وەرە ژێرکراسی حەز و سوخمەی تامەزرۆییت

لەسەر ترۆپکی نائومێدییەکانم ھەڵخە و

ڕستێک بززە لە لێواری تابلۆی خەمەکانم بچێنە

وەرە لە خەراپاتی بوونم جیلوە بکە و

ھەرەمی فیراق بڕمێنە

وەرە کۆتری سوریالیستی دەروازەی ڕۆحم سەرببڕە و

پەردەی ئاسمانی نیگەرانییەکانم بدڕێنە

وەرە پەراوێزی دیدەم ئالوودە بکە بە حیکمەتی سووتان و

کوپێک قاوەی دیدارم بۆبێنە

وەرە بە دەم نۆشینی جامێک مەی غوربەتەوە،

مۆمی تامەزرۆیی لە دیوەخانی دڵتەنگیم دابگیرسێنە

وەرە دەم بخەرە دەمی شیعرەکانم و

ئامێز لە دەیجووری دێڕەکانم وەربێنە

وەرە قەسیدەی ماڵئاوایی لە ئەلبوومی یادەوەریم  بسڕەوە و

 چەپکێک ماچ لە دەربەندی گۆنام بڕوێنە

وەرە لە خانەقای تەنیاییمدا گیتاری ئاوێتەبوون بژەنە و

دڕکی ژان لە پەرێزی چاوەڕوانیم دەربێنە

وەرە بەرماڵی نزام پڕ کە لە وردە موناجاتی عیشق و

واز لە قانوونی عەبەس بێنە

وەرە ببە بە ڕابیعەی ویساڵ و بە دەم سەمایەکی سۆفیانەوە، وێردی فەنابوونم بۆ بخوێنەوە

وەرە زەمھەریری کیشوەری ئومێدم ھەپروون ھەپروون کە و

بە پەنچەی دەفی سۆزت گڕی ئەو دۆزەخەی جوگرافیای ڕۆحم دابمرکێنە