كاوەی خەسرەوكاوانی

سیحری سۆمای چاوەكانت

پاش ساڵانی دووری و غوربەت

هەمان هێزی ئەفسووناوی

ئەو ساتانەی گرتۆتەخۆ

كە گڕی ساكارە عیشقی

سەرەرێگای نێوانمانی

دەگەیاندە بەرزی ئاسۆ

چاوەكانت هەمان نهێنی جارانیان

كردۆتە ئامێزی سۆزی

ئەو وشانەی لەسەرلێومان

چرۆیان كرد

ئەوانەش كە بڕیاریان بووگوڵ دەربكەن

پاراستوونت بە پیرۆزی

سیحری سۆمات

ئاوێتەیە بەورۆژانەی

تازە دەزانین خۆشترین

ساتی تەمەنی ژینمان بوون

تازە دەزانین ئەو وشە سادانەمان

نموونەی پاكی و بێ گەردی ئەوینمان بوون

تەمەن هێشتا زۆری ماوە

باتاریكی بە رووناكی عیشق لادەین

بائەو خەمانەی خەریكە

دەڕژێنە نێو هەموو هەست وجودێكمان

بە خۆشەویستی بەبادەین