جۆنی تامسۆن*

لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

خۆشەویستی لای سیمۆن دی بۆڤوار فەیلەسوفی فەڕەنسی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دژوارە و بەرەوڕووی دوو مەترسی گەورەیە. لە لایەک، خۆشەویستی دەتوانێت هاوبەشەکەت بۆ شتێک گچکە بکاتەوە کە تەنیا بۆجوانکردنی خۆت هەڵیدەگری. وەک ئاڵتوونی ساختە بۆخۆبادان یان دەستکەوتێکە لەسیڤی تایبەتی خۆتدا. لە لاکەی دیکە، هەندێک مرۆڤ بەیەکجاری کەسایەتی سەربەخۆیان ڕادەستی خۆشەویستی دەکەن، ئەوانەی خۆیان بەناکامڵ و دڵشکاو دەبینن و وادەزانن تەنیا خۆشەویستی دەتوانێت دروستییان بکات.  

حەوا کچێکی تەنیایە. ڕۆژانە دەچێت بۆ ئیش و لەوێ ژمارەیەک کەس دەدوێنێت – ئەویش بەئەدەبی ناچاری و ساختەیی، بە تایبەت "هاوکاران". دەگەڕێتەوە ماڵ بۆ خواردنی ژەمەخوانێکی یەک کەسی ئامادەکراو بەمایکرۆ و لەکونجێکی ئاسوودە پاڵبکەوێت. ددانەکانی بشوات، زەقاوزەق لەئاوێنەکەدا تەماشای خۆی بکات و بخزێتە ناو هەمان نوێنی هەمیشەییەوەی. دواشت کە شەو دەیبینێت، نوێنێکی بەتاڵی دەستنەکراوە، کە بڕیار نییە کەس تێیدا بنوێت.

تا مرۆڤێکی زۆر سەرنجڕاکێش، زیرەک و بەخشندە دەناسێت. هەر دووکیان بەڵێن پێکدەدەن و زۆر زوو هەمووشتێک دەبێتە ڕاستی. ڕۆژێکیان حەوا لەناو نوێنەکەیدا کە ئیدی بەتاڵ نییە و لەچاوەکانی ئادەم ڕاماوە، دەڵێت: "ئادەم، زۆر پێویستیم بەتۆیە، ناتوانم بەبێ تۆ بژیم. تۆ تەواوکەری منی". 

شوێنێک لەشانشینی فەلسەفە، سیمون دی بۆڤوار، فەیلەسوفی سەدەی بیستەمی فەڕەنسە، سەرکێشانە بەگژ ئەم خۆشەویستییەدا دەچێتەوە.

کاتێک خۆشەویستی جۆرێککاتبەسەربردنە

خۆشەویستی شتێکی ترسناکە و دەبێت بەدیقەتێکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. ئەمڕۆ فێرماندەکەن خۆشەویستی هەمووشتێکە. مێشکی ئێمەیان بەخۆشەویستی ڕۆمانسی گۆش کردووە و ئێمە عاشقی کەلتووری خەڵک "خۆشەویستی ڕاستەقینە"ین، بەڵام کەم واڕێدەکەوێت کات دابنێین و هەڵیبسەنگێنین کە خۆشەویستی بەکردەوە چییە و چمان لەگەڵ دەکات، بەڵام سیمۆن دی بۆڤوار هەڵیسەنگاند. خۆشەویستی بەڕۆیشتن بەسەر پەتێکی نێوان دوو داودا دەبینی.

لە لایەک، ئێمە "خۆشەویستی"یەکمان هەیە بەواتای دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ و خاوەنداریی. دی بۆڤوار پێیوایە، زۆرجار مرۆڤەکان "ژنەکەیان" (هەر چەند بێگومان دەکرێت هەر کەسێکبێت) بەمجۆرە دەبینن. خۆشەویستی بۆ ئەوکەسانە، جۆرێک مامەڵەیە. بەشێکی زەروری بۆ ئیدارەدانی ژیان. ژن شتێکی باشە، بەڵام هاوبەشی گوێڕایەڵ بۆ کارکردن یان ئاسانکاری ژیانی کۆمەڵایەتییە. ئەمجۆرە کەسە سەربەخۆیی خۆیان وەک "بکەری سەربەخۆ" دەپارێزن و سەر پێ سپاردنی بێ چەندوچوون لە هاوبەشەکەیان چاوەڕوان دەکەن. خۆشەویستی بۆ ئەمانە شتێک نییە کەسەکە دەچێتەناوی، بەڵکو ئەوشتەیە هەمیشە لەماوەی گونجاودا دەهێڵرێتەوە، کە لەوانەیە هەتا هەرگیز هیچ گرینگیش نەبێت. 

