شکار محەمەد

  جەنگ؛ کانیەکی تەقیوە بەهەورەگرمەی فیشەک.

پاشماوەی جەنگ تامی سوێرە

ڕەنگی جەنگ سورە

بۆنی جەنگ سۆیە

دەنگی جەنگ...بۆچی بیڵێم؟

هێندە بەرزە دوورترینتان دەیبیستن!.

 

جەنگ بنی لە هەوادایە، تەواو نابێت.

جەنگ دێتە سییەکانمانەوە

جەنگ بەهار پێش وادەی خۆی دەخات،

وای لە جەنگ، گەر دیلی لێبکەوێتەوە

دەرگای ماڵێک بۆ هەمیشە بەکراوەیی دەهێڵێتەوە!.

 

کە تەلەفزوێنەکە پێدەکەم،

مانشێتی هەواڵەکان ڕەنگی سوورە

سوور لە جەنگدا گوڵ نییە، خوێنە.

خوێن، دەستێکی سورە، بە سەری منداڵەکاندا

دەهێنرێت.

 

جەنگ شاری سەربازەکانە،

فیشەک مناڵی بێگوێی تفەنگە

لە ئامێزی دایکی هاتەدەرێ، ناوەستێ

پاش هەناسەبڕکێی سەفەرێکی درێژ......

لە سەربازێکدا تینوێتی دەشکێنێت.

 

 

جەنگ

جەنگ

جەنگ و سەرێک و هەزار سەودا

لای دایکێک ئاگرەو هەڵدەگیرسێت

لای دەستگیرانێک بێوەژنی

لای شەهید، کانێکە و خامۆش دەبێت

لای شاعیریش؛ شیعرێکە بە وشەی سوور نووسراوە.

 

جەنگ  میوانێکی ناوەختە

جەنگ بازرگانە

گریان دەبات بۆ ماڵی شەهید

پێکەنین دەبات بۆ ماڵی فەرماندە

پێکەنین دەبات بۆ دوژمن.

ئاوارەییش بۆ نیشتمان.

 

لەدوای جەنگ،

ئەو سەربازانەی گۆڕیان هەبوو

خوێنی هاوڕێ بریندارەکانیان ڕژا بەسەریاندا

ئەوانیش بە ئومێدی سێبەرێک بۆ داهاتوو،

چرۆیان کرد و ئەمجارەیان وەکو دار

لەدایکبوونەوە.

 

* ئەم دەقە پلەی یەکەمی لە فیستیڤاڵی گەرمیان بۆ شیعر بەدەست هێنا.