غەمگین بۆڵی

دڵت 

لەناو بەردەكانی ئاسوودەییم 

شكا 

پەیڤەكان 

لەق بوون

پێش ئەوەی نیوچاوانم تاریك دابێت

بەر لەوەی نەتوانم لەپی دەستم بخوێنمەوە

تۆ بڕوات نەما دەستم بكەیتە كۆلارە 

بەناو شەوی پرچتدا 

دوور و دوورتر 

لە ئەستێرەكان هەڵبفڕم، تاكوو قووڵایی  باوەشی ئاسمان. ئاسمانت چەشنی كۆیلە بینی و زەویش زیندانێكی نەفرەتلێكراو. هەرگیز نیازی دەستەكانم نەبووە، پەنجەكان بكەنە كۆت و بەند و ڕۆحت لەناو لەپم زیندانی بكەم. لە ژێر سێبەری سەقفی ماڵێكدا ژوورێكت كردە چراخانی نووسین و ژوورێكت كردە سێ نەمامی سێبووریی و وێنەی یادەوەرییەكان. حەزم كرد بفڕم و وەهمی ئایینەكانت بۆ پووچەڵ بكەمەوە، حەزم كرد قورسایی نهێنییەكانت لە ناخی زەویدا بشارمەوە و  لەتێك مانگ بكەمە ماف و لەسەر بەری دەستم دابنێم. 

ئەوە خەتای فڕینی من 

و 

نیشتنەوەی تۆ نەبوو

ئەوە هەقیقەتی ئەو 

خەتایە بوو 

نەقورچەی لە پشتەملی كولتوور دەدا. 

هەموو خەتای منیش 

هەنگاوم گرتی 

پێیەكانتم هێنایە دەرەوە 

چڕنووكەكانتم 

لەناو پێستی ڕوخسارمدا 

شاردەوە.

دڵم 

بەناو 

ڕەقی 

و 

دڕی 

ژیاندا 

شەق 

شەق 

ناولەپم زبر 

بن نینۆكم ڕەش

تۆ دەستەكانت بەبازاڕی ڕۆژگاردا گێڕا 

دووركەوتییەوە 

وەك دوێنێی یارییەكانی منداڵیم.

ڕەنگی ڕاستەقینەی نینۆكەكانت شاردنەوە 

دەستەكانت سارد بوونەوە، 

وەک جەستەی کوژراوێک 

خوێنی لەبەر دەڕۆیشت

موچركی ناو دەمارەكانت مردن

قاوەی گەرمی بەردەممان کوا

ساردبۆوە 

زستان هات

خۆی كرد بە ماڵمان  

بەفرێكی تووڕە هات

بەناو ژوورەكانماندا باری 

 زمانمان تەزی 

لێومان بووە شەختەبەند! 

هەبوونی قسەكانمان 

ڕەق ڕەق.

تۆ 

گلەیی لەو پەیڤانەم مەکە 

بوونەتە گابەرد 

تۆ

دڵت لە خەیاڵی شووشە وردوخاش

تۆ 

نەتدەزانی نا

دەستت سارد و دڵت سارد و زمانت سارد و چاوت سارد و گوێچكەت شەختەبەند و كوپێك قاوەیەش لە نێوانماندا سارد...

ئێستانەکینێ هیچ ئاگرێك، تەنانەت گڕی دۆزەخیش 

ناتوانێت گەرمی بكاتەوە.