
بڕیار عەبدولڕەحمان- ڕواندز
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/٥/٢٥ کتێبخانەی گشتی ڕواندز بە هەماهەنگی لەگەڵ کتێبخانەی عەلی مەکتەبە ئێوارە کۆڕێکیان بە بۆنەی یادی ٩٨ ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری زاری کرمانجی لە لایەن مێژوونووس و ڕۆژنامەوان (حوسێن حوزنی موکریانی)، بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس ( مەغدید حاجی) ڕێکخست.
(دکتۆرە کوردستان موکریانی) و (ئازاد گیو موکریانی) وەک بنەماڵەی حوسێن حوزنی و هەریەک لە قایمقامی قەزای ڕواندز و بەشێک لە دام و دەزگا حکومیەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران بەشداری ئێوارە کۆڕەکە بوون.
تێیدا کۆڕگێڕ بابەتێکی لەسەر ژیان و کارەکانی (حوسێن حوزنی موکریانی) پێشکەش کرد. لە لایەن ئامادەبووانیشەوە لەسەر بابەتەکە گفتوگۆ کرا و بە سەرنج و پرسیارەکانیان ئێوارە کۆڕەکەیان دەوڵەمەند کرد. هەریەک لە دکتۆرە کوردستان و مامۆستا مەغدید حاجی وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.

