
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
1
شیعر وای لێ كردم له خۆم له‌دایك ببمه‌وه، هه‌موو به‌شه‌كانی ژیانیش لای من یه‌ك ئامانجیان هه‌یه. ئه‌ویش شیعره، شیعریش بۆ من مه‌ته‌ڵێكی گه‌وره‌یه، مرۆڤایه‌تی خۆمی پێ بگه‌شێنمه‌وه. شاعیرێكی خوداناس و نيمچه دێهاتی و به‌ره‌و خودی خۆم گه‌ڕاوه‌م. ئه‌م دنيايه چۆن بناسم، سه‌رله‌نوێ شته‌كان بدۆزمه‌وه و پێكهاته وه‌ربگرم و له چییه‌تی بپرسم, پشت به‌ستوو به وزه‌ی په‌خشان ڕووبه‌ڕووی واقیع ببمه‌وه.كه‌م و زۆر به‌هره‌یه‌كی خۆڕسكی ئه‌ده‌بیم تێدایه، به كۆشش و خه‌ڵوه‌تی خۆته‌رخانكردنگه‌ڵاڵه و گۆشم‌كردووه. له خانه و شانه‌ی هەستیاری زمان و بنيادنانى ناسنامه‌دابۆن و ڕه‌نگ و ڕۆشناییم هه‌ڵمژیوه و شیعر پاڵاوتوومی، لە شیعریش بەولاوە هیچ چالاكییەكی دیكەم نییە هێزی پێویستی لێ وه‌ربگرم. گونده‌كه‌م، شوێنی یه‌كه‌م له شاره‌كان زیاتر بیری شیعرییم نزیك و نزیكتر ده‌كاته‌وه، دوور و دوورتریشی ده‌با. دۆخی نووسینم لا په‌یدا ده‌كا گه‌رم بنووسم، بنه‌مایه: زمانی خودا، مرۆڤ، باڵنده، په‌له‌وه‌ر، ئاژه‌ڵ، خشۆك، زینده‌وه‌ر، سروشت، گیا، دره‌خت، پرسیار، وه‌ڵام، به‌ڵێ، نه‌خێر، گوڵه‌گه‌نم...تاد، له‌ودا ناسی. شار واقیعێكی توندوتیژه، كه‌متر هارمۆنی نه‌رمونیانی تێدایه. هێڵی تایبه‌تی له نێوان مرۆڤی گوند و مرۆڤی شار له باری سایكۆلۆژییه‌وه له‌كوێوه جیاوازن و له‌كوێوه‌ش نزیكن، ناوی شوێن له شیعردا به ده‌گمه‌ن ده‌هێنم، به‌ڵام هه‌ستی هه‌ستكردن به شوێن و ناسینی شوێن زاڵده‌كه‌م، پێكهاته‌ی تایبه‌تیم بۆ ئه‌زموونی خۆم دامه‌زراندووه و به‌هایه‌كی سه‌ربه‌خۆشم به شیعر داوه.
2
له ڕایه‌ڵ و تانوپۆ و چۆنیه‌تی بیناكردنی ئه‌و شیعرە دەدوێم، نووسیومە، یان لە داخوازى و خواست و نادیارییەكدا دەبێتە خولیای نووسین، هەستی هه‌ڵقوڵاو وتاسه‌ی ڕۆحیم دەیدۆزێتەوە، دەینووسم و تێیدا پشت به خود و زمان و وێنه ده‌به‌ستم، خود و زمان و وێنه‌ش وه‌ك كرده‌یه‌كی كارای بیركردنه‌وه، بوونی مرۆڤ داده‌ڕێژن و چالاكی زه‌ینی و ده‌روونیین، له ناسینی به‌های ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر ئاسووده ده‌كه‌ن.
