جوانترین بابەتێک کە ئەوڕۆ خوێندمەوەو شایانی خوێندنەوەیە

ئەم دەقە بە پێزە سیمبۆلییەیە

مەهـــا حەلوانی نووسیویەتی

 و : عەباس داودی

 دەنگ و هاواری فڕۆشیارە گەڕۆکەکە سەرانسەری گەڕەکەکەی تەنیبووەوە..

یەڵڵا کێ بەختەوەری ، شادی..

یەڵڵا کێ غەم.. فرمێسکی کۆنی هەیە بۆ فڕۆشتن

فڕۆشیاری گەڕۆکم خۆش دەوێت..

بە پەلە چوومە لای دایکم و پێم وت: دوو پێکەنینی کۆنم هەیە، خوازیارم بیفڕۆشم .

دایکم وتی : چیت پێ باشە، ئەنجامی بدە

رووم کردە فڕۆشیارە گەڕۆکەکە و هاوارم کرد

مامە .. مامە، پێکەنینی ئەمڕۆ بە چەند دەکڕی ؟

پێی وتم: پێکەنینی منداڵ بە لیرەیەک و پێکەنینی گەورەکان بە هەزار لیرە.. و ئیتر بەمشێوەیە بە گوێرەی تەمەن دەیکڕین .

لە جیاوازی نرخەکان حەپەسام و پێم وت :

مامە گیان پێکەنین پێکەنینە، بۆچی ئەم جیاوازییەی نرخەکان.

بچکۆلەکەم... ڕۆڵە گیان

پێکەنینی گەورەکان دەگمەنن.. ئا ئەمەیە هۆی گرانبوونی نرخەکەی.

ئەوەی وتی، لێی تێنەگەیشتم.. و بەڵام هەردوو پێکەنینەکەم فڕۆشت و پارچەیەک پسکێتم پێ کڕی.

گەڕامەوە ماڵەوە.. پرسیارم لە دایکم کرد، ئەگەر باوکم پێکەنینی کۆنی هەیە.. پێکەنینی گەورەکان پارەی باش دەکەن، و رەواجی باشی هەیە

دایکم تەواوی کونج و قوژبنی ماڵ گەڕا... پێکەنینێکی باوکمی بەردەست نەکەوت(باوکم پێناکەنێت)..!!

و بەڵام زۆرێک لە فرمێسکەکانی دۆزییەوەو پێی دام..

و پێی وتم : ئەمانە بۆ خەرجی سبەینێت...!!

لە رۆژی دواتردا.. کە گوێبیستی دەنگی مامە بووم

کە هەست و سۆز دەکڕێت

بە پەلە چوومە لای و خۆم لێی نزیک کردەوە، پرسیاری نرخی فرمێسکی گەورەکانم لێ کرد

هەڵبەت ئەمەیان گرانبەهایە وەک پێکەنینەکانیان..

 پێی وتم : فرمێسکی گەورەکان هەرزانە.. و ئەوە بازرگانی پێوە ناکرێت و وتی : رۆڵە گەورەکان بەردەوام دەگرین ..!!

لە شەقامی کوشتارگە زێیەک هەیە لە فرمێسک و

لەوێ لە گۆڕستان زێیەکی تر

تەنانەت بێوەژنەکەی شەهید یوسف، زیاتر لە دوو بەرمیل پڕاو پڕ فرمێسکی هەیە لێم نەکڕی

کوڕم من پێکەنینی گەورەکان دەکڕم، بەڵام من فرمێسک کڕ نیم و بە خۆڕایی نامەوێت

من بازرگانێکی دەگمەن و کەم وێنە، جیاوازم

شەرەف دەکڕم لە خۆشی فڕۆشەکان

درۆی دایکان و وەفاداری لە بەرپرس

پەند لە شێتەکان

کوڕی خۆم

کارم بە فرمێسکی گەورەمانەوە نییە

گشت گەورەکان دەگرین..!!

پێش ئەوەی مامەی فڕۆشیاری گەڕۆک بەجێم بێڵێت و بڕوات

چرپاندی بە گوێمدا و وتی:

ئەمڕۆ .. رۆژی هەینییە ئەگەر راستییەکت لە گووتارەکەی شێخ دا بەدی کرد، بۆمی بێنە

ئەوە نرخی زۆر گرانە، لێتی دەکڕم ..!!!