
ئــای !!
تۆ لەمندا چەند هەڵەیەکی جــوانـــی ؟!
ئەو زەمەنەی بە ئاشکرا بەردیان دەگرتە مانگ
کوا من ڕەنگی پیستتم کردووە بەبەهانە بۆ مــاچ ؟
لەکیسم چوو ،
لەو مەغریبی مەنفایە بۆنی تۆم نەکردۆتە شووشەوە !!
جاران کەسمان تووڕە نەدەبووین
من ئەوەندە دڵم دابوو بە شیعر
تا ئەندازەی دەستەکانم ،
کە لە خۆڵی ئەستێرەیەکا جێ مابن !
پێم سەیرە !
لەو سەردەمە عەیب نیە
فوو لەسوتانی دیدەنیم کەیت و
پایز بەبەرچاوی وورشەی سەرجێک ڕووتت کاتەوە !!
لای من عیشق ڕێزمانی هەتاو بوو
قەڵەمێکی کەسک لە ڕەگـــەزی سەمـــا !
چش لەوەی ئاو بریندار دەبێ
چش لەوەی هەردووکمان لە عیشق پەشیمان دەبینەوە !
هەموو ئێوارانی خوا ،
بەدزی قەڵەم ڕەنگەکانی ئیمان
دەفتەرەکانمان ڕەنگ دەکرد بە جریووە !
ئەوەی ڕوویدا نازانم ناوی بنێم چـی ؟!
هەرچەند دەکەم خوێنی ئەو شیعرە ناوەستــێ
تۆ ئێستاش هەر تامی هەنارت لێ دێ !!
تۆ جارانیش وا فێر ببووی
کە ئێوارە لەسەر سوانەی بەدبەختیمان هەڵدەکورمــا
تۆ ماچت لێ دەشاردمەوە و
نەتدەهێشت پەنجەکانی ئەو حەنینەم
لە ئاوێزانی گۆرانیەک بگرم !
نەمزانی ڕۆژێک دێ ،
شیعر وەک ڕوخساری سێبەرێک سەرئاو دەکەوێت
وەکو ئاو دەربەدەر دەبێ و
بەچێشتەنگاوی خۆی نازانێتەوە !!
ڕۆژێک لەشیعرێکی نوێما بۆت دەنوسم
ئاگر نەیهێشت ،
دەنا لە ئینجانەکانی مۆسیقا ئاوم گڕ دەدا !
زۆر دەترسم بارانێک نەمابێ
وەکو جاران ماڵی ئێوەم پێنیشان دا !
تۆ ئێستا چەند گوناحــی ؟!
کە چاوەڕوانی تێپەڕبوونی بارانی من ناکەی !
کە چنگی ئەو تێپەڕینەم سوور ببوو بە گۆرانـــــی و
نیەتیشی پڕ لە گللەیی بــا بوو !
من تەنها یەک ڕۆژ
بەر لە هاتنی پایز گوڵم بۆ نەگرتــی یەک ڕۆژ !!
کەچی لەسەر ڕێی ئەو قەسیدەیەم
گۆڕی ئەو هەموو پێکەنینە کێلەکانیان شکا بوو !!
تۆ ئێستاش گومان دەخەیتە جانتاکەتەوە
منیش دەستەکانم لە لێکردنەوەی بۆڵوەکانی باران دەئاڵێن !
تۆ ئێستاش باسی شکانی پەراسووەکانی ئومێدو
ڕژانی زەنگیانەکانی تریفەت بۆ نەکردم !!
سەیرە لەو چاخە منت بیر چۆتەوە !
سەیرتر لەوە ،
ئەو هەموو غەزەلەت لەمندا هێنایە قسە
ئەوەی منی پڕکرد لە شکانی تۆ ،
هەڵتەکانی خێوەتەکانی ئەمانەت بوو !!
ئەگەر ڕۆژێک ڕێت کەوتەسەر ڕێی ئەو قەسیدەم
خۆت دادوەر بە !
لەبەرگی کام کتێبی کوفرا
لە کێلی کام بەستەی کپـا
تۆم دڵسافانە ،
لەعەسری پڕبوونی سەما نەپەرستووە ؟!
دەترسم بێ هوودە
لەگەڕەکی ئەو هەموو پرسیارانە بانگت کەم !
بم بەخشە !!
وا دیارە تادێ تامی ئەو بارانە تاڵتر دەبێ
سەیرکە عیشق چی لەکریستاڵەکانی هەناسەمان کردووە ؟!
من ئەو کاتەش کەلە سێبەرێکی شیرین کەوتمە خوار
بە ژمارەی هەموو سڵاوەکانی باران
تەوقەم لەگەڵ هەتاودا کردووە !!
من نازانم جگە لە تۆ
دڵی شیعرم بۆ کێی تر کردۆتەوە ؟!
پیری پەنجەکانی گەزیووم
بێ ئەوەی بەتۆ بڵێم
پەنجەی ژەنینی کام گیتارەم بەستووە ؟!
ئەوەتانێ بیرم چۆتەوە !
لە ویستگەکانی ماچــا
لە خەتەکانی کاغەزی لێوو
لە ترونجەکانی پەنجەو لەهێشووەکانی بزەت
کامیانم بەشیعرەوە نەگەستووە ؟!!