3
نیمچه ده‌ستووری ڕوونبێژی و ڕه‌وانبێژی و ناسكوێژیم و داروپه‌ردووی ڕسته‌سازی و په‌نجه‌مۆری تایبه‌تمه‌ندیم به‌كارهێناوه، قەتیش لێكدانەوەم بۆ وشە نەكردووە، وام زانیبێت بەلای خوێنەرەوە گران و سەختە, وشه‌كه چه‌ند دیوێكی هه‌یه. ئاسۆیی به‌كارهاتووه، یان ستوونی. ئەو بڕوایەم هەیە، كە خۆم زانیم چیم گوتووە. خوێنەریش دەزانێت چیم گوتووە و به‌كام دیودا به‌كارم هێناوه, له چركه‌ی به‌خشنده و به‌خشین ده‌رناچم. هه‌موو ده‌م له‌ناو چێژی شیعردام، كه چێژی نووسین ته‌واو ده‌بێ ده‌چمه ناو چێژی خوێندنه‌وه‌وه.
4
شیعر شێوازی بوون و به‌ها و پێوه‌ر و گه‌ڵاڵه‌بوونی دیدگای شاعیرە، واتە: بوون و چییەتی و دۆزینەوە و ناسینەوە. سەختیی ژیانی بۆ قەرەبوو كردوومەتەوە، لە ئەزموونی ئازاد‌دا ئامانجی خوڵقاندووم, شيعريش تاكه شوێنه لێوه‌ی بڕوانمه ژیان و گه‌ردوون و یاده‌وه‌ری، له ژیان و گه‌ردوون و یاده‌وه‌ری ڕامان هێزی پێویستی پێ به‌خشیوم. هه‌ستم بۆ ژیان به‌هێزه و یاده‌وه‌ریشم به‌هێزه و حه‌زێكی گه‌وره‌شم هه‌یه بۆ ژیان، له‌و شیعره‌ی ژیانت بۆ قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه، واته: شیعری ژیانیی وشه و ڕسته تێكه‌ڵاو ده‌بن و ڕسته له وشه‌دا داده‌ڕێژرێته‌وه، تێكۆشاوم ئه‌م كاركردنه‌م بكه‌مه شێوازێك تا ببێته ده‌نگێك بۆ بێده‌نگه‌كان، یان گفتوگۆی نێوان شاعیر و خوێنه‌رانی.
5
شیعری بێگەرد وه‌ك ڕۆح وایه، مەی لە چڵ و گەڵا نەخەمڵاندووە. لە ڕەگ خەمڵاندوویەتی، بۆیه مه‌ی و مه‌ستییه‌كه‌ی، بژاركراو و ڕێكخستنه‌وه و تاهه‌تایی و گره‌وی سه‌ختی بوونه، ده‌كرێ جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌كی سۆفیگه‌رییانه‌ی تێدا بدۆزێته‌وه، كه زه‌ینی داهێنه‌ر و خوێنه‌ر ده‌پارێزێ و وزه‌ی زیندوو له شه‌ڕی بوون وه‌رده‌گرێ.
6
شیعر بە كردەی سرووش و خرۆشان و ئاماژه و نیشانه و مۆتیڤتێدەگەم، سروشت دەدۆزێتەوە و مرۆڤی هه‌ستیاری بۆ ئامادەدەكات. شاعیر سروشتی دووەمە و مرۆڤ دەدۆزێتەوە. لە سەرچاوەكانی سروشتی یەكەم هه‌ڵكۆڵین دەكات، له سروشتی یه‌كه‌مدا عه‌وداڵی ئه‌زموون و تاقی كردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامم. هه‌میشه بێ ئۆقره و نه‌سره‌وتووم به‌دوای شێوازی تازه و خه‌مڵێندا، ناشزانم له‌و بێ ئۆقره‌یی و نه‌سره‌وتنه‌مدا چ كار و شێوازێك ده‌دۆزمه‌وه و ده‌یهێنمه كایه‌وه، ده‌شتوانم چه‌ند شێوه و ڕێبازێكی شیعری به‌كاربهێنم، كه‌چی وه‌ك ئه‌و شاعیره تازه كووره‌یه‌م هێشتان شێوه و شێوازی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌م عه‌وداڵییه‌م كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خه‌مڵینه. ده‌شزانم دره‌نگ و زوو پێی ناگه‌م، به‌ڵام بۆ ڕێگای دوور به‌ڕێگاوه‌م, له قووڵاییدا ده‌ژیم و ده‌دره‌وشێمه‌وه. حه‌زیش ناكه‌م كه‌س سه‌رنج و تێبینیم بداتێ، چونكه بڕوای ته‌واوم به كۆشش و ماندووبوونی خۆم گه‌رموگوڕه. گوێش له خوێنه‌ران ده‌گرم و بۆچوونیان به‌رز ده‌گرم، مه‌رجیش نییه گوێڕایه‌ڵیا‌نبم.
