
نووسینی: یەشار کەمال
وەرگێڕانی بۆ کوردی: ڕێباز مستەفا
بابەت: کۆمەڵە چیرۆک
چاپ: ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
٣٠٠لاپەڕە
----------------
ڕاناانی حەسەن هەندرێنی
سەربازانی خوا
بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بە سەر ناوەرۆکی کتێبی سەربازانی خوا، دەبێ چاوێکمان لەسەر جیهانى ڕاستەقینەى ڕووداوەکانى ناو ئەم چیرۆکانەبێ، کە دەچنەوە سەر ڕێبازی ڕیالیزم، ئەو ڕێبازەى بووە جێی سەرنجى نووسەرە ناودار و ڕەخنەگرەکانى ئەدەبى فەرەنسی لە نموونەى ستانداڵ و بلزاک و فلۆبێر و مۆپەسان، ئەم بەهرەمەندانە، کۆى بەرهەمەکانییان بەشێوەیەکى تەواو ڕیالیستى خستوونەتەڕوو و نەمرییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە، کە سەیرى بەرهەمەکانى نووسەر گى دۆ مۆپەسان، دەکەین، بە تایبەت یەکەم ڕۆمانى لەو شەش ڕۆمانە بە پێزەى پێشکەشی کتێبخانەى فەڕەنسى کردووە بەناوى (بەسەرهاتى ژنێک) تەواو دەچینە ناو ژیانى ژنێک لە تەمەنى ١٧ ساڵییەوە تا پیری، لەم ڕۆمانەدا نووسەر وا بە نێو سروشتدا دەتگێڕێ، حەزدەکەى بێ چاوساغ بەو ناوچانەدا بڕۆیت و ناوەرۆکى ئەم ڕۆمانە بکەیتە دەلیلى خۆت. ئێستاش دواى سەد و سی ساڵ کە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانى بۆسەر زمانى شیرینى کوردى دەخوێنینەوە، وا هەست دەکەین ئەم بەرهەمانە بۆ کۆى ویژدانى مرۆڤایەتى نووسرابن، لە ڕوانگەى ستاتیکییەوە ئەوەندە بەرز و جوانن، مەگەر یەشار کەمالى بە ڕەچەڵەک کورد توانیبێتى بگات بە ئاستى ئەو وەسفە ورد و جوانەى لە توێی بەرهەمەکانى مۆپەساندا دەیانبینین، ئەو لێکچوونە زۆرەى نێوان ئەم دوو بەهرەمەندە بەتایبەت کە ئێمە دەمانەوێ باسێک لە کۆچیرۆکى سەربازانى خوا بکەین، بەراورد بە هەردوو ڕۆمانى پییر و جان و بیل ئام، ڕووبەڕووى هەمان کەشى خوێندنەوە و جوانیی سروشت و شێوە ژیانى تەنیای کاراکتەرەکانى نێو ئەو بەرهەمانە دەبین، خاڵى هاوبەش لەنێو ئەم دوو نووسەرەدا گەلێک زۆرن، ئەگەر کەسێک بیەوێ بەراوردێکیان بکات و بە وردى شەن و کەوى بەرهەمەکانییان بکات. ئەوەى بۆ من جێی تێڕامان بوو، کەشى ناو چیرۆکەکانى سەربازانى خوا و ڕۆمان و نووسینەکانى مۆپەسان بوو. ئەگەر چیرۆکەکانى یەشار کەمال لەم کۆ چیرۆکەدا زیاتر بەسەر دەریا و ناو پارکى فلۆریا و کوچە و کۆڵان و شێوە ژیانى کەسە پەراوێزخراوەکانى شارێکى گەورەى وەک ئەستەبۆڵ بن و باسی گەرمییان لە تەوەرى ڕاوە ماسی و گرتنى باڵندە و ئەم جۆرە ئیشانەدا بسوڕێتەوە، کە هیچ تێچووێکى نییە بۆ کەسەکان، ئەوا لە ڕۆمانى پییر و جانى مۆپەسانیش، لە دێڕەکانى یەکەمى ئەم ڕۆمانەدا و بە دیاریکراویش کە بەناوى بابە ڕوڵاند دەست پێدەکات، ئەو پیاوەى ئارەزووى لە ڕاوە ماسییە، دەچینە ناو هەمان کەشى ئەو چیرۆکانەى یەشار کەمال دایڕشتوون، لەوێ مێرمنداڵەکان نەوەک هەر بۆ ئارەزوو، بەڵکو بەندەکانى ژیانییان بە ڕاوە ماسییەوە گرێدراوە، بەڵام لاى مۆپەسان ئارەزوو زیاتر باڵادەستە تا دەرکردنى بژێوى لەسەر ڕاوە ماسی، ئەگەر بە وردى سەرنج لەم پەرەگرافە بدەین ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ بەدیاردەکەوێ، کە دەریا چ جادووێک لە مرۆڤ دەکات "جان بە باوکى دەڵێت: باوکە خێرە موجامەلەى مێوانەکەمان (روزمیلى) ناکەی! جەنابى ڕولاند شڵەژا و تەوازى هێنایەوە و گوتى: ببوورە خات روزمیلى، من ئاوام، خانمان دەعوەت دەکەم، چونکە حەز دەکەم لەگەڵیاندا بم، پاشان کە دەگەمە ناو ئاو و خۆم بەسەر ئاوەوە دەبینم ، خۆم لەبیر دەکەم و تەنیا بیر لە ماسی دەکەمەوە. لا 18 ڕۆمانى پییر و جان" . تا زیاتر لەگەڵ ئەم دوو نووسەرەدا بڕۆین، زیاتر خاڵى هاوبەشیان لەنێواندا دەدۆزینەوە.
