
هەژار ئیبراهیم/ سۆران
وا بڕیارە لە یادی شەوی یەڵدا دا، كتێبێكی تری نووسەر(سەدیق سەعید ڕواندزی) بە ناوی (شەوی یەڵدا لە نێوان نالی و كوردی دا) چاپ و بڵاو بكرێتەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەی ئەو شیعرەیە، كە ئایا شیعری كام لەم دوو شاعیرەیە، كە هەتا ئێستا هەندێك بە شیعری نالی و هەندێكی دیكەش بە شیعری مستەفا بەگی كوردی دایدەنێن.
نووسەر لەو كتێبەیدا، بە خوێندەوەیەكی زمانی و فەرهەنگی زمانی شیعری هەردوو شاعیرەوە، شڕۆڤەی دەقەكە دەكات و ڕوونیدەكاتەوە كە ئەم شیعرە شیعری نالییە و هیچ پەیوەندییەكی بە كوردییەوە نییە، چونكە زمان و جیهانبینی و لایەنی وشەسازیی شیعری دەقەكە لەهی نالی دەچێت نەك كوردی. هەر لە پەراوێزی شڕۆڤەكردنەكەدا، نووسەر ئاماژە بە زمانی هەردوو شاعیر و دواتر بەستنەوەیان بە زمانی سەردەمی بابانەكان و شیعری كلاسیكی ئەو كاتە دەكات و دواتریش لە سەر زمان و لایەنی وشەسازیی شیعری شەوی یەڵدا دەوەستێت، كە ئایا شیعرەكە لە زمانی شیعرەكانی نالی دەچێت یان كوردی؟
نووسەر بەڕێگای كوردستانی ڕاگەیاند:
بڕیارە ئەم كتێبە لە ڕۆژی بیستی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوودا، كە هاوكاتە لەگەڵ شەوی یەڵدا لەلایەن كۆمەڵگەی فەرهەنگی ئەحمەدی خانێ لە سۆران، چاپ و بڵاو بكرێتەوە.