7
شیعر ئه‌و هێزانه‌یه، كه مرۆڤ و خوداوه‌ند و ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ر و باڵنده‌ی دروست كردووه و ئاشقی ژیانە. ئاشقی ژیانیش له هیچه‌وه دروست نابێ، ئاسۆ و دوورییه‌كانی فره‌دیوی بوون ده‌ناسێت، لە سەرەتاوە دەست پێدەكاتەوە. هەموو شت به پله‌ی باڵا لە شیعردا دەژی، شته‌كان پێشبینییه‌كی ورد و زیره‌كن. ئەو شوێنەی هێزی ژیان دەستی دەگاتێ، شوێنە لە شیعردا و جیهان تێیدا ئاوارەیە. مرۆڤە ئاوارەكانی دنیای تێدا دەناسێ و ساتی ناسینی دەربڕین لێكردنە بۆ نزیكبوونەوەی هەموو شتەكان لە ڕێگای شیعرەوە. هەموو شتەكانیش لە شیعردا چەندین جار لەدایكدەبنەوە و ژیان به باری تر ده‌گوازنه‌وه.
8
سەرەتا هەموو وەرگێڕانێك لە ناسینی ئەوی دی دەست پێدەكات. لە ڕێگای وەرگێڕان بۆ كوردی نهێنی هونەری و تانوپۆی شیعری بەشێك لە شاعیرانی زمانانی ترم ناسی. وەرگێڕان كردەیەكی گرنگی ئاشتیخوازییە. ئەوە حاڵەتێكە من لەناو شیعری وەرگێڕدراودا باش ژیاوم، به‌رزی و نزمی پله‌ی لێدانی دڵی خۆم زانیوه. ئەگەر نەتوانی بە زمانی دنیاش بخوێنیتەوە، بە وەرگێڕانیش بیخوێنێتەوە هەر كارێكه نه‌خشێكی گرنگ له بوونی شیعر ده‌بینێت و زیاتر قووڵییت لێ ده‌رده‌كه‌وێت. وه‌ك قوتابییه‌كی خۆفێركه‌ر به تامه‌زرۆییه‌وه ده‌یخوێنمه‌وه. دڵم لەناو شیعری وەرگێڕدراودا بەباشی لێدەدا، بەڵام ناسنامەم سەر زەمینی كلتووری شیعری كوردییە. بڕوام بە وشە و هێزی وشە هەیە، زمان ناوەند و بوون و چییه‌تی و دۆزینه‌وه و ناسینه‌وه‌یه. ڕۆحی به‌شێك له شیعری كوردی بە شێوەیەكی زیندوو و چالاك ماوەتەوە، ڕووبه‌ڕووی شارستانیه‌ت ده‌بێته‌وه و گفتوگۆی خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ ده‌كات.
9
هەستەكان و ده‌ربڕینی به‌هێزی هه‌ست، ڕێگا و ڕووگه‌نمای دۆزینەوەی شتەكان و وشەكان و ماناكانن، سەرەتای كردەی نووسینن, كە ڕەشنووسی شیعرێك تەواودەبێت، بوێریی ئەوەم لایە زیاتر كار لەسەر لابردن و سڕینەوە بكەم. كەمتر كار لەسەر زیادكردن و خستنەسەر بكەم. لە ڕەشنووسدا زیاتر كار لەسەر جێگۆڕكێی وێنە دەكەم، هه‌وڵیش ده‌ده‌م هه‌ستی بۆنكردن له وێنه‌دا به‌رز بكه‌مه‌وه و وێنه بۆن بكرێ, كه وێنه بۆنكرا هه‌ستی بیستن پێی هه‌ستیار ده‌بێت، هه‌وڵم داوه هه‌ندێك وێنه‌ی باوخواز بۆ ناو ساده‌یی و وێنه‌ی بژارده‌خواز و ڕوانینوان بهێنم.
