كەریم دەشتی

1

‏‎زۆرجار چوومه‌ته‌ چیاكان 

‏‎ئاوم له‌سه‌ر تاوێره‌به‌رد خواردۆته‌وه‌

‏‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ هه‌رچییه‌ك من دایئه‌ڕێژم

‏‎به‌ نێو سه‌خته‌ندازی ژیان

‏‎ناگا به‌به‌رزی ئه‌و لوتكه‌ی

‏‎سروشت بڕستی پێداوه‌

‏‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌ 

‏‎به‌رزیی بكه‌م به‌نیشتیمان

2

‏‎زۆرجار به‌سه‌ر به‌نداوه‌كاندا وه‌ستاوم

‏‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چی بنووسم

‏‎ناگا به‌ جوانی ئه‌و تیشكه‌ی

‏‎هه‌تاو ئه‌یڕێژێته‌ ناو ئاو

‏‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌

‏‎هه‌ر گه‌وهه‌رێ دایبڕێژم

‏‎ئه‌بێ گه‌ش بێ وه‌ك تیشكی ناو دڵی هه‌تاو

3

‏‎چوومه‌ته‌ ناو كۆڕی مه‌ستان

‏‎پێكی‌ خه‌ستم خواردۆته‌وه‌

‏‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چی بنووسم

‏‎ناگاته‌ مه‌ستی كاسه‌یێ شه‌رابی سوور

‏‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌

‏‎به‌شه‌رابی جاویدانی

‏‎زه‌یتی شیعر داگیرسێنم

4

‏‎زۆرجار بوومه‌ته‌ میوانی ناو ده‌ریاكان

‏‎مه‌له‌م له‌گه‌ڵ په‌ری خه‌یاڵم كردووه‌

‏‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌

‏‎چی بنووسم به‌ دڵ و داو

‏‎ناگا به‌ شه‌وقی ئاوه‌كان

‏‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه‌

‏‎شیعر پڕكه‌م له‌ خووڕه‌ی ئاو

5

‏‎چوومه‌ته‌ ناو دڵی سپی مانگه‌شه‌وان

‏‎بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چی بنووسم

‏‎ناگا به‌ زیوی ئه‌و به‌فره‌ی

‏‎تریفه‌ ئه‌یبه‌خشێ به‌ تاشه‌ی  چیا

‏‎هه‌ربۆیه‌ش بڕیارم داوه

‏‎جه‌وهه‌ری شیعرم تریفه‌ بێ

‏‎كه‌روێشكه‌ بكا وه‌ك گیا