بە حوکمى ئەوەى لە نێو ڕێبازى ڕیالیزمدا پاڵەوان یان کاراکتەرى سەرەکى ناو چیرۆک و ڕۆمان ... پێبەپێ لەنێو ڕووداوە ڕاستەقینەکاندا گەشە دەکات و دەردەکەوێت، نەک وەک ئەوەى لە نێو ڕێبازەکانى بەرایی (کلاسیزم و ڕۆمانسیزم) دا ، کە پاڵەوان ئامادە دەکرا و پێشکەش بە خوێنەر دەکرا. ئەم نموونانە لە ڕۆمانەکانى (تاوان و سزا و برایانی کارامازۆف) ى دیستۆفسکی ڕۆماننووسى ڕووسییشەوە بەڕوونى بەدیاردەکەون و نموونەیەکى ڕاستەقینەمان بۆ بەرجەستە دەکات. هەروەها گۆگۆڵ و لیۆ تۆڵستۆى و چیخۆف نموونەى زیندووى ترن لەم بوارەدا. بە تایبەت جەنگ و ئاشتى و ئاناکارنیناى لیۆ تۆڵستۆى، تا ئەمڕۆش زەنگەکەیان لە هۆشیاریی خوێنەراندا دەزرنگێتەوە.
جیهانى ناو ئەم چیرۆکانەى یەشار کەمال لەم خاڵەدا ڕێک دەچێتەوە سەر ڕێبازى ڕیالیزم، بەوەى نووسەر پێبەپێ پاڵەوانمان پێدەناسێنێ و لە چاوەڕوانى کارەسات یان ڕووداوى گەورەتر دەمانهێڵێتەوە. یان ڕووبەڕووى بویەرێکى ترمان دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە، نەک هەر پاڵەوانەکان تەنانەت شتەکانى دەوروبەریش خۆیان دەدوێن، بەتایبەت ئەوەم لە چیرۆکى ( دەتگوت ئەو ڕۆژانە لە ئاسمانەوە باڵندە دەبارن) لە چاوى باڵندەکاندا خوێندەوە.
بۆئەوەى هیچ گومانێکیشمان نەمێنێ لەوەى ئەم چیرۆکانە یان ڕاستتر بڵێم چیرۆکە هەواڵانە (فیچەر) سەر بە ڕێبازى ڕیالیزمن، پاراوى و ڕاشکاوى ئەو زمانە سادەیەیە کە نووسەر بەکارى هێناوە یان لەسەر زارى کاراکتەرەکانى دەیانخاتەڕوو، ئەوەى کە لە دەروونییاندایە بەو زمانە سادەیە هەڵیدەرێژن و هەموومان بە ئاسانى تێیان دەگەین.
هەروەک دەزانین، لە ڕیالیزمدا زۆرتر گرینگی بە چیرۆک دەدرێ تا ژانرى ترى وەک شیعر، بۆیە کەمترین زمانى شیعرى لەنێو ئەم هەشت چیرۆکەدا بەدی دەکەین، ئەوەى دەیبینیین هەمووى گێڕانەوەى ڕووتە، تێکەڵ بە هەست و سۆزن، دوورن لە ڕووداوى خەیاڵکرد.