10
شیعر و گه‌ردوون ڕوخسار و ئاوێنه كلتوورن،شیعریش جه‌نگێكی ڕۆژانه‌ی به‌رده‌وامه و وزەی زیندووی ناو كلتوورە، هەستەكان بە ئاوازی جیا جیا درێژی دەكەنەوە، شاعیری دامەزراو بە زمانێكی بەرجەستە لە مێژوو و كانگای مرۆڤی نزیك دەكاتەوە. لە خودەوە بۆ خودی باڵا. ژیان لەم كردەیەدا سەرلەنوێ لەدایكدەبێتەوە، منیش له‌م له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵم داوه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ كه‌له‌پووری كۆن و ڕه‌سه‌نی كوردی، ئه‌گه‌ر زۆر دانه‌ده‌م و پێ هه‌ڵنه‌بڕم په‌خشانه‌شیعر بكه‌م به نموونه‌یه‌كی پاك و په‌تی.
11
شیعری بێگەرد بڕوای بە هیچ ئایدیۆلۆژیا و شانه و شه‌پۆل و جڵه‌وبه‌ده‌ستێك نییە. بڕوای بە ئاراستەی دیاریكراوی شیعرییبوون و ئێستێتیكای سادەیە. هەموو ئایدیۆلۆژیایەك فشۆڵە، شیعر و زمان تێیدا بۆگه‌ن ده‌كا، خه‌یاڵیش باڵگران ده‌كات. خه‌یاڵ ئه‌و ڕه‌گه‌زه كاریگه‌ر و ڕووناكه‌یه ژیانی مرۆڤی شاعیر ده‌وڵه‌مه‌ند و به به‌رهه‌م ده‌كات. به وزه‌یه‌كی به گوڕی ده‌ربڕینه‌وه له‌ناو گۆشه و ڕووبه‌ری شیعردا ده‌تهێڵێته‌وه تا هه‌ست به ئاسۆ دوورییه‌كانی گومان و سه‌رسوڕمان و زمان و پرسیار بكه‌ی.
12
خوێنه‌ر دوای نووسینی شیعر گرنگه، شیعر خۆی كۆدەكاتەوە و ئەزموون و شارەزایی و يه‌كێتی هه‌ستیاری و هه‌سته‌كان دەینووسێت، دواتر بژاری دەكەی. خوێنەری كراوە دەیخوێنێتەوە. من هیچ بڕوام بە خوێنەری چێژى ته‌نك و لابه‌لا نییە. ئەدەب چێژی ته‌نك و لابه‌لا نییە، ئێستێتیكا و یه‌كێتی هه‌ستیاری و هه‌سته‌كانه. چێژ ڕه‌سه‌نایه‌تی داهێنان یه‌كناخات، به‌ڵام ئێستێتیكا یه‌كی ده‌خا. خوێنەری چێژی ته‌نك و لابه‌لا تەمبەڵ و فشۆڵ و نه‌دۆزه‌ره‌وه‌یه. خوێنەری كراوە خەیاڵی خۆی بەكاردەهێنێ، واتای زه‌ینی و ده‌روونی به‌رهه‌م ده‌هێنێ و پێشكێشی ده‌كات، كه‌پوو بۆنی وێنه ده‌كا و بۆنی وێنه‌ش ده‌ناسێ. قەت لە خۆم نەپرسیوە شیعر خوێنەری ماوە، یان نا. یان چه‌شنێكی تری ئه‌ده‌ب شكۆی شیعری ته‌نك و ڕفۆك كردبێت. ئەم پرسیار لە خۆكردنە وزە لەخۆ ناگرێ و پەیوەست نییە بە بوون و چییه‌تی و دۆزینەوە و ناسینەوە. گومان لە توانای خۆكردنە، یان ترسێكە بیركردنەوەت شێلوو و شڵەژاو دەكات. ڕووباری وزە و هەست ناتگاتێ و فریات ناكەوێ. توانای بیركردنەوە و وێناكردنت كۆناكاتەوە. خوێنەری كراوە بەشێكی گرنگە لە كتێب، مادام شیعری بێگه‌رد هه‌یه، خوێنه‌ری كراوه‌ش هه‌یه. خوێنه‌ر له شیعردا نه‌شونما ده‌كا و په‌روه‌رده ده‌بێ و ده‌دره‌وشێته‌وه، شیعریش له خوێنه‌ردا ده‌ژی، خوێنه‌ر له كۆتاییدا فه‌لسه‌فه‌ی شیعره، ماڵی ده‌دۆزێته‌وه، ئاڵای له‌ناو هه‌ڵده‌دا و ئامانجی كۆده‌كاته‌وه و مه‌شخه‌ڵی به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ.
