
بەرزان عەلی مەجید
١
پاڵی دابوویەوە بەو کۆڵەکەیەوە کە لە ناوەڕاستی بەرھەیوانەکەیاندا بوو، ھەردوو دەستی ئاڵاندبوو بە قاچەکانییەوە، سەری کردبوو بەناو ھەردوو ئەژنۆیدا، واتدەزانی قارچکێکە و لە بن ئەو کۆڵەکەیەدا ھەڵتۆقیوە، روخساری لە تابلۆیەکی تۆز لێنیشتوو دەچوو، کە سەیرت دەکرد واتدەزانی پاش وێرانبوونی شارەکان گەڕاوەتەوە، وێرانبوونی شارەکان پاش جەنگەکان، ھەستتدەکرد لەنێو قوڵایی دێمەنێکدا توانای ھاتنەدەرەوەی نەماوە.
ھەر بیری لای قسەکانی باوکی بوو، کە دەیگوت:" یان ژن دەھێنێت یان ئەوەتا لەم خێزانە بڕۆ دەرەوە"، ئیدی ئەم مرۆڤە لە نێوان دو بەرداشدا دەخولایەوە، نەیدەزانی کام بڕیارە بدات؟ جارجاریش لەبەر خۆیەوە ئەم قسانەی دەکرد" ئاخر بەم ھەموو دەرد و ئازارەوە ھاوسەگیری چی بکەم؟ منێک کە گیرفانەکانم بەتاڵترین شوێنی دنیایە، منێک کە ھێشتا نازانم خۆم کێم و دەمەوێت چی بکەم؟ منێک کە ھێشتا لەبەردەم ھەر ئاستەنگ و گرفتێکی ژیاندا وەک منداڵ عاجز دەبم و دەگرییەم لە ھاوسەرگیرم چی".
دایکە تۆ شتێک بڵێی؟ ھاوسەرگیری من، چ شتیک لە ژیانی ئێوە و خۆم دەگۆڕێت؟
ئێوارەیەکی سارد نمە نمە باران دەباری، ھێشتا تاریکی شەو بەتەواوی شارۆچکەکەی دانەپۆشیبوو، ئەو لەبەردەم پەنجەرەی ژوورەکەیاندا، دەیڕوانییەی باران و بێتاقەتییەکی سەیر گەروی گرتبوو، دەیوست کۆتا بڕیار بدات، دەیوست خۆی تەسلیمی بڕیارەکانی باوکی نەکات، مەبەستی بوو ژیان ببینێت لەناخەوە ژیانێکی گەورەی دەبینی کە بەلایەوە ئەستەمبوو پشت بکاتە ئەو ژیانە.. ئەو وەک سۆفییەک تەنیایی ھەڵدەبژێرێت، دەیەوێت لە نێو تەنیایی خۆیدا بژی، لەنێو تەنیایی خۆیەوە ئەزموونی ژیان بکات.
٢
ئێرە غوربەتە، ئێرە شوێنکە زۆر دوورە لە نیشتمان، دوور لە شارۆچکەکەم، لێرە ژیان زۆر سەختترە لەوەی وێنام دەکرد، غوربەت داتدەماڵێت لەھەموو شتێک، ئەوەی لات دەمێنێتەوە بیرەوەرییەکانی منداڵی و ھەرزەکارییە، بۆئەوەی بمێنیتەوە دەبێت ھاوڕێیەتی سەگیش بکەیت.. دەبێت خۆت ئامادەبکەیت بۆ ژیانێکی نوێ، ژیانێک لەنێوان مردن و ژیاندا.
ئەو تازە بڕیاری دابوو تەنیا بێت، بۆیە ئاستەنگ و دژوارییەکانی غوربەت نەیدەوەستاند، بەشوێن ھێزی مانەوەدا دەگەڕا، باوەڕی وابوو کە ئەو ھێزە لە رۆحیدا بوونی ھەیە، بۆیە بەردەوام رۆژ دوای رۆژ ئومێدی بە تەنیاییەکەی زیاتر دەبوو.
