
مستەفا رەسول
هەواڵێکی تازە بەلامدا تێدەپەڕێت
گوێیەکانم بیستننیان لە هەوا دا گیربووە
دەنگێک بەدڵەڕاوکێ بۆ لام دێتن و گرینگی پێنادەم
خۆم شۆڕدەکەمەوە بۆ سەر پشتی خەیاڵێک
بۆ ئەوەی ئێستام خێراتر بکات
تا باشتر تێبگەم لە باڵەخانەیەکی سی قاتەوه
بۆچی تەنیا ژوورێک ڕووناکە!
هەر بەڕاست دڵتەنگی دەستی دەگات بەتاوەرە بەرزەکان؟
تاسەیەک وەک گرمەی هەورە بروسکە به ئاگام دێنێتەوه
تێدەگەم کۆڵانەکان هەموو هی مانەوە نین
کۆڵان هەیە هەست بە ئازاری جۆگەلە دەکاتن و
پێشوازی لە هاتنی هیچ قاچێک ناکات.
هێشتا گڵۆپەکە نەکوژاوەتەوە
لەباڵەخانەکە بووە بە فەوزا
ڕووناکیەکە پرچی خۆی دەڕنی و
تارماییەک دەیەوێت خۆی فڕێبداتە خوارەوه
من هێشتا لەکۆڵانەکە ماومەتەوە و
چاوەڕێ دەکەم تاسەکە بە ئاگام بێنێتەوە
لەحاڵی خۆم دەترسم
هەستدەکەم ئەو ڕۆژە نزیکە
پێڵاوەکانم وەک کۆڵانەکە پشتم لێبکەن و
قوڕسایی قاچەکانم بە شەقامێکی سارد بسپێرن
ڕووناکیەکەش بمداتە نێو دەستی تارکیەکی ترسناک
کارەساتە لەو ژیانە خوارە دا دوو پێی کوێر بتگێڕن!
لەودیو گەڕەکەکەمان
کە هێشتا ترێ لە دەمی ژیان شیرینە
باخەوانەکە بەدڵتەنگیەوە گەڕایەوە
دەیوت باخچەکان بەفێڵی بۆنکردن و ستایشکردن
جلی تەسک لەبەر گوڵەکان دەکەن
دایکم ئەوەی گوێ لێبوو توڕەبوو
لەو ڕۆژەوە زۆر بە درەنگی ئاوی گوڵەکان دەدا
هانی مەڕکانەکانیش دەداتن لێنەگڕێت گوڵەکان قەڵەوبن
لەبەر خۆشیەوە دەیوت:
باخچەکان چەندە بێشەرم بووینە!
سەرم لە کۆشی خۆم دادەنێم و
وەکو مریشکێک دەچمەوە ناو یەک
بیر لەو شارە دەکەمەوە ڕەنگەکانی چەندە ماندوون
ڕووبارەکانی چەندە تێنوون
شەوەکانی هێندە دەست بەتاڵن
ئاسەواری ڕۆژە نوێیەکان
وەک شوێن پێ بزر دەکەن
ناترسێم و وەک گەنمێکی سوتاو
بۆ زەوییەکی تر دەگەڕێم
خەونەکانم هەراج ناکەم و
بە ئومێدەوە ئاوی دەدەم
ئەم شوێنە ناسپێرم بە هیچ برینێ
بوونم لەوە گەورەترە زەوی نەیگرێتە باوەش!
زەوی شوێنێکی نەماوە بۆ پیاسە
ئەم جادانە نامانگەیەنێت بە هیچ شوێنێ
زمان نەبا
مرۆڤ شوێنێکی نەدەما بۆ ئارامی!
سەبارەت بە تۆ
کە چاوت بیرکردنەوەی نووسینمی هەڵگرتبوو
دەگریم
دڵتەنگیم وەک تروسکایی شەوق دەداتەوە
ئەو ڕۆژانەم دێتەوە یاد
کە ئەڤینت هێنده ژیانی لەلام جوان کردبوو
ڕۆژێکیان دوو کۆڵان دوورتر گەڕامەوە ماڵ
بۆ ئەوەی کوختییەکە بە ئاسودەیی ئاو بخواتەوە..
