جەبار جەمال غەریب 

قەڵادزێ لەنێوان ئادەم و حەوادا

١٤ 

بەشی چواردەیەم دوای كۆتایی

ئینسان ئادەم بووە، واتە یەكەم جار خودا تەنیا ئادەمی بە (تەنیا) دروست كردووە. ئەوە بەپێی میتۆلۆژیای تەوراتی، كە دواتر ئایینەكانی دیكەش لەسەری ڕۆیشتن و بەدرێژایی میژووش بووە ڕاستییەكی گشتیی كۆمەڵایەتی. تەنیا ئادەم هەبووە.

 -كەواتە ئێستا ڕوونە، كە ئینسان (ئادەم) بووە چ مانایەكی هەیە؟ واتە هەردوو ڕەگەز لە یەك بوونەوەردا بوون، كە ئادەمە، دوو لە یەكدا.

- خالق هەست بەو تەنیاییە قووڵە دەكات، كە ئادەم لە (بەهەشتدا) لە بێكەسیدا تووشی بووە.

- ئەو تێگەیشتنە دیینییە، ئەو تێگەیشتنە گشتییە، بەهەند وەربگرن، ئەویش ئەوەیە:

- كە ئادەم لە ناوەندی بەهەشتدا هەستی بە تەنیایی كردووە.

- تەنیاییەكی بێزاركەر، ئادەم لەو تەنیاییەدا هیچ شتێك دڵخۆشی ناكات.

بە كورتی:

- پیاو (MAN) كە ئەو سەردەمە بە مانای (ئادەم) دەهات، لەكاتێكدا لە هیچی كەم نەبووە، هەموو پێویستییەكی ژیانێكی ئارامی لەبەردەستدا بووە، كەچی خەمبار بووە.

- بۆ چارەسەری خەمباریی ئادەم، خالق هەر لە پەراسووی خۆی (حەوا)ی بۆ خەلق دەكات.

- ئادەم لەگەڵ حەوا ئارامە، لە بەهەشتە، دواتریش لەگەڵ حەوا بەهەشت بە جوانییەكانییەوە جێ دەهێڵێت و لەگەڵ حەوا دەڕوات دێتە سەر ئەم زەوییەی ئێمە و داوتریش نەوە و ڕەچەڵەكێكیان دەكەوێتە ئەو قەڵادزێیەی خۆمان.

- ژن و پیاوی قەڵادزێ هەر لەسەر ئەو یادەوەرییە پێكەوە دەژیان، كە بۆ یەكتر خەلق كراون و یەكتریان بە چاكە و خراپەكانی خۆیانەوە قبووڵ بوو.

ئادەم و حەواكەی من

- ئادەم و حەواكەی من هەر بە هەمان بێكەسیی ئادەمەوە یەكیان گرتەوە.

- بابم، كە لەدایكبووی بیست و نۆ، یان سی، یان سی و یەكی سەدەی ڕابردووە، لە پەنا خانەقای سۆفی ئەنوەر لە قەڵادزێ لەدایك بووە. هەر بۆیە جگە لە قەڵادزێ هیچ شوێنێكی دیكە بە جێگای ژیان نازانێ و هەر لەبەر ئەوەشە قەڵادزێ بۆ ئەو بەهەشتەكەی ئادەم بووە.

- بابم، كە لە داك و بابەوە هەتیو بوو، وەك باشوو بەنێو ئەو شاخانەدا هات و لە مەلیحەی سێزدە ساڵانەی دیسان بێ باب و داك ڕۆ هات و بردی و لە قەڵادزێی بە عەرزیدا دا.

- داكم ژنێكی چاوی شیرین و قژ زەرد و پەمەیی، ئەو حەوایەی لە قووڵایی شاخەكانەوە هاتبوو. لە قەڵادزێ چاوی كردەوە، بۆیە پیاوەكەی تەواو وەك ئادەم سەیر دەكرد، هەردووكیان بێ باب و داك و بێ ئەزموون.

- حەواكەی من، كە چاوی كردەوە، كۆشێك منداڵی هەیە، كە چاوی كردەوە، خێزانەكەی پێویستیان بەو بوو.

ئەوەی لە بیرمە

- شەوانە مامم مەكینەی دروومانەكەی (مەكینەی خەیاتی) دێنایەوە ماڵێ، لۆكسی دادەگیرساند و هەڵیدەواسی، (ڕووناكی) هەموومانی لەدەوری كۆ دەكردەوە، مامم بە دەنگی نەرمی كاركردنی مەكینەكەی، ژوورەكەی دەخستە سەر باڵی ئومێد و بابم بە ئوتووكردن و قۆپچە تێگرتن و لێنانیان ژیانی دەخستە ناو ئومێدەكەوە و دایكیشم خەریكی كون چنینی كولەجەكان و بە گیزەی سەماوەرەكەی سیمفۆنیایەكەی تەواو دەكرد. چاتێكردن و شەوچەرەهێنان و خزمەتكردنی هەموان كاری ئەو بوو. 

