
شێعری: پاروێرسواك
و:خالید فاتحی
خۆرئاوا ئاوساوە
تیشكەكان
زۆر دەمێكە بە دەنووكی لار
شەوگاریان شەق كردووە
پیادەڕۆكان ئیتر لەژێر پێی بنیادەمان دهم خوار ناكەنەوە
شەقامەكانیان گسك داوە
خۆڵ و خاشاكە فڕێدراوەكانی تاریكی
هەتاو دەبێ بیبات.
(ئێستا) تەواوی شار بەچاوی بازەوە خەوتوون
بەڵام تۆ هێشتا نەخەوتووی، ئەوینی من؟
-شەوت باش
خەڵفە كانی كەسەر گەڵادەگرن
تا بەڵكوسێبەرێكی ژەهراوی پانكەنەوە
لێگەڕێ هەر كەسێك دەیەوێ بابخەوێ
بەڵام تۆ لەژێر ئەوسێبەرە ژەهراویە مەخەوە، ئەوینی من
-شەوت باش
قەیرە كچێكی ئاشنا
بێخەویەكی بێزراو
هەتا دەرمانەكانی خەوهێنەریش
لەدەست ئەو قەیرەكچە ڕزگارم ناكەن
لەدەست ئەو بێخەویە بێزراوە
من لەو قەیرەكچە
لەو بێخەویە بێزراوە دەترسم
وەكو منداڵێك لە دكتۆر یا پەرستار
لانیكەم تۆسەلامەت بەو بنوو
-شەوت باش
شەوگەلێكی زۆر لە ژیانمدا بوون
گوتنیان ئاسان نییە
ژماردنیان بەژمارە ناژمێردرێن
تەنیا دەتوانی بە پەنجەكانی عەشق بیانژمێری
كە ڕەنگە لە ژماردنیان بچەمێنەوە
بەڵام سەختە گەلێك سەختە بتوانرێ لێك بكرێنەوە
ئەو حیسابە ئاڵۆزە بە من بسپێرەو
بنوو ئەوینی من
-شەوت باش
دەڵێی تەنیا بۆ من
باران بە پاكیەوە چەندان كاتژمێرە دەبارێ
چونكە هیچ كەسێك بێدارنییە
هەموان دەمێكە خەوتوون
تۆش چاوەكانت لێكنێ، ئەوینی من
-شەوت باش
سپێدە نزیكە – ڕەنگە لەترسی هەتاو
بارانیش بوەستێ
بارانیش وا لێیكردەوە
بەڵام تۆ ... ئێستاش بێداری
دەی تۆش – دەبێ
بەمن ڕەحم كەیت و بڵێی
ئەوینی من شەوت باش
* * *
(پاروێرسواك)یەكێكە لە گەورە شاعیرانی ئەرمەن لە ساڵی 1924 لەدایك بووە. لە ساڵانی 1940 تا 1945 لە زانكۆی یەریڤان خوێندوویەتی و دەرچووی بەشی كارناسییە لە ڕشتەی ئەدەبیات. لە ساڵی 1951 چووەتە مۆسكۆ و لە زانكۆی ماكسیم گۆركی درێژەی بەخوێندن داوەو لە ساڵی 1967 دكتۆرای لە ئەدەبیات وەرگرتووە.
لە ساڵی 1967 مەدالیای كاری ئاڵای سووری وەرگرتوەو ساڵی دواتر بە نوێنەری پەرلەمان لە شورای بەرزی یەكیەتی سۆڤیەت هەڵبژێردراوە .
لە (17)ی ژوئیەی 1971 لە رووداوێكی هاتووچۆدا لەگەڵ هاوسەرەكەی گیانیان لەدەستدا .
سەرچاوە :
مجلە (عصرپنجشنبەها) شمارە (59-60) 1382