
حەمەسەعید حەسەن
مۆسیقا شیعرە بە نەغمە، وێنە شیعرە بە ڕەنگ، شانۆ شیعرە بە جووڵە، ئەوە بۆیە شیعر کە وێنەیە بە وشە، بە باڵاترین هونەر دەناسرێت. شیعر کە وەک شمشێرێک لە سۆز، دەچەقێتە دڵ، بە نەمریی دەمێنێتەوە، با شاعیر وەک جەستە، هیچ ئاسەواریشی نەمابێت. شیعر چونکە لووتکەی داهێنانە، بۆیە گەرمترین و قووڵترین گوتوبێژ لەگەڵ ویژدانماندا دەکات. بەشیعربوون لە ڕۆماندا، لە بەچڕی نووسین و لە کورتبڕیدا خۆی نمایش دەکات، بۆیە دەشێت ڕۆمانێک ڕستەیەکی شیعریی تێدا نەبێت، بەڵام لە سۆنگەی ئەوەوە، وشەیەکی زیادەی تێدا نییە، زمانەکەی شیعری بێت.
ئەگەر گرنگترین شاعیری ئاشووری لە عێراقدا، سەرگۆن پۆڵس بێت، ئەوا (سەمۆئێل شەمعوون)یش گرنگترین ڕۆماننووسە لەنێو ئاشوورییە عێراقییەکاندا هەڵکەوتبێت. (عێراقییەک لە پاریس) کە ٢٠٠٥ بە عەرەبی بڵاو بووەتەوە، تەرجەمەی ئینگلیزی، فەرەنسایی و سوێدی کراوە و وەرگێڕی لێزان (سەباح ئیسماعیل)یش بە دەستپاکییەوە کردوویە بە کوردییەکی پوخت و پاراو، ڕۆمانێکە لە گەلێک ڕووەوە دانسقەیە. کارەکتەرە سەرەکییەکەی کە گێڕەرەوەیشە، کە خودی نووسەریشە، قارەمان نییە، ئەنتی قارەمانە، کەسێکی هەژاری لیقەوماوی هەڵاتووی ئاوارەیە، کەسێکی ژێردەستە کە بەردەوام ستەمی لێ دەکرێت و کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نییە.
عێراقییەک لە پاریس، ژیاننامەیەکە یان ڕۆمانێکە بە دوو لاق ڕێ دەکات، ڕاشکاوی و بوێری، بوێری لە ژیاندا نا، لە گێڕانەوەدا، نووسەر بە ڕاستگۆییەکی کەموێنەوە، ڕاشکاوانە، ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەیەک کە نموونەی باڵای بوێرییە لە دەربڕیندا. بیۆگرافیای گێڕەرەوە، هەر لە ژیاننامەی سیزیفێکی ڕاستەقینە دەچێت، سیزیفێک ئەم نسکۆ دەیداتە دەست ئەو نائومێدی و دیسان تێ هەڵدەچێتەوە. نووسەر نەهاتووە خۆی وەک قارەمان نیشان بدات، بەڵکوو بوێرانە تێکشکانی خۆی نووسیوەتەوە و وەک نایشارێتەوە، بە ژان ژینێ، ڤیکتۆر هۆگۆ و هەنری میللەر سەرسام بووە، هەر بۆیەش شوێنپێی ئەوانی هەڵگرتووە و بێ سڵکردنەوە، ڕاستییەکانی درکاندووە. عێراقییەک لە پاریس، لە زۆر ڕووەوە لە (تەنیا بە نانی ڕووت) دەچێت، زەقترین جیاوازیی نێوانیان ئەوەیە، سەمۆئێل شەمعوون بە ڕێزەوە باسی باوکە (کەڕولاڵ)ەکەی دەکات و موحەممەد شوکری (١٩٣٥ – ٢٠٠٣) سووک سەرنجی باوکی داوە. ئەوە گەلێک گرنگە، نووسەر بوێر و ڕاشکاو بێت، بەڵام ڕۆماننووسین لەوە سەختترە، هەر زادەی ڕاشکاوی و بوێری بێت.
