
حەمەسەعید حەسەن
وەحی پرۆسەیەکی کیمیاوییە لە نائاگاییدا ڕوو دەدات و هەر لە ژانی نووسینی شیعر دەچێت، ئەوە بۆیە زۆرێک لە پەیامهێنان شاعیریش بوون. کە هەندێک لە ئایەتەکان لێکدانەوەیان بۆ ناکرێت و لۆجێکیان تێدا ڕەچاو نەکراوە، یان دووبارەن، هی ئەوەیە لەنێوان خەون و بێداریدا سەریان هەڵداوە. وەک دووگیان چۆن کە ژانی بۆ هات، ناتوانێت منداڵبوون دوا بخات، هاتنی ئیلهامیش وەک هاتنی ژان وایە، جڵەو لە دەست شاعیردا نامینێت، ئەوە بۆیە زۆر شاعیر لەسەر شیعرێک کە نەیانتوانیوە بەر بە لەدایکبوونی بگرن، بە کوشت چوون. نیزار قەبانی ناهەقی نەبووە بە قورئانی سەردەمی مەککەی گوتووە: شیعری خوا.
ئایەتەکان لە مەدینە دوورودرێژ و وشکوبرنگ بوون و باسی کاروباری ڕۆژانەیان دەکرد، خاڵیی بوون لە خەیاڵ، لە ڕیتم، لە سەجەع و لە زمانی شیعری، بەڵام پڕبوون لە هەڕەشە و تۆقاندن بە ئاگری دۆزەخ. ئەو پەیامهێنە دلۆڤانەی مەککە، لە مەدینە بە زمانێک دەدوا، ئینسان لە ترساندا موچڕکەی پێدا دەهات. قورئانی مەدینە بە زمانێکی هێندە ئاسایی دەپەیڤێت، لەگەڵ فەرموودەدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، بە زەحمەت لە یەکدی جودا دەکرێنەوە. موتەننەبی کە ئیلهامی بۆ دەهات، پەیڤی شیعری لێ دەچۆرا، بەڵام کە سواری سەری شیعر دەبوو، کە لەژێر گوشاری بۆنەدا دەینووسی، دەستی نەدەگەیشتە داوێنی خوای شیعر. قورئانی مەدینە بە بەراورد لەگەڵ قورئانی مەککەدا لە شیعرێک دەچوو نابەدڵانە بۆ بۆنەیەک نووسرابێت.
سولەیمان کە گرنگترین کەسایەتییە لە ئایینی جوودا، قارەمانی نێو داستانە، نەک دیرۆک، (مووسا)یش کە (داهێنەر)ی دینی جووە، کەسایەتییەکی ڕەمزییە، تەوراتنووسان بۆ نووسینەوەی ژیاننامەی، سوودیان لە داستانی (سەرگۆن)ی دووەمی پاشای ئاشووری بینیوە. عیسای (ئیمان) کە خاوەنی چەندان پەرجووە، کەسێکە زادەی خەیاڵ، عیسای (مێژوو) کەسێکی تەواو جیاوازە. پاپا (بەنوا بەنووس)ی شازدە کە ژیاننامەی عیسای گێڕاوەتەوە، وەک عیسای ناو مێژوو باسی کردووە، نەک عیسای نێو داستان. ئاخۆ ئەگەری ئەوە هەیە، لە داهاتوودا، شێخێکی ئەزهەر، ژیاننامەی ڕاستەقینەی موحەممەد بنووسێتەوە! ئاخر ئەوەی ئێستا هەیە، تێکەڵەیەکە لە واقیع و لە فەنتاسی.
