
حەمەسەعید حەسەن
لە ڕوانگەی (پێر بۆردیۆ)وە، (١٩٣٠ - ٢٠٠٢) ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوە نییە، کۆمەکی سیستەمی سەروەر بکات و پاساو بۆ ئیشوکارەکانی بهێنێتەوە، ئاخر ڕۆشنبیر پێویستە لە دەرەوەی سیستەمی زاڵ و لە دەرەوی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بێت. هەر هێندەیش بەس نییە، بەڵکوو ڕۆشنبیر دەبێت بەوردی چاودێریی (ڕەوتار)ی دەسەڵات بکات، گوێ لە (گوتار)ی بگرێت، توێکارییان بۆ بکات و بەردەوام بیانداتە بەر ڕێژنەی ڕەخنە. بێ گومان دەسەڵات نەک هەر کەیفی بەو ڕۆڵەی ڕۆشنبیر نایەت، بەڵکوو پێی قووت ناچێت، با ڕۆشنبیر بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕەخنەگرانەی، نە پشت بە زەبروزەنگ ببەستێت و نە هانی نواندنی توندوتیژییش بدات.
پێر بۆردیۆ کە بۆ نووسینی باسەکانی، پتر پشتی بە ئەزموون و هاوژینی دەبەست، وەک لە ڕامان و تێفیکرینی نێو ژووری ئۆفیسێک، یەکێک بوو لەو بیرمەندە دەگمەنانەی ئەوەیان دەکرد کە دەیانگوت، ئاخر گوتار و ڕەوتاری دوو دیوی هەمان چیا بوون. ئەو بەسەر ڕووداوەکانەوە، شاهید نەبوو، لە ناویاندا بکەر بوو، پرەنسیپ و هەڵسوکەوتی تەواوکەری یەکتری بوون و خەباتی ڕۆژانەی درێژەپێدانی بەرهەمە فیکرییەکانی بوو. بۆردیۆ باسکارێک بوو، جێپەنجەی بەسەر گەلێک بواری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتییەوە بەجێ هێشتبوو. ئەویش وەک گرامشی ڕۆشنبیرێکی ئۆرگانیک بوو، لە بانیژەوە سەیری رووداوەکانی نەدەکرد، بەشداریی کارای تێدا دەکردن و داکۆکیی لە داوا ڕەواکانی خەڵک دەکرد و خەونی بە دونیایەکی بێ ستەمکارەوە دەبینی. کە بەبەر چاوییەوە، گەمە بە ئاوەزی هاووەڵاتییان دەکرا، کە حەقیقەت ئەتک دەکرا، دەیگوت: لە چ دونیایەکی پڕ لە کەساسی و کوێرەوەریدا دەژین.
بۆردیۆ پێی وابوو، بانگەشەکردن بۆ مایەپووچیی ئایدۆلۆجیا، ململانێی نێوان شارستانییەکان، کۆتایی مێژوو، مەرگی ئینسان و بزربوونی ئاوەز، هیچ نییە غەیری دیسکۆرسێکی دیکە کە بانگەشەیە بۆ ئایدۆلۆجیایەکی تری نەرم و نیان کە گوایە هەموو فیکرێکی وەژێر هەژموونی خۆی خستووە، بەڵام ئەو فیکرە بە ڕووکەش نەرم و نیانە، لە ناواخندا، هەر کۆنپارێز و ڕەگەزپەرستانە نییە، بەڵکوو مەترسییەکی کاولکارانەیشە بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی.
