سەدیق سەعید ڕواندزی

دەقی شانۆیی وەك ژانرێكی هونەری، هاوشێوەی هەر دەقێكی دیكەی نووسراو، بونیادێكی واتایی و زمانەوانی هەیە، وەلێ جیاوازی لەگەڵ دەقەكانی دیكەدا ئەوەیە، كە لە شانۆدا, وشە و دەربڕینەكان تەرجەمەی واقیع دەكرێن و لە زمانی نووسینەوە دەبنە زمانی جووڵە و ئاماژە و گەیاندن. بۆیە دەقی شانۆیی وەك تێكستێكی نووسراو، بەبێ نماییشكردن، ئەو ڕەهەندە واتاییە ناگەیەنێت وەك ئەوەی لە دەقی دیكەدا دەبینرێت، چونكە لە بنەڕەتدا بۆ نماییشكردنە و زمانی تێكست، زمانی جەستە و ڕۆڵ بینینە، لەوەی زمانی خوێندراو بێت، لە زمانی شانۆدا، ئێمە هەر تەنها لە پەیوەندی بە خوێندنەوە وەك كردەیەكی هزری نین، بەڵكو لەسەر چەندین ئاستی جیادا و لە ڕێگەی كۆی هەستەكانمانەوە بەر دەق دەكەوین، بەو پێیەی دەقی شانۆ، هەر تەنها دەقێكی خوێندراو نییە، بەڵكو نماییشكارانەشە و دەخرێتە سەر مینبەری شانۆ و دەبینرێت. ئەوەی دەقێكی شانۆیی لە دەقێكی ڕۆمان و چیڕۆك جیادەكاتەوە، ئەو ئاستە نماییشكاریەیە كە دەشێ بەبێ بینینیشی، تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوە و پەیوەنديی كارەكتەرەكان و زمان و دەربڕین و جووڵەیان، هەستی پێ بكەین و بەریبكەوین.

ئەگەر مرۆڤێك لەو پەڕی تووڕەییدا، لەمیانەی گێڕانەوەی ڕووداوێكی نێو ڕۆماندا، نەتوانێت  ئەو پەرچەكردارییە دەروونییەی خۆی لە پەیوەندی بە ئەوانیتر بگەیەنێت، ئەوا لە شانۆدا دەتوانێت، چونكە لە شانۆدا هەر تەنها گێڕانەوە بوونی نییە، بەڵكو پەیوەنديی زمانی و جەستەیی و سایكۆلۆژی كارەكتەرەكانیش هەیە، بەو مانایەی ئێمە دەتوانین درك بە تووڕەییەكانی كارەكتەرێكی نێو شانۆ لە كاتی نماییشدا بكەین، هەر ئەمەشە جیاوازی خوێندنەوە و بینین لە ڕووی گوتارەوە لە شانۆ و ڕۆماندا دەردەخات كە لەوەی یەكەمیان زمانێكی نماییش و بەرجەستەییە، لەوەی تریان زمانێكی خوێنراو بێ جووڵە و دەنگ و سەدایە.

