شیعری: ئیبراهیم  هەورامانی 

هەوا ،

بۆگەن دەكەن.

ئەوە ئێمەین،

ناخنكێین.

دەغڵ دەسوتێنن،

نانمان دەدزن.

ئەوە ئێمەین

گەر برسیش بین

هەرگیز،ناچەمێین.

باخچە،

دەكەنە زیندان.

ئەوە ئێمەین

نە لەلێدان

نە لەسێدارە ناترسێین.

شار دەكەنە گۆڕستان

دەمانكوژن

دەمانسوتێنن

ئەوە ئێمەین،

هەر نامرین.

هەرچی دەكەن،

 هەوڵ دەدن،

خۆری ئازادیمان هەڵنەیەت

ڕیی هەڵهاتنی لێدەگرن.

چەند دەكۆشن

هەوڵدەدن

برسی ببین

تا ئازادیمان لەبیر نەبێ،

لە ژوری،

تاریك و نسرمان دەنێن.

تاوەك،

ڕیی ڕزگاریمان لێ هەڵەبێ.

وەلێ گەوجن

كەنافامن

تاوەك زوڵمی ئێوە،

زیاتر بێ.

تاوە ژوری زیندانەكان 

تاریك تربێ.

تا برسی بین

تا بێكار بین

ئازادیمان

ڕزگاریمان لەبەرچاوە.

ڕۆژێ زوتر

خۆری سەربەستیمان هەڵدێ.

ئا ئەو كاتە 

نیشتمان دەكەینەوە بە نیشتمان 

شكۆ و 

ژیان دەگێرینەوە بۆ ئینسان.

سەرلەنوێ 

سرودی 

ئینسانی بوون 

بۆیەكتری دەڵێینەوە.

هەڵەبجە 

27/5/2023