13
وا دەزانم سەرزەمین بە من بەخشراوە، بە شیعر بینای بكەم. لە سەرەتای شیعرەوە بەدرێژایی هاتنی بیناكردن بەردەوام لەدایكدەبێتەوە و داهێنەر تێیدا ناوەندە. وەك خەونێك لەناو بیناكردندا دەژیم و لە تەواوی خانەكانی لەشمدا ئامانجی كۆكردووه‌ته‌وه.
14
پێش نووسینی سه‌ر كاغه‌ز، له مێشكمدا نووسیومه و ده‌نووسم، كه ده‌ستیش به نووسین ده‌كه‌م، شێوه‌ی گشتی شیعره‌كه‌م لا نییه. له دوا وشه‌ش ده‌ترسێم، كه هه‌میشه فێڵبازانه خۆت لێ ده‌شارێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م وێنه‌دا زه‌مینه‌ی به‌رده‌وامبوون خۆش ده‌بێت و ورده ورده بیركردنه‌وه‌م ڕوونتر ده‌بێ و وێنه گه‌وره‌كه‌م لێ ده‌رده‌كه‌وێت، سروشتی خودایی و سروشتی زه‌ینی یارمه‌تیم ده‌ده‌ن.
شیعری بێگەرد گوێڕایەڵی واقیع و ڕووداوی فریوده‌ر نابێ. هەوڵدەدا بیدۆزێتەوە و ڕوو لە سادەترین شتی بكات. سادەیی و هەستەكان دەمێننەوە و پەیام و دۆخ دەپارێزن.
15
نیگەرانی بارودۆخی ئاڵۆز و كاره‌ساتبار و كەوتووی كۆمەڵگه‌ی كوردی و سیاسه‌تی كوردی نیم. نیگه‌رانی ناوەندی شیعری كوردیم، كە خۆم تێیدا دەژیم و به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ هیچی تێدا ڕوونادات و هێڵی گه‌وره‌ی تێدا ده‌رناكه‌وێ، به‌شێك له نووسه‌ران مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی، یان گه‌وهه‌ری تاجیان ده‌ستكاریكردنی دۆخه به‌ره‌و باشتر و ناسینه‌وه‌ی نرخی ڕاسته‌قینه، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی، یان گه‌وهه‌ری تاجی من به‌كارهێنانی زمانه به‌ره‌و باشتر و هه‌ستیاری و خه‌مڵین و وشه‌ی ئاهه‌نگدار و پێوه‌ر، شكۆی ئێستێتیكا و زمان به‌رگریكاری هه‌قیقه‌تن.
16
داهێنه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی ناوه‌نده و خه‌سڵه‌تی ناوه‌ندبوونی داهێناوه، سرته و ڕازی داهێنان و ته‌كنیكه زمانه‌وانییه‌كانیشی گۆڕیوه. یه‌كێكم له شاعیرانی شه‌پۆلی سێیه‌می شیعری په‌خشانی كوردی، ده‌قم تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری په‌خشان و چین و شێوازی هه‌مه‌چه‌شن بردووه، به‌ڵام نه‌مهێشتووه ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی بێ تانوپۆ و لكوپۆپ زاڵ‌بێت به‌سه‌ر شێواز و كورتبڕی و چێژی هونه‌ری و ئێستێتیكی.
هۆشیارییه‌كی ئامادەی به دڵ و گیانیشم له شێوه‌ده‌نگێكی نه‌رمی نه‌نووسراو هەیە, هەست بەوە دەكەم لە شیعری ده‌نگی نه‌رمی نه‌نووسراو دەگمەن نا، بەڵام تایبەتمەندی گه‌ڵاڵه‌ی كردووم، كۆشش بۆ ئەوە دەكەم لە ڕێگای دیمەنی گەردوونی و ڕه‌گه‌زی كتوپڕی و نیشانە و په‌یژه‌كانی مۆسیقاوە بە تەواوییەك بگەم و ئاوازم لێ بەرزببێتەوە، تا ڕاده‌یه‌كیش له‌وه دڵنیام ئه‌م شێوازه، له سه‌رده‌می خۆمدا، واته: ئێستا جێگای سه‌رنج و بایه‌خ نییه.