دەگەڕێم و نامەوێت لە ناوەڕاستی ئەم ڕێگایەدا بشکێم
دۆزینەوەی ژیانێکی تر
سەرم لە هەرایەکی گەورە دەپارێزێت
جەنگ:دەخەمە نێو گۆشەیەکی فەرامۆشەوە
جەنگ:دەخەمە نێو ڕستەیەکی ساردەوە
وێنەی شەهیدێک بەبەرچاوییەوە هەڵدەواسم
لەو دونیایەی من دروستی دەکەم
پەڕینەوەی مێروولەیەک بە سەلامەتی
له گەرمگردنی ژێر زەمینەکان گرینگترە
بیر لە داهاتووی خۆم دەکەمەوە
وەک چۆن زەوی بیر لە قاچەکانم دەکاتەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــ
چاو خشاندنێک بەم دەقە شیعرەی شاعیر سۆران صالح ؛ئەو شێوازانەی بەکاری هێناون؛ شێوازی جۆراوجۆری تێدا بەکارهاتووە؛ لە رووی زمانەوانی و رەوانبێژی و زمانی شیعرییەوە...
بەڵام من چیڕۆکی شیعرەکە دەکەمە تەوەری باسەکەم.
ئەم شیعرە چیڕۆکە شیعرێکە بنەماکانی دروست بوونی چیڕۆکی تێدا داڕێژاوە وەک :
(شوێن ؛ کات ؛ ڕووداو؛ کارەکتەر؛ سەرەتاو ناوەڕاست و کۆتایی و؛ گێرانەوە؛ خەیاڵ)
شوێن: باڵەخانەیەکی سی قاتە؛ تەنها ژوورێک رووناکە؛ کە دەڵێ؟
(تا باشتر تێبگەم لە باڵەخانەیەکی سی قاتەوه)
کات: شەوە.کە دەڵێ:
(بۆچی تەنیا ژوورێک ڕووناکە!)
(شەوەکانی هێندە دەست بەتاڵن)
سەرەتاو دەستپێکی چیڕۆکەکە بە دروست کردنی چەند وێنەی شیعری دەست پێدەکا وەکوو:
(هەواڵێکی تازە بەلامدا تێدەپەڕێت
گوێیەکانم بیستننیان لە هەوا دا گیربووە
دەنگێک بەدڵەڕاوکێ بۆ لام دێتن و گرینگی پێنادەم
خۆم شۆڕدەکەمەوە بۆ سەر پشتی خەیاڵێک
بۆ ئەوەی ئێستام خێراتر بکات) وێنە شیعرەکان بە هۆێ لادان و تەکنیکەکانی رەوانبێژییەوە دروست بوون دەقەکەیان رازاندۆتەوە؛ بوونەتەسەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی چیڕۆکەکە.
هێواش هێواش بەرەو ناوەراستی چیڕۆکەکە دەڕوات تاکوو ڕووداوی چیڕۆکەکە دەخولقێنێ کە دەڵێ:
(تاسەیەک وەک گرمەی هەورە بروسکە به ئاگام دێنێتەوه
تێدەگەم کۆڵانەکان هەموو هی مانەوە نین
کۆڵان هەیە هەست بە ئازاری جۆگەلە دەکاتن و
پێشوازی لە هاتنی هیچ قاچێک ناکات.
هێشتا گڵۆپەکە نەکوژاوەتەوە
لەباڵەخانەکە بووە بە فەوزا
ڕووناکیەکە پرچی خۆی دەڕنی و
تارماییەک دەیەوێت خۆی فڕێبداتە خوارەوه
من هێشتا لەکۆڵانەکە ماومەتەوە و
چاوەڕێ دەکەم تاسەکە بە ئاگام بێنێتەوە
لەحاڵی خۆم دەترسم.
