شوان شەفیق  ‎

بیرت دەکەم

‎وەک هێلکەو ڕۆنەکەی دەستی دایکم!

‎دووری چەندین ساڵ

‎کەچی عادەتمگرتووە بەو بۆنەیەوە

‎زۆر هەوڵمدا بەدەستی بێنم و

‎لە شووشەیەکدا هەڵیگرم نەکرا!

‎ڕێگای مەرگ بێ بەشت دەکا لە هەموو شت.

‎ئێستاش لەسەر دیواری

‎لای ڕاستی حەوشەکەی ماڵمان

‎چەندین چۆلەکە مەستی بۆن و

‎تێری وردە نانەکەی دەستی دایکمن!

‎ئەبێ چ گوناهێکم کردبێ؟

‎وا لەم دوورەوە ئەوەندە بیرت دەکەم.

‎بیرت دەکەم

‎خۆزگە دەکرا دڵۆپ دڵۆپ

‎ئەو دەنکۆڵە شەونمانە کۆکەمەوە

‎کە لەسەر گەڵای هەنگی دنیا کە دەنیشتن

‎کاتێک دەستی تۆی بەردەکەوت،

‎تا بیپرژێنم بە گیانمدا و مەستبم.

‎چی لەوە خۆشتر ئەبوو بێئاگا بم لەم ژیانە!

‎بیرت دەکەم

‎هێندەی گەرەکی بەختیاری

‎ دەزانیت لە کۆڵان بە کۆڵان و

‎گشت شەقامەکانی پێم بەهیلاک بردووە،

‎دەیان جووت پێڵاوم تیا دڕاندووە!

‎ئەوێ بۆم تەنیا گەرەکێ نییە لە شار یادگاریمە!

‎ئاخۆ ئەبێ

‎ لە بەردەم باخچەی زەبیحی

‎وەک جاران چاوەڕێی خۆشەویستەکانیان بکەن؟

‎چەند دڵی تیادا شکاوە،

‎چەنێک پەیمنی تیا دراوە

‎چەندیش ژووانی تیا بەستراوە

‎ هێندەی هەموویان بیرت دەکەم

‎خۆ دەزانم بێ هودەیە

‎ئیتر ئەوە دڵی منە بێ ئۆقرەیە!

‎بیرت دەکەم

‎چرنووکی تووند لە ڕانی خۆ ئەگرم و

‎ددانم لەیەکتر گیر دەکەم و

‎پەنجەکانم تووند لە زەوی دەچەقێنم و

‎نینۆکەکانم دەشکێنم و

‎تێکەڵی وردە زیخ و خۆڵیان دەکەم

‎ئیتر دەزانم ئەم قسانەی ئەیانکەم

‎ئەو کردارانەش

‎بە چاوی تۆ نابینرێ، بە گوێی تۆدا ناچێ!

‎نە کاتت هەیە تەماشایان بکەی، نە بیانخوێنیتەوە!

‎تۆ بەدەنگی موزیک

‎ڕاهاتووی

‎پاساری بۆت بخوێنێ

‎هەستی لە خەو

‎چما ناڵە و شینی دوورە دەستێک!

‎ئەو میهرەبانییەشت بیردەکەم.

‎بیرت دەکەم

‎ئەتوانی نەپرسی

‎درێژە بە ئازار کێشانم دەدەم و

‎خوێ دەکەم بە برینەکانمدا

‎ خۆ دەزانم تۆ لە تەلارە بەرزەکەتەوە

‎خانۆچکە خنجیلەکەی من نابینی!

‎خۆ دەزانم تۆ مەرهەمی ئازارەکانی من نیت،

‎ئەوەندە قوڵ دەبن برینەکان

‎خەیاڵم نووقم ئەکەن و تۆش زیاتر گوشار دەخەیتە سەریان تا لە فیچقەکردن نەوەستن.

‎بیرت دەکەم

‎لە دووەم گەورەترین شار

‎غەریبم و بە تەنیایی ڕێدەکەم

‎قەرەباڵغ ی و دەنگەدەنگی نە سوکنایی بە دڵدا دێنێ نە دەنگی تیادا دەبیستم.

‎هاوڕێی جگەرەیەک و

‎کۆمەڵێک کتێب و ڕۆژنامەی بێ دڵ دەکەم

‎ئەو ڕۆژە ڕۆژنامە فرۆشەکە دەیگوت:

‎بۆ ئەوەندە گەشبینیت چیتە وا هەمیشە پێدەکەنیت؟

‎ئەو چۆن درک بەو دڵە تەنگەی من دەکا

‎کە پەرژین کراوە بە خەم.

‎بیرت دەکەم

‎باران خوڕ خوڕ دەباری

‎برووسکەی ئازار تەنگی پێ هەڵچنیبووم

‎ ناچار بەرەو نەخۆشخانە کەوتمە ڕێ

‎چوومە پرستگە و بە ڕوویەکی گەشەوە پاش چاوەڕوانی پەرستارەکە وتی فەرموو بڕۆ ژوورەوە

‎ددانەکانم ئەوەندە زەردبوون دکتۆرەکە بەرلەوەی لە نزیکەوە تەماشای بکا وتی:

‎ددانت ڕووپۆشی ئاڵتوونکردووە!

‎ تومەس بێئاگایە

‎قەهر و کێشانی جگەرە ئەو ڕەنگەی پێ بەخشیووە.

‎دەیان موسافیر ڕۆژانە لەم وێستگە بۆ ئەو وێستگە هاتووچۆ دەکەن کەچی لەخۆم تەنیاتر نابینم

‎دەزانی لە پەرەی ڕۆمانێکدا نووسراوە

‎دڵەکان هاودەنگی یەکتر دەکەن

‎پێ دەچێ ئەو دێرە بە مەستی نووسەرەکەی نووسیبێتی

‎ئاخر کەی ئەوە ڕاستە؟

‎بیرت بکەم.

شوان شەفیق

۹/٤/۲٠۲۳