٣
شەوی یەکەم کە گەیشتمە تاران، ھێندە سەرسامی جەنجاڵی و گەورەیی ئەو شارە بووم، لەناخەوە سەرزەنشتی خۆمم دەکرد کەبۆ زوتر ھەڵنەھاتووم لە نیشتمان، بەخۆمم دەوت" بۆ زوتر نەھاتم تا ئەم خیابانە جەنجاڵ و ئەم پارکە گەورانە ببینم؟ بۆ دانیشتبووم بەدیار توڕەیی و دڵڕەقییەکانی باوکمەوە؟ لەوێ دەگریام! نەمدەزانی بۆ دەگرییەم؟ بۆ خێزانەکەم؟ بۆ دایکم کە بەبێ من تەنیاتر دەبێت؟ یان بۆ ئەو منداڵییە پڕ ئازار و ماندوبونەم، ماندوو لەژێر خۆری سوتێنەری نیشتماندا، یان بۆ ئەو کچەی لە یەکەم ئێوارەی ئاوارەیدا وەک بروسکەیەک ھاتەوە ناو رۆحم!
٤
ئەو یەکەم شەو بەو کەمە زمانەی دەیزانی و بەو ھەموو پرسیارە گەیشتە شوێنی کاری ئەو ھاوڕێیانەی لە ھەمان شارۆچکەکەی ئەوەوە لە تاران دەژیان، ئەوانیش بۆ ئیشکردن و دورکەوتنەوە لەو شەڕە نەگریسە ناوخۆییەی نیشتمان ھەڵھاتبوون.. شەوی یەکەم بە ھەزار ترس و دڵەڕاوکێوە خۆی گەیاندە لای ھاوڕێکانی.. شەوی یەکەم شوێنێکیان پێدا کە تێیدا بخەوێت و ئارام بێتەوە، باوەڕی نەدەکرد کە دەبێت لەو شوێنەدا بخەوێت و شەوەکانی بباتە سەر، لەنێو خۆڵ و خاشاکدا، بەتانییەکی کۆن و پارچە کارتۆنی رۆناوی و چەور، چەند مەترێک لە شوێنی خەوەکەی سەگ و پشیلە برسییەکانی شاری تاران بون، ھاوکات ئەو کوڕە نەخۆشانەی کە لەیەکەم بینینانەوە ترسێکی زۆری لەوان ھەبوو، بەڵام ئەوان نەخۆش نەبوون، ئەوان مەوادکێش بوون.
٥
سەرمای یەکەم شەوم لەنێو وەڕەی سەگ و ماوە ماوی پشیلە و ناڵە ناڵە موعتادەکان ھەرگیز لەیادم ناچێت، بیری ژورە گەرمەکەی ماڵی خۆمانم دەکرد، ھەستمدەکرد جاران سەرما و باران چەند لام جوانبوو، بەڵام لە یەکەم شەودا رقم لە سەرما و دڵڕەقی باران دەکردەوە.. بەزووی لە فەزا و دۆخی ئەوێندەر تێگەیشتم و دەبوو بەرگەبگرم، ھەڵبەت بەرگەشم گرت! لە نێو تەلار و بینا بڵندە تەواونەبووەکاندا کەوتمە کارکردن، سەختی کارکردن چێژێکی سەیری ھەبوو، چێژی ئەوەی ئیتر من دەکەومە سەرپێی خۆم و دەتوانم بژییەم، بەڵام شەوێک نەبوو بیر لە دایکم نەکەمەوە، بیر لە خوشکەکانم نەکەمەوە، تەنانەت بیری توڕەیی باوکمم دەکرد، لەھەمووی سەیرتر ئەوەبوو زۆر بە قوڵی کەوتبوومەوە بیری ئەو کچەی لە منداڵیمدا خۆشمدەویست، بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگ بوو، ئەوەبو کە ژیان زۆر لەوە گەورە و فراونترە، ئەو بیرکردنەوانە بموەستێنن، ھاوکات بروسکەکانی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و باوەشکردنەوەم بە نێو ئامرازەکانی بیرەوەرییەکانم بەردەوام لە ناخمدا دەیوروژاندم.
