
بڕیار عەبدولڕەحمان - ڕواندز
ڕۆژی ١٢/١٢/ ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و قوتابییان و هاوڕێیانی، ساڵیادی کۆچیدوایی مامۆستا زرار محەمەد مستەفا بەرز ڕاگیرا.
کاتژمێر ١١:٣٠ لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی ڕواندز، چەند گۆرانی و پارچە موزیک پێشکەش بە میوانان کران، دوای نیوەڕۆ لە هەوارگەی پانکی گەشتیاری، لە لایەن تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، چەند پارچە موزیکی ماتەم پێشکەش کرا. دواتر مامۆستا و نووسەر (مەغدید حاجی)، سیمینارێکی لەسەر کتێبی( هونەر لە ڕواندزێ)ی مامۆستا زرار پێشکەش کرد، بە کتێبێکی گرینگی لەسەر هونەر و ڕواندز ناساند. پاشان سەردانی گۆڕی مامۆستا زراریان کرد و تاجەگوڵینەی وەفاداریان لەسەر گۆڕەکەی دانا.
مامۆستا زرار محەمەد مستەفا، لە ساڵی ١٩٣٧ لە دایکبووە، شانۆکار و موسیقاژەن و خوشنووس و نووسەر بوو، دامەزرێنەری تیپی موسیقای پاشای گەورە و کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی لقی ڕواندز بووە، ئەندامێکی چالاکی (ڕێکخراوی هاوڕێیانی کتێب) بوو. لە ١٢/٧/ ٢٠٢١ ماڵئاوایی کرد.