شانۆنامەی (میوانێك لەسەر زەمینێكی دوورەوە) باس لە وێرانكردن و تێكدانی گوندەكانی كوردستان و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەكات. لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار و ئەفسەرە سەربازییەكان، دوای ئەوەی گوندەكان وێران دەكەن، ژن و كچەكان بە دیل دەگرن و لەنێو ئەو هەموو كچانەدا، یەكێكیان زۆر جوان و سەرنجڕاكێشە بۆیە سەلیمی بەردەستی سوپاسالار، داوا لە فەرماندەكەی دەكات، كە بۆخۆی، واتا سوپا سالار بێت. جوانی ئەم كچە بە كەنیزەكراوە، وا لە هەمووان دەكات، وەك حۆرییەك بیبینن و بیناسێنن، بۆیە سەلیمی (هاوەڵ _موڕاسیل)ی سوپاسالار، كە كارەكەر و بەردەستی سوپاسالارە، لەگەڵ نادیەی خزمەتكاری ماڵی سوپاسالار، پێشنیاری ئەوە دەكەن ئەو كچە وەك دەسكەوتی شەڕ و وێرانكردنی گوندەكان، بۆخۆی هەڵبگرێتەوە، ئەویش لە سەر داوای ئەوان،  گلیدەداتەوە و ناوی دەنێت سوندس. سوپاسالار، بڕوای وایە، ئەمە لە پاداشتی سەركەوتنیەتی لە شەڕدا، خوا ئەم جوانەی پێشكەشكردووە. جوانی سوندس، دەبێتە پرس و بابەتی هەمووان و هەركێ دەیبینێت، سەرسامی دەبیت، بۆیە سوپاسالار و سەلیم، ڕێكدەكەون كە لە بۆنەیەكدا سوندس وەك حۆرییەكی بەهەشت، كە لە ئاسمانەوە بۆ سوپاسالار دابەزیوە، بناسێنن و ئیدی لە ئاهەنگێكدا  كە سوفیانی فۆتۆگرافەر، ئەنوەری نیگاركێش، سەلامی پەیكەرتاش و چەندین ئەفسەر و سەرباز و ژنە كارەكەرەكانی دیكەی ماڵی سوپاسالار تیادا بەشدار دەبن، سوندس دەناسێنرێت و بەڵام لیوا ڕوكن وەفیق، خۆی لەبەر جوانییەكەی ناگرێت و پەلاماری دەدات.

چیڕۆكی سوندس، دەگاتەوە سەرۆكی وڵات كە نابینایە، سەرۆك پێیوایە ئەم ژنە، دەبێتە سەرچاوەی ئاشووب و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نێوخۆيی، بۆیە دەبێت وەك ژنەكانی دیكە، بكوژرێت و بزر بكرێت، بەڵام بە خۆكوشتنی سوپاسالار لە غەم و مەراقدا، ئیدی سەلیم، سوندس بۆ ماوەی پێنچ ساڵ دەشارێتەوە، تاكو سیستەمی وڵات دەڕووخێت و ئەمیری موسڵمانان دێت و سەلیم و نادییە و هەمووان بەیعەت بە ئەمیر دەدەن.