٦
ئەو رۆژانە جیاوازتر لە ھەموو کوڕەکان دەچووە سەرکار، ھیوایەکی زۆر گەشاوە لە روخساریدا دیاربوو، جارجار خەندەیەک دەکەوتە سەرلێوەکانی و جارجاریش عاجز و نامۆ، بەڵام لەھەردوو دۆخەکەدا ئەو ھیوا گەشاوەی ناخی بەڕونی دەبینرا، ھاوڕێکانی کە ھاوکات زۆربەشیان ھاوشاری ئەوبوون، وەک شتێک ئێرەییان بە توانا و زۆر چالاکبوونی ئەو دەبرد، لەکاتێکدا شەوانە دەعوەتی مەی و مەوادکێشانیان دەکرد، بەڵام ئەم وەک ئەوەی لەناخەوە ھەستبکات کەسێک چاودێری دەکات، یان ھەستی بە تاوان دەکرد لەئاست خودا و کەسەکانی کە جێیھێشتوون، بەتایبەت ئەو رۆژانە بیری لای ئەو کچەبوو کە بە گەیشتنی بە ئاوارەیی کەوتبوویەوە یادی.. بەڵام بەردەوام بوونەوەی ئەو مەجلیس و دانیشتنانە تەنیا یەک شەو نەبوو، بەڵکو شەوانە مەنزڵەکەیان پڕدەبوو لەو کوردانەی کە وەک ئەو لە نیشتمان ھەڵھاتبون تا پاروویەک نان پەیدابکەن بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان، ھەربۆیە کە جارجار بیری توڕەبوونەکانی باوکی دەکەوتەوە، لەگەڵ ئەوان پێکی ھەڵدەدا و قلیانی دەکێشا و جارجاریش کەمێک حەشیش یان ناوەناوەش تریاک بەڵام لەھەموو ئەو جارانەی مەوادی دەکێشا نەیدەویست ئەوەندە بێت کە نەتوانێت تەرکی بکات، یان ئالودەی بێت، ھەڵبەت ئاغای رەحمانی یش ئاگای لێبوو، ئەو سەرپەرشتی کرێکارەکانی دەکرد، زۆرجار پێدەوت ئامان نەکەی خۆت توش بکەیت وەک ئەوان.
٧
شەوانە بە تەنیا دەخەوتم، وەرزەکان تێدەپەڕین سەرمای زستان بە جەستەم راھات، جەستەم بە گەرمای ھاوین راھات، من باوەڕناکەم شەوێک ھەبوبێت نەگریابم و لەبیری ماڵەوە و چاوەکانی پاکیزە دا نەبووبم، بۆخۆم زۆر جێگەی پرسیاربوو، بۆچی لەپر کەوتومە بیری پاکیزە؟ بەخۆمم دەوت ئەی بۆ ئەوکاتەی باوکم ناچاریکردم ھاوسەرگیری بکەم، ئەوم لەیاد نەبوو؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەم دەستنەدەکەوت، بەڵام رۆژ دوای رۆژ گەرمای خۆشەویستی و عەشقی پاکیزە لە ناخمدا گەورەتر دەبوو، شەوان کە لەگەڵ ھاوڕێیانی مەنزڵ چەند پێکێک عارەق یان ویسکی دەرۆیشتم، دەگریام و ھەزاران خەونم بۆ داھاتووی خۆم و پاکیزە دادەتاشی.. دەخەوتم ئەوم لە خەیاڵدابوو، بەیان پیش چوونە سەرکار ئەو لە پێشچاوبوو، لەکاتی کار ھەر ھەمان شت، بیرە چەندجارێک ئاغای رەحمانی لێم توڕەبووە لەسەرئەوەی چیمەنتۆی زیادەم بەکارھێناوە، یان قیاسی ئاوەکەیم لێتێکچووە، کە بەھۆش دەھاتم، خۆم پێکەنینم بەخۆم دەھات، ھەڵبەت ئاغای رەحمانی پتر توڕەتر دەبوو.