مارکس وای بۆ دەچوو، گرنگ لێکدانەوەی دونیا نییە، گرنگ گۆڕینییەتی، بەڵام بۆردیۆ پێی وابوو: شیکردنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و ڕەخنە لێ گرتنی، بەشداری لە گۆڕینیدا دەکەن. (کوێرەوەرییە کۆمەڵایەتییەکان، زادەی سیاسەتی لیبرالیزمی نوێن.) بۆردیۆ هەوڵی دەدا، تەم لە دەوری ڕووی ئەو ڕاستییە لا بدات. (مارکسیزم هۆکارە نائابوورییەکان فەرامۆش دەکات.) ئەوە یەکێک بوو لە ڕەخنەکانی بۆردیۆ لەو فەلسەفەیە، ئاخر پێی وابوو: بکەرە لێهاتووەکان توانای ئەوەیان هەیە لەڕێی بەرهەمە کولتوورییەکانیانەوە، چێژی هونەرییان بسەپێنن. ئەم سەپاندنی چێژە، لای بۆردیۆ جۆرێک بوو لە زەبروزەنگ نواندن، زەبروزەنگی ڕەمزیی پێ دەگوت. بۆردیۆ ئەوەی بە نواندنی توندوتیژی لەقەڵەم دەدا کە خەڵکی شار، شێوەزاری خۆیان، پێ لە هی لادێ جوانتربێت و هەوڵی سەپاندنی بدەن، بۆیە دەیگوت: بەدرێژایی مێژوو نووسەران و سیاسەتکاران لەو ڕووەوە ستەمیان لە گوندنشینان کردووە، ستەمێکی ڕەمزی.
دەسەڵات هەر زوو لەو ڕۆشنیرە بێزار دەبێت، کە ڕۆڵی چاودێرێکی ڕەخنەگردەبینێت، ئاخر ڕۆشنبیری وا، چاوپۆشی لە هیچ ستەمێک ناکات و لێ ناگەڕێت، دەسەڵات وەک دەخوازێت، زوڵم بسەپێنێت و ئازادیی خەڵک زەوت بکات. زۆر جار دەسەڵات بە پاساوی یاسایی، خەڵک ناچاری ئەوە دەکات، گوێرایەڵی بن، ڕۆشنبیر کە خاوەنی دەسەڵاتێکی سیمبۆلیکە، مل نادات، ناڕەزایی دەردەبڕێت و بەگژ دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی یاسا ستەمکارەکانیشدا دەچێتەوە.
ڕۆشنبیر خاوەنی دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی ڕەمزی، دەسەڵاتێک کە نە پێشلێکاری قەبووڵ دەکات، نە بەزاندنی سنووری ئازادییەکانی خەڵک و نە گەندەڵکاری. دەسەڵاتی ڕۆشنبیر، بەپێچەوانەی دەسەڵاتی سیاسییەوە کە بەدرێژایی میژوو توندوتیژ بووە، زەبروزەنگ بەرهەم ناهێنێت، لە دژی دەوەستێتەوە. لای پێر بۆردیۆ، کام دەسەڵاتی سیاسی زۆر دیموکراتە، بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی، لای کەم هانا بۆ داڕشتنی یاسای نادیموکرات دەبات و بە چەکی یاسا کە بەتۆپزی لەسەروو هەمووانەوەیە، ڕەخنەگرانی دەمکوت دەکات. ئەوەیش ملکەچکردنە بۆ زەبروزەنگی ڕەمزیی دەسەڵات کە هاووەڵاتییان بە یاساکان ڕازی دەبن و ڕێز لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی باو دەگرن.
لای پێر بۆردیۆ، ئەو ڕۆشنبیرەی دەستبەرداری دەسەڵاتە ڕەمزییەکەی دەبێت، یان لەپێناوی دەستکەوتی ماددی و پۆستدا وەگەڕی دەخات، ئەوە ڕۆشنبیرێکی پاساوهێنەوەیە و بێتواناترە لەوەی دەسەڵاتە ڕەمزییەکەی بۆ بەگژداچوونەوەی زەبروزەنگی دەسەڵاتی سیاسی، یان ئایینی بخاتە کار. ڕۆشنبیری پاساوهێنەوە، پاساو بۆ هەموو ستەمێک دەبینێتەوە، بەو ستەمەیشەوە کە دەسەڵاتی ستەمکار لە هاووەڵاتییانی دەکات، تا وای لێ دێت، دەبێتە بەشێک لە سیستەمە سەرکوتکەرەکە و بە دەستی دەسەڵاتەوە، دەبێتە ئامێرێکی سەرکوتانەوە.
