
بڕیار عەبدولڕەحمان - سۆران
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٤/١١/١٤ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە دۆستانی کتێب و ڕۆشنبیران لە کتێبخانەی گشتی سۆران، کتێبی (وتە و پەند بۆ ئامۆژگاری) لە نووسینی (جەمال ڕەسوڵ مستەفا) ناساندنی بۆ کرا.
ناوبراو لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە و چۆنیەتی بەچاپ گەیاندنی قسەی کرد. دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە، ئامادەبووان ڕۆڵ و هەوڵدانەکانی ئەو لاوە بەهرەمەندەیان بەرز نرخاند و هیوایان خواست پاڵپشتی زیاتری بکرێت و گرنگی زیاتر بە بەهرەکانی بدرێت.
لە کۆتاییدا لە پای هەوڵ و ماندووبوونەکانی ڕێزلێنان و چەپگە گوڵی کتێبخانەی گشتی سۆران لە لایەن خاتو ڕەفتار حەسەن بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی ئیدارەی سۆران پێشکەش بە جەمال ڕەسول کرا. دواتر کتێبەکە بە دیاری بەخشرایە ئامادەبووان.
جەمال رەسوڵ ئەگەر چی کەسێکی نابینایە، هەر لە تەمەنی شەش مانگیەوە بەهۆی تەقینی مین لە ماڵەکەیاندا چاوەکانی لەدەستداوە، بەڵام نابیناییەکەی نەبوەتە ڕێگر لەبەردەم بەهرەو تواناکانی، ناوبراو جگە لە نووسین شارەزایشی لە بوارەکانی هونەر و میوزیک هەیە.