٨
ماوەی ئەو دو ساڵە چەندجارێک نامەی لەگەڵ ماڵەوەیاند گۆڕییەوە و وێنەی خۆی بۆ دەناردنەوە، وێنەکانی زۆرتر لە پارکی میلەت و مەیدان ئازادی و ھەندێ وێنەشی لەکاتی کارکردندا بوو، پارەیەکی باشی کۆکردبوویەوە، لەو ماوەیەدا بەردەوام ئاواتی ئەوەبوو، بڕواتەوە و یەکسەر بێ سێ و دوو بڕواتە خوازبێنی پاکیزە، ئەو بەم ھیوایەوە دەژیا و رۆژەکانی تێدەپەڕاند، بۆیە لە پاش دو ساڵ لەناوەڕاستی بەھاردا لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا گەڕانەوە بۆ شارۆچکەکەیان.
٩
کە بڕیارمدا بگەڕێمەوە زۆر دڵخۆشبووم، جوان خۆمگۆڕی و شتەکانم پێچایەوە، وەک ئەوەی ئیتر نەگەڕێمەوە، ماڵئاوایم لە ھاوڕێیان کرد، ئەوان دەگریان، بەڵام من زۆر دڵخۆشبووم، وەک ئەوەی دەچم بۆ بەھەشت، بەڵام ئاخر سات کە مەنزڵەکەمانم جێھێشت زۆر گریام زۆر.
١٠
گەڕایەوە بۆ نیشتمان، بەڵام ھێشتا نیشتمان بۆنی شەڕ و خوێنی لێدەھات، ھەڵبەت ئەو شتانە بۆ ئەو زۆر جێگەی بایەخ نەمابوون، چونکە بە یەک دنیا ھیواوە گەڕاوەتەوە، دڵخۆشی و ئەو روخسارە گەشاوەی پاش ئەو ماوە دورودرێژە لە کارکردن و ماندبوون، ھەموانی توشی سەرسوڕمان کردبوو، خوشەکانی پێیان دەوت" وای کاکە گیان ماشەڵا چەند قۆز بوویت" دایکی وەک ئەوەی ئەم کوڕەی مردبێت و پاشان زیندوبووبێتەوە باوەشی پیادەکرد و ماچی دەکرد، بەڵام باوکی ھەر بەساردییەکەوە پێیوتبوو رۆڵە بەخێربێیتەوە.. ئەو نەیدەزانی لەکوێوە دەستپێبکات، چۆن بە ماڵەوەیان بڵێت برۆن پاکیزەم بۆ بخوازن، بەڵام ھەر نەیتوانی ئارامبگرێت و ھەفتەی یەکەم، بە خوشەکانی وت، ئەوەی بۆ ئەوان سەیربوو بۆ لەنێو ئەو ھەموو کچەدا تەنیا پاکیزە؟! گومانیان ھەبوو پاش ئەو ھەموو ساڵە پاکیزەی بیرماوە، بۆیە ھەرزوو ناڕاستەخۆ کەوتنە دژایەتی خواستنی ئەو کچە و ھەر رۆژە و ناوی کچێکیان پێدەوت، بەڵام ئەو ھەردەیوت پاکیزە، پاکیزە.
١١
بەلامەوە سەیربوو بۆ نایانەوێت پاکیزەم بۆ بخوازن، ھەرچەند جەختمدەکردەوە کە من بە ھیوای خواستنی پاکیزەوە گەڕاومەتەوە، کەچی ئەوان بابەتەکەیان دەگۆڕی و ناوی کچی خزم و دراوسێ و ھتد دەبرد، من زۆر ماندوبووم، ناچار خۆم رۆیشتم بۆ سۆراغکردنی پاکیزە.
١٢
ئەو دەستیکرد بە گەڕان بەشوێن ھاوڕێکانی منداڵیدا و ئەو ھاوڕێیانەی کە پاکیزەیان دەناسی، ھەر زوو کوڕێکی خزمی پاکیزەی دۆزییەوە و ھەواڵی پاکیزەی لێ پرسی، بەڵام ئەوەی سەیربوو ئەوەبوو، کە پاکیزە شویکردووە و ئێستا لە ھەندەرانە! ئەمە تووشی شۆکی کرد، نەیدەتوانی باوەڕبکات، لەناخەوە بەزەیی بەخۆیدا دەھاتەوە، پاش ئەو چاوەڕوانی و ئەو ھەموو خەونەی ھەیبووە بۆی ئێستا بەر چی دەکەوێت، چ ھەواڵێک دەبیستێت.
