ئیمان یادەوەر

 نەیەیتەوە ، شیعر زمانی دەشکێت.

سەرم بکە بە ئینجانە بۆ گوڵی وشەکانت  

لەنێو چاوەکانمدا ئەو ژیانە ببینە خەونی پێوە دەبینیت 

دەستەکانم بۆ بژاری دڕک و خاری دەوری دییەت 

بەپێیەکانی من بێرەوە ئەوان لەخۆت زیاتر ڕێگەی هاتنەوەت پێدەزانن

کە ژیان وەک تۆوێکی بابردوو دونیای گێڕای 

لە نێو دڵی مندا نەبێت لەکوێ شین دەبیت ؟  

لەنێو دڵم دا بژی خوێنی خۆشەویستی بخۆرەوە 

ئەوەی خوێنی خۆشەویستی نەخواتەوە 

تەنیایی خوێنی دەڕێژێت ! 

پرچەکانم بڕیوە نامەوێت جگە لەپەنجەکانی تۆ دەستی هیچ بایەکی بەربکەوێت 

دەزانم پڕیت لە چیرۆکی نەبیستراو پڕیت لە ڕێگەی تەواونەکراو 

وەرە تا پایز ڕوانینی ئەم باخچەیەی کورت نەکردوەتەوە 

شیعر جێی (تاڵی) هەموو چیرۆکە درێژەکانت بکاتەوە. 

لە چاوەکانمەوە وەک ڕەنگ بگەڕێوە ناو ڕۆحم 

لەگوێیەکانمەوە وەک دەنگ بگەڕێوە ناو گیانم 

لە لێوەکانمەوە وەک وشە بگەڕێوە نێو دڵم 

لە نێو سیەکانم هەڵتدەگرم

بەدوکەڵ ماچت بۆ دەنێرم

بەسینەمەوە دوو خۆر، 

بۆ گەرمکردنەوەی گیانی ساردی شەو بردووت 

ڕۆژەکانت لەسەر نینۆکەکانم ڕەنگ دەکەم 

بۆئەوەی ژیان بە ڕەشی نەبینم 

ناوت لەسەر نینۆکەکانم هەڵدەکۆڵم 

بۆئەوەی دەستم بۆهەرچی برد

بەناوی تۆوە دەستپێبکات. 

گەر تۆ نەیەیتەوە ئەم بەهاری ئەوینە،

وەک چیرۆکێکی مردوو خۆی بۆ زستان دەگێڕێتەوە 

لەم دەشتی چاوەڕوانی کەنعانەدا پەیامبەرێکی ژن لەنێو چاڵی بەجێماوی چاوەڕوانی دا یوسفێک لەناخیدا دەخنکێت 

 گەر تۆ نەیەیتەوە  ئەم کارێزی ئەڤینە ئەبێتە گۆمی خوێن

دونیا ئەشکەوتێکی تاریکە منی جێماو بە مێژووی تۆوە 

جگە لەدەنگی تۆ هیچ ناناسمەوە 

تا هەستم بەر دەنگت نەکەوێت داناگیرسێم 

با باران وەک دڕک، خاکی گیانم دانەپۆشێت .

بێ تۆ باخچە لە تەرمێکی ڕەشی ڕاخراو دەچێت. 

با مۆسیقام لێنەبێتە هاوار

کلارنێت قیژەی کچێکە  لە گەرووی سوتاندا 

کەمان شیوەنێکە بەسەر وێرانبوونی شانۆی ژیان دا 

پیانۆ دەبێت بە نۆتەی هەنگاوی ئەوانەی تەرمیان لەسەر شانە

دەفەکان دەبن بە پژمەو بەسەر ژیانا 

دەڕشێنەوە 

نەیەیتەوە، شیعر زمانی دەشکێت 

ئیتر کێ ئەم گۆرانییە تەواو بکات ؟

ئەلف و بێی زمانم ببڕیت 

چۆن ئەم داستانە بنوسمەوە ؟ 

بۆ ئەم تەونی خۆشەویستییە،

ببێتەوە بەخوری .

ئیتر کێ ئەم فەرشی ئەڤینە ڕەنگ بکات 

تۆ دەزانیت بێ تۆ من ناوێکی ونبوم 

مردن نەبێت، ژیان ناتوانێت بمدۆزێتەوە 

با ژانی ژیانی تۆ بمگرێت 

با لەژێر باری نالەباری بێتۆیدا، 

خەونەکانم لەبار بچێت.

من نامەوێت لە تۆ ببمەوە 

گەر لەتۆ بکەومە خوارەوە 

هەتا ئەبەد نامەوێت لەدایک ببمەوە .

ئیمان یادەوەر