دەسەڵات جۆری زۆرە، یەکێکیان دەسەڵاتی ئایینە. هەندێک لە ڕۆشنبیرانی پاساوهێنەوەی کورد، پاساو بۆ دەسەڵاتی ئایینی دەهێننەوە، لەوانە مەریوان وریا قانع کە هاتووە، بەراورد لەنێوان ڕێکخراوێکی چەپ و داعشدا دەکات و بەیەکیان دەشوبهێنێت،(١) بەمەرجێک هەموو قوربانییەکانی دەستی ئەو ڕێکخراوە چەپە توندڕەوە هەڵوەشاوەیە، ناگاتە ژمارەی قوربانییەکانی دەستی داعش لە سەعاتێکدا! ئەمە وێڕای ئەوەی ڕەوتە جیاوازەکانی ئیسلام هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئایینەکەوە، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان، سڵیان لە هانابردن بۆ ئەنفال، تیرۆر و زەبروزەنگ نەکردووەتەوە. (ڕێبین هەردی)یش یەکێکە لەو ڕۆشنبیرانەی ساڵانێکە، ڕاشکاوانە پاساو بۆ زەبروزەنگی ئیسلامی سیاسی دەهێنێتەوە و لەکوێ لێیان بقەومێت، بە تەکبیرەوە، بە هانایانەوە دەچێت. ئەوەتا خەمی ئەوەی نییە، داعش چ زەبرێکی لە کوردستان وەشاندووە، خەفەت بۆ ئەوە دەخوات، زیانی بە باڵی (نیانڕۆ)ی ئیسلام گەیاندووە.(٢)
لای پێر بۆردیۆ ڕۆشنبیری دەسەڵات، کەسێکە دەست لە دەسەڵاتە ڕەمزی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی هەڵدەگرێت، تەنانەت دەستبەرداری فیکریشی دەبێت و ئەو هۆشیارییە ڕەخنەگرانەیەی هەیەتی، بۆ پاساوهێنانەوە دەیخاتە گەڕ، بەوەیش سەرمایە ڕەمزییەکەی لەکیس دەچێت و ئیدی کاریگەرییەتییەکی ئەوتۆی بەسەر کۆمەڵەوە نامێنێت و ڕەنگە هاووەڵاتییان بە چاوێکی سووکیشەوە سەرنجی بدەن، بەڵام دەبێتە خاوەنی سەرمایەیەکی ماددی. دەسەڵاتی ستەمکار هێندەی پێی بکرێت، هەوڵی تێکشکاندنی ڕۆشنبیر دەدات، بەو ئومێدەی وەکوو دەخوازێت بیخاتە گەڕ.
کەپیتاڵ هەر سەرمایەی ماددی نییە، دەشێت سەرمایەیەکی سیمبۆلیکیش بێت، ڕۆشنبیر ڕەنگە لە ڕووی ماددییەوە هیچی وا شک نەبات، بەڵام خاوەنی سەرمایەیەکی گرنگی ڕەمزییە، بەمەرجێک کۆمەڵ لە ئاستێکی هۆشیاریی وەهادا بێت، بە چاوی ڕێزەوە، سەرنجی سەرمایەی ڕەمزی بدات. ئەوەیش پارادۆکسە کە سەرمایەی ڕۆشنبیری لای دەسەڵاتداران، بە بەراورد لەگەڵ ئەو سەرمایە ماددییە زۆرەدا کە لایان کۆ بووەتەوە، ئەوەندە کەمە هەر شیاوی باس نییە. لە (پڵنگەکان لە ڕۆژی دەیەمدا) کە ناودارترین چیرۆکی (زەکاریا تامیر)ە، دەستەمۆکەر کە ڕەمزی دەسەڵاتە، لەڕێی برسیکردنەوە، مل بە پڵنگێک کە ڕەمزی هاووەڵاتییە کەچ دەکات. دەسەڵاتی دواکەوتووی ستەمکار، زۆر جار بۆ نابووتکردنی ڕۆشنبیر، هەمان مێتۆد تاقی دەکاتەوە.