١٣
پاش ئەوەی تێگەیشتم پاکیزە شویکردووە و لە دەرەوەی وڵاتە، نەگەڕامەوە ماڵەوە، ئەو شەوە تا بەرەبەیان بەناو شاردا دەخولامەوە، بیرەم دەخواردەوە، بیرم دەکردەوە ئەم ژیانە چ بەھایەکی ھەیە ئێمەی مرۆڤ ئاوەھا ناگەین بە خەونەکانمان، ناگەین بە ئاواتە سادەکانمان، بیرم دەکردەوە ئیستا پاکیزە لە چ ژیانێکدایە و من لە کوێدام؟! ئەوەندەی تر دڵم پڕدەبوو بۆخۆم، بیرم دەکردەوە ماڵەوەمان چ تاوانێکیان ھەیە من خۆشم لەوان عاجزکردووە؟ تاوانی ئەوەی بۆ پێیان نەوتووم شویکردووە؟ بەخۆمم دەوت جا ئەمە دەبێتە تاوان؟ یان شەڕفرۆشتن، ھەر شەوی یەکەم تێگەیشتم من دەبێت بگەڕێمەوە بۆ تاران، بگەڕێمەوە بۆ مەنزڵ و خۆم ئاھەنگ و دانیشتنی شەوانە سازبکەم، تێگەیشتم شەڕی من ئێستا دەستپێدەکات، تێگەیشتم حەقی من لای ھیچ کەس نییە، ژیان نەبێت، حەزمدەکرد ژیان لە شێوەی مرۆڤێکدا بێتە بەردەمم و قەپ بکەم لە ملیدا و بیخۆم، ئای چەندە پەشیمان بووم ئەو ھەموو شەوە تریاکم نەکێشاوە و خۆم خەڵتانی خوێن نەکردووە، ھاوشێوەی ئەو ھاوڕێیانەم بە کەتەر و چەقۆ و موس دەھاتن بە جەستەی خۆیاندا، من ئەوکاتە تێگەیشتم ئەو ھاوڕێیانەی مەنزڵ بۆ وەھا دەکەن!
١٤
ئەو پاش بیستنی ھەواڵی پاکیزە رۆژی دواتر گەڕایەوە، ئەم جارە ماڵئاوایی کۆتایی لە ماڵەوەیان کرد، ھەموویان دەگریان، لەتاو گریان چاویان سوربوو بوو کە بە ماڵەوەی وتبوو ئیتر ناگەڕێمەوە، گەیشتەوە مەنزڵ بەڵام ئەم جارە ئەو مرۆڤە لە ناخیدا مرد کە ھیوایەکی گەشاوەی تێدابوو، بەڵکو مرۆڤێک دەھاتەپێشچاوو کە پڕپڕە لە رق و توڕەیی، ھەربۆیە پاش ئەوەی کەوتەوە سەر کار، یەکێک بوو لە ئەندامە گەرم و گوڕەکانی مەجلیسی کێشان و پێک ھەڵدان.
١٥
ئێستا لە قەراغ شاری تاراندام یان باشترە بڵێم لە بەرزاییەکانی تاراندا لەنێو خاشاک و زبڵە زۆر و ھەڵڕژاوەکانی ئەوێدا دەژیم، شەوانە زۆر دەکێشم و ھەموو جۆرەکانی دەکێشم، بە سەرە دەچینە شار دزی دەکەین، من توانای کارکردنیشم نەماوە، بەڵام ھەرچۆن بێت بەشی کێشان پەیدادەکەم، یان باشترە بڵێم بەشی کێشانی خۆم دەستدەکەم.
١٦
ئەو زۆر بەزوویی بووە ئالوودەیەکی دەرەجە یەک، زۆر زوتر لەوەی خۆی چاوەڕێیدەکرد، بەڵام ئەو تەواو نزیک بووبوویەوە لە سڕینەوەی ناسنامەی خۆی بەیەکجاری، شەوانە لەنێو زبڵ و لەنێو ئەو ھەزاران موعتادەدا ئاھەنگی دەگێڕا و مەوادی دەکێشا، گۆرانی بە فارسی دەوت و لەھەمو گۆرانییەکدا دەبو ناوی پاکیزە بھێنێت.
تاران
١٩٩٨