
حەمەسەعید حەسەن
ستۆکهۆڵم سیندرۆم کە بارودۆخێکی دەروونییە، تێیدا قوربانی سۆزی بەرانبەر بە جەللاد هەیە، لەوەوە هاتووە کە لە کۆتاییی ئابی ١٩٧٣دا هەندێک دز کە دەیانویست (کریدیتبانک)ی ستۆکهۆڵم ببڕن و پۆلیسیان لێ پەیدابوو، ئەو خەڵکەی لە بانکەکەدا بە بارمتە گیرابوون، سۆزیان بۆ دزەکان هەبوو، نەک بۆ پۆلیس کە هەوڵیان بۆ ڕزگارکردنی بەبارمتە گیراوەکان بوو. ئەو هەستە کە داکۆکی لە کەسانێک بکەیت ستەمت لێ دەکەن، داکۆکییەک تا ئاستی ئەوەی لە پێناویاندا ژیانی خۆت بخەیە مەترسییەوە، کە ناعەقڵانی و نالۆگیکییە، دۆخێکی دەروونییە کە نزیکە لە نەخۆشییەوە.
ستۆکهۆڵم سیندرۆم جۆرە پێوەندییەکە لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراودا کە لە ئەنجامی شۆکی ترسەوە پەیدا دەبێت و تێیدا ستەملێکراو لایەنی ستەمکار دەگرێت. مەرج نییە ئەوی ئەو هەستەی لەکن دروست دەبێت، هەر ڕفێنراو ، بەبارمتەگیراو یان بەدیلگیراو بێت، دەشێت پێوەندیی نێوان قوربانی و کەسێک بێت کە گێچەڵی پێ دەکات، هەڕەشەی لێ دەکات، یان لێی دەدات، یان پێوەندیی نێوان زیندانی و سەججان بێت. ڕەنگە ئەوەی قوربانی، جەللادی خۆش دەوێت، ڕێگەیەک بێت بۆ داکۆکی لە خۆ کردن و بۆ ئەوە بێت لەوە خراپتری لێ نەقەومێت.
کە دوای شەش ڕۆژ بە بارمتە گیراوەکان ئازاد کران، هەندێکیان سۆزی گەرمیان بۆ بانکبڕەکان دەردەبڕی و داکۆکییان لێ دەکردن. ئەگەر هەستێکی ئەرێنییت بەرانبەر ئەوانە هەبێت کە ستەمت لێ دەکەن، ئەگەر هەستێکی نەرێنییت بەرانبەر ئەوانە هەبێت کە هەوڵ دەدەن ڕزگارت بکەن، ئەگەر ڕەوتار و بیرکردنەوەی ئەوانەت پێ باش بێت کە ئازارت دەدەن، ئەگەر یاریدەی دەستدرێژیکار بۆ سەر خودی خۆت بدەیت، ئەگەر نەخوازیت لە دەست دەستدرێژیکار ڕزگارت ببێت، ئەوا لەو شڵەژانە دەروونییەت هەیە کە پێی دەڵێن: ستۆکهۆڵم سیندرۆم.
هەندێک لەوانەی بە بارمتە گیرابوون، دەیانگوت: ئێمە لە داخی هەڵسوکەوتی گەوجانەی پۆلیس و دەسەڵات، کە ژیانی ئێمەیان زیاتر دەخستە مەترسییەوە، لایەنی بانکبڕەکانمان دەگرت. ئەوە (نیڵس بێیەڕۆت)ی تاوانناس و دەروونناس بوو کە بەدەم قسەکردنەوە بۆ ڕاگەیاندن، تێرمی ستۆکهۆڵم سیندرۆمی داهێنا و دواتر لە وەڵاتانی تریش زاراوەکە ددانی پێدا نرا. لە دێر زەمانەوە، ڕفاندنی ژن هەبووە، ژنەی ڕفێنراو بەرەو ڕووی هەلومەرجێکی وا دژوار دەبووەوە، ناچار لەگەڵ ژینگە نوێیەکەدا خۆی دەگونجاند، ئەگەرنا دەیانکوشت.
ئەم هەموو ڕاوەڕێوییەم بۆ ئەوە هێنایەوە، بڵێم: دەسەڵاتدارانی کۆن و نوێی عێراق، هەر چی خراپە بە کوردیان کردووە، هەر لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردووەوە تا حاڵی حازر، هەر لە تاوانەکانی حەرەس قەومییەوە، تا پەلامارەکانی حەشدی شەعبی، هەر لە کیمیاباران و ئەنفالەوە، تا پێشێلکردنی شکۆی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، کەچی هێشتا زۆرێک لە سیاسەتکارانی کورد، وەک ستۆکهۆڵم سیندرۆمیان هەبێت، جەللادەکانی خۆیان خۆش دەوێت و حەز دەکەن هەر لەبن دەستیاندا بمێننەوە.
*