
جەبار جەمال غەریب
بەشی نۆیەم دوای كۆتایی
لە كوێ دەژی بژی، بەس لە قەڵادزێ بمرە.
تا ئەو ڕۆژەی ژیان هەیە، مردن نییە، كە مردنیش ئامادە بوو، ژیان نییە.
شۆڕشگێڕەكان بە دنیادا سووڕانەوە، منداڵییان لە كۆڵانەكان بەسەر برد، گەنجییەتیان لە قوتابخانە و زانكۆكان، بۆ تێكۆشان و شۆڕش هاتنە شاخەكانی پشدەر و لە بناری ئاسۆس كەوتنە ناو شەڕەوە.
شاخی رووتەن دوژمنی ڕووبەڕووبوونەوەیە، دوژمنی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرییە.
- ئەوانە لام وابێ هاوڕێیانی سەعدی گچكە بوون كەوتنە ناو كەمینەوە.
- كەمین نا، دوا داهێنراوی كۆپتەر بوو هێرشی كردنە سەر.
- من ئەو كاتە قوتابیم و لە ئامادەییم.
- قوتابخانەكەمان بەرامبەر یارگایەكەیە.
- یاریگایەكەمان كراوەتە سەربازگە.
- دوای نیوەڕۆیەك هەلیكۆپەرێك لە یاریگایەكە نیشتەوە.
- من لە نهۆمی دووەم سەیری ناو یاریگایەكە دەكەم.
- گوێم لە چرپەچرپی قوتابییەكانە.
- مامۆستاكان سامگرتوون.
- هەموو شتێك مات و ئاڵۆز.
- زیلێكی سەربازی قوونی بە دەرگای هەلیكۆپتەرەوەكەوە نا.
- تەنیا سەری زیلەكە و پشتی هەلیكۆپتەرەكە لە منەوە دیارە.
- هەستم كرد (شتێك) لە هەلیكۆپتەرەكەوە هەڵدەدەنە ناو زیلەكە.
- ئاوام وێنا كرد:
. دوو سەرباز بەرامبەر یەكتر وەستاون.
- كەسێك (تەرمێك) لەنێوانیانە.
- هەر سەربازە و دەست و پێیەكی تەرمە دەگرێت و چەند جارێك جۆلانەی پێدەكەن و بە هەموو هێزیان فڕێی دەدەنە ناو زیلەكەوە.
- تەرمەكە دەكەوێتە ناو زیلەكە و زرمەیەكی لێ دێت و بە چەندان جار لەو خێراییە زیاتر، كە فڕێ دەدەن دەخزێت و زرم سەری بەر دیوارە پلێتەكەی كۆتایی زیلەكە دەكەوێت.
- مامۆستای بیركاریمان لە مامۆستا ئینگلیزیی پرسی:
- چەند كەسن؟
- یازدە پێشمەرگەن، كۆپتەری شەڕكەر گەیشتووەتە سەریان و هەموویانی پارچە پارچە كردووە.
تەزوویەك لە دەمی مامۆستای ئینگلیزییەوە پەڕییە ناو دڵم و هەموو لەشمی لە جەستەی ئەوان ساردتر كردەوە.
ئاسمان ڕەنگی بە خۆڵەمیشی گۆڕا، ئاسمانی قەڵادزێ، كە هەوای دەنگدانەوەی تریقە و پێكەنین بوو، تەڵخ بوو.
- كە تەرمەكانیان لە هەلیكۆپتەرەكەوە فڕێ دەدایە ناو زیلەكە، زرمەیەك دەهات، لە گەڕانەوەمدا بۆ ماڵێ، ئەو زرمەیە وەك تۆپ لە سەرمدا دەتەقیەوە، ئەوە زرمەی سەری پێشمەرگەكان بوو، كە بەر ئاسنی دواوەی زیلەكە دەكەوت.
- ئەو هەواڵە گەیشتبووە گوێی شار، ڕۆڵەی دایكانی تەیراوە و سەیداوەی هەولێر گلاون، كەوتوونەتە دەستی جەلادەكانیان. تەم و خەم و ڕەنگی خۆڵەمێشی لە ئاسمانەوە گوازرایەوە سەر ڕووخساری خەڵك.