ئەم وێنە شیعرانە ڕووداوی چیڕکەکەیان خوڵقاندووە.
کۆتا بەشی چیڕۆکەکەی لێرەوە دەست پێدەکا کە دەڵێ:
(دایکم ئەوەی گوێ لێبوو توڕەبوو
لەو ڕۆژەوە زۆر بە درەنگی ئاوی گوڵەکان دەدا
هانی مەڕکانەکانیش دەداتن لێنەگڕێت گوڵەکان قەڵەوبن
لەبەر خۆشیەوە دەیوت:
باخچەکان چەندە بێشەرم بووینە!
سەرم لە کۆشی خۆم دادەنێم و
وەکو مریشکێک دەچمەوە ناو یەک)
ئەم دەقە چیڕۆکە شیعرێکی پڕ وێنەی شیعرییە تەکنیکەکانی لێکچوواندن و خواستن و خوازە و درکەی تێدا بەکارهاتووە؛ خەیاڵی شاعیر تێدا باڵا دەستە ؛ سێ کارەکتەر ڕۆڵ دەگێرن ؛
کە ئەمانەن :
(تارماییەک) دەیەوێت خۆی فڕێبداتە خوارەوه
تارماییەک: کارەکتەری خوازراوە(مەجازە)
کارەکتەری سەرەکییە.
(من) هێشتا لەکۆڵانەکە ماومەتەوە و
کارەکتەری سەرەکی دووەمە.
(دایکم) ئەوەی گوێ لێبوو توڕەبوو
(دایک) کارەکتەری سێیەمە.
ئەم تێکستە؛ قەسیدە شیعرێکی پڕ خەیاڵ و وێنەی شیعرییە؛ روونبێژی لە بنیاتنانی شیعرەکە ڕۆڵی گەورەی پێدراوە؛ حەزم دەکرد ئەو شێوازانەو ئەو تەکنیکانەش روون بکەمەوە؛ بەڵام لەبەر زۆری وێنە شیعریەکان بابەتەکە زۆر درێژ دەبوو.
هەندێ هەڵەی بچووک لەم دەقە بەدی دەکرێ بەکورتی دەخەمە ڕوو.
لە رووی رێنووسییەوە ئەم تێبینیانە هەیە
هەورە (بروسکە) به ئاگام دێنێتەوه
بروسکە بەدوو (وو) دەنووسرێ برووسکە.
(وەکو) مریشکێک دەچمەوە ناو یەک
وەکوهەڵەیە: بەم شێوەیە دەنووسرێ (وەکوو).
(دەیوت) هەڵەیە دەیووت راستە.
Mustafa
Mustafa Raswl
(فەرامۆشەوە)هەڵەیە فەرامۆشییەوە راستە.
لەباڵەخانەکە (بووە) بە فەوزا
بووە هەڵەیە؛ (بوو بە فەوزا)راستە جونکە دوو بزوێن لە دوای یەک ناهێن.
خەونەکانم هەراج ناکەم و
بە ئومێدەوە (ئاوی دەدەم) هەڵەیە.
(ئاویان دەدەم) راستە.
(بۆچی تەنیا ژوورێک ڕووناکە!)
نیشانەی پرسیاری کەمە (؟)
دەقی جوان لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ؛ هەر کەسەو لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەو راڤەی بۆی هەیە؛ پەیام و ناوەڕک و رووخساری ناوەوەو دەرەوەو ئاوازو ریتم و جوانکاری و ...
ئەمانە هەموویان کەرستەن نووسەر بەکاریان دێنێ بۆ بنیاتنانی دەق ؛ خوێندنەوەی من لەسەر چیڕۆکە شیعرەکەیە هیوادارم گەر بە کەم و کوریش بێ ئەم لایەنەی دەقەکەم دیاری کردبێ.
لەکۆتایی دەست خۆشی لە هاوڕێ و شاعیر کاک سۆران دەکەم.