شكار محەمەد

جەنگ؛ كانیەكی تەقیوە بەهەورەگرمەی فیشەك.

پاشماوەی جەنگ تامی سوێرە

ڕەنگی جەنگ سورە

بۆنی جەنگ سۆیە

دەنگی جەنگ...بۆچی بیڵێم؟

هێندە بەرزە دوورترینتان دەیبیستن!.

جەنگ بنی لە هەوادایە، تەواو نابێت.

جەنگ دێتە سییەكانمانەوە

جەنگ بەهار پێش وادەی خۆی دەخات،

وای لە جەنگ، گەر دیلی لێبكەوێتەوە

دەرگای ماڵێك بۆ هەمیشە بەكراوەیی دەهێڵێتەوە!.

كە تەلەفزوێنەكە پێدەكەم،

مانشێتی هەواڵەكان ڕەنگی سوورە

سوور لە جەنگدا گوڵ نییە، خوێنە.

خوێن، دەستێكی سورە، بە سەری منداڵەكاندا

دەهێنرێت.

جەنگ شاری سەربازەكانە،

فیشەك مناڵی بێگوێی تفەنگە

لە ئامێزی دایكی هاتەدەرێ، ناوەستێ

پاش هەناسەبڕكێی سەفەرێكی درێژ...

لە سەربازێكدا تینوێتی دەشكێنێت.

جەنگ

جەنگ

جەنگ و سەرێك و هەزار سەودا

لای دایكێك ئاگرەو هەڵدەگیرسێت

لای دەستگیرانێك بێوەژنی

لای شەهید، كانێكە و خامۆش دەبێت

لای شاعیریش؛ شیعرێكە بە وشەی سوور نووسراوە.

جەنگ  میوانێكی ناوەختە

جەنگ بازرگانە

گریان دەبات بۆ ماڵی شەهید

پێكەنین دەبات بۆ ماڵی فەرماندە

پێكەنین دەبات بۆ دوژمن.

ئاوارەییش بۆ نیشتمان.

لەدوای جەنگ،

ئەو سەربازانەی گۆڕیان هەبوو

خوێنی هاوڕێ بریندارەكانیان ڕژا بەسەریاندا

ئەوانیش بە ئومێدی سێبەرێك بۆ داهاتوو،

چرۆیان كرد و ئەمجارەیان وەكو دار 

لەدایكبوونەوە.

ئەم دەقە پلەی یەكەمی لە فیستیڤاڵی گەرمیان بۆ شیعر بەدەست هێنا.