محەمەد چۆمانی

لێرە ئینسان شەقکراوە

لاق و دەستی راستی

لە زۆنی زەرد و 

لاق و دەستی چەپی 

لە زۆنی سەوز هەڵواسراوە

لێرە ئینسان کەرتکراوە

نیوەی دڵی لە سلێمانی

نیوەیکەی دی لە هەولێر

  هۆڤیانە 

لەسەر جادە فڕێدراوە

لێرە ئینسان رووتکراوە

 باخەڵ، نان، پرێسکەی

لە تخوبی سەوز و

  زەرد دا

لە حەشارگە و بانق دانراوە

لێرە ئینسان شکێنراوە

 مێشک و رۆحی

هیوا و ئیرادەی 

کەرامەت و زاخی  

 خەسێنراوە

لێرە هەر ئینسان نا

خاک، نیشتمان، ئاسمان

شەهید، مێژوو، خیانەت

هەرچی هەیە 

نیوە بە نیوە

وەکو سێوێ بەشکراوە