
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەكان ئاشكرایانكردووە، ریال مەدرید بایەخ بە گرێبەستكردن لەگەڵ یەكێك لە یاریزانە دیارەكانی خولی ئیسپانی دەدات، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
میدیای ئیسپانیا ئاشكرایانكردووە، یانەی شاهانە پرسیاری لەبارەی ئەگەری گرێبەستكردن لەگەڵ ساموێل چوكوێزی، هێرشبەری یانەی ڤیاریال كردووە.
چوكوێزی، لە وەرزی ئەمساڵدا سەرنجی میدیاكانی بۆخۆی راكێشاوە، پاش ئەوەی لە یاریی یانەكەی بەرامبەر ریال مەدرید دوو گۆڵی تۆماركرد و پێشەوایەتیی ڤیاریالی كرد بۆ سەركەوتن بەسەر ریال مەدرید 3 - 2 لە خولی ئیسپانیا.
گرێبەستی چوكوێزی لە هاوینی 2024دا كۆتایی دێت، لەبەرئەوە ڤیاریال هەوڵدەدات لە هاوینی ئەمساڵدا بیفرۆشێت و سوود لە چوونە دەرەوەی وەربگرێت كە پێشبینیكراوە بەنزیكەی 40 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە لە یانەكە بڕوات.
هەرچەندە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چوكوێزی 80 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی هاتنی گرێبەستەكە، وا دەكات ڤیاریال بە نیوەی بەهای یاریزانەكە رازی ببێت.
ریال مەدرید كار بۆ رێكخستنەوە و بەهێزكردنی پێكهاتەكەی دەكات، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا هەریەكە لە ماركۆ ئاسێنسیۆ، كەریم بنزیما، ماریانۆ دیاز و ئیدین هازاردی بەڕێكرد.