چوار پۆستەرە شیعر

شیعر : ڕۆستەم عەزیز

1

پشیلەکانی نیشتیمان؛

 لەناو بەرمیلی زبڵدا گەورە دەبن.

مشک دەخۆن.

لە توونی حەمامەکانا دەزێن.

بەر خڕکە بەردی منداڵانی گەڕەک دەکەون و دەشەلن.

ناگەنە لێواری ئاگردان، لە نێو زوقم و بەستەڵەکدا،

مردار دەبنەوە.

2

پشیلەکانی هەندەران؛

لە کافتریا گەرمەکان و لە سەماگە سوورەکانا، گەشە دەکەن.

لە بن کورسی و مێزە مەستەکانا، سییەکانیان تژی دەکەن، لەعەتری دەرپێ ڕەنگاو ڕەنگە بۆن خۆشەکان.

سمێڵی زبر لە ڕانە نەرم و نۆڵەکان، دەسوون

کلکیان دەخەنە ناو گەڵی ژنە ورووژاوەکان و

لاقە لووسەکان دەلێسنەوە.

لەسەر سینگی کچە عازەبەکان دەخەون و شەیتانی دەبن.

3

پشیلەکانی نیشتیمان گشت وەخت

وەک پیاوەکانی نیشتیمان،

کڵۆڵ و بەدبەخت.