سەلام عومەر

 

گەڵاکانی پایز رژاو

سنگومەمکی درەختەکانیش دەرکەوتن

کەچی چەند ماچێکی هەور و

هیچ کولوە بەفرێکی سپی

بەسیمای جوتیارێک نەکەوتن.

٭   ٭   ٭

خاک دەستەکانی قەڵشین و

کوڵمەکانی وشک بوون

کەچی.....

نەناڵەناڵی هەورێک و

نەپێکەنینی نمەیەک

روباری لەخەو هەڵنەستاند.

٭   ٭   ٭

گوێم لە قرچەی کارێزێکە

نزا بۆ ڕژانی هەورو

تریقانەوەی شەپۆل دەکا

نوزەنوزی کانیەکیش

لە دوورڕا دێ

دەڵێ....

بەچۆڕێک روبار و

قومێک گریەی باران نەبێ

ژیرنابمەوە.