- خاڵ بابەكر بانگی كردم:
- ئەو هەواڵە ڕاستە، تەرمی ئەو پیشمەرگانە كەوتووەتە دەستیان؟
- بەڵێ كەوتووەتە دەستیان.
خاڵ بابەكر دەستی بردە قووڵایی گیرفانی، وێنەیەكی بچووكی دەرهێنا و گوتی:
- سەیری وێنەكەی بكە، نەك ڕووخساریت لەبیر چووبێتەوە، بڕۆ بزانە كوڕەكەی منیان لەناودا نییە؟
منیش بەو باڵا وردیلەی خۆمەوە، بە ویقاری درۆزنانەمەوە، بەرەو گۆڕستان ڕۆیشتم.
دەوڵەت ئەو چاكەیەی كردبوو، مەیتی پێشمەرگەكانی لە گۆڕستان فڕێ دابوو، بێ گومان گۆڕستانە ئاوەدانەكەی قەڵادزێ.
- ئەوەی باسی دەكەم شۆڕش و بەرگری و كوشتن و گۆڕستانە. ناكرێ كورد بەدوای ژیاندا بگەڕێ، ژیانی كورد بە یاسای نێودەوڵەتی سڕاوەتەوە و بە بارمتە دراوەتە نەتەوەكانی سەردەست، كورد بەدوای خلووددا دەگەڕێ، ئەو خلوودەش گۆڕستانەكەی قەڵادزێ بۆی دابین دەكات. هەر لەبەر ئەوەشە دەڵێم ئاوەدانترین شوێنی قەڵادزێ گۆڕستانەكەیەتی. هەر لەبەر ئەوەشە خەڵك دەڵێن لە كوێ دەژی بژی، بەس لە قەڵادزێ بمرە. خەڵكی ئەو لەندەنە بچووكە، باش دەزانن كورد مافی ژیانی نییە، كورد مافی ژیانێكی شەرەفمەندانەی نییە، مافی هەوا هەڵمژین و دەماخبەرزیی نییە، تەنیا مافی مردنی هەیە، بۆیە دەبێ بە خلوودەوە بنێژرێ، بە خلوودەوە بمرێ، بۆیە دەبێ گۆڕستانەكەی ئاوەدان بێ.
كلۆدیۆس جیمس ڕیچ لە ١٨٢٠ز لە سلێمانی، كە دەروازەی خوار و لاری كۆشكی پاشایەتی دەبینێ، لە مەحموود پاشای بابان دەپرسێ:
- ئەرێ بۆچی دەستێك بەو كۆشك و تەلارەدا ناهێنن و چاكی ناكەنەوە؟
لەجیاتی مەحموود پاشا، عوسمان پاشای برای وەڵام دەداتەوە:
- قوربان جەنابتان ئامادەن خانووەكەتان چاك بكەنەوە، كە بزانن هەر سبەینێ لەشكری تورك، یان عەرەب یان فارس هێرش دەكەنە سەرت و بەسەرتیدا دەڕووخێنن؟
ئەمە كورتكراوەی ئەوەیە، كە نەمریی كورد لە ژێر زەوی و لە مردنیەوە دەست پێدەكات، كە دەبێ كورد لە خوێن و مردن و گۆڕستانەوە بەدوای سەربەرزی و مانەوە و ئەبەدییەتدا بگەڕێ.
بابەتەكەم، كوژران و فیچقەكردنی خوێنی یازدە خورتی كوردە، یازدە خورتی كورد، كە لەپێناو ژیانێك، ژیانیش نا، هەناسەیەكی ئازاد، ئازداییش نا (كە بۆنی ئازادیی لێ بێ) چوونە چیا. ئەو ئازادییەی، كە بە یاسای نێودەوڵەتی لێی قەدەغە كراوە، كەچی ڕووبەڕووی دوا داهێنراوی كۆپتەری جەنگیی ئەمریكی و ڕووسی و ئەڵمانی بوونەوە. باسەكەی من لەسەر ئەو جوامێرانەیە، كە ژیانیان لێ تەنگ كرا و چوونە شاخ و لەوێش پارچە پارچە كران، بەڵام لە قەڵادزێ مردن، بۆ ئەوەی بۆ هەتاهەتایە بژین، ئەویش داستانی سەعدی گچكەیە من بۆتان دەگێڕمەوە.
20/06/2023