ڕۆمانەکە لە سێ بەش پێک دێت، یەکەمیان باس لە گەنجێک دەکات کە لە کۆتایی ساڵانی حەفتادا لە عێراق هەڵدێت و چەند ساڵێک لە دیمەشق، عەممان، بەیرووت، قاهیرە، نیقۆسیا و توونس دەمێنێتەوە. لە بەشی دووەمدا دە ساڵێک لە پاریس دەگیرسێتەوە و بەشی سێیەمیشیان، بیۆگرافیای هەمان کارەکتەرە بە منداڵی کە لە شارۆچکەی حەببانییە، فرۆشیارێکی گەڕۆک بووە. لایەنی ناوکۆییی هەرسێ بەشەکە ئەوەیە، کارەکتەرەکە بە منداڵی شەیدای سینەمایە و دواتر خەو بەوەوە دەبینێت، سینەماکاری لێ دەربچێت و سیناریۆ بۆ فیلم بنووسێت. داوێک تەواوی موورووەکانی ڕۆمانەکە کۆ دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆگیایی نەنووسراوە و تێێدا سوود لە تەکنیکی فلاشباک وەرگیراوە، داوی لێبوردەیییە، داوی دداننانە بەوی دیکەی جیاوازدا، داوی فەرامۆشکردنی تۆڵەسەندنەوەیە. نووسەر ساڵانێک لە پاریس، شوێنێک شک نابات، تێیدا بسرەوێت، لە شەقام و وێستگەی میترۆدا دەخەوێت، بەڵام سەرکۆنەی هیچ کەس و لایەنێک ناکات، لەسەر ئەوەی بەرەو ڕووی ئەو هەلومەرجە دژوارە بووەتەوە. وێرای پەیامی لێبوردەیی، نووسەری سەرقاڵی ئەوەیشە، ناڕاستەوخۆ پێمان بڵێت: نە هەموو جوانییەک، چاکە و نە چێژوەرگرتنی ئەدەبی، پێوەندیی بە ڕەوشتی جوانەوە هەیە.
(مرۆڤ کاتێک خۆی دەبینێتەوە، لەسەر شەقامەکان تووڕ دراوە، هیچی لەبەردەمدا نامێنێتەوە ئەوە نەبێت، ڕۆڵی شەهرەزاد ببینێت. لە سەریەتی ئازارەکان دوا بخات. کەسی ئاوارە دەبێت وەک شەهرەزادی هەزار و یەک شەوە زیرەک بێت، دەبێت خەون و خەیاڵەکانی وا بگێڕێتەوە، تا فریوی قیری شەقامەکان و سەکۆی باخچە گشتییەکان و وێستگەی شەمەندەفەرەکان و بای زستانی سەخت بدات. ئەو کات سەکۆی لا دەبێتە پێخەف و بای ساردیش بە سۆزەوە خۆی بە جەستەیدا دەدات. ل١٦٥)
عێراقییەک لە پاریس، تازەگەرییە لە شێوازی گێڕانەوەدا، لەبەر ئەوە نا، سەمۆئێل شەمعوون ڕێبازێکی نوێی داهێناوە، لە سۆنگەی ئەوەوە، لە سفرەوە دەستی بە نووسین کردووە، نە هیچ مەرجێکی ڕۆمانی کلاسیک، یان مودێرنی ڕەچاو کردووەوە، نە نیازی نووسینی دژەڕۆمانیشی هەبووە، (فێڵ)ێکی هونەریی هێندە پاکیزە و درۆیەکی هێندە سپیوسۆڵی لەگەڵدا کردووین، تا لە گێڕانەوە نەبێتەوە، هەست ناکەین، سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانە، ئاخر بە درێژایی دەقەکە، باسی ئەوە دەکات کە بە نووسینی سیناریۆی فیلمێکەوە خەریکە. تامەزرۆییی نووسەر بۆ نووسینی سیناریۆ، بە گێڕانەوەکەیەوە دیارە و وەک شارەزایەکی بواری نووسینی سیناریۆ، بیرەوەرییەکانی نووسیوەتەوە. جوانی بۆ هاتووە کە گوتوویەتی: (خوا گەورەترین سینیاریۆنووسی دونیایە، سیناریۆی فیلمێکی نووسیوە، هەموومان تێیدا بەشدارین.)
نووسەر هێشتا دە دوازە ساڵان دەبێت، بەعس دەسەڵات دەگرێتە دەست و بە پاساوی ئەوەی حەببانییە بنکەی سەربازییە و شوێنێکی هەستناکە، ماڵەکەیان خاپوور دەکات و لە زێدی خۆیان وەدەریان دەنێت. ئەوەی سەمۆئێل شەمعوون، لە نووسەرانی دیکەی عەرەب کە ژیاننامەی خۆیان نووسیوەتەوە، جیا دەکاتەوە، ئەوەیە نە خۆی وەک قارەمان نمایش دەکات، نە هەمیشە خۆی پێ لەسەر هەقە، نە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، پێشوەخت پێشبینیی ڕووداوەکانی کردووە و نە سووکایەتی بەم و بەویش دەکات، بۆیە ئەگەر بڵێم ڕاستگۆیی لە هەموو ڕۆمانەکەی دەچۆڕێت، لە ڕاستی لام نەداوە. لایەنێکی هەرە گەشی ڕۆمانەکە ئەوەیە، خۆڕسکانە بە زمانی شەقام نووسراوە، زمانێک نزیک لە لێدانی دڵی خەڵکەوە، نە هیچ لووتبڵندییەکی پێوە دیارە، نە لە هەڵبەستراو دەچێت. عێراقییەک لە پاریس، هەرچەندە ژیاننامەیە، بەڵام پڕیشە لە چیرۆک، تەواو وەک شەهرەزاد لە هەزار و یەک شەوەدا، سەمۆئێل شەمعوون چیرۆک لە دوای چیرۆک دەگێرێتەوە.
