
نیشتیمان عەبدولقادر
وەک ئەوەی نزای دۆستێک لە پاش مەرگی ئیسماعیلی باوکدا قبوڵ بووبێت کە وتبێتی ( تەمەنی درێژی بۆ سنەوبەر بەجێھێشتبێ) ، تەمەنی نەژیاوی باوک ئاوێتەی ڕۆژگاری خەبات و پڕ مەترسی و لەبەرامبەریشدا نەسرەوتن بووبێت ، سنەوبەرێک ، پڕ بەمانای ناوەکەی، بڵند و ھەمیشە سەوز و خۆڕاگر و کۆڵنەدەری لێکەوتبێتەوە، کە بە سروشتی خۆی وەک ئەوەی لەگەڵ شیری دایک و ھیوای باوکیدا کوردایەتی نۆش کردبێت، ئاوا خۆری خەباتی سنەوبەری مامۆستا، سنەوبەری شۆڕشگێڕ ئاوا نەبووە و بەردەوام پرشنگی بەخشینی پەخشکردووە.
ئەگەرچی زەوی خڕە بەڵام مێژوو بازنەیی نییە و دووبارە نابێتەوە، بەو مانایەی کە بەردەوامبوون لەسەر پابەندبوون بە ئایدیۆلۆژیا و پرنسیبگەلێکەوە ھەمیشە کار و ئەرک و ھەڵوێستی تازە بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەشێ ھاومانا بێت بەڵام بەدڵنیاییەوە بەھای جیاوازی ئەبێت بەپێی کاریگەری و ڕۆڵی ئەو کارانەی کە بە بڕوا و باوەڕەوە ئەنجام ئەدرێت، لێرەوە ئەکرێت بوترێت کە خاتوو سنەوبەر نموونەیەکە بۆ سروشتی جۆرێک لە ئاوس بوون بە پابەندبوون بە شوناسەوە تا ڕادەی گەیشتن بە وەدەستھێنانی سەروەری نیشتمان، خەباتی ئەم خاتوونە ئەگەرچی پاش چەندین کۆست و کۆچ و کەسەر و کاروانێکی دوورودرێژ لە وێستگەی جیاواز لە چوار کیشوەری جیاوازدا گوزەراوە ،بەڵام لەبەرئەوەی لە ئایدۆلۆژیایەکەوە سەرچاوەی گرتووە پرنسیپەکانی لەپێناو سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکانە لە نەتەوە و ئایین و جوگرافیا و زمان و کلتوور، بۆیە ئەم کاروانە ھەنگاو بە ھەنگاو پرنسیبەکانی کردۆتە توێشوو، کۆڵنەدانی کردۆتە ئاڵا، ڕووبەڕووی قەدەر ئاڵنگاری کردۆتە مەشخەڵ و بەردەوام بووە.
زمانی گێڕانەوەی خاتوو سنەوبەر لەم کتێبەدا زمانێکی پاراوە، بۆنی ڕاستگۆییەکەشی وەک بۆنی ئەو عەترەیە کە لە کۆی گوڵزاری ھیوا و خۆشەویستی و بەخشندەیی ھەر چوار کیشوەرەکە کۆکرابێتەوە و جۆرێک لە عەتری دروستکردبێت کە لەگەڵ بۆنکردنیدا ھەستی مرۆڤبوون و خۆشەویستیت بۆ مرۆڤایەتی بگەشێنێتەوە.
سەفەری خاتوو سنەوبەر وەک سروشتی سنەوبەر وایە ستوونییە، ھەموو ھەنگاوێک لەپێناو برەودان و باڵاکردنی خزمەت و پەیوەستبوون و پاراستنی ڕێبازەکەیەوە بووە، ئەگەرچی لە ھەندێ ویستگەدا بە ناچاری ئاڕاستەی ئاسۆییشی وەرگرتووە، کە بەھۆی باری تەندروستی یا پابەندێتی خێزانییەوە بووبێت.
