قوبادی جەلیزادە

 

ژنان،

خودایان لە خۆیان و

لە مێردەکانیان و

لە منداڵەکانیان خۆشتر دەوێ.

پیاوان،

نیشتیمانەکەیان لە خوداو

ڕەوەزە شاخیان لە بەردەڕەش و

کانی بناریان لە بیری زەمزەم خۆشتر دەوێ.

دوو دڵم لەوەی پیاوان پێ بنێنە بەهەشتەوە

لێ؛

 لەچوونە بەهەشتی ژنان دڵنیام.

پیاوان،

 سوێند بە سمێڵ و

بە شەرەف و

بە تیخی خەنجەر دەخۆن

ژنان،

بە بەرماڵی پەیامهێن و

مەرقەدی حەزرەتی غەوس و

بە شمشێری ئیمامی عەلی.

دڵنیام ژنانی میهرەبان

دەستی پیاوە گوناهبارەکان دەگرن و

لەگەڵ خۆیانا دەیانبەنە بەهەشت