
پەپۆی دەمامکدار..!
بەیانیان
بە باڵی پەپولە دەفڕێ
لە سەر پەڕەی گوڵ
گۆرانی عەشق دەچڕێ
بەڵام کە ڕۆژئاوابوو
دەلیلی پەپۆکانە .. ؟
کەلاوەکانی شار دەگەڕێ
ماڵەکانی عەشق
دەپشکنێ..!
نەوەک ئاوازێکی نوێ
لە ناو وەنەوزی کەسەرەکان
بە هەورازی ژیان هەڵزنێ..!
۲۰۱۸-۱۲-۱۳ /عەبدولواحید ئیدریس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دەقێکی کورت بە ناواخنێکی پڕ لە تەکنیکی شیعری لە دایک بووە روونبێژی باڵی کێشاوە بەسەر ئەم دەقە؛ وێنەی شیعری جوانی تێدا نیشان دراوە .بەچەند دێرێکی کورت پەیامێکی گەورەی هەلگرتووە .
پەپۆی دەمامکدار ناونیشانی دەقە شیعرەکەیە سەرنج راکێشە جونکە ( درکە)یە لە بۆ کەسێکی خراپ بەکارهاتووە ؛ ئەم وێنە شیعریە سەرەتایەکی جوانی بە شیعرەکەی بەخشیووە؛ خوێنەر رادەکێشێتە ناو قولایی شیعرەکە.
(باڵی پەپوولە ؛ پەڕەی گوڵ ؛ گۆرانی عەشق )
سێ وێنەی ناسکن بەکار هاتوون شیعرەکەیان ناسک کردووە ؛ بەلام شاعیر ئەم سێ وێنە ناسکەی بۆ مەبەستێکی دوور و شاراوەی بەکار هێناون ؛ هیچ کامێک لەم وشانە بۆ واتا راستەقینەی خۆیان بە کار نەهاتوون؛بەلکو مەبەستێکی تریان لە پشتە ؛ بۆکردەوەی کەسێکی خراپ بەکار هاتوون ؛ کە لەژێر ئەم ناوانە خۆی دەمامکدار کردووە ؛ ئەمانەش وێنەی مەجازین واتا وێنەی خوازەیین .
لێرە شاعیر گونجاندنێکی سەرکەوتووانەی کردووە بەهۆی فڕین و گۆرانی چڕین لەسەر پەڕی گوڵ ئەمانە بۆ باڵندە دەگونجێن؛ بۆ مڕۆڤ ناگونجێن ؛ بەڵام شاعیر پەپۆی دەمامکداری هەڵبژاردووە لە جیاتی ناوی مڕۆڤی راستەقینە ؛ئەم سازانە وێنە شیعری جوانیان دروست کردووە؛ وا لە خوێنەر دەکا بەردەوام بێ لە خوێندنەوەی شیعرەکە تا کۆتایی .
ئەمانە کارو هەلس و کەوتی دەمامک دارێکە بە رۆژی رووناک .
بەڵام بە تاریکی و دوای خۆر ئاوابوون ؛ کە پێچەوانەی رۆژە قۆناغی دووەمی شیعرەکە دەست پێ دەکا ؛ بە چەند وێنەیەکی تر ئاستی شیعرەکە بەرزتر دەکاتەوە؛
( دەلیلی پەپۆکانە ..؟
کەلاوەکانی شار دەگەڕێ
ماڵەکانی عەشق
دەپشکنێ..!)
پەپۆی دەمامکدار دوای وێران کردن و کاوڵ کردنی شار؛ بۆتە رێ نیشاندەر بۆ پەپۆکانی تر؛ بەردەوام دەبێ ماڵەکانی عەشق دەپشکنێ .
ماڵەکانی عەشق خوازەیە ؛جونکە مەبەستی شوێنێکی ترە ؛ دەکرێ شوێنێک بێ بۆ پێگەیاندن و پەروەردەکردنی رۆڵەی دڵسۆزو نیشتیمان پەروەر ؛ کە عەشقێکی پیرۆزیان لە دڵ دابێ .
لە دوا بەشی شیعرەکە بە هۆی سێ وێنە شیعری؛ بە دوو تەکنیکی شیعری؛ شیعرەکەی گەیاندۆتە لووتکەی جوانی ؛
( ئاوازێکی نوێ) خوازەیە بۆ مەبەستی دەنگی نارازی و پەیامی نوێی بەکار هاتووە.