بێگومان كارەكتەرەكانی نێو دەقێكی ڕۆمان، یان چیڕۆك و شانۆنامە، دەبێ لە ڕووی شوناسی كەسی و كۆمەڵایەتی، پیشە و ئاستی تێگەیشتن و هوشیاری و جیهانبینیان لەیەكتری جیا بن. ئەم جیاوازكەوتنەوەیە، بەشێكە لەو سرووشتە كۆمەڵایەتی و بایۆلۆژیيەی مرۆڤەكان هەیانە، بەو مانایەی مرۆڤەكان دواجار لە ڕووی شوناس و بیركردنەوە، جیاواز دەكەونەوە لە یەكتری، لە ڕووی زمان و هەڵسوكەوت و كردار و ڕەفتارەكان. ئەم جیاوازكەوتنەوەیە، لە دەقی ئەدەبیدا، دەبێ زۆر بەوردی و لە ڕووبەری ڕووداوەكاندا دەربخرێت و جەخت لە ناسنامەی سەربەخۆیی كەسایەتییەكان بكرێتەوە، كە خۆیان دواجار وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی نووسەر، بیر بكەنەوە و هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەكاندا بڕۆن، چونكە لەنێوان دەنگی گێڕەرەوەی هەمووشتزانی دەرەوەی فەزای دەقەكە، لەگەڵ گێڕەرەوەی نێو دەقەكەدا، كە لەسەر زمانی كارەكتەرەكان دەگێڕدرێتەوە، دەبێ جیاوازییەكی بنچینەیی هەبێت، ئەگینا بەئاسانی زاڵبوونی دەنگی نووسەر بە سەر ڕووداوەكان دەبینرێت.  لەو ڕوانگەیەوە، لەو شانۆنامەیەدا، گەر لەسەر زمانی كارەكتەرەكان و پێگە و ئاستی تێگەیشتن و شوناسی پیشەیی و كۆمەڵایەتییان بوەستین، دەبینین هەست بە بۆشایيەكی گەورە دەكەین. سەرەتا ئەو كارەكتەرانەی كە ڕۆڵی سەلیم، سوپاسالار، ئەفسەر و لیواڕوكن دەبینن، هەموویان كارەكتەری سەربازین. هەڵبەتە سەرباز لەپاڵ شوناسی كەسی و كۆمەڵایەتییانەی خۆی، شوناسێكی دیكەی هەیە كە ئەویش سیفەتی سەربازییە. سەرباز كەسێكە، پابەندبوونێكی دیسپلینی و سەربازی هەیە و ئەركی تەنها جێبەجێكردنی ئەو فەرمانانەیە، كە بەپێی پلەبەنديی سەربازییەوە، لە باڵاترین دەسەڵاتەوە بۆ نزمترین دەسەڵات دەردەچن. ئەگەر ئەو پلەبەندییەش كە بنەمای سەرەكی و بنەڕەتی ژیانی سەربازییە نەبێت، ئەوا شتێك نییە بە ناوی پەیكەری كارگێڕی سوپا و لەشكر. سەرباز لەژێر فەرماندایە، ناتوانێت لەو ئەركەی بۆی دیاریكراوە دەربچێت، ئەمە بەو مانایە نییە سەرباز مرۆڤ نەبێت و بوونەوەرێكی دەعەجانی بێت، بەڵكو بەو مانایەی سەرباز بەرلەوەی مرۆڤ بێت، لە ژیانی سەربازیدا سەربازە، بۆیە هەمیشە پێیدەگوترێت جێبەجێ بكە، دوانر گفتوگۆی لەسەر بكە، كە لێرەدا بەها و مانایەك بۆ گفتوگۆ نامێنێتەوە.

پەیوەنديی نێوان مرۆڤەكان لە ژیانی سەربازیدا، لەسەر ئەو پلەبەندییە ڕێكدەخرێت و شێوەی هەڕەمێكی پیرۆز وەردەگرێت. ئەو زمانەی لە سەربازگەیەك و لە جەنگ و شەڕدا هەیە، زمانێك نییە وەك هەر زمانێكی دیكەی نێو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە لەوێدا ئەرك و ڕێككاری سەربازی هەیە. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە كارەكتەرە سەربازییەكان لەو شانۆنامەی بەختیار عەلی بدەین، ئەوا هەست ناكەیەن ئێمە لەبەردەم وێنەیەكی تۆقێنەر و جەلادانەی سەرباز و فەرماندەكانداین، بەڵكو وەك هەر كەسێكی ئاسایی دەبینرێن و دەدوێن. تەنانەت پەیوەندی سەلیم وەك موڕاسیلێك ( ئەوانەی سەربازییان كردووە دەزانن موڕاسیل چییە!) و سوپاسالار كە بەرزترین پلەی سەربازییە و لەدوای وەزیری بەرگرییەوە دێت، پەیوەندییەكی زۆر ئاسایی و كۆمەڵایەتی و كاریكاتۆرانەیە. سەلیم بەجۆرێك لەگەڵ سوپاسالار دەدوێت، كە هیچ سام و ترس و شكۆیەكی سەربازی لێ نابینرێت، كە ئەمەش پێچەوانەی ژیانی سەربازییە كە جیاوازییەكی گەورەی لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا هەیە.