- هەر زوو مەلیح فێری كارەكە بوو، پارچە قوماشی ژنان و پیاوانی كۆ دەكردەوە (ئەوەی پێمان دەگوت بڕشت) و لێكی دەدان و سەد شتی لێ دروست دەكردن. بەشێكیانی دەكردە سەرە شەكردانی هەزار ڕەنگ و كلدان و سوخمە و هێلەگی ژنان.

- ژنانی گەڕۆك لێیان دەكڕی، ئەوانیش دەیانفرۆشتەوە.

- بەشە زۆرەكەیشی دەخستنە ناو بوخچە (كە هەر بۆخۆی لە پارچە و پڕوچی گەورەی دروست دەكرد) بە كۆڵی منداڵەكانیدا دەیناردن بۆ گوندە نزیكەكان، چۆمخڕكە و گربداغ و سرێجێ و سەیدئەحمەدان و حەسار و شێخفەرخ و پێماڵك، دەگەیشتنە دێرێ و باوزێ و مڕێ و دەروونێ و دوورتریش.

كوڕەكان هاواریان دەكرد:

- سەرەشەكردان.

- كلدان،

- سوخمە و هێلەگ.

ژنان و كچانی تازەپێگەیشتوو بە دەنگی ئەوان لە ماڵ دەهاتنە دەر و بەسەر كوڕەكان وردەبوون، بوخچەكانیان دەكردنەوە و هەزار ڕەنگ، كە مەلیحە ناردبوونی، چاوی ڕووناك دەكردنەوە و مەگەر بەس ئەو كوڕانە بزانن هەناسە و دەنگی ئەو ژن و كچانە چۆن لەسەر قوماشی سوورمەی لووس هەڵدەخلیسكان.

- مەلیحەی شۆڕشگێڕ كاروانی میوانانیشی بەڕێ دەكرد، میوانە سیاسییەكانی بابم، كوێخا و ئاغای دۆستی و برادەرانی گوندی. حەمەی وەستای تا نیوەشەو چای دیشلەمەی دەخواردەوە و دەكۆخی، بەوەش سەبووری نەدەهات و چەند سەعات دوای نیوەشەو لە خەو هەڵدەستا و دەستی دەكردەوە بە جگەرەكێشان.

- ئەحمەدی قوونەبان و مەحموود كەشیش و ئەحمەدیلە ئەركیان سووكتر بوو.

- مەلیح دەبوو بەرگەی گرتن و ڕاوەدوونانی مێردەكەی بگرێ، سەرەڕای حزبی بەعس، كە دوژمنی هەرە گەورەی مێردەكەی بوو، هیچ حزبێكی ئەو كوردستانە نەبووە، لە كاتی دەسەڵات و هێزیدا بەرگەی ڕاشكاوی و هەژاردۆستیی مێردی ئەو ژنە ئاڵتوونەی گرتبێ و زیندانی نەكردبێ، ئەویش دەبوو ماڵ بەڕێوە بەرێ و منداڵ بنێرێتە قوتابخانە.

- مەلیح نۆ منداڵی بۆ مابوو، بەو بێ ئەزموونی و منداڵییەی، كە كەسێكی گەورەتریش نەبوو ڕێنوێنی بكات، هەر نۆیانی هەر بە پەڕۆ كۆن، هەر نۆیانی لە گوواو دەرهێنا. مامیشم، كە گەنجێكی پۆشتە و پەرداخ و شارستان بوو، هەمیشە دەیگوت: ”هەرگیز پەڕۆی پیسی منداڵێكم نەكەوتە بەرچاو، تا بێزی لێ بكەمەوە.“

- سەرەڕای هەموو باران، مەلیح تیكۆشەرێكی شیوعیش بوو، نازانم كۆبوونەوەی دەكرد یان نا، بەڵام هەموو سەرەمانگێك پوور ئامینێك كە لە مەلیحە گرفتارتر بوو، ئەو پوور ئامینە خۆی بۆ نەمانی هەژاریی نەزر كردبوو، دەهات و مانگانە، یان مزەی حزبیی لێ وەردەگرت.

- مەلیح لە هیچ مەكتەب و زانكۆیەك نەیخوێندبوو، كەچی سەد هێندەی ڕەوەیەك لە خوێندەوار و (هەڵگرانی) ماستەر و دكتۆرای ئەو سەردەمە مونەوەرتر بوو، باوەڕی بە هیچ خوڕافە و دینبازی و سیحر و جادوویەك نەبوو، خودایەكی بەحەق دەناسی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەودا بوو.

- بەداخەوە سەركەوتوو نەبووم لە نووسین لەسەری، دەبینم خەریكی وتارنووسینم، لەكاتێكدا دەبێ لەگەڵ ناوی ئەو شیعر و عەتا ببارێ.

 29/07/2023