كەریم دەشتی

 

1

‎زۆرجار چوومه‌ته‌ چیاكان  

‎ئاوم له‌سه‌ر تاوێره‌به‌رد خواردۆته‌وه‌ 

‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ 

هه‌رچییه‌ك من دایئه‌ڕێژم 

‎به‌ نێو سه‌خته‌ندازی ژیان 

‎ناگا به‌به‌رزیی ئه‌و لووتكه‌ی 

‎سرووشت بڕستی پێداوه‌ 

‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌  

‎به‌رزیی بكه‌م به‌نیشتیمان 

‎زۆرجار به‌سه‌ر به‌نداوه‌كاندا وه‌ستاوم 

‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چی بنووسم 

‎ناگا به‌ جوانی ئه‌و تیشكه‌ی 

‎هه‌تاو ئه‌یڕێژێته‌ ناو ئاو 

‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌ 

‎هه‌ر گه‌وهه‌رێ دایبڕێژم 

‎ئه‌بێ گه‌ش بێ 

وه‌ك تیشكی ناو دڵی هه‌تاو 

‎چوومه‌ته‌ ناو كۆڕی مه‌ستان 

‎پێكی‌ خه‌ستم خواردۆته‌وه‌ 

‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چی بنووسم

‎ناگاته‌ مه‌ستی كاسه‌یێ شه‌رابی سوور 

‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌ 

‎به‌شه‌رابی جاویدانی 

‎زه‌یتی شیعر داگیرسێنم 

‎زۆرجار بوومه‌ته‌ میوانی ناو ده‌ریاكان 

‎مه‌له‌م له‌گه‌ڵ په‌ری خه‌یاڵم كردووه‌ 

‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ 

‎چی بنووسم به‌ دڵ و داو 

‎ناگا به‌ شه‌وقی ئاوه‌كان 

‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌ 

‎شیعر پڕكه‌م له‌ خووڕه‌ی ئاو 

‎چوومه‌ته‌ ناو دڵی سپی مانگه‌شه‌وان 

‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چی بنووسم 

‎ناگا به‌ زیوی ئه‌و به‌فره‌ی 

‎تریفه‌ ئه‌یبه‌خشێ به‌ تاشه‌ی  چیا 

‎هه‌ر بۆیه‌ش بڕیارم داوه 

‎جه‌وهه‌ری شیعرم تریفه‌ بێ 

كه‌روێشكه‌ بكا وه‌ك گیا