سەلیم و سوپاسالار، وەك دوو كەسی میللی و ئاسایی دەدوێن، تەنانەت نادیە و سوفیان و ئەوانیتریش بە هەمان شێوە لەگەڵ سوپاسالار گفتوگۆ دەكەن، وەك ئەوەی لەبەرانبەر هەر كەسێكی دیكەی ئاساییدا بن. لێرەدا خاڵێك هەیە كە دەبێ ڕوونی بكەمەوە، بۆ ئەوەی وا لێكنەدرێتەوە كە ئەمە دەقە و پەیوەنديی بە واقیعەوە نییە و لە خەیاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، وەك ئەوەی زۆرجار كاك بەختیار و خوێنەرە زەبەند و سەرسامەكانی ئەویش، لە وەڵامی ئەوانیتردا، وەك وەڵامدانەوەیەكی ئامادە و حازربەدەست دەیڵێن. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، لەو دەقەدا ئێمە لەبەردەم كارەكتەرێكین كە سەربازە، سەربازیش دەبێ پابەندی بنەما سەربازییەكان بێت و وەك سەرباز ڕەفتار بكات، بەرلەوەی وەك مرۆڤ، چونكە نابێ ئەوەمان بیربچێت پرۆسەی بەسەربازبوونی مرۆڤە دواجار ئەو هەست و تێگەیشتنەی لا دروست دەكات، كە وەك سەربازێك بكوژێت و خوێن بڕێژێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی كرداری بەسەربازیبوونە بەو مانایەی تا هەڵگڕی شوناسی مرۆڤە، ناتوانێت كەس بكوژێت، بەڵام كاتێ دەبێتە سەرباز، ئیدی هەست دەكات ئەوەی دەیكات، جۆرێك لە ڕەوایەتی مرۆیی و یاسایی هەیە، بۆیەشە لە جەنگەكاندا، هیچ كام لە سەرباز و فەرماندەكان، خۆیان وەك بكوژ نابینن و بڕوایان وایە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییان جێبەجێكردووە. كەچی لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار وەك ئەوەی هیچ پلەیەكی سەربازی نەبێت وەها ڕەفتار دەكات. ئەو لە دیالۆگێكدا بە سەلیمی سەرباز و هاوەڵی دەلێت : ( من بۆیە حەزم لە جوانییە چونكە ڕقم لە بیركردنەوەیە . ل 57) بەڵام بەپێچەوانەوە، كەس ئەوەندەی فەرماندە سەربازییەكان بیرناكەنەوە، پێویستییان بە نەخشە و پیلان و نەخشەڕێی هێرش و بەرەنگاری نییە. ئەمە لەگەڵ سرووشتی پیشەیی و ئەركی سەربازییانەی سوپاسالار یەكناگرێتەوە. واتا لەو شانۆنامەیەدا، ئێمە لەبەردەم فەرماندەیەكی باڵای سوپاداین، بەڵام لە بنەڕەتدا وەك فەرماندەیەكی سوپا، ڕۆڵ نابینێت، هەروەها موفتی وڵاتیش كە بەرزترین پایەی دینییە، كەچی وەك ئەوە وایە شارەزایی لە ئایین هەر نەبێت. موفتی دەڵێت: (خودای گەورە هێزگەلی بێ سنووری بە شەیتان بەخشیوە. ل 191) بەڵام شەیتان دەسەڵاتێكی بێ سنووری نییە، ناتوانێت فریشتەكان بەلاڕێدابەرێت و ئەگەر شەیتان بیتوانیایە هەموو شتێك بكات، ئێستا كەسێك لە ژیان نەدەما پاك و بێ گوناه بێت، كەواتا چۆن دەبێت كەسێك پلەكەی موفتی بێت، بەڵام زانیارییەكی ئەوتۆی لەسەر شەیتان نەبێت؟! ئەمە پەیوەستە بە زاڵبوونی دیدگای نووسەر، بەسەر ڕۆڵی كارەكتەرەكانی شانۆنامەكە، بەو مانایەی لەبری ئەوەی سەربەستیان بكات خۆیان وەك كارەكتەر ڕۆڵ بگێڕن، بەپێچەوانەوە نووسەر لەدەرەوەی دەقەكەدا جڵەویان دەكات و بەئارەزووی خۆی، ڕۆڵیان پێدەگێڕێت، كە ئەمەش لە تەكنیكی ڕۆمان و چیڕۆك و ئەو ژانرانەی كەسیەتی ڕۆڵیان تێدا دەبینێت، نابێ بوونی هەبێت.