هابیبتووس کە جۆرێکە لە دونیابینیی بکەری کۆمەڵایەتی، پاشخانێکی چینایەتیی هەیە، بۆ نموونە سیستەمی پەروەردە کە زادەی هابیتووسی دەسەڵاتدارانە، بۆ ئەوەیە خزمەت بە چینی دەسەڵاتدار بکات و هەر ئەو کولتوورە بەرهەم بهێنێتەوە کە لە قازانجی دەسەڵاتە. هابیتووس کە یەکێکە لە بابەتە بنەڕەتییەکانی کن بۆردیۆ، بکەری کۆمەڵایەتی لە سۆنگەی ئەوەوە پێوەندیی بە کێلگەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، پێی ئاشنا دەبێت، لەسەری ڕادێت و بەشداری لە بەرهەمهێنانەوەیدا دەکات. هابیتووس کە بەگوێرەی ئەو کێڵگەیەی بکەری کۆمەڵایەتی تێێدا هەڵدەسوورێت، گۆڕانی بەسەردا دێت، ڕەنگە هەر ئەوەبێت کە (سەلیقە)ی پێ دەڵێین. هابیتووس شێوازی هەبوونە، ڕۆحە بەدەم فڕینەوە و توانای پێبەندبوونی هۆشیارانەیە بە کۆمەڵەوە. هابیتووس لای کرێکار ئەو سەرمایە تەکنیکییەیە کە لە ئەنجامی ئەزموونی کارکردنەوە بە دەستی هێناوە.
لای پێر بۆردیۆ، پراکتیک: بریتییە لە پێوەندیی بکەر بە بونیادی کۆمەڵاتییەوە، کە لە بونیادنانەوەدا، بەڵام بە گٶڕانکارییەوە، خۆی دەبینێتەوە. لای بۆردیۆ، بەرهەمهێنانەوە بۆ نموونە لە کێڵگەی لێکۆڵینەوەدا، گوتنەوەی گوتراوەکان نییە، گەیشتنە بە لێکدانەوەی نوێ. ئەو وەک بەشێک لە بونیادخوازەکانی نەدەکرد کە ئینسانیان بە بەرهەم و ملکەچی بونیادی کۆمەڵایەتی دەزانی، بەڵکوو پێی لەسەر ڕۆڵی کاریگەری بکەر لە بونیادی کۆمەڵایەتیدا دادەگرت. ئەوەی بکەرانی کۆمەڵایەتی هۆشیارانە یان خۆڕسکانە بەشداری لە بونیادنانەوەی کۆمەڵدا دەکەن، پێر بۆردیۆ (هابیتووس)ی پێ دەڵێت. پراکتیکیش لەکنی، هابیتووس و بەگەڕخستنی کەپیتاڵە لە یەکێک لە بوارەکاندا. ڤالاییی (فەزای) کۆمەڵایەتی لای بۆردیۆ لەوەوە هاتووە، وەک چۆن لە ڤالاییدا، ئەستێرەکان جۆرێک لە پێوەندیی دوور یان نزیکیان پێکەوە هەیە، لە فەزای کۆمەڵایەتیشدا بکەر و گرووپەکان پێوەندییان پێکەوە هەیە و ئەوە ئەو پێوەندییەیە پێناسەی بکەر و تاقمە کۆمەڵایەتییەکان، بە هۆی دووری و نزیکیان لە یەکدییەوە دیاری دەکات. پێر بۆردیۆ دەڵێت: (سەرمایەدارەکان هەوڵیان بۆ ئەوەیە، ڕەوشەکە وەک خۆی ڕابگرن، ئاخر بەرژەوەندییان لەوەدایە، بەڵام ئەوانەی هیچی وا شک نابەن، بەگژ واقیعەکەدا دەچنەوە و دژی هێزە زاڵەکان دەوەستنەوە.)
*
(١) مەریوان وریا قانع، توندوتیژیی چەپگەران، هەفتەنامەی ئاوێنە، ل ١٢ ژمارە (٤٥٢) ڕێکەوتی ١١/١١/٢٠١٤ سلێمانی.
(٢) ڕێبین هەردی، داعش نوێنەری ئیسلامە! هەفتەنامەی ئاوێنەی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤ سایتی ئاوێنە.
(٣) صلاح بوسریف، سلطة المثقف، مثقف السلطة ٦ نوفمبر ٢٠١٤ القدس العربي.
(٤) د. زهیر الخویلدي، نظریة الهابتوس و الرأسمال الرمزی عند بیر بوردیو.
(٥) صبحي درویش، عالم الإجتماع والمفکر بیر بوردیو.