هەر دینێک ددان بە مافەکانی مرۆڤدا نەنێت و ڕێزیان لێ نەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا وەک تۆمەتبار سەرنجی دەدرێت. لە هەر کوێیەک ئایینی ئیسلام سەروەر بێت، لەوێ مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، سعوودستان و ئێران و عێراق و سوودان وەک نموونە. لەمێژە وەختی ئەوە هاتووە، دەستووری هەموو وەڵاتێک عەلمانی بێت، بەچاوپۆشین لەوەی هاووەڵاتییانی سەر بە کام دینن، ئاخر بەبێ سیستەمی عەلمانی، مافەکانی مرۆڤ پارێزراو نابن. مافەکانی مرۆڤ (گەردوونی)ین، عەقڵێکی گەردوونی بەرهەمی هێناون، زادەی تێڕوانینی دینێک یان ئایدۆلۆجیایەک نین. لە هەر کوێیەک ئیسلام فەرمانڕەوا بێت، قوربانیی یەکەم: ژنە، دووەم: پێکهاتە دینییە نائیسلامییەکان، سێیەم: منداڵان و چوارەم: لاوان. بە درێژاییی مێژوو، لە هەر جێیەک ئیسلام سەروەر بووبێت، یەکسانی لەوێ نەبووە. موسوڵمانان لەم دونیا بە دەست دەیان کێشەوە گیرۆدەن، ئیسلام چونکە چارەسەری کێشەکانی ئەم دونیای پێ نییە، بەڵێنی داهاتوویەکی گەشی ئەو دونیامان پێ دەدات. عەلمانیبوون بە مانای ئەم دونیایی دێت، هەقی ئەو دونیای نییە.
(ئینسان بەهۆی عەقڵییەوە سەروەری دونیایە،) بەڵام بۆ بڕواهێنان بە ئیسلام پێویستمان بە عەقڵ نییە، ئاخر بە دڵ بڕوای پێ دەکەین، هەرچەندە دڵ ماسوولکەیەکە خوێن دابەش دەکات! ئەوی ساویلکانە و نابینایانە بڕوای هێنابێت، نە پرسیار لە خۆی دەکات، نە بڕێک لە ئاوەز دەخاتە کار. کەسی وا عەقڵی دەستی لەکار کێشانەوەتەوە، لە بۆمبێکی تەوقیتکراو دەچێت و ئامادەیە بە ئاماژەیەکی ئەمیرەکەی خۆی بتەقێنێتەوە. (یا أیها النبي حرض المۆمنین علی القتال، إن یکن منکم عشرون صابرون، یغلبوا مائتین. ئەنفال ٦٥) ئەی پەیامهێن، باوەڕداران هان بدە بۆ شەڕ، هەر یەکێک لە ئێوە، دە لەوان دەبەزێنێت! ئایەتێک دواتر دەڵێت: یەکێک لە ئێوە بەسەر دووان لەواندا سەردەکەوێت! (فإن یکن منکم مائة صابرة یغلبوا مائتین! ئەنفال ٦٦) بۆچی ئیسلام بە لۆگیکی هێز کە دەکاتە شمشێر، بڵاو کرایەوە، نەک بە هێزی لۆگیک کە دەکاتە عەقڵ؟ چونکە پەیامەکەی لە پەیامی دینەکانی پێش خۆی بەهێزتر نەبوو، چونکە ماسکێک بوو بۆ بازرگانی، پەیامێک نەبوو قەناعەت بە ئینسانی عاقڵ بکات. بۆچی قیبلە لە قودسەوە بۆ مەککە گوێزرایەوە؟ بۆ ئەوەی مەککە ببێتە مەڵبەندێکی بازرگانی.
پەروەردەی ئیسلامی، تووتی بەرهەم دەهێنێت، ئاخر منداڵ ڕادەهێنێت، نابینایانە بڕوا بەو شتانە بکات کە پێی دەگوترێن. وەک چۆن لە نۆڤلێتی (بەدگۆڕان)ی (کافکا)دا، گریگۆری سامسا دەبێت بە قالۆنچە، لە حوجرەی مزگەوتیشدا، فەقێ دەبێت بە تووتی. یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی بڕواهێنانی نابینایانە، بریتییە لە نەخۆشیی گەوجایەتی. موحەممەد لە مەدینە بە یەقینەوە قسەی کردووە، بەڵام لە مەککە گومانی ورووژاندووە: (لە من و لە ئێوە لایەکمان لەسەر هەقین و لایەکمان گومڕاین. سەبەء ٢٤) باسکاڵ دەڵێت: (ئەگەر خوا هەبوو، ئەوە براوەین، ئەگەر نەبوو هیچمان لەکیس نەچووە، بۆیە با بلیت لەسەر ئەوە ببڕین کە هەیە.) چونکە لە دونیای ئیسلامدا ئازادیی دینگۆڕین نییە، زۆرێک لە موسوڵمانان واز لە ئیسلامی مەدینە دەهێنن و بە ئیسلامی مەککەوە پێوەست دەبن، لە جەنگاوەرەوە دەبن بە سۆفی.