لە دیمەنی دووەمدا، دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی وڵات دەگۆڕێت و ئەمیر و پیاوە موجاهیدەكان دەسەڵات دەگرنەدەست، ئیدی هەر یەك لە سەلیم و ژنەكان و سەربازەكانیش، بەیعەت بە دەسەڵاتی خەلافەت و ئایینی دەدەن و لە بەرگی باڵاپۆشی و ئیسلامییانەدا دەردەكەون، سوندس كە پێنچ ساڵ لەلایەن سەلیمەوە شاردراوەتەوە، دوای ئەوەی سەلیم لەلایەن پیاوەكانی ئەمیرەوە دەگیرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، ئیدی دان بەوەدائەنێت كە سوندسی شاردۆتەوە، بۆیە  سوندس دەداتە دەست ئەمیر و بەهەمان شێوە بۆ ئەوانیش وەك ژنێك جوانییەكەی مایەی سەرنجە و دەیان پیاوی موجاهید، پۆل پۆل ئامادەن لەپێناویدا بچنە جیهاد و خۆیان بەكوشت بدەن، چونكە حۆرییە.

لەو دەسەڵاتەش ئەمیر و فەرماندەكان، تەماحییان دەچێتە سوندس و ئەوەی ناگۆڕێت هەمان ئەو دیدگا پەتریاكی و پیاو سالاریەیە كە بوونی هەیە بەرانبەر بە ژن. ئەمیر و پیاوەكانی، سوندس وەك موعجیزەیەك دەبینن، كە ئەمەش دیسانەوە درك نەكردنە بە ڕەهەندی ئایینی لە كۆمەڵگە لای بەختیار عەلی، چونكە موعجیزە بۆ كەسان و گەلانی بڕوادار نییە، بەڵكو بۆ بێباوەڕەكانە. موسڵمانان، لەسەر بنەمای (كن فیكون) دەڕواننە دەسەڵاتەكانی خودای گەورە و باوەڕیان وایە هەموو شتێك لەلایەن خوداوە حەتمیەتی ڕوودانی هەیە. موسا كە دەریای سووری شەق كرد، بۆ بەنی ئیسرائیلیيەكان نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوە بوو كە فیرعەون و قەومەكەی لە هێز و باڵادەستی خودای گەورە بگەن. كە قورئان بۆ پەیامبەر دابەزی، بۆ قوڕەیشەكان و بتپەرستەكان بوو، بۆیە كاتێ ئەمیر و موجاهیدەكان، بڕوایان وایە سوندس موعجیزەیە، تێگەیشتنێكی هەڵەیە، چونكە موسڵمانان دەزانن هەمووشتێك لای خوداوە ڕوودەدات. كاتێكیش جەنگاوەرانی خەلافەت بەیەكتری دەڵێن: (تا ئەو حۆریەمان نەبینی نەمانزانی  چ جیاوازییەك و مەودایەكی گەورە لەنێوان ژیانی بەهەشت و ژیانی سەر زەوی هەیە) لە ڕاستیدا هەڵەیە، چونكە نەخوێندەوارترین و گەمژەترین مرۆڤی موسڵمان و بڕوادار، دەزانێت جیاوازییەكی گەورە لەنێوان ژیانی دنیا و دواییدا هەیە. ئەمیر، بڕوای وایە سوندس سەرچاوەی تێكچوونی ئاسایشی خەلافەت و تێكدانی هزری موجاهیدەكانە و داوا دەكەن بیكوژن، چونكە ناشێ حۆرییەكان لەسەر زەمین بن و ئەوان تەنها لە بەهەشتی خودادا بوونیان هەیە.