17
دوای ته‌واوبوونی شیعرێك، خودی نووسینم تازه ده‌بێته‌وه، ناشتوانم هیچ كەسێك لە شیعری خۆم تێ بگەیەنم، چونكە شیعر ئاڵوگۆڕییەكی ڕۆحییە، ڕۆحیش ڕوون ناكرێته‌وه. كتێبی ئایینه‌كان و فه‌یله‌سووفانیش به‌دوایدا چوونه، نه‌یانتوانیوه ڕوونی بكه‌نه‌وه و ڕوونیمان بده‌نێ. هەوڵدەدەم هەست بە شت كردنێك لە ناخیدا دروست بكەم. هەستی بوونی و لێكدانی ژێی دڵ وێنا بكەم. نەك لێكدانەوەیان بۆ بكەم، ئه‌فسوونێك وه‌ك مووچڕكێك گرتوومی و به‌رم نادات. هه‌میشه تاسه‌م بۆ بینینی قه‌ڵای هه‌ولێر له گه‌ڵاڵه‌بوونه، هه‌رجارێك بیبینم، بینینی جاری پێشوو نییه و بینینی یه‌كه‌ممه و شێوه‌ی نادیاری وه‌رده‌گرێ، له كۆی بینینه‌كان كه‌رسته‌ی زمانه‌وانیم گه‌یشتووه به ئاسۆی هاوچه‌رخ ونوێبه‌خشی، له دانه‌وشه‌ی ڕۆمانسی كرچوكاڵ لام داوه و هه‌وڵم به‌ره‌و زه‌مینه هێماییه‌كان و شيعریيبوونی وردبوونه‌وه له به‌هره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئاسۆی جووڵه‌كردنه.
18
هه‌ستی ناوه‌وه‌م ڕێی پیشان داوم داهێنه‌ران بدۆزمه‌وه، به به‌هاوه بیانخوێنمه‌وه، خوێندنەوەی شیعر لەسەر ئاستی ئێستێتیكا و زمان لای ئەو شاعیره‌ی پرسی شیعر و داهێنانی مه‌به‌سته، له منداڵدانی ئه‌زموون و شیعرییبوونی به‌ده‌ستهێنراو و له پرس و په‌یبردنه‌وه هاتووه‌ته ده‌رێ. زێوان پێكهاته‌یه‌كی بنیادی ژیاننامه‌یی و ئاخاوتنی ده‌روونی كردووه‌ته هێما و هێماپێكراو، سوودیشی له جێگۆڕكێ پێكردنی ڕاناوه‌كان وه‌رگرتووه.
