شەماڵ بارەوانی 

 

تۆ بوویت

دەمی کازیوەی بەرەبەیانی هۆنراوەکانمت

پڕکرد لە ئێوارەی غەمگینی و

بە تاتەبەردی دڵڕەقیت

جامی پەنجەرەی هەستمت شکاند

 

تۆ بوویت

پشکۆی سووتانت دا لەجەستەی وشەکانم و

وەرزی وەرینت بۆ خەزانی ئومێدم هێنا

 

تۆ بوویت

دەستنوێژی ئەوینت بە ئاوی ناپاکی شکاند و

توسبیحی پەیمانت پساند

 

تۆ بوویت

باڵی چۆڵەکەی چاوەڕوانیت شکاندم و

قۆپچەی کراسی بەختمت پچڕاند

 

تۆ بوویت

دەستت نایە گەرووی قەڵەمەکەم و

کۆرپەی شیعرمت خنکاند

 

تۆ بوویت

جانتای خەونەکانمت دزی و

سەبەتەی پێکەنینەکانمت پڕکرد لە پرووشەی گریان

 

تۆ بوویت

ئاپۆڕای ڕۆحمت بە تەنافی تەنیایی هەڵواسی و

ئەرشیفی بیرەوەرییەکانمت سووتاند

 

تۆ بوویت

ئاگری ئاتەشگای دڵمت کوژاندەوە و

تەلاری یەسنای خەونەکانمت ڕماند

 

تۆ بوویت

 بە شەستەبارانی دابڕان

بیابانی بینایت تەڕکردم و

دەفتەری خۆزگەکانمت دڕاند