سنەوبەرێک کە لە سەردەمی حکومڕانی پاشایەتیدا ھاتۆتە دنیاوە، ھەوێنی شیوعیەتی لە نیگای باوکیەوە تا نانکەریی دایکی و دواتر پەروەردەی حزب تەبەنییان کردووە، وەک مامۆستایەک بەر چەندین قوتابخانە و سەدان قوتابی کەوتووە، کە لە زمان و کلتووری جیاواز بوون و لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا، بیروباوەڕ دیسانەوە ھەوێن بووە بۆ پەروەردەی دروست ئینجا فێرکردنی قوتابییان، ڕاستگۆیی و خۆڕسکی و بێمنەتی و منەتنەکردن لە خوێندنەوەی ئەم سەربوردەیەدا ئەو دەستەیە کە بەکێشت ئەکات تا کۆتایی سەفەر بەردەوام بیت لە خوێندنەوەی ، لە ھەندێ وێستگەشدا خۆت ئەبینیت ھاوسەفەریت یا خۆزگەی ھاوسەفەربوونی و ھاوڕێیەتی سنەوبەر وائەکات کە تا کۆتایی دانەبڕێیت ، یا ئەمەک لە ئاست خەباتی ئەم ئافرەتە کۆڵنەدەرە کاری خۆی ئەکات و تا دوالاپەڕە دەستبەرداری ( بۆ ئەوەی زیندووبین ) نابیت.
ئەم ژیاننامەیە دەبوو بنووسرێتەوە بۆ ئەوەی ھاندەر بێت بۆ نەوەکانی ئێستا و داھاتوو، کە سڵ لە ھەنگاونان نەکەنەوە بەرەو ئەو ئامانجانەی کە ھەیانە گەرچی ھەوراز و نشێو و پێچەکانی ڕێگاکەش ڕوون و دیار نەبن، بۆ ئەوەش کە چێژ لە ھەوڵ و پەرۆشی ببینن نەک وەک خواردنی خێرای سەردەمیانە خواست و ئامانجەکانیان بەئاسانی بۆ بھێنرێتەدی، بۆ ئەوەی بزانن کە بەدەستھێنانی شوناس بە پلەی یەکەم زادەی ھەستکردنە بە ئینتیما بۆ نەتەوە و بۆ نیشتمان ئینجا بۆ ڕێباز یا ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەک بەپێچەوانەوە، بۆ ئەوەی خۆشەویستییان بۆ ژیان لە خۆشەویستییان بۆ ئەوانی تر و کوردستانەوە سەرچاوەبگرێت، لە ڕۆحی ھاوکاری و پێزانین و تەقدیرەوە بێت، لە سەبر و ھیوا و ھەوڵی بەردەوامەوە بێت.
ئەم کتێبە نموونەیەکی نووسراوی خەم و پەرۆشی و کۆڵنەدانی سەدان و ھەزاران دایک و باوک و خێزان و خەڵکانێکە کە ترس چۆکی پێدانەداون ، بەعس و دکتاتۆریەت و زوڵم و زۆرداری تا ئەنفال و کیمیاباران نەک لەناوینەبردوون، بەڵکو سەرسەختتر و خۆنەویستتری کردوون .
ئەم کتێبە پێناسە بۆ گوڵێک لە گوڵزاری باخچەی ئافرەتێتی ڕاستەقینە و کوردایەتی ڕاستەقینە و توێشوویەکە بۆ گەشبینی و نائومێدنەبوون ئەگەرچی ڕەوڕەوەی مێژوو لە ئێستا و لە ھەندێ قۆناغدا ژەنگ ئەیگرێ و ئاڕاستەکان دژبەیەک و ئاڵۆزکاویش بووبن، بەڵام ئەمە دوا قۆناغ نییە، دوا بەری ڕەنجی خاتوونە سنەوبەرەکانیش نییە ، سیستەم و دەسەڵاتی دیکە دێنەگۆڕێ کە کەفیل بن بە گۆڕانکاری، ئیرادەی گەل ڕۆڵی سەرەکی ببینێت لە ھەستانەوە و پاککردنەوەی ھۆش و بیری ئەوانەی کە لە گەندەڵی و زۆردارییەوە تێوە گلاون ... حەتمەن داھاتووش ئەبێ باشتر بێت.

نیشتیمان عەبدولقادر