لە پەردەی سێیەمدا، هەریەك لە تارمایی سوپا سالار و نەجیبە و سەلیم، ڕێكدەكەون ئیدی سوندس بكوژن، بۆیە سەرەنجام بڕیار دەدەن، بیكوژن تاكو ئەویش بچێتە ڕێزی ئەو ژنانەی زیندەبەچاڵ كران و وەك دەسكەوتی شەڕ دیل بوون و كوژران. بەمەش ڕووداوەكانی نێو شانۆنامەكە كۆتایيان پێدێت. سوندس، كاتێ لەلایەن سوپا و هەروەها ئەمیرەوە وەك دیلی جەنگ، بەكەنیزەدەكرێت و سەودای پێدەكرێت، ئەوا وەك پاشماوەی شەڕی بێباوەڕان وایە، بەو مانایەی بەعس و داعشیش، كورد وەك بێباوەڕ و كافر دەبینن و سەر و ماڵیان حەڵال دەكرێت، ئەمە ڕاستییەكەیە و فاكتەری پشت ئەنفال و بگرە پەلامارەكانی داعشی ئیسلامیش بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەر بەخۆپارێزییەوە لە ئایین ئەو شانۆنامەی نووسیوە، ئیدی نە بەعس و نە ئایینی ئیسلامیش، وەك سەرچاوەی بەسەبایاكردنی سوندس پیشان نادات، بۆیە گەر بەوردی سەرنج لە ناوەرۆكی شانۆنامەكە بدەین، دەبینین واقیعەكە پیشان دەدرێت، بەڵام فاكتەكانی ئەو واقیعە پیشان نادرێت، بەو مانایەی نووسەر نایەوێت پێمان بڵێت ڕەوایەتی و هێزێكی ئیسلامییانە لەپشت دیلكردنی سوندسن، بەڵكو دەیەوێت وەك قەدەرێكی ئیلاهی و خودایی وەسفی بكات، كە ئەمە چارەنووسی ژیانی ئەو بووە و دەبوا هەر بەو شێوەیە بێت.

دواجار دەڵێم، بەختیار عەلی، چونكە لە بنەڕەتدا شانۆنامەنووس نییە و ڕۆماننووسە، ئیدی لە شانۆگەریيەكانیدا، نەیتوانیوە وەك شانۆكار و سیناریۆنووسێك دەقەكە بەشانۆبكات، ئەگەر تەكنیكی نووسینی شانۆنامەكەش هەڵبوەشێنینەوە وەریبگێڕینە سەر ڕۆمان، ئەوا دواجار میوانێك لەسەر زەمینی دوورەوە وەك ڕۆمانی لێ دێت، بەتایبەتیش ئەگەر شێوازی دیالۆگەكانی كارەكتەرەكان، لە شێوازی شانۆییەوە بكرێنە دیالۆگ و گێڕانەوە. لە دەقی شانۆییدا، دیالۆگ ڕۆڵی هەیە، بەڵام نابێ ڕەهەندی شانۆنامەكە تەنها دیالۆگ بێت. من كاتێ ئەو كتێبە و ئەویتریش (بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهانم) خوێندنەوە، هەستم نەكرد دەقی شانۆیی دەخوێنمەوە، چونكە ڕۆڵی بەرجەستەكراوی كارەكتەرەكان، لە بنەڕەتدا ڕۆڵێكی شانۆیيانە نییە، بەڵكو وەك كارەكتەری نێو ڕۆمانەكانی وان، كە بێگومان جیاوازییەكی گەورەش لەنێوان ڕۆمان و شانۆدا هەیە، كە لەكاتی خوێندنەوەیاندا وەك دەقێك، دەبێ خوێنەران بەڕوونی ئەو جیاوازییانە ببینین و هەست پێبكەن!

 

 

پەراوێز: میوانێك لەسەر زەمینی دوورەوە ، نووسینی : بەختیار عەلی.