سێزده كتێبی شیعرییم چاپ كردووه، ناتوانم یه‌كێكیان بخه‌مه پێش یه‌كێكی تریانه‌وه، به‌ڵام پیاو به نۆبه‌ره ده‌بێته باوك. هەر لە سەرەتاوە، زێوان بە سەرەتای ڕاستەقینەی خۆم دەزانم. خۆم بە ئەزموونگەر و شاعیری گومان و سەرسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار زانیوە، لە چوارچێوەیەكدا خۆم ڕێك نەخستووە، خۆشم لە شیعری فشۆڵ پاراستووە و شەڕم لەگەڵ شاعیرانی فشۆڵ و به‌سته‌زمان بەرپا نەكردووە و كێشه‌م له‌گه‌ڵیان نه‌ناوه‌ته‌وه، لە نرخیانیشم كەم نەكردووەتەوە. ڕێزی كتێبەكانیانم گرتوون و كڕیومن و لەناو كتێبخانەی خۆمم داناون. تۆزیشم لەسەر تەكاندوون. پاكم كردوونه‌ته‌وه، بەڵام نەمخوێندوونه‌تەوە، شاعیرانێك له خۆڕسكدا به‌هره‌دار نه‌بن و نه‌توانن شیعری سه‌ركه‌وتوو بنووسن، یان له به‌رده‌وامبوونیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بن و نه‌توانن بیركردنه‌وه‌یان بكه‌ن به به‌رهه‌می داهێنراو، ناتوانن له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتوو ته‌بابن. خۆیان ده‌خۆنه‌وه و تووشی گرێی ناوه‌كی ده‌بن و گێچه‌ڵ به سه‌ركه‌وتوو ده‌كه‌ن، ده‌بنه تیرهاوێژی كوێر، ئه‌وه‌م لا جێگیربووه ته‌نیا كه‌سانی لاواز و پووخه و كه‌وتوو ئیره‌یی ده‌به‌ن و هه‌ڵوێستی هێرشبه‌رانه وه‌رده‌گرن. له‌ناو ئه‌م كرده و گێچه‌ڵ پێكردنه‌دا من كراوم به نیشانه‌ی گێچه‌ڵ پێكردن.ئه‌و كلۆر و كڵۆڵ و به‌سته‌زمانانه‌ی له‌گه‌ڵ شیعرم ناگونجێن، ته‌نگه‌تاوبوونه و گێچه‌ڵ ده‌نێنه‌وه. هیچ زیانێكم پێ ناگه‌یه‌نن، به‌ڵكو سوورم ده‌كه‌ن زیاتر له كۆششكردن و خوێندنه‌وه، قووڵ ببمه‌وه و بچمه ناو هێز و شكۆی نووسینمه‌وه.
ڕێكخه‌ر و هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئه‌م گێچه‌ڵ پێكردنانه: (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف)ه. ساڵی (1986)، له گۆڤاری نووسه‌ری كورد، ژماره (4) شیعری: (مووتووربه)م بڵاوكرایه‌وه. له بینینی ئه‌م شیعره‌وه شڵه‌ژا و گه‌شكه‌بردوو بوو، ڕادیۆی پڕوپاگه‌نده و گێچه‌ڵ پێكردنی به‌سه‌رمدا كردووه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی پشوویه‌كی كورتیش به‌م بێژه‌ره كلۆر و كڵۆڵ و به‌سته‌زمانه بدات. به ده‌مودووێكی به‌تام و خوێ و ویژدانێكی پاراوه‌وه گه‌ردنی له هه‌موو گه‌نده‌كاریی و وڕێنه و بزڕكاندنه‌كانی ئازابێ، به‌ڵام من ئه‌و ڕازه‌م هه‌ڵێناوه ڕێز له به‌رهه‌می خۆگرتوو، قه‌ت ناچێته سه‌نگه‌ری به‌تاڵه‌وه. داهێنان گیانێكی كڵپه‌داره، گوڕ و به‌ختیاری تێدا سه‌رڕێژه، هه‌وڵم داوه په‌روه‌رده‌ی ئه‌م گیانه بم. داهێنان دەتوانێت داهاتوو و مێژوو و هاوچەرخیی بخوڵقێنێ و بخوێنرێتەوەش.
19
شیعر هونەری بەشێكە، هونەری گشت نییە، شیعری گشت فریوی ئێستێتیكا و واقیع ده‌دات، له سه‌ره‌تامدا شیعری گشتم زۆر ده‌خوێنده‌وه، ئێستا ناتوانم دێڕێكیشیان بخوێنمه‌وه. شیعری گومان و سەرسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار لەگەڵ واقیعی باوخواز نایەتەوە، واتە: جووت نابێ. واقیعی نوێبەخش، هێماخواز لەناو دەقی گومان و سەرسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار دروست دەكەم. لە واقیعی سەرچاوە، جیا و نامۆی ناكه‌م و داینابڕم، بەڵام دووری دەخەمەوە و ده‌یپارێزم. ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەری كراوە بە زمانێكیگەرموگوڕ بە وزەی پەخشان دەهێنمەدی، هانی ده‌ده‌م تێگه‌یشتنی بۆ گومان و سه‌رسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار هه‌بێت و په‌یوه‌ست نه‌بێت به وه‌ڵام، په‌یوه‌ست بێت به پرسیار. شیعری بێگه‌رد پرسیارێكی ئاراسته‌كراوی گه‌ردوونی و تێكه‌ڵكردنی جۆر و ڕه‌گه‌زی ئه‌ده‌بی و تێكه‌ڵكردنی هه‌سته‌كان و چوونه ناو ئاسۆیه.