لەمجۆرە خۆشەویستییەدابەرکەوتەت بەئیگۆو خۆبەگەورەزانینی بەرامبەرت دەبێت، خۆشەویستیشهیچ ڕێزێکی نییە. ئەم پەیوەندییە، پەیوەندی خاوەندارێتییە.

کاتێک خۆشەویستی هەموو ژیانە

لە لاکەی دیکە، جۆرێکی دیکەی خۆشەویستی بەکێشە هەیە، کە لەسەربنەمای قوربانیدان و خۆنەویستی بنیاتنراوە. ئەوکاتەیە کەسێک بەیەکجاری خۆی ڕادەستی هاوبەشەکەی دەکات یان لەڕیشەوە "ئایدیا"ی خۆشەویستی دەپەرستێت. ئەمجۆرە خۆشەویستییە پێویستی بەخولانەوەی ڕەهای کەسایەتیتە بەئاڕاستەی کەسێکی دیکە. خودی تۆ بەگوێرەی پەیوەندییەکە دەناسرێیت. دی بۆڤوار باوەڕیوابوو ئەمە زیاتر بۆ پەیوەندی ژنان ڕاستە، چونکە ژن خەیاڵدەکات دواجار خۆی لەچاوی پیاودا دیوەتەوە.

حەوا لەچیرۆکە خەیاڵییەکەماندا خۆی دەخاتە داوی پەیوەندی بە ئادەمەوە، چونکە بەتەنیایی ناکامڵە. ئەم قسەیە "تۆ تەواوکەرمی" ترسناکە، چونکە واتا حەوا ئیدی خودی خۆی نییە. خۆشەویستی خۆنەویستی بەکردەوە ئامادەیی سەربەخۆی کەسەکە بۆ هەڵبژاردن لەناودەبات و کەسەکە دەکاتە بەشێک لەژیانی کەسێکی دیکە. ئەمانە گوێ لەمستی هاوبەشەکەیانن. ئەم ژنانە تەنیا هاوڕێیان و خێزانی پیاوەکەیان دەبینن. وەک جەمسەرێکی موگناتیسی ڕەفتار لەگەڵ پیاوەکەیان دەکەن کە هەموو شتێک بەدەوریدا دەخولێتەوە. 

دی بۆڤوار کە ئەگزیستانسیالیست بوو، باوەڕیوابوو ژیانی ڕەسەن و پڕمانا بە پێی مافی هەڵبژاردن دەپێورێت. مرۆڤ کەسیکە ڕێگایەک هەڵدەبژێرێت و ئەگەر هەر کارێک یان بیرێک بکاتەوە دەبێت لەهەوەڵەوە بەفلتەری کەسێکیدیکەدا بڕوات، ئەوکەسەی دیکە ڕێگای خۆی هەڵنابژێرێت. ئیدی کەس نییە، بەڵکو زیادەیە، چونکە خۆی بۆ شتێکی دیکە گۆڕیوە. 

جۆری باشی خۆشەویستی...

دی بۆڤوار باوەڕیوایە خۆشەویستی حەقیقی نەدەسەڵاتە و نەهەڵوەشانەوە. هاوبەشییە. ئەگەر لە ڕاستیدا کەسێکت خۆشدەوێت، بەگشتی سەربەخۆ خۆشتدەوێت. نەک لەبەرئەوەی گوێڕایەڵێکی باشە یان لەباوەشتدا جوانە. تۆ کەسێکت خۆش ناوێتوەک دەتوانێتببێتیان ئەوەی لێتدەوێت. هەروەها، ئامانجی خۆشەویستی چارەسەرکردنی کێشەکانت نییە. هەندێکەس خۆشەویستی بەدەوا دەزانن، خۆیان دڵشکاو، ناکامڵ، یان بۆ هەمیشە خەمبار دەبینن، مەگەر خۆشەویستێک پەیدابکەن.

خۆشەویستی ڕەسەن تێگەیشتنی بەرامبەرە لێکدی. کۆنتڕۆڵکردن و خۆنەویستیش نییە، بەڵکو بەیەک گەیشتنی دوو زەینی وەکیەک و سەربەخۆیە. دەستنیشانکردنی کارێکە، ئەوی دیکە خاوەنی شەخسی خۆیەتی. چاکە و خێری کەسێکت بووێبێئەوەی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن یان گۆڕینی بدەیت. بەڕای ئێنتوان دی سانت ئەگزوپێری نووسەری فەڕەنسی: "خۆشەویستی، زەقاوزەق تەماشاکردنی چاوی یەکدی نییە، بەڵکو پێکەوە تەماشاکردنی شوێنێکە".

* مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی ئێکسفۆرد.