لە کتێبى سەربازانى خوا، بەسەر خوێندنەوەى هەشت چیرۆکى ناوازەدا هەڵدەبین. کە هەریەکەیان تام و بۆى لەوەى تریان خۆشترە. بەڵام بێ ئاخ هەڵکێشان و هەڵڕشتنى فرمێسکیش تەواو نابن. لەبەرئەوەى چیرۆکەکان ڕووداوی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەن، کە لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ژیان دەگوزەرێنن، بەتایبەت ئەوانەى کە بێ سەرپەرشت ماونەتەوە، لە ئەنجامى کێشەى خێزانى یان دروستبوونى تەنگ و چەڵەمەى دیکە بۆیان و بەناچارى کەوتوونەتە سەر جادەکان و ڕۆژان لەنێو کوچە و کۆڵانەکانى ئەستەنبۆڵ بۆ بەدەستهێنانى بژێویی خۆیان خەریکی گیرفانبڕینن یان دەکەونە کێشە و بێشە و دروستکردنی شەڕ و ئاشووب یان لەنێو پارکى فلۆریا ڕۆژ و شەو ئەوێ بە ماڵی خۆیان دەزانن، یان ژێر زێرابى ئاوەڕۆکان دەبێتە خۆشترین جێی خەوتنیان! یان هەیانە خواستى دزى و گیرفانبڕینی نییە و خۆى بە ڕاوەماسی لە دەریا یان ڕاوکردنی باڵندەکان لە وەرزى زستاندا بە تۆڕ و تەپکە، لە نێو پارکەکان خەریک دەکات. یان وەک موحتەرەم یوغون تاش، هەر ئیشێک بێ دەیکات بۆ ڕازییکردنى دڵى بەرانبەر تا بتوانێ جێی خۆى بکاتەوە و بە سکى برسی ڕۆژ نەکاتەوە.
هەر چیرۆکێک لەم هەرشت چیرۆکە بابەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و هەموویان لە ڕێی چاوپێکەوتنى نووسەرەوە لەگەڵ کاراکتەرەکاندا سەرنج دراون و تێبینی کراون و داڕێژراونەتەوە و خراونەتە بەردیدەمان، هەر چیرۆکێک لەو چیرۆکانە دەخوێنیتەوە دەڵێی ئەوەیان کاریگەرتر بوو لەوەی پێشتر، وەلێ هەموویان بە سەر یەکەوە یەکتری تەواو دەکەن و دەکرێ وەک ڕۆمانێک لێیان بڕوانین.
لەبەرئەوەى ئەمانەش گێڕانەوەن و لە چوارچێوەی ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەوانیشدان، دەکرێ وەک چیرۆکە هەواڵ (فیچەر) بیان ناسین، ئەگەر پەردەی ئەوەشیان لەسەر لابدەین کە نووسەر مەبەستی نەبووە لایانبدات، بێگومان دەچنەوە سەر جیهانی ئەدەب و نێو ژانری چیرۆک و نۆڤلێت، لەبەرئەوەی کۆی چیرۆکەکان ڕاستەقینەن و ژینگە و کەسەکان دیارن و لەگەڵ سەربردەی هەر یەکەیان بەرخورد دەکەین، دەکرێ بڵێین کۆمەڵە چیرۆکێکی ڕیالیزمین و سەر بە جیهانێکی ڕاستەقینەن. بەڕاى من ئەوەی وەک کێشەى ئەدەبى دێتە بەردەمیان، ئەوەیە چیرۆکەکان چارەسەریان لەگەڵ دانییە، ئەوەی هەیە گێڕانەوەیەکی ڕووتی زاری ئەو مێرمنداڵانەیە، کە لەو مەینەتیانەدا دەژیین، بێ ئەوەى چارەسەرێک دۆزرابێتەوە، تەنیا ئەوەى لەلاى خوێنەر تێبینى دەکرێ هەڵچوونێکى سۆزدارییە، لەگەڵ ئەم شێوە ژیانەى تێیدا دەژیێن، دەکرێ لە دەرەوەى چیرۆکەکان نووسەر بەو ئامانجە دایڕشتبنەوە کە دەوڵەت فریایان بکەوێ و چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.
لە ڕەگەزە هەرە بەهێزەکانى ئەم چیرۆکانە، ژینگە و بارودۆخى کۆمەڵایەتى و دەوروبەرە، کە کاریان لە ژیانى تاک بە تاکى ئەو کاراکتەرانە کردووە و لە خۆیان نزیک خستووینەتەوە و وایان لێکردووین بە حەزەوە کۆتایی چیرۆکەکانییان ببینین، کە وەک جارێکى دیکەیش دەیڵێمەوە، ناخهەژێن و کارەساتبارن.
هێنانەزمانى ئەو مێرمنداڵانە، هەر لە بەهرەمەندێکى وەک یەشار کەمال دەوەشێتەوە، وەک خۆى لەنێو چیرۆکەکاندا دانى پێداناوە، کە چەندان مانگ بە دیارییانەوە بووە و ئەم بەرهەمەى لێ هەڵێنجاوە. بەهرە و تواناکانى وەرگێڕ ڕێباز مستەفاش لێرەدا باشتر بەدیارکەوتوون، لە بە خۆماڵییکردنى زمان و ئاسان لێتێگەیشتنی.
٢/٤/٢٠٢٣ هەولێر
حەسەن هەندرێنى