داهێنان لە واقیعەوە دەست پێ ناكات. بەشێك لە واقیع وه‌رده‌گرێت، هێزی شێوه و شێوازی ده‌داتێ. شاعیر بیەوێت بمێنێتەوە، دەبێت خۆی ئامادەبێت و ئێستێتیكای مرۆڤی هەبێت، ئێستێتیكای مرۆڤ كۆكراوه‌ی ڕۆحی مرۆڤ و گه‌ردوونه، چونكە واقیعی هیچ كات و سەردەمێك لەگەڵ واقیعی كات و سەردەمێكی تر جووت نابێت، واقیع به چه‌ندین چینی هه‌مه‌جۆر ده‌وره‌دراوه. ئێستێتیكای مرۆڤ لەگەڵ هەموو كات و سەردەمەكان جووت دەبێ، داهێنه‌ر كه‌سی دوودڵ و بوونیی و یاخییه‌كی به‌رده‌وامه، له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی نایه‌ته‌وه و جووت نابێ، نه‌رمی نواندنیش نازانێت.
20
گفتوگۆی هاوچه‌رخانه و جۆره ڕێزلێنانێكی ئایینی، هه‌موو ئایینه‌كانم بۆ ژیان گه‌ڵاڵه كردووه، شاعیری بەرپرس و پابه‌ندی سروشتی زه‌ینیی و ئێستێتیكا و زمانم, سروشتی زه‌ینیی و ئێستێتیكا و زمانیش په‌یوه‌ندی و یه‌كێتێن. ناتوانم لە دڵە گەورە و پڕ بزاوتی پڕشنگدار و كردار و كاریگەرییان دوور بكەومەوە. دوای بیركردنەوە، كاتێ خورپە و ئیلهامم پێدەگا، خۆم بە ورووژاوی سروشت و ژیان دەزانم و پێداگریشی له‌باره‌وه ده‌كه‌م. سروشت بە ڕووبەرە فراوانەكەی، مرۆڤ، ئاژەڵ، باڵندە، زیندەوەر، دارستان، ڕووەك، دار و بەرد... تاد، كاتێكیش شەڕی چەپەڵی براكوژی كڵپه‌ی سه‌ند، مووچڕكێكی بكوژ سەرتاپای هەستەكانی گرتم و تا ئێستاش لە جەستەم ماوەتەوە و دەرنەچووە، زه‌برێكی كوشنده و ده‌رزییه‌كی ژه‌نگنه هه‌موو هه‌سته‌كانم ده‌كوتێ و تووشی تیراوه‌یان ده‌كا. كەوتمە ناو ونبوونێكی سەرتاپاگیرەوە، دەچوومە كەناری خۆنشینی و خۆم دەخواردەوە و دەمپرسی چی چارەنووسی مرۆڤی وا سەخت و دەگمەن كردووە، یان هەر ژیانی ڕاستەقینە خۆی ونە، یان سەرڕێژە لە دەربڕینی جوانیی ڕەها و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕی پاكی و پاكیزه‌یی ڕوون. شیعر ئه‌وه‌نده هه‌ست و بیر داخراو نییه هه‌ندێك دیارده‌ی ژیان وه‌ربگرێ و هه‌ندێكیش وه‌رنه‌گرێ. هه‌موو باره‌كان وه‌رده‌گرێ. ژیان به هه‌موو باره‌كانیه‌وه وه‌ك جۆره پێوه‌ر و چاره‌نووسێك پرسیاری ترسناك و بنه‌ڕه‌تی له شیعر ده‌كه‌ن.
لە هەموو باروبوار و جۆری هەڵكەوتدا چوومەتە گۆشەی خۆنشینی و دەمزانی سنووری ئەرك و بەردەوامبوونی من لە نووسیندا تا چ سنوور و ڕادەیەكە.
شیعر دیاریی بێدەنگی وگه‌وهه‌ری تاجیمنە، پێشكێش بە گەردوونی دەكەم.
ئابی2023 هه‌ولێر