عێراقییەک لە پاریس، هەرچەندە ژیاننامەیە، بەڵام بە خەیاڵ و ئەفسانە ئاو دراوە، ئەوەی واقیعە کە دایک و باوکی گێڕەرەوە بە جحێڵی و بێباوکی لەتاو ئەو کۆکژییە هەڵاتوون کە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بۆ خەڵکی کریستیان ساز کراوە و خۆفرۆشی کوردیش تێیدا بەشداربوون. ئەوێک کە دایک و باوکی قوربانیی دەستی ئەوەبوون، وەک دیان هاتبوونە دونیاوە، هەنووکە خۆی دەڵێت: (من ئینسانم ، ئینسانێکی یونڤێرساڵ، ئینسانێکی بێ ئایین، دەمارگیریم بۆ هیچ نەتەوەیەک نییە.) گێڕەرەوە هونەرییانە پێمان دەڵێت: ئایینی من خۆشەویستییە، ئایین و نەتەوە زادەی جوگرافیان و ئەوە هیچ شانازییەک نییە، سەر بە کام ئایین یان کام نەتەوەین. لە مێژووی کۆن و نوێماندا چەندان جار کورد بەدەست لەشکری خەلیفەوە، بەدەست داگیرکارانی عەرەب و فارس و تورکەوە، بووەتە مەقاش و بەشداریی لە قەلاچۆکردنی خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت کوردیشدا کردووە. ئەمە ڕاستییە و دەبێت ددانی پێدا بنێین و داوای بەخشین لەو خەڵکە بکەین کە بە دەستی خۆفرۆشی کورد زیانیان پێ گەیشتووە. (دەبێت ددان بەوەدا بنێین، کریستیان خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن و بەرەو ڕووی هەمان ئەو کۆمەڵکوژییە بوونەتەوە کە هیندییە سوورەکان لە ئەمریکا بەرەو ڕووی بوونەوە. ل٣٨٠)
زۆر ڕۆمانم خوێندووەتەوە، لەبیرم نایە لە هیچیاندا، هێندە بیرە خورابێتەوە، ئەوەندەی لەم ڕۆمانەدا دەخورێتەوە. ڕەنگە باڕێکی میللی لە پاریس نەمابێت، گێڕەرەوە بیرەی تێدا نەخواردبێتەوە. (مەگەر گەڵای پاییزی نوستووی ژێر باران، بزانێت چەند تینووم.) هەر دەڵێێت ئاگر لە هەناوی بەربووە و بە بیرە دەیکوژێنێتەوە. (ئەگەر وەهم نەبووایە، ژیان دۆزەخێکی ڕاستەقینە دەبوو.) ئەو وەهمەی بەهانای نووسەرەوە دێت، ژیانە بەو ئاواتەوە، ڕۆژێک دەبێتە سینەماکار. (ئەوە ئازارە، ئینسان دەکات بە کلاون.) گێڕەرەوە هەرچەندە ژیانێک بەسەر دەبات، پڕ لە ئێش و ئازار، بەڵام هەمیشە چرای قۆشمە لە ناخیدا دەگڕێت. عێراقییەک لە پاریس کە ڕۆمانی (خولگەی قرژانگ)ی (هەنری میللەر)مان (١٨٩١ – ١٩٨٠) وەبیر دێنێتتەوە، بە تایبەتی کە لە هەردوو ڕۆمانەکەدا، بیۆگرافیا تێکەڵ بە چیرۆک و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی کراوە، باڵاترین نموونەی ئەدەبی ئینسانیی تاراوگەیە، بە قەڵەمی عێراقییەک نووسرابێت، ڕۆمانێک هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، فێرمان دەکات وەک ئینسان بیر بکەینەوە و وەک ئینسان هەڵسوکەوت بکەین. ڕەنگە ژیانێکی پڕ لە ڕووداوی سەرنجڕاکێشمان بەسەر بردبێت، بەڵام تەنیا ئەوە بۆ نووسینەوەی بیۆگرافیایەک جێی بایەخی خوێنەر بێت، کۆمەکمان ناکات، گرنگ ئەوەیە وەک سەمۆئێل شەمعوون لە بواری هونەری گێڕانەوەدا لێزان بین.
*
(١) سەمۆئێل شەمعوون،عێراقییەک لە پاریس، وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل، ئەندێشە ٢٠١٤ سلێمانی.
(٢) صموئیل شمعون، عراقي في باریس، منشورات الجمل، الطبعة الاولی ٢٠٠٥ کولونیا.
(٣) حسين بن حمزة، حوارمع صموئيل شمعون عن الرواية و حياته ٢٦/٢/٢٠٠٨
(4) Fadhil al-Azzawi, En irakisk i Paris, av Samuel Shimon, Banipal 22 Våren 2005 London.