە وەرزشیەكان و یادی نەورۆز و ناڕەزاییەتیيەكان و وێنەی شاعیر و نووسەران ئەو سەردەم و زۆر بابەتی تر ببێت. بەڕاستی ئەم فۆتۆیانە دێكۆمێنتی زۆر گرنگ و ناوازەی ئەو سەردەمانن.
رەنگە نووسەر ئەو كات بە كامێرایەكی پرۆفیشناڵ ئەو وێنانەی نەگرتبن، وە زۆر شارەزای تەكنیكی وێنەگرتنی وێنەی رۆژنامەنووسیش نەبووبێ، بەڵام دەستڕەنگینی پێوە دیارە و رەنگە ئەمەش بۆ سەلیقەی وردی نووسەر و رۆژنامەنووس و خۆشەویستی بۆ كارەكەی هۆكاری سەركەوتنی بووبێت. لەلایەكی تریش پاراستن و بە ئەرشیفكردنی وێنەكان تا ئێستا كارێكی هەروا ئاسان نیيە و لە هەموو كەس ناوەشێتەوە. بەمەش رەنگە (مومتاز حەیدەری) یەكەم رۆژنامەنووس بێ دوای (گیو موكریانی) كە وێنەی فۆتۆگرافی لە كارە رۆژنامەنووسیيەكانی وەك پەیامنێر بەكار هێنابێ بۆ گەیاندنی مەبەستی بابەتەكانی. بێگومان وێنەش لە كاری رۆژنامەوانیدا گرینگیەكی تایبەتی هەیە بۆ ئەو سەردەم و بۆ ئێستاش ئەو گرنگیيەی هەر ماوە..
نووسەر هەر بەمەوە نەوەستاوە ئەوەتا هەردوو بەرگی (14 ی خەڵاتی میللی و 16ی جەژنی كتێب ــ جەژنی ژیانە) دوو بەرگی قەبارە گەورەی فۆتۆگرافین، هەر یەكەیان بۆ یادێك و مەبەستێك بە سەدان فۆتۆی جوان و ناوازەی سەدان كەسایەتی و رۆشنبیر و نووسەر و لەخۆ دەگرێت. دەتوانین ئەم دوو بەرگە وەك دوو كتێبی نوێی كوردی بناسێنین. ناوەرۆكی ئەم دوو كتێبە سەرنجڕاكیش و جوانە لەڕوی دیزایین و ناوەرۆكەوە دەتوانین بڵێین نموونەی داهێنانن. لە رووی نووسینیشەوە ژمارەیەكی زۆر نووسەر و كەسایەتی بەشدارن لە نووسین لەم دوو بەرگە و رەنگە هەریەك لەو نووسەرانە خۆی بەخاوەنی ئەم كتێبانە بزانێ، بەمەش پەیوەندیيەكی كۆمەڵایەتی پتەو و گرنگ لەنێوان نووسەران و كەسایەتیيەكان دروست دەبێ..