وێنەی دووەمی پێک دێ لە:
(لە ناو وەنەوزی کەسەرەکان) ئەمەش وێنەیەکی خوازەیە؛ کە لە زامی قوڵ و پڕ ئێش و ئازار دروست بووە .
سێیەم وێنە وێنەیەکی لێکچوواندنە؛
( بە هەورازی ژیان هەڵزنێ )
ژیانێک لە ژێر چەپۆکی پەپۆی دەمامکدار دابێ ؛ گومانی تێدا نیە دەبێتە هەورازێکی سەخت و وشک و ناخۆش ؛ ئەم ژیانەی چوواندووە بە هەوراز؛ بەڵام لە بەر ئەوەی رووی لێکچوون و ئەوزاری لێک چواندن بە دیار نەکەوتوون ؛ وێنەکە بۆتە (خواستن ) .
(خواستن )کە پلەیەک لە( لێکچوواندن) بەرزترە ؛ شیعرەکە بەهێزتر دەکا.
لایەنێکی تری شیعرەکە رووخساری دەرەوەی شیعرەکەیە ؛
شیعرەکە لەسەر هیچ (کێش )ێکی شیعر وزن نەکراوە بەڵام قافیە (سەروا)ی هەیە؛ بەهۆی هەریەکە لە 🙁 دەفڕێ ؛ دەچڕێ ؛ دەگەڕێ ؛ دەپشکنێ ؛ هەڵزنێ) .
رووخساری دەرەوەی شیعرەکەیان رازاندۆتەوە .
بەهۆی بەکارهێنانی تەکنیکە شیعریەکان ئاوازی ناوەوە دروست بووە ؛ شیعرەکە بە خۆشخوانی دەخوێنرێتەوە .
لەگەل ئەم جوانیانەی شیعرەکە کە هەیەتی ؛ هەندێ کەم و کورتی بچووک لە ناو ئەم دەقە هەیە ؛ کە دەیخەینە روو
خاڵبەندی :
( پەپۆی دەمامکدار..! )
بوونی ئەم کەوانەیە ( )وە هێمای سەرسوورمان (!) بۆ ناو نیشانی دەق بە کارنایەن ؛ بەلام گەر شاعیر پەپۆی دەمامکداری لە کەسێک وەرگرتبێ ؛ پێویستە لەناو کەوانەی دانێ ؛ بەڵام گەر داهێنانی خۆی بێ پێویست بە کەوانە ( ) ناکا.
وە هێمای (!) سەرسوورمان بەهەمان شێوە زیادە پێویست نیە ؛ جونکە روون مانکردەوە کە پەپۆی دەمامکدار درکەیە ؛ درکەش پێوستی بە سەرسوورمان نیە .
دەلیلی پەپۆکانە ..؟
نیشانەی پرس (؟) زیادە جونکە ئاراستەی خوێندنەوەکە دەگۆرێ ؛ گومان دروست دەبێ ؛
(دەلیلی پەپۆکانە ..؟ )جۆرە خوێندنەوەیەکە .
(دەلیلی پەپۆکانە ) جۆرە خوێندنەوەیەکی ترە جیاوازە لە خوێندنەوەی رستەی پرس؛ ئەمە شێوە دروستەکەیە .
(بەڵام کە ڕۆژئاوابوو) وشەی (بەڵام) زیادە هیچ ئەرکێکی لەسەر شان نیە ؛ گەر ئەم وشەیە لاببڕێ هیچ کەم و کوری لە واتاو جوانکاری شیعرەکە دروست نابێ .
(ماڵەکانی عەشق
دەپشکنێ..!)
ئەم دێرە پێویست ناکا بەم شێوەیە بنوسڕێ ؛ پێویستە بەم شێوەیە بێ:
(ماڵەکانی عەشق دەپشکنێ..!)
(بە باڵی پەپولە دەفڕێ)
وشەی پەپوولە بە دوو (وو) دەنووسرێ ؛ نەک بە یەک (و) .
(دەلیلی پەپۆکانە .. ؟) وشەی دەلیل وشەیەکی بێگانەیە لە شوێنی وشەیەکی کوردی بەکار هاتبا جوانتر دەبوو .
لە کۆتایی دەڵێم هەر دەقێک بوو بە مایەی سەرنج و تێرامان دیارە شیعرێکی زیندووە هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە ئەم شیعرەش یەکێکە لە شیعرە جوانەکان. دەست خۆشی لەمامۆستاو شاعیر عبدالواحید دەکەم .
مستەفا رسول ۲۰۲۳/۱۲/۱٦ هەولێر