جان لۆک ماریۆن کە فەیلەسووفە، کاسۆلیکە و ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسایە دەڵێت: (مەحاڵە، بەڵکوو گەوجایەتییە، بمانەوێت لە خوا تێبگەین و لێکدانەوەی بۆ بکەین، ئاخر خوا قابیلی تێگەییشتن نییە و ناتوانین بیسەلمێنین کە هەیە.) کە لێی دەپرسن: ئایا ئینسان ئاژەڵێکی دینییە، دەڵێت: خوا ناخی ئینسان پێک دەهێنێت، ئەوەی کە ناتوانین هەبوونی بسەلمێنین، پێگەی خوا بەهێزتر دەکات، ئاخر بەرلەوەی لە هەبوونی دڵنیا بین خۆشمان دەوێت، بەبێ ئەوەی بزانین، ئەوە چییە وای کردووە خۆشمان بوێت. لەدوای (کانت)ەوە میتافیزیکیش وازی لەوە هێناوە، بیسەلمێنێت خوا هەیە. ئیشی خوا لەوەدا تەواو دەبێت کە پارێزەری بەها ئەخلاقییەکانە. قسەکردن لەبارەی خواوە، وەک ئەوە وایە نابیستێک قسە لەسەر مۆسیقای بیتهۆڤن بکات.
هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نییە لەسەر هەبوونی خوا، ئاخر توێژینەوە لەسەر ئەم یان ئەو شت دەکرێت، خوایش شت نییە. ئەوەی بڕوامان بە هەبوونی خوا هەبێت، بەڵگە نییە بۆ ئەوەی خوا هەیە، بڕواهێنان نزمترین پلەی یەقینە. بڕواهێنان بە خوا گرەوە، گرەو لەسەر ئەوەی کە هەقە دونیایەکی لەم دونیایە دادپەروەرانەتر هەبێت، دونیایەک یەکسانیی تێدا زاڵ بێت، ئاخر کەی ڕەوای هەقە، ئینسان یەک جار بژی و ئەو جارەیش نابینا یان ئیفلیج بێت! بوودا خواپەرست نەبوو، بەڵام ناخی پڕبوو لە خوداوەند، ئارامگرتن خوداوەندێک بوو، زەینڕوونی خوداوەندێک بوو، وزەی چاک خوداوەندێک بوو. لای ئاینشتاین سروشت خوا بوو، ئاخر ئەگەر یاسای ڕاکێشان کە یاسایەکی سروشتییە لەکار بکەوێت، خۆر دەتەقیتەوە، ئیدی هەموو ئەو هەسارانەیش لەناو دەچن کە بە دەوریدا دەسووڕێنەوە، بە گۆی (زەوی)یشەوە.
ئەگەر دین نەبووایە، نە تەقینەوەی خۆکوژی ڕووی دەدا، نە یازدەی سێپتێمبەر، نە شەڕی خاچپەرستان و نە سووتاندنی جادووبازان. ئەگەر دین نەبووایە، نە هیند لەتوپەت دەبوو، نە ئەنفال ڕووی دەدا و نە هۆلۆکۆست. ئەگەر دین نەبووایە، نە شەڕ دەکەوتە نێوان فەلەستین و جووەوە، نە سەربەکان قەسابخانەیان بۆ موسوڵمانان ساز دەکرد و نە ئیرلاندی باکوور ئاژاوەی تێ دەکەوت. ئەگەر دین نەبووایە، نە قەتڵی نامووسی لە ئارادا دەبوو، نە سەنگباران و نە جەڵدەلێدان. ئەگەر دین نەبووایە، نە تالیبان پەیکەرەکانی بوودای دەتەقاندەوە، نە سەری کەس لەسەر کوفر لە جەستەی جوێ دەکرایەوە، نە ئەرمەن قەلاچۆ دەکرا، نە ئێزدی دووچاری جینۆساید دەبووەوە و نە لەشکری ئیسلام پەلاماری کوردستانی دەدا.
*
(*) العفیف ألأخضر، من محمد ألإیمان إلی محمد ألتأریخ ٢٠١٣ دار الجمل.
(**) ریشارد دوکینز، من أجل الإنتهاء من اللە.